بۆناو

از کتاب:
دەستووری زمانی کوردی
اثر:
توفیق وهبی (1891-1984)
 36 دقیقه  841 مشاهده

243

بۆناو کەلیمەیێکە کە لەباتی ناوێ کە لە پێشا وترابێ یان لە بیرا بێ بە کەڵک ئەهێنرێ. دووبارە کردنەوەی ناوێک، ئەزانین کە شتێکی جوان نییە؛ ئەمجا بە یاریەی بەکەڵکهێنانی بۆناوەوە لەم ناشیرینییە ڕزگار ئەبین؛ وەکو،

لەباتی بڵێین:

من کاغەزەکە ئەخوێنمەوە وە کاغەزەکە تێ ئەگەم وە کاغەزەکە ئەدڕێنم.

ئەڵێین:

من کاغەزەکە ئەخوێنمەوە وە تێی ئەگەم وە ئەیدڕێنم.

لەمانەدا «ی»ی کەلیمەی «تێی ئەگەم» و «ئەیدڕێنم» بۆناون، چونکە لەباتی ناوی «کاغەزەکە» بە کەڵک هێنراون.

244

ئەو ناوانەی بۆناو جێیان ئەگرن پێیان ئەڵێن «شار».

245

هەر بۆناوێ ئەبێ لە کەس و ژمارەدا §274 هاوڕێی شارەکەی بێ.

سنفەکانی بۆناو

246

بۆناو حەوت سنفی هەیە:

1- بۆناوی کەسی

2- بۆناوی نیشانی

3- بۆناوی لێکدەر

4- بۆناوی موبهەم

5- بۆناوی پرسی

6- بۆناوی خۆیی

7- بۆناوی مڵکی

بۆناوی کەسی

247

بۆناوی کەسی بۆ جوێکردنەوەی سێ کەسەکە بە کار ئەهێنرێ.

248

سێ کەسەکە تاک و گەلیان هەیە وە ئەمانەن:

کەسی یەکەم: ئەوەیە کە قسە ئەکا؛ وەکو،

من ئەڕۆم، ئێمە ئەڕۆین.

کەسی دووەم: ئەوەیە کە قسەی بۆ ئەکرێ؛ وەکو،

تۆ ئەڕۆی، ئێوە ئەڕۆن.

کەسی سێیەم: ئەوەیە کە قسەی لێ ئەکرێ؛ وەکو،

ئەو ئەڕوا، ئەوان ئەڕۆن.

سنفەکانی بۆناوی کەسی

249

بۆناوی کەسی دوو سنفی هەیە:

1- بۆناوی کەسیی سەربەخۆ

2- بۆناوی کەسیی پێوەنووساو

بۆناوی کەسیی سەربەخۆ

250

بۆناوی کەسیی سەربەخۆ ئەمانەن:

تاکگەل
کەسی یەکەممنئێمە
کەسی دووەمتۆئێوە
کەسی سێیەمئەو، ئەوە، ئەوێئەوان

251

بۆناوی «ئەو» بۆ کەس، بۆناوی «ئەوە» بۆ شت، بۆناوی «ئەوێ» بۆ جێ بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

نەخەیر، ئە ئەمڕۆ نایێت. حەیفێ، ئەوە ئەسپێکی چاک بوو. ئەڵێن ئەوێ زۆر خۆشە.

لەم جوملانەدا «ئەو، ئەوە، ئەوێ» بۆناوی کەسیی سەربەخۆن.

وەزیفەی بۆناوی کەسیی سەربەخۆ

252

بۆناوی کەسیی سەربەخۆ پێنج وەزیفەی §135 هەیە:

1- باسلێکراوی §137؛ وەکو،

ئەو نان ئەخوا.

2- تەواوکەری سەربەخۆ §137؛ وەکو،

ئێمە ئێوە ئەناسین.

3- تەواوکەری بەیاریە §139؛ وەکو،

من ئەمە لە تۆ ئەسێنم.

4- تەواوکەری باسی ناتەواو §142؛ وەکو،

کوێخاکە منم.

5- تەواوکەری ناو §143؛ وەکو،

ڕانکەکەی ئەو.

لە وێنەی یەکەما «ئەو» باسلێکراوە، لە دووەما «ئێوە» تەواوکەری سەربەخۆیە، لە سێیەما تەواوکەری بەیاریەیە، لە چوارەما «من» تەواوکەری باسی ناتەواو، لە پێنجەما «ئەو» تەواوکەری ناوی «ڕانکەکە»یە.

بۆناوی کەسیی پێوەنووساو

253

بۆناوی کەسیی پێوەنووساو ئەمانەن:

کەسیتاک (لەدوای حەرەکەوە)تاک (لەدوای دەنگەوە)گەل (لەدوای حەرەکەوە)گەل (لەدوای دەنگەوە)
یەکەممـِمین، مانین، مان
دووەمی، تی، ـِ، ەن، تانـِن، تان
سێیەما، یێ، ین، یانـِن، یان

«م» و «ت» و «ن» هەندێ جار لەدوای دەنگیشەوە یێن؛ لەبەر دەممانەوە ئەیانبینین.

وەزیفەی بۆناوی کەسیی پێوەنووساو

254

بۆناوی کەسیی پێوەنووساو چوار وەزیفەی هەیە §173:

1- باسلێکراوی

2- تەواوکەری سەربەخۆ

3- تەواوکەری بەیاریە

4- تەواوکەری ناو

وەزیفەی باسلێکراوی §135

255

لە کوردییا بۆناوی کەسیی پێوەنووساو لەباتی بۆناوی کەسیی سەربەخۆ وەزیفەی باسلێکراوی ئەبینێ بەکەڵکهێنانی بۆناوی کەسیی سەربەخۆ لەگەڵ ئەمانەدا بۆ تەئکیدە؛ وەکو،

من بەرد ئەشکێنم. ئێوە ماستاوتان خواردەوە. ئێمە ئەڕۆین.

لەم سێ جوملەیەدا ئەگەر باسلێکراوی «من»، «ئێوە»، «ئێمە» هەڵبگیرێن هیچ زەرەرێ بە مەعناکانیان ناگا. چونکە «ـِم»ی دوای «ئەشکێنم» و «تان»ی دوای «ماستاو» و «ین» دوای «ئەڕۆین» کاری باسلێکراوی جوملەکان ئەبینن.

