باسی ڕابواردنی زەمانی کۆن و سەرەتای جوانی
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
5 دقیقه
730 مشاهده
بەهار هاتەوە، بەهاری شادی
بانگی سەیرانان ئەکا مونادی
بەهاری عەیش و شادی و جوانی
ژیانی سروور و هەم کامەرانی
هەر ساڵە فەسڵی بەهار گەڕاوە
سەیران و عەیش و شادی بەدواوە
بە ناوی زیارەت هەموو بەهاران
ئەچنە ئەسحابان بە کۆمەڵ یاران
لە شاری کۆیە دوو سەعات دوورە
دۆڵی ئەسحابان کەوا مەشهوورە
تەهییەی سەفەر کرا لە ساڵێ
وەلوەلەی عوشرەت کەوتە هەر ماڵێ
تیپ تیپ کەوتنە ڕێی پیران لە لایێ
کوڕ و کچ جیا جوانان لە لایێ
منیش لە تەمەن هەژدە و نۆزدە بووم
دوور بێ لە ئێستا پیر و بۆز نەبووم
زینەتی کوڕان ئەسلەحەی ناری
کچان بە خشڵ و ڕشتەی مرواری
قایش و قرووش و تفەنگ و شەشخانە
بۆ کوڕ و پیاوان ببووە نیشانە
بەرق و بریقەی خشڵی زەرنگار
نیشانەی کچان ئەیدا لە کوسار
چابوک سواران تەقلە و ڕمبازی
کچان لەگەڵ یەک ناز و دەستبازی
تەق و تۆقی تفەنگ بە نیشانەوە
دەنگی ئەڕۆیی بە ئاسمانەوە
بە کۆمەڵ ڕوومان کردە کانی بی
هەوارگەی ساڵان قەت وێران نەبی
دەهۆڵ و زوڕنا دەست کرا بە کوتان
سەفی هەڵپەڕکێ بە تەرتیب وەستان
حەڵقەی هەڵپەڕکێ وەک حەڵقەی نگین
توڕڕەی پەرچەمان لە سەفحەی جەبین
دەست تێک هەڵکێشا دەست و پەنجە نەرم
چاو لەسەریەکنان لەبەر حەیا و شەرم
تاسم دی تاسام ئەبریقایەوە
کانی خەوانی ئەجوڵایەوە
لەرزەی شمشادی باڵای وەک عەرعەر
لەژێر کراسی ناز لەرەی لیمۆی تەڕ
گوارەی ئاڵتوون ئەکەوتە لەرزە
ئەجووڵایەوە لەو جێگە بەرزە
سرکە و بن لێوەیمتن نامشخص ئیشارەی کوڕان
چەمانەوەی ناز جەوابی کچان
بەرقی قەتارە و گێل گێلەی یاران
بە دەوری سەری وان شەدەلاران
بە پەنجە هەردوو قسەی دڵداری
لە بەینیان ئەبوو نەخۆشی جاری
غەمزەی دوو چاوی غەراڵانی شەنگ
ئەیدا لە جەرگی کوڕان وەک خەدەنگ
بەرقی شمشێری ئەبرۆی نازداران
ئەتگوت ئاو دراوە بە خوێنی یاران
شاباشی شادی شاباش کەران بوو
هەناسەی حەسرەت، کزەی دڵان بوو
خشەی شەلواری خامەک و خارا
خشپەی سەرپۆشیان ئەکەوتە کارا
زریکەی نەققارە و چریکەی زوڕنا
نازەنینانی ئەخستە سەما
پەشێوی زولفان هەر وەکوو ڕەشمار
دەورەیان دابوو بە گەردەنی یار
دەسرەی ئاڵ و واڵ بە دەست چۆپیکێش
ئیشارەی بە ناز لەب خەندەی دڵڕێش
عەرەق وەک شەونم لەسەر بەرگی گوڵ
لەسەر ڕووی نازگ ئەهاتە سەر مل
بڵاو ئەبوو لەسەر سەفحەی سینەیدا
دوو لیمۆی کاڵی بەوە ئاو دەدا
زڕە و زرینگەی کەمبەری کەمەر
