دەردی بێ دەرمان

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  738 مشاهده
ئیمشەو هاواری دڵم بێ شەرمە
لە ناڵەی سەمتوور کەللەم زۆر گەرمە
نازانم دڵم بۆچی ئەجۆشێ
بەرگی عەوداڵی بۆچی ئەپۆشێ
بۆچی وەک مەجنوون وێڵی هەردانم
تا کەی غەمزەدەی باری هیجرانم
کوژاوی تیری چە لەیلایە بووم
دووچاری عەشق و چە بەڵایە بووم
چە ئاگرێ بوو کەوتە دەروونم
لە قرچەی سۆزی دڵ وا زەبوونم
شەرارە و کڵپەی ئاگری دووری
سووتاندی یەکجار خانەی سەبووری
سەختە زامی دڵ زیاتر لە جاران
ئیمشەو تل ئەدەم وەک گەزتەی ماران
ساقی وەرە لەم مەیی دوو ساڵە
بمدەرێ جامێ حاڵم بێ حاڵە
قەزات لە گیانم ئەی چی بوو بە درەنگ
فیدای پەنجەت بم نەی بێنە بە دەنگ
ئەجۆشی هەرکەس بەقەد ناڵەی خۆی
ئەنۆشێ هەرکەس پڕ پیاڵەی خۆی
خادیم دەردی عەشق دەرمانی نییە
زامی ناسۆرە فەوتانی نییە
موژدە بێ ئەی دڵ وا هات قافڵەی یار
شنەی بای شادی، غەم ئەکا فیرار
نیگاهـ کە مەجنوون لەو ناو غوبارە
کەوکەبەی مەحمەل لەیلێ دیارە
لێڵایت دایێ لەیلێ دیار بێ
مەجنوون سەرگەشتە و هەم بێ قەرار بێ
بەدەن لە دووری هێزی نەماوە
قووەی ڕەفتاریش لە پا نەماوە
فرسەتە بۆ ڕۆح پێشوازی بکا
لە ڕێی ئەو شۆخە سەربازی بکا
بیناییم لێڵی چەند ساڵە دووری
بە دیەنی لەیلێ دێتەوە نووری
چاوم ڕائەخەم لەسەر ڕێگەیدا
تا نافەی مەحمەل پێ بنێ بەسەردا
ئاوپاشی بە ئەشک ئەکەم ڕێگەی یار
تا لەسەر ڕووی ئەو نەنیشێ غوبار
«خادیمتخلص» بەم تەرزە تەشریف بێنێ یار
یانەی وێرانم بکا بە گوڵزار