256

بەڵام بۆ لێک جوێکردنەوەی کەسی دووەم و سێیەمی گەل لە هەندێ دەما کە لە باسی فیعلا نیشان ئەدرێن، ئەبێ بۆناوی کەسیی سەربەخۆش بە کەڵک بهێنرێ، چونکە بۆناوە پێوەنووساوەکانیان لە یەک ئەچن؛ وەکو،

کەسی دووەم:

ئەنوون، نووستوون، ئەخۆن، بخۆن

کەسی سێیەم:

ئەنوون، نووستوون، ئەخۆن، بخۆن

ئێستا ئەگەر بڵێین «ئەنوون» مەعلووم نابێ، «ئێوە ئەنوون» یان «ئەوان ئەنوون». لەبەر ئەمە لەم چەشنە دەمانەدا ئەگەر بۆ تێگەیشتن گومانێ ببێ بۆناوە کەسییە سەربەخۆکان بە کەڵک ئەهێنرێ.

257

ئەگەر لەدوای بۆناوی کەسی «ا»، «ێ» ئەداتی تەواویی «ە» ببێ حەرفێکی «ت» ئەخرێتە پاشیانەوە وە ئەو دەمە ئەبنە «ات»، «ێت»؛ وەکو،

ئێوارێ مامم ئەگاتە جێ. دۆکتۆر دەرمانەکە ئەکاتە پیاڵەکەوە. پشیلەکە ئەکەوێتە بیرەکەوە. چێشتکەرەکە پیاز ئەجنێتە مەنجەڵەکەوە.

258

ئەگەر بویسترێ بۆ تەئکید ئەداتێکی «ین»یش ئەخرێتە دوای ئەم «ات» و «ێت»ەی سەرەوە؛ وەکو،

ئەڕوا - ئەڕواتن ئەگرێ - ئەگرێتن

259

ئەگەر لەدوای بۆناوی کەسی دووەمی «ی» ئەداتی تەواویی «ە» یان حەرفی «ا» ببێ ئەتوانرێ حەرفێکی «ت» بخرێتە دوای ئەم بۆناوانەوە؛ وەکو،

تۆ ئەمڕۆ ئەگەیتە سوورداش (ئەگەیە سوورداش). تۆ مناڵەکە ئەبەیتە پیرەمەگروون؟ (ئەبەیە پیرەمەگروون؟). تۆ ئەچیتە سەرچنار (ئەچییە سەرچنار). تۆ شاگردەکە ئەنێریتە ئەوێ (ئەنێرییە ئەوێ).

260

بێ بوونی ئەداتی «ە» و حەرفی «ا»ش ئەتوانرێ لەدوای «ی» کەسی دووەمە «ت»یێ وە لەدوای «ا» و «ێ»ی کەسی سێیەمەوە «ت»یێ یان «تن»ێ زیاد بکرێ؛ وەکو،

ئەگەی - ئەگەیت ئەنێری - ئەنێریت ئەچێ - ئەچێت - ئەچێتن ئەخوا - ئەخوات - ئەخواتن

261

ئەگەر لەدوای «ـِ»یەوە وە حەرەکەیێ بێتن «ت»یێ ئەخرێتە دوای «ـِ»یەکەوە بەڵام بەپێی §29 «ـِ»یەکە فڕێ ئەدرێ؛ وەکو،

تۆ بردِ - تۆ بردتە ماڵەوە. تۆ بردت و ڕۆییت.

ئەگەر لەدوای ئەم حەرفەش نەبێ ئەتوانرێ لە «ـِ»یەکە «ت»یێ زیاد بکرێ؛ وەکو،

تۆ ناردِ - تۆ ناردت

262

لە فیعلی لازم و مەحهوولا کەسی سێیەمی تاکی دەمە ڕابردووەکان بۆناوی پێوەنووساوی باسلێکراویان نییە؛ وەکو،

نووست. ئەنووست. بنووستایە.

263

ئەبینرێ کە بۆناوە پێوەنووساوەکان بۆ هەریەکێ لە کەسەکان چەند چەشنێکیان هەیە، ئەمانە بەپێی حەرفی دوایی کەلیمەکەی پێشیانەوە[جەدوەلەکەی §252 ببینە] سنفی فیعلەکان و دەمەکان دانراون، وا لەم جەدوەلەی خوارەوەدا پیشان دراون:

جەدوەلی بۆناوە پێوەنووساوەکان کە ئەبنە باسلێکراو

کەسهەموو فیعلێک لە دەمەکاتی ئێستادالازم و مەجهوول لە دەمە ڕابردووەکاناموتەعەددی لە دەمە ڕابردووەکانا
لەدوای حەرەکەوەلەدوای دەنگەوەلەدوای حەرەکەوەلەدوای دەنگەوەلەدوای حەرەکەوەلەدوای دەنگەوە
یەکەمی تاکمـِممـِممـِم
دووەمی تاکی (یت)ی (یت)ىى (ىىت)، ەی (یت)، تی (یت)تـِ (ـِت)
سێیەمی تاکا (ات، اتن)، ێ (ێت، ێتن)ا (ات، اتن)، ێ (ێت، ێتن)..یی
یەکەمی گەلینینىىنینینىىنمانمان
دووەمی گەلنـِننـِنتانتان
سێیەمی گەلنـِننـِنیانیان

264

ئەوا لە ڕاستەوە بۆ چەپ، لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە تەرتیبی فیعل و دەم و کەس و ژمارە وێنە ئەنوێنین:

من ئەڕۆم. من ئەچم. تۆ ئەگەی (ئەگەیت). تۆ ئەچی (ئەچیت). تۆ بکەوە. ئەو ئەڕوا (ئەڕوات، ئەڕواتن) ئەو ئەچێ ( ئەچێت، ئەچێتن) من چەقیم (من نووستم) تۆ چووی (چوویت). تۆ نووستی (نووستیت). تۆ چەقیت. من ئەخۆم. من ئەنووسم تۆ ئەکەی (ئەکەیت). تۆ ئەبڕی (ئەبڕیت). تۆ بگرە. ئەو ئەخوا (ئەخوات، ئەخواتن) ئەو ئەبڕێ (ئەبڕێت، ئەبڕێتن) من هێنام. من کردم. من دۆم خواردن. من دەرزم خۆند. تۆ هێنات. تو کردِ (کردتکيرديت، کيرديتٜ). تۆ دۆت خوارد. ئەو جووی. ئەو بردی. ئەو بنێشتی جوو. ئێمە ئەنووین. ئێمە ئەچین ئێمە چەقین ئێوە ئەنوون. ئێوە ئەچن ئێوە چەقین. ئێوە نووستن ئەوان ئەنوون. ئەوان ئەچن. ئەوان ئەچنە ماڵەوە. ئەوان چەقین. ئەوان نووستن ئێمە ئەخۆین. ئێمە ئەکڕین. ئێوە ئەخۆن. ئێوە ئەکڕن. ئەوان ئەخۆن. ئەوان ئەکڕن ئێمە جوومان. ئێمە ناردمان. ئێمە بنێشتمان جوو. ئێوە جووتان. ئێوە ناردتان. ئێوە پیاوتان نارد. ئەوان ئەیانجوو. ئەوان ناردیان. ئەوان ماسییان ئەخوارد.

