سفەت

از کتاب:
دەستووری زمانی کوردی
اثر:
توفیق وهبی (1891-1984)
 20 دقیقه  631 مشاهده

176

سفەت کەلیمەیێکە کە بۆ تەواوکردنی مەعنای ناو یان بۆناو بە کەڵک ئەهێنرێ.

سینفەکانی سفەت

177

سفەت پێنج سینفی هەیە:

1- سفەتی چۆنی

2- سفەتی نیشانی

3- سفەتی ژمارەیی

4- سفەتی موبهەم

5- سفەتی پرسی

178

سفەتی چۆنی ئەوانەن کە چۆنیی ناو پیشان ئەدەن؛ وەکو،

پیاوی بەد ترێی ڕەش

لەمانەدا «بەد»، «ڕەش» چۆنیی «پیاو»، «ترێ» پیشان ئەدەن؛ سفەتی چۆنین.

179

هەر چوار سینفەکەی کە پێیان ئەڵێن سفەتی تەعینی، چونکە ئەمانە چۆنیی ناو پیشان نادەن؛ هەر تەعینیان ئەکەن؛ وەکو،

ئەم باخە چوار هەنار هەندێ مناڵ چەند مەکتەب؟

لە وێنەی یەکەما سفەتی نیشانیی «ئەم ...ە» ناوی «باخی» تەعین کردووە؛ بێجگە لە «ئەم باخە» باخێکی تر نایێتە بیر. لەدووەما سفەتی ژمارەی «چوار» ناوی «هەنار»ی تەعین کردووە؛ لە «چوار هەنار» کەمتر یان پتر «هەنار» بە بیرا نایێ. لە سێیەما سفەتی موبهەمی «هەندێ» ناوی «مناڵ»ی بە پیشاندانێکی موبهەم تەعین کردووە. لە چوارەما سفەتی پرسیی «چەند؟» بە ڕوویێکی پرس ناوی «مەکتەب»ی تەعین کردووە.

سفەتی چۆنی

وەزیفەکانی سفەتی چۆنی

180

سفەتی چۆنی دوو وەزیفەی هەیە:

1- ئەبێتە تەواوکەری ناو؛ وەکو،

گەنمی پاک

2- ئەبێتە تەواوکەری باسی ناتەواو §79 وە بەیاریەی ئەم فیعلەوە مەعنای ناویش تەواو ئەکا §77؛ وەکو،

خەپێ ئازایە.

وەزیفەی ناو تەواوکردنی سفەتی چۆنی

181

سفەتی چۆنی بۆ تەواوکردنی ناو ئەخرێتە دوایەوە وە ئەداتێکی تەواویی «ی»ش ئەنرێتە مەیانیانەوە؛ وەکو،

مناڵی زیرەک مووی زەرد

182

ئەگەر دوا حەرفی ناوی تەواوکراو «ی» بێ «ی»ێکی کەی لێ زیاد ناکرێ؛ وەکو،

تانجی ڕەش

ئەداتی تەعریف لەگەڵ ناوی بە سفەت تەواوکراو

183

ئەداتی تەعریفی موبهەمی «ێک» ڕاستەوخۆ ئەخرێتە دوای ناوەکەوە §120؛ وەکو،

مناڵێکی زیرەک موویێکی زەرد تانجییێکی ڕەش

184

بۆ ئەوە کە ناوێکی بە سفەت تەواوکراو بە ئەداتی تەعریفی مەعیەن تەعریف بکرێ ئەبێ لە پێشا بخرێتە شکڵی ناوی لێکدراوەوە §166، ئەمجا ئەداتەکەی تەعریفیان لەسەر دابنرێ §169؛ وەکو،

