پێشەکی

از کتاب:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
اثر:
علی شارزوری (1930-1982)
 13 دقیقه  744 مشاهده

لای هەموو کەس ئاشکرایە، کە مناڵ هەر لەو کاتەوە کە لە بێشکەدایە، فێری پێکەنین و زرەقینەوە و گڕوگاڵ ئەبێت، هەر وەکوو بڵێی ئارەزووی ئەوە ئەکات، کە گوێی لە دەنگی خۆی بێ! وە کە زمانیشی بە وشە ئەپژێ و فێری قسەکردن ئەبێ و پێ ئەگرێ، هەر حەز بە ورنگەورنگ و ڕاوڕاوێن و دەست و پێ هاویشتن و هەڵپەڕکێ ئەکات تا لە تەمەنی قوتابخانەی سەرەتایییەوە نزیک نەبێتەوە ئیتر دەست ئەکات بە لاساییکردنەوەی دایک و باوک و دەوروپشتی، تا وای لێ دێ لە فێربوونی قسەکردن و گفتوگۆدا لە خەم دەرئەچێ، وە هەر کە گەیشتە ڕۆڵی پەیداکردنی دڵی دڵداری ئینجا دەست ئەکات بە دەربڕینی هەستی خۆی وەک گۆرانی وتن و یاری و هەڵپەڕکێ و جۆرە ئارەزووەکانی تری ئادەمیزاد، بە جۆرێ کە پەرەسەندنی گۆرانی ئا لەم پلە بە دواوە زۆر و بە شێوەیەکی دیاری خۆی ئەنوێنێ، وە تا ئەگاتە ئەو کاتەی کە هاوسەر بۆ خۆی پەیدا ئەکات، هەر لەسەر گۆرانی وتن ئەڕوات، بەتایبەتی لە کاتی سازکردنی شایی و زەماوەن و سەیران و ئاهەنگگێڕاند، بەم شێوە لە گۆرانی وتن و دانانی گۆرانیدا کۆڵ نادات تا ئەگاتە ئەو کاتەش کە ئەگاتە پلەی پیر بوون (لە ٤٠ ساڵی بە دواوە) وە زۆربەی گۆرانییەکان ئا لەم تەمەنەی ئادەمیزاددا وتراون و پەرەیان سەندوە. وەنەبێ ئادەمیزاد لەم تەمەنەشیا بە دواوە وازی لە گۆرانی وتن و دەربڕینی هەستە هونەرییەکانی خۆی هێنابێ، بەڵکوو هەر کۆڵی نەداوە و تا دواپلەی ژیانی (کاتی مردن) لەسەری ڕۆیشتووە، تەنها ئەوەندە هەیە کە جۆر و ئاواز و سۆز و دەربڕینی دواگۆرانییەکانی ژیانی ئادەمیزاد جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ گۆرانییەکانی پێشووی ژیانیدا، وەک بڵێین بە پیری خۆیدا بێت، یان دڵتەنگی بگەیەنێت بە تایبەتی ئەگەر نیشانەیەکی پیرییەکەی لێی دیاری دابێ، یان تامەزرۆی شتێک بێ و دەستی نەکەوێ، یاخود دەستی نەکەوتبێ، وە یان شوێنێکی بە گەنجێیتیی دەیبێ و لە کاتی پیرییە کەشیدا بیبینێتەوە، وەک:

سکەم سپی کرد، قامەتم چەمی
ئەویش لە هیجران هاوچەشمان کەمی

وە یان:

جەوەڵ جەوەڵگەل وە کوڕی دیمان
جەوەڵ هەر ماوە ئێمە پیر بیمان

وە یان:

پیری هاتووە وەپیریمەوە
پاڵی دا وە پاڵ دڵگیریمەوە

ئینجا ئەم جۆرە «گۆرانییانە» بۆ ئاهەنگ و بەزم و شادی و سەیران دەست نادەن، بەڵکوو بە هۆرە، یان ئاوازی تری دڵتەنگی و بەدەم سۆز و ئاوازێکی تایبەتی و بەدەم هەنسک و گریانەوە دەرئەبڕرین.

ئا لەم بۆ چووتەوە بۆمان دەرئەکەوێ، کە گۆرانی هەر لە سەرەتای ژیانی ئادەمیزادەوە لەگەڵیایەتی تا دواهەناسەی ژیانی، وە هەر لە هەمان بۆ چووتەوە، بۆیشمان دەرئەکەوێ کە گۆرانی یەکەم بابەتی هونەری و کۆنترین جۆر و بابەتی فۆلکۆری میللییە کە ئادەمیزاد فێری بووە.