265

لە کوردییا ئەم بۆناوە پێوەنووساوانە لە بۆناوە سەربەخۆکان زیاتر وەزیفەی تەواوکەری سەربەخۆیان پێ ئەبینرێ. بەکەڵکهێنانی بۆناوی سەربەخۆ لەم وەزیفەیەدا بۆ تەئکید ئەبێ یان بۆ نەهێشتنی گومان لە تێگەییشتنا؛ وەکو،

ناردیانم. منیان نارد. ناردمانن.

لە جوملەی یەکەما «م» وە لە جوملەی دووەما «من» تەواوکەری سەربەخۆی فیعلی «ناردیان»ین. هەر دوو جوملەکە لە مەعنادا فەرقیان نییە. بەڵام لە جوملەی دووەما بەکەڵکهێنانی بۆناوی «من» لەباتی «م» بۆ تەئکیدە. ئەما لە مەعنای جوملەی سێیەما گومان هەیە؛ مەعلووم نییە، «ئێوەمان نارد» یان «ئەوانمان نارد». لەبەر ئەوە لەجێی وادا لەباتی بۆناوی پێوەنووساو بۆناوی سەربەخۆ بە کار ئەهێنرێ.

266

بۆناوە پێوەنووساوەکانی «ی، ـِ، ە»ی کەسی دووەم و «ا، ێ»ی کەسی سێیەم نابنە تەواوکەری سەربەخۆ.

267

بەپێی قاعیەی §258 ئەتوانرێ لەباتی «ی»ی کەسی دووەم «یت» بە کەڵک بهێنرێ؛ وەکو،

ئەمناردیە ماڵەوە. ئەم ناردیتە ماڵەوە. بمناردیایە. بمناردیتایە.

268

شکڵی بۆناوە پێوەنووساوەکان کە ئەبنە تەواوکەری سەربەخۆ بەپێی حەرفی دوایی کەلیمەی پێشیانەوە دەمەکان دنراون. لەم جەدوەلەی خوارەوەدا جێی بەکەڵکهێنانیان پیشاندراوە:

جەدوەلی بۆناوە پێوەنووساوەکان کە ئەبنە تەواوکەری سەربەخۆ

کەسلە دەمەکاتی ئێستادالە دەمە ڕابوردووەکانا
یەکەمی تاکمم (1)
دووەمی تاکتت (2)، ی (یت)
سێیەمی تاکی (§31).
یەکەمی گەلمانین
دووەمی گەلتانن
سێیەمی گەلیانن

(1) ئەم «م»ە لەدوای دەنگییەوە ئەبوایە «ـِم» بوایە. بەڵام چونکە لە دەمە ڕابوردووەکانا هەمیشە لەدوایەوە حەرەکەیێ هەیە «ـِ»یەکە فڕێ دراوە.

(2) ئەم «ت»یەش ئەسڵەکەی «ـِ» بووە، وە چونکە لە دەمە ڕابوردووەکانا هەمیشە لەدوایەوە حەرەکەیێ یێت وەکو لە §261دا نووسراوە بووە بە «ت».

269

ئەبینرێ کە شکڵی کەسی دووەم و سێیەمی گەلی دەمە ڕابوردووەکان لە یەک ئەچن. لەبەر ئەوە ئەگەر لە لێککردنەوەیانا گومانێ ببێ لەباتییان بۆناوی کەسی سەربەخۆ بەکەڵک ئەهێنرێ (جوملەی سێیەمی §262 ببینە.)

270

بۆناوی پێوەنووساوی سێیەمی تاک لە دەمە ڕابوردووەکانا بۆ تەواوکەری سەربەخۆ بە کەڵک ناهێنرێ، ئەگەر لە تێگەییشتنا گومان ببێ بۆناوی «ئەو» بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

من ناردم. من ئەوم نارد.

لە جوملەی یەکەما ناتوانرێ بۆناوی کەسی پێوەنووساوی «ی» بە کەڵک بهێنرێ.

271

ئەمانە وێنەن بۆ جەدوەلی §267 لە ڕاستەوە بۆ چەپ، لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە تەرتیبی دەم و کەس و ژمارە:

ئەمنووسیت. بمنووسیت ئەتنووسم. بتنووسم ئەینووسیم. بینووسم هێنامی. بتکردمایە. نووسیتم. ئەمهێنای (ئەمهێنایت). خواردتم. بمخواردیتایە. ئەماننووسن. بماننووسن ئەتاننووسین. بتاننووسین ئەیاننووسم. بیاننووسم. ئەتانداین. ئەتانبردین بماندانایە. ئەتانهێنان. ئەتانبردن

وەزیفەی تەواوکەری بەیاریە §139

272

لە کوردیا بۆناوی پێوەنووساو لە بۆناوە سەربەخۆکان زیاتر کاری تەواوکەری بەیارییە ئەبینن. بەکەڵکهێنانی بۆناوی سەربەخۆ لەم وزیفەیەدا بۆ تەئکید ئەبێ یان بۆ نەهێشتنی گومان لە تێگەیشتنا؛ وەکو

پیاوتان لەگەڵ ئەنێرم. لەگەڵ ئێوە پیاو ئەنێرم. پیاوم لەگەڵ ناردن.

