لە دەست ڕەنگڕێزی دەوران، ڕەنگی چیهرەم زەعفەرانێکە
از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
2 دقیقه
616 مشاهده
لە دەست ڕەنگڕێزی دەوران، ڕەنگی چیهرەم زەعفەرانێکە
حەدیقەی دڵ، لەبەر بارانی غەم، وەزعی خەزانێکە
لە تەبعی ماهی گەردوون و بوخاری بەحری ئەندووهم
مەتاعی سینەیی چاکم وەکوو جامەی کەتانێکە
کەمەنداری فەلەک، بۆ بەختی من، سەییادی خوونڕێژە
لە دڵما خاری میحنەتها یەکایەک وەک سینانێکە
بە دڵ سۆزی فەلەک، ئیتر ئەرەستوو بێ، دەوام ناکا
قوبووڵی مەرهەمی چۆن بێ کە زەخمی من نیهانێکە
دڵئازارم نومایانن، بەهانەم وەزعی گەردوونە
فیغانی خۆم و دڵ، یاران! لەدەست پیر و جەوانێکە
جەوان بووم گەر لە غەم پیر و جەوان، پیریم چ نەزدیکە
لەدەست وەسفی قوماریان، داد و شەکوەم داستانێکە
قەڵەم بوو کیلکی کاتب، خودبەخود مەشغوڵی نووسینە
لە کەشفی سیڕڕی مەستوورا عەجایەب دووزوبانێکە؟
لەباتی شوغڵ و تەسبیح و نوماز و سوننەت و مەسجید
لە بەحسی نەرد و ئاس و گەنجەفە، هەردەم بەیانێکە
لە غەوغای بێنە «دووشەش»یان، لە هەر سوو شەش جیهەت پڕ بوو
لە دەنگی «مۆرە! ها دەی، زوو کە! ها» ئاخرزەمانێکە
گوشادی وا فڵان مۆرە مەیێنە، با بدۆڕێنی
حەریف تۆ بێنە دەی داشێ، بە تەنها وا لە خانێکە
قڕانی بەستە، کەو و بڕنوو بڵێ سا دەی، حەریف زووکە
چ سەهلە مۆرە گەر بێنی، لە ڕێی پێنج و سیانێکە
حەریفی نەوجەوان ئەسبابی پیری چەندە هەرزان کرد
نگین و کەوش و شانە و خەنجەری ڕەهنی قڕانێکە!
حەکیمیش وا لە خزمەت لۆتییا، جۆیایە بۆ بێنی
لە سەفحەی گەنجەفە و ئاسا حەکیمی لەوحەخوانێکە
لە بیمی هەیئەتی ڕوستەم، وەکوو توورانییان پڕ بیم
تەڵایەداری ڕەهـ «حاجی حوسەین»یش دیدەبانێکە
فڵانیش لەوحەخوانە وا لە پەهلوومان، تەماشا کە
لەبەر تەسویری ئاسا، نەقشی لووتی تیرەشانێکە
وەرەق چەند ڕەونەقی سافە، لە عەکسی چیهرە دەنوێنێ
لە قیتعەی قرمزی لووتی، دەڵێی پۆزەی بەرانێکە
یەکی خست وا حەکیم ئەوراق و لۆتی غافڵە، یاران!
سێ ئاسی وا لە مستایە، دوو شاهی پشتیوانێکە
کەوا و ئارەقچن و فێستی کەچەڵ، قەبڵا بە نۆ شایی
قەمە و قەمچی و ئەساسی حەربی، کوللەن تۆپی ئانێکە