گۆرانی بەشێکی هەرە کۆن و گرنگ و بەنرخە لە بەشەکانی فۆلکلۆری کوردیمان و میللەتانی تریش، وە سەردەمی پەیدابوونی ئەم هونەرە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە ئادەمیزاد فێری زمان گرتن و قسەکردن بووە و بە تیری ئەشق و ئەوین کاری پێ کراوە و نێر و مێیان کەوتوونەتە ئەوینبازی و خولیای یەکترەوە.

ئەوین گرنگترین هۆی پاڵپێوەنەر بووە بۆ دروستکردنی ئەم هونەرە لەلایەن ئادەمیزادەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی کەوا ئەبینین زۆربەی زۆریان لەسەر ئەم بابەتە وتراون و لە سەرووی هەموو نەریتەکانی تری کۆمەڵایەتییەوە دانراون، بۆ نموونە:

١ - حەو ساڵ دەروێش بووم دەف بە شانۆ بوو
دڵەکەم تۆی بینی پەشیمانۆ بوو.
٢ - هەڵکە پاوپووز، با درکەوێ خاڵ
لەوە مەترسە دینت بێ بەتاڵ.
٣ - یا چەم، یا چیمەن، یا دۆڵی گەڵاڵ
دڵ گەیی بە دڵ نەیپرسی حەڵاڵ.

شاعیرانیشمان (تا ڕادەیەکی زۆر) لەم بابەتەوە شیعریان وتووە.

سوورەتی خەتخۆشی کوڵمت گەر ببینێ هەر کەسێ، کافرە گەر بۆ سوێند جارێ بچێتە ناو مزگەوتەوە.

وە لەبەر ئەوەی کە ئافرەت هەر لە کۆنەوە ڕووگە (قیبلە)ی پیاوانە و سەرچاوەی هەڵقوڵینی هەموو هونەرە هۆنراوە و کارامەیییەکانی داهێنانی پیاوان بووە؛ بۆیە ئەبینین پیاوان هەر لە کەڵەنگوستی پێی ئافرەتەوە پیا هاتووە هەتا تەوقی سەری و بە هۆنراوەی جوان و ڕێکوپێک پیا هەڵداوە، وەک:

پووزی خڕومڕ، کەوشی سلێمانی
کەوای کەتانچین نیشتووە لە بانی
لەسەر ئەو پردە مەڕۆ دارەکانی ڕزیوە
کراسی جەلسەت بۆ ئەکەم لەسەر سمتت خزیوە!
ڕاستە سینەکەت وەک لۆکە نەرمە
هەر شەو لە جێیەک مەزاتت گەرمە
گەردەن زەرد و لامل زەرد گەردنی زەردت هەر واسە
ئەو ملوێنکە لە ملتە بەین بەینی موورگی خاسە
حەی و بەی و نەی برجی تاس کڵاو
لە هاڕەی شەبخون، بۆی نەرمی گوڵاو.

خوێنەری بەڕێز، وەنەبێ تەنها پیاو ئافرەتی خۆش ویستبێ و بە بەژن و باڵایدا وتبێ و هیچی تر، بەڵکوو ئەگەر بێت و بە وردی لە وشەی گۆرانییەکان سەرنج بدەین ئەبینین ئافرەتیش (لەگەڵ ئەوەشدا کە بە هیچ جۆرێ سەربەستی نەبووە بۆ دەربڕینی هەستی خۆشەویستیی خۆی بەرامبەر بە پیاو) بە باڵای پیاودا وتوویەتی و خۆشەویستییەکە ئاڵوگۆڕ بووە لە مەیانی هەردوو لادا و بگرە هیی ئافرەتانیش بە سۆز و هێزتر بووە لە هیی پیاوان، وەک:

١ - چەمەکەی «چەقان» وردە تەریوە
فەقیانە چەرموو حەمەغەریوە.
٢ - ئەگەر ئەمزانی لە کوێ ئەکەی گەشت
بە خۆڵی ژێر پێت چاوانم ئەڕەشت.
٣ - کەم بکە بانەوبان، کەم بکە تەماشا
دایکی حەو کوڕ بم بۆت ئەکەم حاشا.
٤ - دایک وەقوروان کەلەی کڵاوت
دەشتی شارەزوور بۆ تانجیڕاوت.