ناوی بە سفەت تەواوکراو: تەعریفکراوی

مناڵی زیرەک: مناڵە زیرەکەکە مووی زەرد: مووە زەردەکە تانجیی ڕەش: تانجییە ڕەشەکە

گەلکردنەوەی ناوی بە سفەت تەواوکراو

185

بۆ گەلکردنەوەی ناوی بە سفەت تەواوکراو ئەبێ لە پێشا بخرێتە شکڵی ناوی لێکدراوەوە §166، لە پاشا بە ئەداتی تەعریفی مەعیەن تەعریف بکرێن یان سفەتی نیشانییان بخرێتە سەر وە لە دوای ئەوە گەل بکرێنەوە؛ وەکو،

ناوی بە سفەت تەواوکراوتەعریف و نیشانکراویگەلکراوی
مناڵی زیرەکمناڵە زیرەکەکەمناڵە زیرەکەکان
ئەم مناڵە زیرەکەئەم مناڵە زیرەکانە
مووی زەردمووە زەردەکەمووە زەردەکان
ئەم مووە زەردەئەم مووە زەردانە
تانجیی ڕەشتانجییە ڕەشەکەتانجییە ڕەشەکان
ئەو تانجییە ڕەشەئەو تانجییە ڕەشانە

دوروستکردنی سفەتی چۆنی

سفەتی چۆنیی دوروستکراو

186

بێجگە لەو سفەتانەی وەکو جوان، چاک، درێژ، سوور، .... هتد. کە لە ئەسڵا هەن ئەتوانرێ لە ناو و لە فیعل هەندێ سفەتی چۆنی پەیا بکرێ، ئەو سفەتانەی چۆنییە کە وا بێنە مەیان پێیان ئەڵێن سفەتی دوروستکراو.

سفەتی چۆنیی لە ناو دوروستکراو

187

بۆ دوروستکردنی سفەتی چۆنی لە هەندێ ناو ئەو ئەداتانەی لە جەدوەلەکەی خوارەوەدا نووسراون، وەکو پیشاندراوە، ئەخرێنە دوایانەوە:

ناوئەداتسفەتی چۆنیی لە ناو دوروستکراو
زستانیزستانی
کەرکووکیکەرکووکی
قاوەیقاوەیی
کەراچییکەراچییی
پیاوانەپیاوانە
کەرکووکیانەکەرکووکییانە
کچانیکچانی
کوڕانیکوڕانی
شەرمنشەرمن
گۆشتنگۆشتن
ئاسنینئاسنین
قیرینقیرین
گورگئاساییگورگئاسایی (گورگاسایی)
دارائاساییدارائاسایی
کوردواریکوردەواری
ترکواریترکەواری
کەرەکیکەرەکی
قوڕاویقوڕاوی
چەقۆ (جاجم)گەر (کەر)چەقۆگەر (جاجمکەر)
باخەوانباخەوان
ترسنۆکترسنۆک
لەرزۆکلەرزۆک
تادارتادار

188

هەر چی ناوێ مەعنەوی نەبێ ئەتوانرێ بە یاریەی «ی» و «دار»، «کەر»ەوە بکرێ بە سفەت. لەگەڵ ئەمەشا هەندێ لەم ناوانە بەپێی گەرەکی بەکەڵکهێنانیان یان دوروستبوونیانەوە وەکو لە جەدوەلەکەدا ئەبینرێ بە یاریەی هەندێ ئەداتی کەوە کراون بە سفەت. بۆ ئەمانە قاعیدەیێکی تایبەتی نییە.

ناوی مەعنەوی بەیاریەی «ی»یەوە ناکرێ بە سفەت. بەڵام بەپێی دوروستبوونیان گەرەکیانەوە، بە ئەداتەکانی کە ئەکرێن بە سفەت.

189

بۆ دانانی ئەم ئەداتانە بەپێی حەرفی دوایی ناوەکەوە وەکو §156 و لە باسی حەرەکەدا نووسراوە موعامەلە ئەکرێ.

سفەتی چۆنی لە فیعل دوروستکراو

190

بە خستنی ئەداتی «ۆک» لەدوای ڕەگی هەندێ فیعلی لازمەوە سفەتی چۆنی دوروست بووە؛ وەکو،

گەڕان: گەڕۆک بەزین: بەزۆک فڕین: فڕۆک

لە «گریان» و «ترسان»، «گرینۆک» و «ترسنۆک» هاتووە.

