شینی حاجی تاهیر کاتی وەفاتی

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
 3 دقیقه  929 مشاهده
لەبەر ماتەمی یاری دڵپاکم
لە مردنی خۆم گەلێ بێ باکم
فەلەک خوێنی دڵ لەچاو ئەڕێژێ
زەمین لە حەسرەت خوێناو ئەچێژێ
گوڵشەنی شادیم بێ سەفا ماوە
بلبلی دڵم بێ جێگا ماوە
خەزانی غەم هات، هجوومی هێنا
بۆ گوڵی شادیم سەموومی هێنا
چە کرد بە کامم نەسووڕایەوە
عەیشی قەدیمیم هەموو دایەوە
ئەی یاری عەزیز بۆ بەجێت هێشتم
نەتزانی بێ تۆ زوو ئەشکێ پشتم
ئاوارەی غوربەت کوژراوی دووریم
نایێ بەبێ تۆ، هەرگیز سەبووریم
برای هاودەردم، گیانی شیرینم
نەمێنم ڕۆژێ کە تۆ نەبینم
گیانە بەبێ تۆ، ژیانم ژانە
هەرچەند کە ماوم، مانم نەمانە
قەرار و عەهدم وابوو لەگەڵ توو
سەفەر لەگەڵ یەک بکەین دوو بە دوو
ئەی ئەم سەفەرەت چی بوو تەنهایی
بۆ ئەمڕۆ لە من کردت جودایی؟
تۆراوی لە من یا عەهدت شکاند
ڕشتەی یەکیەتیت بۆ وا زوو پساند؟
یا بێ چارە بووی لەم سەفەرەدا
منت بەجێ هێشت لەم خەتەرەدا
خوا بتپارێزێ سەفەرت خەیرە
بۆ لای دۆست ئەچی چاوت لە سەیرە
ڕۆژی ویداعە، ویداعی یاران
ئەشکم جارییە، هەر وەکوو باران
لە حەققی وەفا گەردن ئازادی
بۆ ئەم سەفەرەت موبارەک بادی
ئەم کارە کاری یەک ئاشنایە
خاوەنی هەر چی لە دوو دنیایە
دەستی بێگانە، لەم کارە دوورە
ئەم ئاشنایە گەلێ غەفوورە
شوکری خوا ئەکەم بۆ ئەم فیراقە
هەر چەند تاقەتم «ما لا يطاقعربی»ە
ڕۆیشتی بێ من برا گیانەکەم
ئاگرت خستە ناو وێرانەکەم
ڕۆحی عەزیزت شاد بوو بە جینان
منیش مامەوە بۆ غەمی جیهان
توخوا پێم بڵێ، ئەی یاری عەزیز
چ بکەم بۆ عەیشی بەهار و پاییز
لە خەڵوەی تەنها کێ هەمدەمم بێ
بێ تۆ موئنەسم مەگەر غەمم بێ
لەگەڵ کێ بژیم؟ مونیسم کێ بێ؟
لە سەیری گوڵشەن جەلیسم کێ بێ؟
لە کێ بفکرم؟ ڕەنگی وەک تۆ بێ
گوێ لە کێ بگرم؟ دەنگی وەک تۆ بێ
ناوت کە ئەبا کاتێ زوبانم
ئەبێتە خوێناو، جەرگی بوریانم
یادت کە ئەکەم بۆ عەیشی جاران
ئەشک ئەڕێژم وەک هەوری باران
غەم بووەتە بەرگم، غەم بووەتە نانم
غەم بووەتە یار و ڕەفیقی گیانم
ئەسەف نەمزانی، ئاگری دووری
وا ئەسووتێنێ گیانی سەبووری
پیر و بێ تاقەت، گریانە کارم
لە خەم و ماتەم گرانە بارم
جێی تەوافمە دەوری مەزارت
سوورمەی چاومە تۆز و غوبارت
لە دەورەی قەبرت هەر ئەخولێمەوە
لە خوێنی چاوم وا ئەتڵێمەوە
قەسەم بە سافی دڵی تاهیرت
بە وەفای باتین مەیلی زاهیرت
بە ناڵەی کوڵت کاتی بیماری
بە ئێشی دەروون، بە ئاهـ و زاری
لەبەر بێ سەبری و هەم بێ قەراری
ژیانم بێ تۆ، ژانە و بێ عاری
کۆچی ئاخرت ماڵئاوایی بوو
کۆچی خێرت بێ کاری خوایی بوو
چاوەنوارم بە، منیش دێم بۆ لات
بێ تۆ چۆن بژیم؟ نامەوێ حەیات
خودات لەگەڵ بێ تۆ بە سەلامەت
کەوتیتە دیوان سەحرای قیامەت
وەعدەی ویسالی من و تۆ قوربان
سەحرای مەحشەرە بێ شک و گومان
تەئریخی ڕۆژی وەفاتی کەسێ
«بڵێ مەغفوورەحساب ابجد: مێژووی کۆچی دوایی حاجی تاهیر لە وشەی «بڵێ مەغفورە» ئەکاتە ساڵی ١٣٧٣ ک» ئەگەر دەپرسێ