ئەی سەییدی سەرداری من
از کتاب:
دیوانی عاجز
اثر:
عاجز (1929-1967)
3 دقیقه
3360 مشاهده
ئەی سەییدی سەرداری من، ئەی مەحڕەمی ئەسراری من
ئەی ئەحمەدی موختاری من، سەڵات لەسەر توو یاری من
موددێکە هیجر و ماتەمە، تاکەی بمێنێم لەم غەمە
هەر وەکو جاران کۆلەمە، با بەس بێ ئینتیزاری من
لوتفێ بفەرموو سەروەرم، شافیعی ڕۆژی مەحشەرم
هەر تۆی لە گەرما سێبەرم، شاهی عالەم سوواری من
مەعلوومە قەدری تو عەزیم، عیسایی ڕوح، موسای کەلیم
ڕوتبەی ڕەسوولانی کەریم، سەبەب ئەتۆی نیگاری من
مەلائیکەی موقەڕڕەبین، عالەمی عولوی و سەرزەمین
هەتا بە ڕۆژی ئاخەرین، خوددامی تاجی داری من
لە فەوقی ئەو خودایە بەس، ناگاتە جێی ئەو شایە کەس
لە عالەمی جودایە بەس، لوئلوئی جەوهەرداری من
نووری بناغەی عالەمە، بۆ ئەنبیایان خاتەمە
ئادەم لەبەر وی ئادەمە، تەحقیق بکەن گوفتاری من
نائیبی وی بوون موڕسەلین، هەر یەک لە قەومێ داوەرین
ئەمما ئەوی بۆ عالەمین، بە عام هەنارد غەففاری من
نووری لە ئادەم پشت بە پشت، هەتا بە عەبدوڵڵا گەیشت
هەم ئامینەی حۆری سروشت، مەحفووز بوو توڕڕە داری من
مزگێنی بۆ حەلیمە بێ، شیرخۆری ئەو یەتیمە بێ
هەرزانی لەو ئیقلیمە بێ، هەم شیری زۆر بێ جاری من
چەند جار مەلائیکەی خودا، شەقیان کرد سینگی بولهودا
حەززی شەیتانیان کرد جودا، کردیانە گوڵ گوڵزاری من
ئەوجا کرا بە پێغەمبەر، بەیانی کرد ڕێی بێ خەتەر
چەند موعجیزاتی خستە دەر، قوڕئانی گەوهەر باری من
چەند موشریکان دیتیان بە چاو، لۆی شەق دەبوو مانگی تەواو
لە موشریکی نەبوون بڵاو، گوێیان نەدا نازداری من
چەند جار دەیانگۆت شاعیری، کازیب و کاهین ساحیری
هەر چەند دەیانکرد ماکیری، حیفزی دەکرد سەتتاری من
ئەمما ڕەسوولی موستەفا، گوێی خۆی نەدا جەور و جەفا
دوعای دەکرد ساحێب وەفا، غازیب نەبێ قەههاری من
پاشان بە ئەمری موستەعان، هیجرەتی کرد بە عیزز و شان
بۆ لای مەدینە بوو ڕەوان، لەگەڵ ڕەفیقی غاری من
کوففار و شەیتانی لەعین، هاتن لە دوویان چین بەچین
هەتا لە غارێ داوەرین، ئەو غاری پڕ ئەنواری من
کە دیتیان تەونی عەنکەبووت، کۆتر لە هێلانە بە جووت
گەڕانەوە لە فایدە ڕووت، نەیان دەدی سالاری من
کە هات سوڕاقە زۆر بە تاو، هەڵیکوتا سەر هەردوو لاو
دەیدی وەکی قاڕوون بە چاو، ڕەحمی نەکرد بە یاری من
ئەو مەڕی دایکی مەعبەدی، کە پێشان شیریان لێ نەدی
هەر دەستی دایێ ئەحمەدی، بوو بە ڕووباری جاری من
حەمزە و ئەبوبەکری سددیق، فاڕوق و عوسمانی حەقیق
بە موئمینی دەبوون ڕەفیق، لەگەڵ شێری شکاری من
عاجزتخلص فەقیری ئوممەتە، سائیلی بابی ڕەحمەتە
هەر چاوەنۆڕی هیممەتە، بۆ دەفعی ناڵە و زاری من