لە جوملەی یەکەما «لەگەڵتان» وە لە جوملەی دووەما «لەگەڵ ئێوە» تەواوکەری بەیاریەی فیعلی «ئەنێرم»ن. بەڵام لە جوملەی دووەما بەکەڵکهێنانی بۆناوی «ئێوە» لەباتی «تان» بۆ تەئەکیدە. ئەما لە مەعنای جوملەی سێیەمە گومان هەیە؛ مەعلووم نییە، «لەگەڵ ئێوە پیاوم نارد» یان «لەگەڵ ئەوان پیاوم نارد» لەبەر ئەوە لەجێی وادا لەباتی بۆناوی پێوەنووساو بۆناوی سەربەخۆ بە کار ئەهێنرێ.

273

بۆ ناوە پێوەنووساوەکانی «ی، ە»ی کەسی دووەم و «ا،ێ»ی کەسی سێیەم نابنە تەواوکەری بەیارییە.

274

بەپێی قاعیەی §258 و §261 ئەتوانرێ لەباتی «ی»ی کەسی دووم «یت» وە لەباتی «ـِ» «ت» یان «یت» بە کەڵک بهێنرێ؛ وەکو،

بۆم ناردیە ماڵەوە. - بۆم ناردیتە ماڵەوە. لەسەری ئەکەمەوە. - لەسەرتەکەمەوە. پیاوِ لەگەڵ ئەنێرم. - پیاوت لەگەڵ ئەنێرم.

275

شکڵی بۆناوە پێوەنووساوەکان کە ئەبنە تەواوکەری بەیارییە بەپێی حەرفی دوایی کەلیمەکەی پێشیانەوە و سنفی فیعلەکان و دەمەکان دانراون، وا لەم جەدوەلەی خوارەوەدا پیشان دراون.

جەدوەلی بۆناوە پێوەنووساوەکان کە ئەبنە تەواوکەری بەیارییە

کەسهەموو دەمەکانی لازم و ئێستای موتەعەددیڕابردووەکانی موتەعەددی
لەدوای حەرەکەوەلەدوای دەنگەوەلەدوای حەرەکەوەلەدوای دەنگەوە
یەکەمی تاکمـِممـِم
دووەمی تاکتـِ (ـِت)ی (یت)ی (یت)
سێیەمی تاکـِـِ..
یەکەمی گەلمانمانینینىىن
دووەمی گەلتانتاننـِن
سێیەمی گەلیانیاننـِن

276

ئەبینرێ کە شکڵی کەسی دووم و سێیەمی گەلی دەمە ڕابوردووەکان لە یەک ئەچەن. لەبەر ئەوە، ئەگەر لە لێکردنەوەیانا گومانێ ببێ لەباتییان بۆناوی کەسی سەربەخۆ بە کەڵک ئەهێنرێ: [جوملەی سێیەمی §272 ببینە.]

277

بۆناوی پێوەنوساوی سێیەمی تاک لە دەمە ڕابوردووەکانی موتەعەددیا بۆ تەواوکەری بەیارییە بە کەڵک ناهێنرێ، ئەگەر لە تێگەیشتنا گومان ببێ بۆناوی «ئەو» بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

بۆم نارد. بۆ ئەوم نارد.

لە جوملەی یەکەما ناتوانرێ بۆناوی پێوەنووساوی «ی» بە کەڵک بهێنرێ.

278

ئەمانە وێنەن بۆ جەدوەلی §275 لە ڕاستەوە بۆ چەپ، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بە تەرتیبی فیعل و دەم و کەس و ژمارە:

ئەمەم بۆ یێ. ئەمەم بۆ هات. پیاوم لەگەڵ بهاتایە. ئەمەت بۆ یێ. ئەمەت بۆ هات. پیاوت لەگەڵ بهاتایە. ئەمەی بۆ یێ. ئەمەی بۆ هات. پیاوی لەگەڵ بهاتایە. ئەمەم بۆ بکڕێ. ئەمەت بۆ بکڕێ. پیاوی لەگەڵ نێررا. بۆم ئەجووی. لەگەڵم ئەجووی. بۆت ئەکڕم. لەگەڵی بچم. لەگەڵت دەخۆم. بۆی ئەکڕم. لەگەڵی ئەچم. بۆت دام. بۆت گرتم. بۆم هێنای. بۆم گرتی. بۆم گرتت. بۆم هێنا. بۆم گرت. ئەمەمان لەگەڵ یێ. پیاومان لەگەڵ یێ. پیاومان لەگەڵ هات. وامان لەگەڵ ئەکەن. نانمان لەگەڵ ئەخۆن. ئەمەتان لەگەڵ یێ. پیاوتان لەگەڵ یێ. پیاوتان لەگەڵ هات. واتان لەگەڵ ئەکەین. نانتان لەگەڵ ئەخۆین. ئەمەیان لەگەڵ یێ. پیاویان لەگەڵ یێ. پیاویان لەگەڵ هات. وایان لەگەڵ ئەکەم. نانتان لەگەڵ ئەخۆم. ئەوەیان لەگەڵ هێناین. ئەمەیان لەگەڵ کردین. ئەوەمان لەگەڵ هێنان. ئەوەمان لەگەڵ کردن. ئەوەتان لەگەڵ هێنان. ئەوەتان لەگەڵ کردن.

وەزیفەی تەواوکەری ناو

279

ئەم بۆناوە کورتانە زۆر جار لەباتی بۆناوی سەربەخۆ بۆ تەواوکەری ناو بە کەڵک ئەهێنرێن. بەکەڵکهێنانی بۆناوی سەربەخۆ لەم وەزیفەیەدا بۆ تەئکیدە؛ وەکو،

مانگاکەم مرد. مانگاکەی من مرد.

لە جوملەی یەکەما «م» و لە جوملەی دووەما «من» تەواوکەری ناوی «مانگاکە»ن. هەر دوو جوملەکە لە مەعنادا فەرقیان نییە؛ لە جوملەی دووما بەکەڵهێنانی بۆناوی سەربەخۆی «من» بۆ تەئکیدە.

280

ئەگەر ئەو بۆناوەی ناوەکەی تەواو کردووە جێی باسلێکراوێکی گرتبێ کە لە جوملەکەدا بێژرابێ ئەبێ هەمیشە بۆناوی پێوەنووساو بێ؛ وەکو،

من مانگاکەم مرد ژنەکە مانگاکەی مرد

ناتوانی بڵێی:

من مانگای من مرد. ژنەکە مانگاکەی ئەو مرد.

281

بۆناوی کەسی پێوەنووساو بەبێ ئەداتی تەواوی مەعنای ناو تەواو ئەکەن.

