سەری زوڵفت، بە ڕووی ڕۆژا، لە عەسرت تیرەشەو دێنێ

از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
 1 دقیقه  698 مشاهده
سەری زوڵفت، بە ڕووی ڕۆژا، لە عەسرت تیرەشەو دێنێ
لە شاما ناسییەت، وەک سوبحدەم، ئاساری خەو دێنێ
ڕەوایە گەر بزانی ماهی دووهەفتەش بەقای نابێ
خەمیدەقامەتم هەردەم بە یادت ماهی نەو دێنێ
ڕەهینت گەر قوبووڵ بێ، قیمەتی بۆسەت موعەییەن کە
لە بەحری دیدەیی مەردوم لوئلوئی ئەشکم گرەو دێنێ
کەسێکم ناردە دووی دڵبەر، یەکێ چوو بادە حازر کا
نە ئەو هات و ئەمی هێنا، نە ئەم زوو دێت و ئەو دێنێ!
مەگەر مەرگ ئاشتیی تەن دا لەگەڵ بالینی ئاسایش
نەوید، ئەی جانی بێ تاقەت! ئەجەل وا دێت و خەو دێنێ!
بە ڕەنجم گەندومینگوونی لە خەرمانی مەحەببەتدا
جەفا و جەوری بە خەروار و وەفا و لوتفی بە جەو دێنێ
بە هەدیە کوحلە بۆ «سالمتخلص»، سەبا عەهدی لەگەڵ کردی
هەتا بەختت وەها سست بێ، نە لەم دێنێ، نە لەو دێنێ