191

سیغەی دوولایی ڕابوردووی فیعلی لازم و مەجهوول ڕاستەوخۆ سفەتن؛ وەکو،

مردوو کوژراو

سفەتی چۆنیی لێکدراو

192

سفەتی چۆنیی لێکدراو ئەو سفەتانەن کە لە دوو یان لە دوو پتر کەلیمە دوروست بوون §92. لە کوردییا وەکو ناوی لێکدراو سفەتی لێکدراویش زۆرە.

دوروستبوونی سفەتی چۆنیی لێکدراو

193

هەندێ جار لە ناوێکی بەناو تەواوکراو «ی»ی تەواوی هەڵ ئەگیرێ؛ وەکو،

ناوی بەناو تەواوکراو: سفەتی لێکدراو

چاوی باز: چاوباز گەردنی قاز: گردنقاز

194

لە دوو ناوی سەربەخۆ-

1- هیچ ئەداتێکی لەمەیانا نابێ؛ وەکو،

لاق کوولەکە زگ دیزۆلکە

1- یەکێ لە ئەداتی تەواویی «لە»، «بە»، «بێ»یان لە مەیانا ئەبێ؛ وەکو،

سیرکەیی لەکۆڵ جامانەبەسەر ڕیش بێ شانە

3- ناوێک دووبارە ئەکرێتەوە؛ وەکو،

پارچە پارچە چین چین ڕێ ڕێ

195

لە ناوێکی بە سفەت تەواوکراو-

1- ئەگەر سفەتەکە چۆنی بێ ئەداتی تەواویی «ی»یان لەناو هەڵئەگیرێ؛ وەکو،

ناوی بە سفەت تەواوکراو: سفەتی لێکدراو

مووی زەرد: مووزەرد پارەی زۆر: پارەزۆر چاوی برسی: چاوبرسی

2- سفەتی ناوەکە ژمارەیی ئەبێ؛ وەکو،

چوارچاو سێسەر

196

هەدێ جار ئەداتی تەواویی «ە» ئەخرێتە مەیانی دوو سفەتەوە؛ وەکو،

کۆنەدەوڵەمەند

197

هەندێ بە خستنی زەرفی «نا»ئەپێش سفەتەوە دوروست ئەبن؛ وەکو،

ناڕێک ناپاک

198

هەندێک لە سفەتێک و کەلیمەیێکی تر دوروست بووە وە لە مەیانیانە ئەداتی یەکخەری «و» دانراوە، بەڵام کەلیمەی دووەم زۆر جار کەلیمەیێکی بێمەعنا ئەبێ؛ وەکو،

شل و شۆڕ وشک و برنگ نەرم و نۆڵ گورج و گۆڵ زەرد و زۆڵ تاریک و نووتەک پان و پۆڕ سارد و سڕ

ئەبینرێ کە کەلیمەی دووەمی هەندێکیان لە حەرفی یەکەمی سفەتەکە و «ۆڵ» یان «ۆڕ» دوروست بووە.

199

لە یەکێ لە ئەداتی تەواویی «بە»، «بێ» یان لە ئەداتی «هاو» و ناوێک دوروست ئەبن؛ وەکو،

بەدەس بێکەس هاودەنگ

200

لە ناوێک و سیغەی دوولاییی فیعلی موتەعەددی یان سیغەی دوولاییی ڕابوردووی لازم و مەجهوول دوروست ئەبن؛ وەکو،

نانخۆر باوک مردوو بابردوو سەرپێچراو

سفەتی چۆنیی بچووککراو

201

هەندێ سفەت بە خستنی ئەداتی «ۆڵە»، «ەڵە»، «یلە»ئەدوایەوە مەعنای بچووکی ئەدرێتێ. ئەم چەشنە سفەتانە پێیان ئەڵێن سفەتی بچووککراو؛ وەکو،