282

بۆناوی کەسی پێوەنوساوی «ی، ە»ی کەسی دووەم و «ا،ێ»ی کەسی سێیەم نابنە تەواوکەری ناو.

کەسناوەکە لەگەڵ لازم و مەجهوول لە هەرچی وەزیفەیێکا بێ وە بۆ موتەعەددیی باسلێکراو بێ.ناوەکە بۆ موتەعەددیی تەواوکەر بێ
ئێستاڕابوردوو
لەدوای حەرەکەوەلەدوای دەنگەوەلەدوای حەرەکەوەلەدوای دەنگەوەلەدوای هەموو حەرفێکەوە (لەدوای ناوەوە یێن)لەدوای حەرەکەوە (هەر بۆ سەربەخۆ، لەدوای فیعلەوە یێن)لەدوای دەنگەوە
یەکەمی تاکمـِممـِممـِم
دووەمی تاکتـِ (ـِت)تـِ (ـِت)تـِ (ـِت)
سێیەمی تاکییییی.
یەکەمی گەلمانمانمانمانمانینینىىن
دووەمی گەلتانتانتانتانتاننـِن
سێیەمی گەلیانیانیانیانیاننـِن

283

لە جەدوەلەکەی سەرەوەدا ئەبینرێ کە ئەو بۆناوە پێوەنووساوە گەلانەی ئەبنە تەواوکەری ئەو ناوانە کە تەواوکەری سەربەخۆن لە دەمە ڕابوردووەکانا ئەخرێنە دوای ناوەکانەوە یان دوای فیعلەکەوە وە بەپێی ئەم جێگایانەوە شکڵیان هەیە. لە بەکەڵکهێنانی ئەو شکڵانەی ئەکەونە دوای ناوەوە لە تێگەیشتنا گومان نابێ، بەڵام لە شکڵەکانی دوای فیعلا لە مەیانی کەسی دووم و سێیەما گومان هەیە؛ وەکو،

کاغەزەکەمانی برد. کاغەزەکەت بردین. کاغەزەکەتانم برد. کاغەزەکەم بردن. کاغەزەکەیانم برد. کاغەزەکەم بردن.

دو جوملەکەی خوارەوەی لای چەپ لە یەک ئەچن بەڵام دوو جوملەکەی لای ڕاستی خوارەوە عەینی مەعنای ئەمانیان هەیە، کە چی لە یەک ناچن.

284

بەکەڵکهێنانی بۆناوە پێوەنووساوەکانی گەلی دوای فیعل بۆ تەواوکەری ناوی تەواوکەری بەیاریە جاییز نییە. بۆ ئەمە هەر ئەوانەی ئەکەونە دوای ناوەوە کە «مان، تان، یان»ن بە کار ئەهێنرێن.

285

ئەوا لە ڕاستەوە بۆ چەپ لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە تەرتیبی فیعل و دەم وە کەس و ژمارە و وەزیفەوە وێنە ئەنووێنین.

کاکەم ئەڕوا. باوکم ڕۆیی. مامۆستام ئەخوا. کاکەت ئەڕوا. باوکی ڕۆیی. مامۆستات خواردی. کاکەی ئەڕوا. کاکی ڕۆیی. مامۆستای سەری ئێشێ. کاکەم ئەبەی. کۆترم ئەگرێ. کۆترم بگری. کاکەت ئەبەم. کۆترت ئەگرم. باوکی بانگ ئەکەم. کاکەی ئەبەم. کۆتری ئەگرم. ناوی بنوسم. کاکەت هێنام. کۆترمِ گرت. کۆترِ گرتم. کاکەتم هێنا. کۆترتم گرت. کۆترم گرتیت. کاکەیم هێنا. کۆترم گرت. کاکەمان ئەبەیت. کۆترمان ئەگرێ. کاکەتان ئەبەین. کۆتریان ئەگرین. کاکەیان ئەبەین. کۆتریان ئەگرین. کاکەمانتان برد. کۆترمانتان گرت. (کاکەتان هێناین.) کاکەتانمان برد. کۆترتانمان گرت. (کۆترمان گرتن.) کاکەیانتان برد. کۆتریانتان گرت. (کۆترتان هێنان.) لەگەڵ مامۆستا ئەچۆ. لەگەڵ باوکم چووم. لەگەڵ کاکەت بچم. لەگەڵ باوکی هانیم. لەگەڵ کاکەم ئەخوێنم. لەگەڵ باوکم ئەخوێنم. لەگەڵ کاکەت ئەخوێنم. لەگەڵ باوکت ئەخوێنم. لەگەڵ کاکەت بخوێنم. لەگەڵ باوکِ بخوێنم. لەگەڵ کاکەی بخوێنم. لەگەڵ باوکی بخوێنم. لەگەڵ کاکەتان ئەخوێنین. لەگەڵ باوکیان ئەخوێنین. لەگەڵ کاکەمِ خوێند. لەگەڵ باوکتم خوێند. لەگەڵ کاکەیم خوێند. لەگەڵ باوکمانِ خوێند. لەگەڵ کاکەتانمان خوێند. لەگەڵ باوکتانمان خوێند. لەگەڵ کاکەیانم خوێند. لەگەڵ باوکیانم خوێند.

بۆناوی نیشانی

286

بۆناوی نیشانی ئەوانەن کە ئیشارەتی ناوێک ئەکەن کە لەپێشا ڕابوردبێ و جێگاشی ئەگرنەوە، ئەشێ ناوەکە بێژرابێ یان لە بیرا بێ. بۆناوی نیشانی ئەمانەن:

بۆ ئینسانبۆ شتبۆ جێ
بۆ نزیکی تاکئەم، ئەمەئەم، ئەمەئەمێ، ئێرە
بۆ دووری تاکئەو، ئەوەئەوەئەوێ
بۆ نزیکی گەلئەمان، ئەمانەئەمانەئێرانە
بۆ دووری گەلئەوان، ئەوانەئەوانەئەوێیانە

وەزیفەکانی بۆ ناوی نیشانی

287

بۆناوی نیشانی لە وەزیفەکانی ناو پێنجیان ئەبینێ.

288

وەزیفەی باسلێکراوی؛ وەکو،

ئەم ترێیە ترشە، ئەوە زۆر شیرینە. ئێرە ناخۆشە، ئەوێ خۆشەو کاکم و باوکم ئەهاتن؛ باوکم هات و ئەو نەهات. حەماغا چووە مەکتەبەکە مودیرەکە ببینێ؛ کە چی هەتا ئەو چوو ئەم ڕۆییبوو.