ئەگەر جارێکی تر بە وردی لە وشەی گۆرانییەکان ورد بینەوە، ئەبینین:

ئاسایی و ساکار و ئاسان و تا بڵێی ڕەسەن و دڵگیرن، جێگای شانازیمانن؛ چونکە لەچاو نەخوێندەواریی داهێنەرەکانیاندا بەدەگمەن وشەی نامۆیان تیادا بەدی دەکرێ و هەموویان خۆماڵین و زمانی خەڵکی خێڵەکی و دێهات و گوندنشینەکانی کوردستانن؛ بۆیە بە پاکی ماونەتەوە و بە ئاسانی لەبەر ئەکرێن و دەماودەم ئەوترێنەوە و لەبیر ناچنەوە. گۆرانییەکانمان، تا ڕادەیەکی زۆر، بۆن و بەرامە و ڕەنگ و ڕوخساری ئەو شوێنانەیان پێوە دیارە، کە لێی هەڵقوڵاون. گۆرانیی دەربڕینی هەست و سۆزی دەروونە بۆ گەیشتن بە ئامانج، وەک:

ئیشیان بۆ ئەکەم، هەر بە خۆڕایی
لە کچەکەی ئەکەم، موبارەکبایی
یاخوا هەر شەو بێ، ڕۆژ نەبێتەوە
دەستم لە یەقەی یار نەبێتەوە
بۆیە پێمخۆشە ئەو دیوەخانە
تیا دائەنیشێ ئەو کچە جوانە ...

جوانیی نیشتمان و سروشت تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانماندا ئەنوێنن، وەک:

١ - هەوای بانەوبان داویە لە کەلەم
وەک سۆنەی سەر ئاو ئاشق وە مەلەم.
٢ - حەی حەی لەو زڵفە، بەخ بەخ لەو لێوە
وەک بەفری کوێستان، زەردەی خۆر پێوە.
٣ - وەفوای باڵات بم، گەردن زەردەکەم
بەفری لانزار، هەرەسکەردەکەم.
٤ - دوگمەودۆڵابێ دەوری سینەی ئاڵ
بوونەتە پەرژین باخی پرتەقاڵ.
٥ - ڕوومەت پەڕەی گوڵ، قامەت وێنەی نەی
کونەکەت پڕ کرد لە دەریای بێ پەی.
٦ - خۆشە لای خۆمان دارودەونە
یارمی هاتیا بۆ من وەتەنە.

چینەکانی گەلیش هەر یەکە لە گۆرانییەکانماندا ستەم لێکراوی و خولیای خۆیانیان دەربڕیوە، بۆ نموونە:

١ - ئاوەکەی «زەڵم» ئەڕژێتە «سیروان»
نەحلەت لەو باوکە کچ نادا بە شوان.
٢ - چاو و ڕوومەت جوان، بڕۆ قەیتانی
من ئەچم بۆ جووت، تۆیش بێ بۆ کانی.
٣ - ئەچمە سلێمانی بۆ تاقە جامێ
بە تکای شێخەکان ماچێکی دامێ!

هەندێکیشیان بە ئاشکرا بێزاری دەربڕین ئەگەیەنن دەربارەی هەندێ دەستوور و باوی نابەجێی کۆمەڵ وەک:

١- مەلا مەیبڕە مارەی نابەدڵ
دەست و قەڵەمت بچێتە ژێر گڵ.
٢- من چی بکەم لە دەس مەلای زمانلووس
مارە ئەبڕن بەبێ چارەنووس.

وەهەندێکی تریشیان لە وێنەی تیروتوانج و بالۆرە و لاقرتیدان، وەک:

باڵا بە وێنەی داری «قەرەقاچ»!
ڕوومەت بە وێنەی بەر و پشتی ساج!

هی واشیان هە یە سکاڵان لە دەست سروشت:

هەرچەن لە دەرگای گەردوون مەناڵام
خاستەر کاڵای غەم بڕیا وە باڵام.

وە هەندێکی واشیان هە یە کە زۆر کۆنن:

شوان وە هۆهۆ، مەڕ وە کۆڕەوە
ژن وە «شەقیلە»ی دوو گوڵەنگ شۆڕەوە.

وە هەشیانە زۆر تازەن:

بە قوربانت بم گوڵەکەی عەشایەر
سەعاتی «ڕیکۆ» تۆ کردت زایەر.