سفەت: سفەتی بچووککراو

نەرم: نەرمۆڵە، نەرمەڵە، نەرمیلە ناسک: ناسکۆڵە، ناسکەڵە، ناسکیلە سپی: سپیلە سەوز: سەوزەڵە

202

بۆ هەندێ «ۆک» بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

باڕ: باڕۆک ترش: ترشۆک

203

هەندێ جاریش «کەڵە» بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

سوور: سوورکەڵە سپی: سپیکەڵە سەوز: سەوزکەڵە

ئەو ئیزاحەی لە §175دا داومانە بۆ سفەتیش ئەشێ.

سفەتی چۆنیی وەکو ناو بە کەڵک ئەهێنرێ

204

ئەتوانرێ هەموو دەمێ سفەتێکی چۆنی لەباتی ناو بە کەڵک بهێنرێ. ئەو سفەتەی وەکو ناو بە کەڵک هێنرابێ ئەتوانێ وەزیفەی ناو بە تەواوی ببینێ بەڵام ئەبێ بزانرێ کە لە پێش ئەو سفەتەوە هەمیشە ناوێکی شارراوە هەیە؛ وەکو،

شێتێکم دی. (پیاوێکی شێتم دی.) شێتەکەم دی. (پیاوە شێتەکەم دی.)

پایەکانی مەعنای سفەتی چۆنی

205

مەعنای سفەت سێ پایەی هەیە:

1- پایەی عادی

2- پایەی زیادی

3- پایەی هەرە زیادی

206

پایەی عادی ئەسڵی سفەتەکەیە؛ وەکو

ئەسپێکی جوان

207

پایەی زیادی پایەیێک پیشان ئەدا کە لە هی ئەسڵی سفەتەکە پترە، ئەمە بۆ ئەندازەی چۆنیی مەیانی دوو کەس یان دوو شت بە کەڵک ئەهێنرێ؛ بۆ دوروستکردنی ئەداتی «تر» ئەخرێتە دوای سفەتەوە؛ وەکو،

مناڵێکی زیرەکتر ئەسپێکی جوانتر پیرەمەگروون لە گۆیژە بەرزترە

208

پایەی هەرە زیادی پایەیێکی هەرە بەرز پیشان ئەدا، وە ئەمە بۆ ئەندازەی چۆنیی کەسێ یان شتێک لەگەڵ هەموو هاوجینسی خۆیا بە کەڵک ئەهێنرێ؛ بۆ دوروستکردنی ئەداتی «هەرە» ئەخرێتە پێش سفەتەوە؛ وەکو،

مناڵە هەرە زیرەکەکە ئەسپە هەرە جوانەکە پیرەمەگروون شاخی هەرە بەرزی ئەم ناوەیە

سفەتی نیشانی

209

سفەتی نیشانی ئەو سفەتانەن کە بۆ ئیشارەتکردنی کەسێ یان شتێک ئەخرێنە پاڵ ناوەکەیەوە. سفەتی نیشانی ئەمانەن:

بۆ نزیک: «ئەم ...ە».

بۆ دوور: «ئەو ...ە».

210

سفەتی نیشانی ناوە نیشاندراوەکە -تاک بێ و گەل بێ، ڕووت بێ و لێکدراو بێ- ئەگرێتە ناو خۆیەوە؛ وەکو،

ئەم پیاوە، ئەو پیاوە ئەم پیاوانە، ئەو پیاوانە. ئەم کلکەبێڵانە، ئەو کلکەبێڵانە.

211

ئەگەر ناوەکە بە ناوێکی تر تەواو کرابێ لەمانە هەر کامێکیان نیشاندانی گەرەک بێ، ئەو ئەخرێتە ناو سفەتەکەوە؛ وەکو،

ئەم دارەی مزگەوت: داری ئەم مزگەوتە. ئەو دارانەی مزگەوت: داری ئەو مزگەوتانە.