«ئەوە»ی جوملەی چەپی یەکەم و «ئێرە» و «ئەوێ»ی جوملەی ڕاست و چەپی دووەم و «ئەو»ی جوملەی چەپی سێیەم وە «ئەو» و «ئەم»ی جوملەکانی چەپی چوارەم بۆناوی نیشانین وە باسلێکراون.

289

وەزیفەی تەواوکەری سەربەخۆ؛ وەکو،

ئەم کاڵەکە زرکە؛ ئەوە بخۆ. من ناگەڕێمەوە؛ ئێرە ئەگرم بە کرێ. چووم کە خاتە و پەریزاد ببینم؛ ئەمانم دی و ئەویانم نەدی.

«ئەوە»ی جوملەی چەپی یەکەم و «ئێرە»ی جوملەی چەپی دووەم وە «ئەم» و «ئەو»ی جوملەکانی چەپی سێیەم بۆناوی نیشانین وە تەواوکەری سەربەخۆن.

290

وەزیفەی تەواوکەری بەیاریە؛ وەکو،

ئەم کاڵەکانە زرکن؛ لەوانە (لە ئەوانە) بخۆ. من ناچمە چەمچەماڵ؛ لێرانە (لە ئێرانە) دائەنیشم. ئەو مناڵانە نەیان خۆندووە؛ لەمان (لە ئەمان) بپرسە.

لەم جوملانەدا «لەوانە»، «لێرانە» و «لەمان» بۆناوی نیشانین وە تەواوکەری بەیاریەن.

291

وەزیفەی تەواوکەری باسی ناتەواو؛ وەکو،

کابراکە ئەمەیە. دەفتەرەکە ئەوەیە. جێی من ئەوێیانەیە.

292

وەزیفەی تەواوکەری ناو؛ وەکو،

کوڕی ئەم لە کوڕی ئەو زیرەکترە. کلکی ئەمە لە کلکی ئەوە درێژترە. سێوی ئەوێ لە سێوی ئەمێ چاکترە.

لێککرانەوەی بۆ ناوی کەسی و نیشانی «ئەو»، «ئەوە»، «ئەوێ»

293

یەکێ لەم بۆناوانە ئەگەر شارەکەی لە پێشەوە ڕابوردوبێ و خۆشی لە باسلێکراوییا بتوانرێ هەڵبگیرێ وە لە تەواوکەرییا بتوانرێ بۆناوی کەسی پێوەنووساوی «ی»ی لە جێ دابنرێ بۆناوی کەسییە، ئەگەر شارەکەی لە بیرا بێ یان لە پێشەوە ڕابوردوبێ و نەتوانرێ هەڵبگیرێ بۆناوی نیشانییە؛ وەکوو،

مناڵەکەم دی، ئەو زۆر زیرەکە. مناڵەکە ئەبینم وە ئەو ئەناسمەوە. مناڵەکە ئەبەم وە پارەکە بۆ ئەو ئەدەم. مناڵەکە بانگ ئەکەم وە گۆچانەکەی ئەو ئەشکێن.

لەم جوملانەدا ئەگەر بۆناوی «ئەو» جێی «مناڵەکە»یان گرتبێ و بتوانرێ هەڵبگیرێن وە لە تەواوکەرییا لەباتییان بۆناوی کەسیی «ی» دابنرێ بۆناوی کەسین؛ وەکوو،

مناڵەکەم دی زۆر زیرەکە. مناڵەکە ئەبینم و ئەیناسمەوە مناڵەکە ئەبەم و پارەکەی بۆ ئەدەم. مناڵەکە بانگ ئەکەم و گۆچانەکەی ئەشکێنم.

وە ئەگەر بە هەڵگرتنیان مەقسەد بگۆڕرێ یەعنی جێی مناڵەکەیان نەگرتبێتەوە و جێی ناوێکی کەیان کە لە بیرا بێ گرتبێتەوە بۆناوی نیشانین.

ئەشێ شارەکە لە پێشا ڕابوردوبێ کە چی بۆناوەکە ناتوانرێ هەڵبگیرێ: ئەوساش نیشانییە؛ وەکو،

پیاوێکم لەگەڵ مناڵێکا دی؛ مناڵەکەم ناسییەوە و ئەوم ئەوم نەناسییەوە.

لە جوملەی «ئەوم نەناسییەوە»دا «ئەو» جێی «پیاوێک» ئەگرێ، کە چی ناتوانرێ هەڵبگیرێ؛ لەبەر ئەوە بۆناوی نیشانییە.

294

ئەم بۆناوانە ئەگەر تەواوکەری باسی ناتەواو بن هەمیشە نیشانین.

بۆناوی لێکدەر

295

بۆناوی لێکدەر ئەو بۆناوانەن کە جێگای ناوێک ئەگرنەوە کە لەپێشا ڕابوردبێ وە دوو جوملەش پێکەوە ئەنووسێنن.

296

بۆناوی لێکدەر ئەمانەن: «کە، ی»؛ وەکو،

من لە خانووەکە کە پار ئێوە کڕیتان دانیشتووم. ئەو پیاوەی بێرەدا ڕابورد ناسیاوم بوو. ئەمانە ئەو مناڵانەن کە دوێنێ لە ئیمتحان دەچوون.

لە جوملەی یەکەما دووەم «کە» بۆناوی لێکدەرە؛ جونکە جێی ناوی «خانووەکە» ئەگرێتەوە وە جوملەی «من لە خاووەکەدا دانیشتووم»ی جوملەی «ئێوە پار کڕیتان»ەوە نووساندووە.

لە جوملەی دووەما «ی»ی دوای «ئەو پیاوە» بۆناوی لێکدەرە؛ چونکە جێی «ئەو پیاوە» ئەگرێتەوە وە جوملەی «ئەو پیاوە بێرەدا ڕابورد»ی جوملەی «ئەو پیاوە ناسیاوم بوو»ەوە نووساندوە.

لە جوملەی سێیەم «کە»ی دوای «ئەو مناڵانەن» بۆناوی لێکدەرە؛ چونکە جێی «ئەو مناڵانە» ئەگرێتەوە وە جوملەی «ئەمانە ئەو مناڵانەن»ی جوملەی «ئەو مناڵانە دوێنێ لە ئیمتیحان دەرچوون»ەوە نووساندووە.