خشپەی خاش خاش و خرخاڵان یەکسەر
نەمزانی چە بوو لە حاڵی خۆشی
خەیاڵم کەوتە سەر بادەنۆشی
بۆ حەسانەوە دەست تێک بەردرا
بڵاو بوون لە دەشت و چیمەن و سەحرا
لە بۆنی عەتر و مێخەکبەندی مل
سەحرا بووە گوڵزار، دڕک بوو بە گوڵ
هەر وەک غەزاڵان بڵاو بوون لە سەحرا
ئەو دەشتەیان کرد بە دەشتی خەتا
تیپ تیپ سواران ئەکەوتنە ڕێگا
حۆری نەژادان بەدوا ئەواندا
سەف سەف ئەڕۆیین هەموو بە قەتار
کوڕ و کچ بە ڕێک وەک پەرچەمی یار
تا نوێژی شێوان گەیشتنە مەنزڵ
لە ئەزیەتی ڕێی حەسایەوە دڵ
هەر کەس قۆناغی گەرم کرد لەوێ
لەسەر مەرقەدان بوونە نیشتەجێ
قۆناغ بە قۆناغ ئاگر کراوە
لە ئەووەڵ جێگا تا جێگەی دواوە
دەست کرا بە نان و چێشت دروست کردن
هەم چا لێنان و جێگا ڕاخستن
لە قۆڵێ دەنگی تار و عوود لێدان
لە لایێ دەنگی لاوک و حەیران
لە لایێ دەنگی دەف و مەولوود بوو
هەر کەس ئارەزووی دڵی مەقسوود بوو
لایێ گۆرانی و غەزەڵخوانی بوو
لە هەر لا بەزمی کامەرانی بوو
لە لایێ نەیژەنگ نەی بەدەنگ دێنا
بەزمی نکیسا و خەسرەوی هێنا
ئەم بەزمە هەتا سەحەر بوو لە کار
جەژن و شادی بوو لە بەینی دڵدار
بەیانی هەر کەس لەسەر مەرقەدان
بە عەزمی زیارەت یەک یەک دەوەستان
مەغدیدی ئەسوەد سەرۆکی ئەسحاب
بە ئەسحابەی ڕەش مەشهووری ئەحباب
بە عەزمی زیارەت چووم بە لایەوە
دیم لە جێگای خۆی کەس نەمایەوە
حۆری نەژادی وەک گوڵی گەش بوو
لەسەر مەرقەدی ئەسحابەی ڕەش بوو
شیرین قەد شیرین قەندی لە لێوان
سەد فەرهاد بۆ ئەو ئەچوونە کێوان
ڕووناکی چاوان سەرمایەی ژیان
مەزەی بەزمی کەیف دڵی پڕ خەمان
لەیلا سورشتێ ئاغۆش بەهەشتێ
مەجنوونانی ئەو لە چۆڵ و دەشتێ
زولفی زەنناری دێر و کەنشتێ
سەد شێخ پێی ئەدا قەسر و بەهەشتێ
گوڵ ئەندام نازی خاوانی ڕازی
بە دەورانی ئەو خاوان نیازی
بە تیری موژگان ئەو شۆخەی قەشەنگ
ڕاوی دەوری خۆی ئەکرد بە خەدەنگ
ئەسحابەی ڕەشی زیارەت ئەکرد
دڵی عالەمی هەم غارەت ئەکرد
کە چاوم پێ کەوت دڵم داتەپی
ئەمجا ناوم نا ئەسحابە سپی
ئەسحابەی ڕەشم هیچ لە فکر نەما
ئەسحابەی سپی خستمیە بەڵا
سەڵاوم لێ کرد سەڵاوێکی گەرم
جەوابی داوە لەژێر پەردەی شەرم
زیارەتت قبووڵ گیانی شیرینم
زیارەتی ڕووی تۆ بوو بە ئایینم
حەیای حوسنی ئەو حیسی نەهێشتم
ماڵ ئاوایی کرد زوو بەجێی هێشتم
تیپ تیپ زائیران گەڕاینە دواوە
بەرەو شار بە سەیر هەم بە سەفاوە
زیارەت قبووڵیان لێ کرد یاران
ڕەحمەت بەسەرمان ئەڕژا وەک باران
«خادیمتخلص» بە پیری دێتەوە یادم
ئێستاش بە یادی ئەو ڕۆژە شادم