هەندێ کەس جوملەکانی لای ڕاست واش ئەبێژن:

ئەم داری مزگەوتە ئەم دارانەی مزگەوتە

لە جوملەی دووەما «ە»ی دوای «دارانە» زیادە. بەڵام هێنانی ئەمە پێویستە §162.

213

ئەگەر ناوەکە بە سفەت تەواو کرابێ لە پێشا ناوەکە لەگەڵ تەواوکەرەکەیا ئەخرێنە شکڵی ناوی لێکدراوەوە §166، لە پاشا ئەخرێنە ناو سفەتی نیشانییەوە؛ وەکو،

گوڵی سوور: ئەم گوڵە سوورە

213

ئەگەر دوا حەرفی ناوی نیشاندراو یەکێ لە حەرەکەکانی «ە، ا، ێ، ۆ، وێ، ۊ» بێ، «ی»یێ ئەخرێتە پێش «ە»ی نیشانییەوە؛ وەکو،

ئەم کەرەیە ئەو گایە ئەم دێیە ئەو دۆیە ئەم گوێیە ئەو دەزۊیە

214

سفەتی نیشانی بەتەنیا بە کەڵک بهێنرێ ئەبێتە بۆناوی نیشانی §287.

سفەتی ژمارەیی

215

سفەتی ژمارەیی ئەو سفەتانەن کە بۆ ژماردنی کەسێ یان شتێک ئەخرێنە پاڵ ناوەکەیەوە.

چەشنەکانی سفەتی ژمارەیی

216

سفەتی ژمارەیی دوو چەشنی هەیە:

1- سفەتی ژمارەییی ئەسڵی

2- سفەتی ژمارەییی ڕوتەبی

سفەتی ژمارەییی ئەسڵی

217

سفەتی ژمارەییی ئەسڵی ئەوانەن کە وەکو یەک، دوو، سێ، چوار ... هتد. چەندیی کەس یان شت پیشان ئەدەن. ئەمانە، ناوەکە ڕووت بێ، لێکدراو بێ، ئەخرێنە پێشیەوە. بەڵام ناوەکە هەمیشە تاک ئەمێنێتەوە §132؛ وەکو،

چوار شاگرد دە مناڵ هەشت سەرەبزووت

218

ئەگەر ناوەکە بە ناو تەواوکراو بێ، ژمارەی هەر کامێکیان گەرەک بێ سفەتی ژمارەییی ئەسڵی ئەخرێتە پێش ئەوەیانەوە؛ وەکو،

شەش مامۆستای مەکتەب مامۆستای شەش مەکتەب

سفەتی ژمارەییی ڕوتەبی

219

سفەتی ژمارەییی ڕوتەبی بۆ پیشاندانی تەرتیبی ڕیزی کەسێ یان شتێک بە کەڵک ئەهێنرێ. بۆ دوروستکردنیان ئەداتی «ەم» یان «ەمین» ئەخرێتە دوای ژمارەی ئەسڵییەوە. ئەگەر دوا حەرفی ژمارەی ئەسڵی یەکێ لە حەرەکەکانی «ۆ، ێ» بێ «ی»یێک ئەخرێتە پێش ئەداتەکەوە؛ وەکو،

ژمارەی ئەسڵی: ژمارەی ڕوتەبی

یەک: یەکەم، یەکەمین دوو: دووەم، دووەمین سێ: سێیەم، سێیەمین نۆ: نۆیەم، نۆیەمین سی: سییەم، سییەمین

220

ئەگەر ژمارەکە لە مەیانی «دە» و «بیست»ا بێ یان «پەنجا، حەفتا، هەشتا» بێ «ە»ی پێش «ەم» و «ەمین» هەڵئەگیرێ. بۆ «پەنجا، حەفتا، هەشتا»، «ئەم» نابێ؛ وەکو،

یانزەم، یانزەمین پانزەم، پانزەمین پەنجامین، حەفتامین، هەشتامین

221

لەپاش ژمارەی «دە»، «ی»یێک زیاد ئەکرێ؛ وەکو،

دە: دەیەم، دەیەمین

هەندێ کەس «دەمین»یش دەڵێن.