297

شاری بۆناوی لێکدەر گەلێ جار ئەبێ ئەداتێکی تەعریف یا سفەتێکی نیشانی یان مۆبهەمی لەتەکا بێ؛ وەکو،

پارەیێ کە تۆ هەتە بەشی ئەمە ناکا. پیاوەکە کە کتێبی ئەخۆند مامۆستام بوو. ئەو پیاوەی کارکەر بێ ڕەحەتی ئەبینێ. هەندێ مناڵ کە لێرەن نافامن. مناڵەکانیش کە نەیانئەتوانی ئیمتیحان بدەن هاتبوون.

جێگای بۆناوی لێکدەر

298

هەردوو بۆناوەکە لە کارا فەرقیان نییە. بەڵام بۆناوی «ی» جێی ناوێ ئەگرێتەوە کە حەرفی تەعریفی مەعیەن یان سفەتی نیشانی لەتەکا بێ وە ڕاستەوخۆ لەپاش شارەکەیەوە بێ؛ وەکو،

باخەکەی تۆ دیبووت هی منە. ئەو باخەی تۆ دیبووت هی منە.

299

بۆناوی «کە» هەم لەپاش ناوەکەوە -ئەداتی تەعریف، سفەتی نیشانی و موبهەمی لەتەکا بێ و نەبێ- ھەم لە مەیانی دوو جوملەکەدا ئەتوانرێ بە کەڵک بهێنرێ؛ وەکو،

سوڵفاتەکە تاڵە بۆ لەرزوتایە کام یەکە. سەلاحەددین کە دنیای گرت لە کوردی ئالی بابان بوو (شێخ ڕەزا) تۆ کە نەخۆشی ناتوانی بڕۆی. ئەو پیاوە ڕەحەتی ئەبینێ کە کارکەر بێ. من لە خانووەکەدا دانیشتووم کە ئێوە پار کڕیبووتان.

تەماشای وێنەکانی §297یش بکە،

300

ئەگەر لەپاش شارەکەوە بۆناوێکی کەسی پێوەنووساو ببێ «کە» بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

کام مناڵی کاکت زیرەکە؟ -ئەو مناڵەی کە ئێستا لێرە بوو زیرەکە.

لە جوملەکەی لای چەپا بۆناوی «ی» بۆناوی کەسی پێوەنووساوە وە جێی ناوی «کاکت» ئەگرێتەوە وە تەواوکەری ناوی «مناڵ»ە.

وێنەی تر:

ئەو مناڵەم کە ئەمڕۆ دیت زۆر تێ ئەکۆشێ. ئەو مناڵەیان کە تێ ناکۆشێ کەم زانستە.

ڕێککەوتنی بۆناوی لێکدەر لەگەڵ شارەکەیا

301

بۆناوی لێکدەر هەر چەندە خۆی گەڵ ناکرێتەوە بەڵام لە ژمارە و لە کەسا هەمیشە وەکو شارەکەی ئەژمێررێ؛ وەکو،

ئەو مناڵەی هاتە ئێرە ناوی دارایە. ئەو مناڵانەی هاتنە ئێرە زیرەکن. ئێوە کە هیچ نازانن مەیێنە پێشەوە.

لە جوملەی یەکەما بۆناوی «ی» باسلێکراوی فیعلی «هات»ە، بە تاک ئەژمێررێ؛ چونکە شارەکەی کە «ئەو مناڵانە»یە تاکە، لەبەر ئەوە فیعلەکەی تاکە.

لە جوملەی دووەما بۆناوی «ی» باسلێکراوی فیعلی «ھاتن»ە، بە گەل ئەژمێررێ؛ چونکە شارەکەی کە «ئەو مناڵانە»یە گەلە، لەبەر ئەوە فیعلەکەی گەلە.

لە جوملەی سێیەمە بۆناوی «کە» باسلێکراوی فیعلی «نازانن»ە، بە گەل ئەژمێررێ؛ چونکە شارەکەی کە «ئێوە»یە گەلە، لەبەر ئەوە فیعلەکەی گەلە.

بۆناوی موبهەم

302

بۆناوی موبهەم ئەوانەن کە جێی کەسێ یان شتێک بەتایبەتی ناگرنەوە، ئەمانە شاریان دیار نابێ؛ وەکو،

یەکێ لە دەرگا ئەدا.

لێرەدا «یەکێ» جێی کەسێ ئەگرێتەوە، وەلێ ئەو کەسە بە مەعیەنی دیار نییە کە کێیە. لەبەر ئەمە بۆناوی موبهەمە.

303

ئەمانە بۆناوی موبهەمن:

بۆناوی موبهەمی ڕووت: کەس، کام، پیاو، چی، هیچ، کابرا، یەک، فڵان، کێ، هەموو، هین، زۆر، کەم.

بۆناوی موبهەمی لێکدراو: کەسێ، هینێ، هیچکەس، هینەکە، هەرکەسێ، کابرایێ، هەچکەسێ، کابراکە، هەمووکەسێ، هەر کابرایێ، یەکتر، هەندێ، پیاوێ، گەلێ، نەختێ، فڵانە کەس.

وەزیفەکانی بۆناوی موبهەم

304

بۆناوی موبهەم پێنج وەزیفەی هەیە.

305

وەزیفەی باسلێکراوی: وەکو،

کەس بێرەدا ڕانەبورد.

306

وەزیفەی تەواوکەری سەربەخۆ؛ وەکو،

ئایا تۆ هین ئەناسی؟

307

وەزیفەی تەواوکەری بەیارییە؛ وەکو،

من بە کابرام وت.

308

ئەمانە ئەتوانن ببنە تەواوکەری باسی ناتەواو: «یەکێ، کابرا، فڵانە کەس، هین، فڵان.»؛ وەکو،

خولە یەکێکە لەوان. ئەمە کابرایە.

309

وەزیفەی تەواوکەری ناو؛ وەکو،

ئێمە یاریەی کەسمان ناوێ.

310

هەندێ جار باسلێکراوی فیعلێکی کەسی سێیەمی گەل هەڵئەگیرێ بۆناوە پێوەنووساوەکەی بە بۆناوێکی مۆبهەم ئیعتبار ئەکرێ؛ وەکو،

ئەڵێن ئەرز خڕە.

