باب ٢٥

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 6 دقیقه  376 مشاهده

1) ئەو وەختی پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە دە بیکران کە چرایانی خۆیان هەڵگرت و وەدەر کەوتن کە بە پیرەوەی زاوای بچن.

2) بەڵا پێنج لە وان نەزان بوون و پێنج عاقڵ.

3) چونکە ئەو نەزانانە چرایانیان هەڵگرت بەڵا ڕۆنیان دەگەڵ خۆیان هەڵنەگرت.

4) بەڵا ئەو عاقڵانە ڕۆنیان دە قاپاندا دەگەڵ چرایانی خۆیان هەڵگرت.

5) بەڵا وەختێکی زاوا درەنگی کرد خەوی هەموویان هات و نووستن.

6) بەڵا دە نیوەشەوێدا قیژاندنێکی بوو، ئەوەتا زاوا، وەدەر بکەون کە بە پیرەوەی بچن.

7) ئەو وەختی هەموو ئەو بیکرانە هەڵستان و چرایانی خۆیان حازر کرد.

8) و نەزانان بە عاقڵانیان گوت: «لە ڕۆنی ئەنگۆ بە مە بدەن، چونکە چرایانی مە دەکوژێنەوە.»

9) بەڵا ئەو عاقڵانە جوابیان دا دەیانگوت: «نابێ، بۆ مە و بۆ ئەنگۆ قەت بەشێ ناکا، چاترە کە بچنە کن ئەوانەی کە دەفرۆشن و بۆ خۆتان بکڕن.»

10) بەڵا وەختێکی ئەوان دەچوون کە بکڕن زاوا هات و ئەوانەی کە حازر بوون دەگەڵ ئەوی دە داوەتێدا وەژوور کەوتن و دەرکە داخرا.

11) و لە پاشان ئەو بیکرانەی دیکەش هاتن، دەیانگوت: «یا ڕەب بۆ مە بیکەوە.»

12) بەڵا ئەو جوابی دا و کوتی: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەنگۆ ناناسم.»

13) دەنا بە خەبەر بن چونکە ئەو ڕۆژە و ئەو سەعاتە نازانن.

14) چونکە وەکوو پیاوێکییە کە سەفەری دەکرد و عەبدانی خۆی بانگ کرد و ماڵی خۆی بە وان ئەسپارد.

15) بە یەکێک پێنج قەنتار، بە یەکێکی دیکە دوو و بە یەکێکی دیکە یەکی دا، بە هەر یەک وەکوو قووەتی خۆی  و جێ بەجێ سەفەری کرد.

16) ئەوەی کە پێنج قەنتاری وەرگرتبوو چوو و سوودی بە ئەوانە کرد و پێنجی دیکەی قازانج کرد.

17) هەر واش ئەوەی کە دووی وەرگرتبوو دووی دیکەی قازانج کرد.

18) بەڵا ئەوەی کە یەکی وەرگرتبوو چوو و ئەرزی هەڵکەند و دراوی ئاغای خۆی شاردەوە.

19) بەڵا لە پاش وەختێکی زۆر ئاغای ئەو عەبدانە هات و دەگەڵ ئەوانی حیساب کرد.

20) ئەوەی کە پێنج قەنتاری وەرگرتبوو هاتە پێشێ و پێنج قەنتاری دیکەی هێنا، دەیگوت: «ئەی ئاغا پێنج قەنتارت بە من ئەسپارد، ئەوەتا پێنج قەنتاری دیکەم قازانج کردووە.»

21) ئاغای وی بە وی گوت: «ئافەرین ئەی عەبدی چاک و ئەمین، لەسەر چتانی کەم ئەمین بووی، ئەتۆ لەسەر چتانی زۆر دادەنێم، وەژوور خۆشیی ئاغای خۆت بکەوە.»

22) ئەویش کە دوو قەنتاری وەرگرتبوو هاتە پێشێ و کوتی: «ئەی ئاغا دوو قەنتارت بە من ئەسپارد، ئەوەتا دوو قەنتاری دیکەم قازانج کردووە.»

23) ئاغای وی بە وی گوت: «ئافەرین ئەی عەبدی چاک و ئەمین، لەسەر چتانی کەم ئەمین بووی ئەتۆ لەسەر چتانی زۆر دادەنێم، وەژوور خۆشیی ئاغای خۆت بکەوە.»

24) و ئەویش کە یەک قەنتاری وەرگرتبوو هاتە پێشێ و کوتی: «ئەی ئاغا ئەتۆم ناسی کە پیاوێکی توندی، کە لە جێیەکی کە نەتچاندووە دەچنی و لە جێیەکی کە بڵاوت نەکردووە خڕ دەکەیەوە.