222

سفەتی ژمارەییی ڕوتەبی بە قاعیە ئەبێ بخرێتە پاش ناوەوە، بەڵام پێش خستنیشی ئەشێ. ناوێک لەگەڵ ئەم سفەتەدا هەمیشە تاک ئەمێنێتەوە؛ وەکو،

مناڵی دووەم: دووەم مناڵ شەوی سێیەمین: سێیەم شەو

ژمارەی کەسری

223

ئەو ژمارانەی وردە پیشان ئەدەن هەندێ مامۆستای دەستوور پێیان ئەڵێن ژمارەی کەسری. ئەمانە ژمارەی لێکدراون وە لە دوو ژمارەی ئەسڵی دوروست ئەبن؛ ئەگەر ژمارەی دووەم ژمارەی «یەک» نەبێ ئەداتی تەواوی «لە» ئەخرێتە پێش ژمارەکەی یەکەمەوە، و ئەگەر ژمارەی دووەم «یەک» بێ ئەم ئەداتی تەواوییە پێویست نییە؛ وەکو،

لە پێنج دوو لە بیست چوار چوار یەک هەزار یەک

224

ژمارەی کەسری پێش ناو ئەخرێ وە بە یاریەی ئەداتی تەواویی «ی»یەوە بە ناوەکەوە ئەنووسێ؛ وەکو،

چوار یەکی ئەم کتێبە لە هەشت پێنجی ئەم مناڵانە

225

«نیو» ژمارەیێکی ئەسڵییە، «نیوە» ژمارەیێکی کەسرییە؛ وەکو،

نیو قران نیوەی ئەم مناڵانە

سفەتی ژمارەیی وەکو ناو بە کەڵک ئەهێنرێ

226

ئەتوانرێ سفەتێکی ژمارەیی وەکو ناو بە کەڵک بهێنرێ. بەڵام ئەبێ بزانرێ کە لەگەڵیا ناوێکی شاراوە هەیە؛ وەکو،

چواریان هاتن. (چوار پیاویان هاتن) پێنج یەکیان ڕۆیین. (پێنج یەکی پیاوەکان ڕۆیین.) شەشەم هات. (شەشەم پیاو هات.)

سفەتی موبهەم

227

سفەتی موبهەم ئەوانەن کە ئەخرێنە پاڵ ناوەوە بۆ پیشاندانی کەسێ یان شتێک بە جوورێکی موبهەم. ئەمانە سفەتی موبهەمن:

هەندێ، گەلێ، فڵان، کام، هیچ ...ێ، هەموو ...ێ، هەر ...ێ، چەند ...ێ، چ ...ێ، هەرکام ...ێ، هەرچی ...ێ، هەرچۆن ...ێ، چۆن ...ێ، تر، کە، وا، وەها، زۆر، کەم.

228

لەم سفەتە موبهەمانە «هەندێ، گەلێ، فڵان، کام» پێش ناو ئەکەون؛ وەکو،

هەندێ مناڵ گەلێ ژن فڵان پیاو کام کوێخا

229

ئەو سفەتە موبهەمانەی «ێ»ێکی جوێیان لە دواوەیە ناوەکە ئەگرنە ناو خۆیانەوە؛ وەکو،

هیچ مناڵێ هەموو گیایێ هەر دارێ چەند مامۆستایێ چ پیاوێ هەرکام کتێبێ هەرچی گەڵایێ هەرچۆن کارێ چۆن کارەکەرێ

230

سفەتی «تر، کە، وا، وەها» ئەکەونە پاش ناوەوە وە لە پێشیانەوە ئەداتی تەواویی «ی» وەرئەگرن؛ وەکو،