311

لەم بۆناوانە ئەوانەی کە جەدوەلی سفەتی موبهەما بینراون، ئەگەر لە وەزیفەی باسلێکراوی تەواوکەری سەربەخۆ، بەیارییەوە لە تەواوکەری ناوا بەتەنیا بە کەڵک بهێنرێن، بۆناون وە ئەگەر ناوێ یان بۆناوێ تەواو بکەن سفەتن. «هین»یش، ئەگەر ناوێ یان بۆناوێ تەواو بکا، سفەتە؛ وەکو،

هەموو هاتن. هەموو مناڵەکان هاتن. هین هات. من مناڵی هینم ناوێ.

لە جوملەکانی لای ڕاستا «هەموو»، «هین» بۆناوی موبهەمن، لەوانەی لای چەپا سفەتی موبهەمن. لەگەڵ ئەمەشا مومکینە لێرەدا «هین» بۆناو بێ، ئەگەر مەقسەد لەو «مناڵە»ە بێ کە هی «هین» بێ.

بۆناوی پرسی

312

بۆناوی پرسی ئەو بۆناوانەن کە پرس ئەکەن لەبەر ئەم خاسییەتەیان پێیان ئەڵێن کە بۆناوێکن کە لە شوێن شارەکەیان ئەگەڕێن؛ وەکو،

کێ هات؟

313

بۆناوی پرسی ئەمانەن:

بۆ ئینسانبۆ شتبۆ جێ
کێ؟چی؟کوێ؟
چەند؟چەند؟
کام؟کامە (کام)؟

وەزیفەکانی بۆناوی پرسی

314

بۆناوی پرسی پێنج وەزیفەی هەیە.

315

وەزیفەی باسلێکراوی؛ وەکو،

کێ هات؟

316

وەزیفەی تەواوکەری سەربەخۆ؛ وەکو،

چەندت دەوێ؟

317

وەزیفەی تەواوکەری بەیاریە؛ وەکو،

بە چیت گرت؟

318

ئەمانە ئەتوانن ببنە تەواوکەری باسی ناتەواو: «کێ؟ کوێ؟»؛ وەکو،

ئەمە کێیە؟ ئێرە کوێیە؟

319

وەزیفەی تەواوکەری ناو؛ وەکو،

ترێی کوێ خۆشە؟

«چەند؟» نابێتە تەواوکەری ناو.

320

«چەند؟» «کام؟» «چی؟» ئەگەر تەواوکەری ناو یان هیی باسی ناتەواو نەبن بۆناون وە ئەگەر ناوێ تەواو بکەن یان تەواوکەری باسی ناتەواو بن سفەتن؛ وەکو،

چەندیان هاتن؟: چەند مناڵ هات؟ کامیان هات؟: مناڵەکە کامە؟ چی لەبەر ئەکەی؟: ئەم کەوایە چییە؟

لەم جوملانەدا «چەند؟ کام؟ چی؟»ی لای ڕاست بۆناوی پرسین، ئەوانەی لای چەپ سفەتی پرسین.

321

«چی؟» ئەگەر ناوێکی تەواو کردبێ بەپێی مەقسەدەوە بۆناویش ئەبێ و سفەتیش.

بۆناوی خۆیی

322

بۆناوی خۆیی بۆناوێکی لێکدراوە وە بۆ تەئکیدی کەسەکان یان بۆ هی ناو بەکەڵک ئەهێنرێن. ئەمانە لە کەلیمەی «خۆ» و لە بۆناوی پێوەنووساوی «م، ت، ی، مان، تان، یان» دوروست بوون؛ ئەمانەن:

کەستاکگەل
یەکەمخۆمخۆمان
دووەمخۆتخۆتان
سێیەمخۆیخۆیان

وەزیفەکانی بۆناوی خۆیی

323

بۆ ناوی خۆیی پێنج وەزیفەی هەیە.

324

وەزیفەی باسلێکراوی وەکو،

من خۆم ئەچم. من خۆم ئەیخۆم.

325

وەزیفەی تەواوکەری سەربەخۆ وەکو،

من خۆم ئەسووتێنم. من خۆی ئەنێرم.

326

وەزیفەی تەواوکەری بەیاریە: وەکو،

من لە خۆم ئەدەم. من لە خۆی ئەدەم.

327

وەزیفەی تەواوکەری باسی ناتەواو؛ وەکو،

ئەمە خۆمم. ئەوە خۆتی.

328

وەزیفەی تەواوکەری ناو؛ وەکو،

خوامراد پیاوی خۆی ئەنێرێتە ئێرە.

329

ئەو بۆناوانە بۆناوی تەئکیدیشیان پێ ئەڵێن.

بۆناوی کەسی مڵکی

330

بۆناوی کەسی مڵکی ئەو بۆناوانەن کە جێی ناوێ بە پێدانی فکرێکی مڵکایەتییەوە ئەگرن، ئەمانەش بۆناوی لێکدراون وە لە کەلیمەی «هی» و بۆناوێکی سەربەخۆ یان خۆیی دوروست ئەبن وە ئەمانەن:

کەستاکگەل
یەکەمهی من، هی خۆمهی ئێمە، هی خۆمان
دووەمهی تۆ، هی خۆتهی ئێوە، هی خۆتان
سێیەمهی ئەو، هی خۆیهی ئەوان، هی خۆیان

331

لەباتی بۆناوی سەربەخۆی کەسی سێیەم ئەتوانرێ ناو یان بۆناوێکی نیشانی، موبهەم وەیا پرسی بە کەڵک بهێنرێ؛ وەکو،

هی خانوو هی مناڵەکان هی ئەمانە هی هەندێکیان هی کێ؟

وەزیفەکانی بۆناوی مڵکی

332

بۆناوی مڵکی پێنج وەزیفەی هەیە.

333

وەزیفەی باسلێکراوی؛ وەکو،

هی من خوێندی.

334

وەزیفەی تەواوکەری سەربەخۆ؛ وەکو،

هی خۆیانم بانگ کرد.

335

وەزیفەی تەواوکەری بەیاریە؛ وەکو،

لە هی مناڵەکان ئەگێڕمەوە.

336

وەزیفەی تەواوکەری باسی ناتەواو؛ وەکو،

ئەم مناڵە هی ئەوە.

337

وەزیفەی تەواوکەری ناو؛ وەکو،

هی کێ هات؟