25) و کە ترسام چووم و قەنتاری تۆم دە ئەرزێدا شاردەوە، ئەوەتا ماڵی خۆت.»

26) بەڵا ئاغای وی جوابی دا و بە وی گوت: «ئەی عەبدی خراپ و تەمبەڵ، دەتزانی کە لە جێیەکی کە نەمچاندووە دەچنم و لە جێیەکی کە بڵاوم نەکردووە خڕ دەکەمەوە.

27) دەنا بۆ تۆ لازم بوو کە دراوی من لەکن سەڕڕافان دابنێی و ئەمن وەختێکی هاتم ئی خۆمم دەگەڵ سوتی وەرگرتبایە.

28) دەنا قەنتاری لە وی بستێنن و بدەن بە وەی کە دە قەنتاری هەیە.

29) چونکە ئەوەی کە هەیەتی بە وی دەدرێ و زیاد دەکرێ، بەڵا ئەوەی کە نییەتی ئەوەی کە هەشیەتی لێی دەستێندرێ.

30) و ئەو عەبدەی بێ فایدە باوێژنە تاریکایی دەرێ، لەوێ گریان و چڕاندنی دەدانان دەبێ.»

31) بەڵا وەختێکی کوڕی ئینسانی دە جەلالی خۆیدا بێ و هەموو مەلایکەتان دەگەڵ ئەوی، ئەو وەختی لەسەر تەختی جەلالی خۆی ڕۆدەنیشێ.

32) و هەموو میللەتان لە حوزووری وی خڕ دەبنەوە و ئەوان لە یەکتری جوێ دەکاتەوە چلۆنێکی شوان، مەڕان لە بزنان جوێ دەکاتەوە.

33) و مەڕان لە لای ڕاستی خۆی دادەنێ، بەڵا بزنان لە لای چەپی.

34) ئەو وەختی پادشا بە وان لە لای ڕاستی خۆی دەڵێ: «وەرن ئەی مەمبارەکانی بابی من، و ئەو پادشایەتی کە بۆ ئەنگۆ حازر کراوە لە هەوەڵی دنیایێ بە میرات بگرن.

35) چونکە برسی بووم و خواردنوو بە من دا، تینوو بووم و خواردنەوەو بە من دا، بێگانە بووم و ئەمنوو قەبوڵ کرد.

36) ڕووت بووم و دەبەر ئەمنوو کرد، نەخۆش بووم و سەروو لە من دا، دە بەندیخانەیدا بووم و ئەنگۆ هاتنە کن ئەمن.»

37) ئەو وەختی سادقان جواب بە وی دەدەن و دەڵێن: «ئەی ڕەب کەنگێ ئەتۆمان برسی دی و خواردنمان بە تۆ دا، یان یان تینوو و خواردنەوەمان بە تۆ دا؟

38) و کەنگێ ئەتۆمان بێگانە دی و ئەتۆمان قەبووڵ کرد، یان ڕووت و دەبەر ئەتۆمان کرد؟

39) و کەنگێ ئەتۆمان نەخۆش دی، یان دە بەندیخانەیدا و هاتینە کن ئەتو؟»

40) و پادشا جواب دەدا و بە وان دەڵێ: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر چی کە بە یەکێک لەو برایانەی چکۆلەتری منوو کردووە، بە منوو کردووە.»

41) ئەو وەختی بە ئەوانیش لە لای چەپی دەڵێ: «لە من دوور بن ئەی مەلعوونان، دە ئاوری ئەبەدیدا کە بۆ شەیتان و مەلایکەتانی وی حازر کراوە.

42) چونکە برسی بووم و خواردنوو بە من نەدا، تینوو بووم و خواردنەوەو بە من نەدا.

43) بێگانە بووم و ئەمنوو قەبوڵ نەکرد، ڕووت بووم و دەبەر ئەمنوو نەکرد، نەخۆش بووم و دە بەندیخانەیدا و سەروو لە من نەدا.»

44) ئەو وەختی ئەوانیش جواب بە وی دەدەن و دەڵێن: «ئەی ڕەب، کەنگێ ئەتۆمان برسی دی یان تینوو یان دە بەندیخانەیدا و خزمەتمان بە تۆ نەکرد؟»

45) ئەو وەختی جواب بە وان دەدا و دەڵێ: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر چی کە بە یەکێک لەو چکۆلانەو نەکردووە، بە منیشوو نەکردووە.»

46) و ئەوانە دەچنە عازابی ئەبەدی، بەڵا سادقان بۆ ژیانی ئەبەدی.