پیاوی تر نانی کە کچی وا کوڕی وەها

231

سفەتی «زۆر، کەم» هەم ئەکەونە پێش ناوەوە، هەم ئەکەونە دوایەوە، ئەگەر دوای بکەون ئەداتی تەواویی «ی» ئەخرێتە مەیانیانەوە؛ وەکو،

زۆر مناڵ: مناڵی زۆر کەم پارە: پارەی کەم

232

ئەو ناوەی بە «تر»، «کە» وە «هەموو» تەواو کرابێ ئەتوانێ ئەداتی تەعریفی مەعیەن وەربگرێ. لەبەر ئەمە گەلکردنەوەشی ئەبێ؛ وەکو،

دارێکی تر: دارەکەی تر، دارەکانی تر دارێکی کە: دارەکەی کە، دارەکانی کە هەموو دارێک: هەموو گەنمەکە، هەموو دارەکان

233

ناوی پێش «وا، وەها، زۆر، کەم» هەر ئەتوانێ ئەداتی تەعریفی نامەعیەن وەربگرێ؛ وەکو،

دارێکی وا سێوێکی وەها پارەیێکی زۆر پارەیێکی کەم

234

سفەتی «هەندێ، گەلێ، چی، چۆن، وا، وەها، زۆر، کەم، هەرچۆنێ، هەرچیێ، هەرچەندێ» ئەبنە تەواوکەری باسی ناتەواو؛ وەکو،

ئەم خەڵووزە هەندێکە. ئەم مێووژە گەلێکە. فکری ئەو چی (چ) بێ منیش ئەوەم ئەوێ. فکری ئەو چۆن بێ منیش وا ئەڵێم. مناڵەکە وایە. باوکی وەهایە. ئەم گەنمە زۆرە. ئەم برنجە کەمە. شووتییەکە هەرچۆنێ بێ بیهێنە. فکری ئێوە هەرچییێ بێ چاکە. پارەکە هەرچەندێ بێ وەری گرە.

235

«چی، چ، چۆن»ی ڕووت کە ببن بە تەواوکەری باسی ناتەواو «ێ»ی جوێیان نابێ.

سفەتی موبهەمی لێکدراو

236

سفەتی «هەندێ، گەلێ» وە ئەوانەی «ێ»ی جوێیان لەدواوەیە بە سفەتی موبهەمی لێکدراو ئەژمێررێن. هەموو «ێ»یەکان ئەداتی تەعریفی نامەعیەنن.

سفەتی پرسی

237

سفەتی پرسی ئەوانەن کە بۆ پرسینی کەسێ یان شتێک ئەخرێنە پاڵ ناوەکەیەوە.

سفەتی پرسی ئەمانەن: «کام؟ چەند؟ چۆن؟ چی؟ چۆن ...ێ؟ چ ...ێ؟»

238

سفەتی «کام؟»، «چەند؟» پێش ناو ئەکەون؛ وەکو،

کام دێ؟ چەند دێ؟

239

سفەتی «چۆن»، «چی؟» دوای ناو ئەکەون وە لەمەیانیانا ئەداتی تەواویی «ی» ئەبێ: وەکو،

خانووی چۆن؟ خانووێکی چۆن؟ گەزی چی و مقەستی چی؟

240

سفەتی «چۆن ...ێ» و «چ ...ێ» ناوەکە ئەگرنە ناو خۆیانەوە؛ وەکو،

چۆن خانووێ؟ چ مناڵێ؟

241

سفەتی «کام؟ چەند؟ چۆن؟ چی؟» ئەبنە تەواوکەری سفەتی ناتەواو؛ وەکو،

ئەسپەکە کامە؟ پارەکە چەندە؟ باوکت چۆنە؟ ئەو ڕەشایییە چییە؟

242

سفەتی «چۆن ...ێ»، «چ ...ێ» بە سفەتی پرسیی لێکدراو ئەژمێررێن، «ێ»یەکەی دوایییان ئەداتی تەعریفی مەعیەنە.