با بە کورتی بڵێین:

گۆرانییەکان هەموو لایەنێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕامیاری و ڕۆشنبیری و ئایینی و ... ئەگرنەوە، بێجگە لەوانەش لە ڕووی ئەدەبی و زمانەوانی و ڕەوانبێژیشدا ئەتوانین بە باشترین سەرچاوە لە خامەیان دەین و بۆ ئەوە ئەشێ بڵین:

* با کەلەپووری ئەدەبی میللیمان بکەینە سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوە و ڕەوانبێژی و زمانەوانیمان.

* فۆلکلۆر ئەدەبە و ئەدەبیش ناسنامەی گەلانە.

* ڕەخنەی بێ بەڵگە، وەڵامنەدانەوەی وەڵامیەتی.

خوێنەری بەڕێز، ئەم چەن دێڕە گۆرانییەی بەر دەستت کە ناوم لێ نا «چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور» تەنها هیی ناوچەی شارەزوور نین، بەڵکوو لەناو چەپکەکەدا، چەن چڵێکی ناوچەکانی تری کوردستانیشی تیایە، وە هەموویشی هەر گوڵاڵەسوورە نییە، بەڵکوو چەن چڵە ڕەیحانەڕەشە و گوڵەزەردە و مۆردانە و گوڵەڕۆنە و گوڵەکانی تری شارەزوور و ناوچەکانی تری کوردستانیشی تیایە؛ چونکە زۆربەی دانیشتووانی شارەزووری ئەمڕۆ، جاف و کۆچەرانی تا دوێنێی گەرمیان و شارەزوور و مەریوان و شلێر و ناوخوان و ناوچەکانی تری ئەو دیون، بە جۆرێک کە زستانانیان لە گەرمیان (لە دەربەندیخان بەو دیوا تا دەوروبەری کفری) بردۆتەسەر و بەهار و پاییزانیشیان لە شارەزوور و مەریوان تەواو کردووە و هاوینانیشیان لە کوردستانی ئیران تا ئەگاتە چیاکانی «قەجە» و «کونەقاز» و «ملەی باشۆرتی» بردۆتەسەر؛ بۆیە وەکوو هەنگ شیلەی گوڵی گوڵزارانی هەموو ئەو ناوچانەیان هەڵمژیوە و شانەی هەنگوینێکی زەرد و بێ لەکەیان لێ داناوە و کردوویانەتە خۆراک و پێ بژێوییەکی وا، کە چێژەکەی لە زاری ڕۆڵەکانیاندا تا ئەمڕۆش ماوە و کۆکردنەوە و ناو بردنی هەموو ئاواز و جۆر و شێوەکانیان هەوڵێکی بە کۆمەکی و دەسەوامی ئەوێ و ئیشی یەک و دوان و سیانیش نییە.

جا برای هاوزمان و خوێنگەرم و ئەدەبدۆست، ئەوەندەی کە من لێرەدا گردم کردۆتەوە فرە لەمە زیاتر ماوە و پێویستیان بە کۆکردنەوە هەیە، ئینجا ئەگەر لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە، چاکی کوردانە و مەردانە و لەخۆبوردنی لێ بکرێ بەلادا، ئەوا وەختێک دێ، کە هیچ ناوچەیەک نەمابێ کە هۆنەرەکانی کۆ نەکرابێتەوە و نەخرابێتە سەر کاغەز، جا ئەو کاتە نەوەی گەلەکەمان سامانێکی کۆکراوەی زۆریان ئەکەوێتە بەردەست و زۆرتر شانازی بە هونەری فۆلکلۆریی باو داپیرانەوە ئەکەن، وە هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەڵێم:

هەر ناوچە، چەپکێ ئەکا خەرمانێ
خەرمانێ لە گوڵ، ئەکا سامانێ
کە سامان هەبێ بۆچی هەژارین؟
لەناو گەلانا بۆ نادیارین؟
***
وا چەپکێ گوڵم خستە سەر گوڵان
تا کۆ بێتەوە، بە نیازی خەرمان
برای هاوزمان تۆیش خۆت و شیرت
خەرمانکردنی نەچێ لە بیرت
خوشکی خۆشەویست تۆیت و جوانیت
تۆ و لەنجەولار و نەرمونیانیت!
تۆی چاوگەی شیعر و هۆرە و گۆرانی
بزوێنی هەستی پیر و لاوانی
دە تۆش ڕاپەڕە، وەک پێشینانت
بچۆ سەر ڕێگەی باو داپیرانت
بۆم خەرمانە، تۆیش چەپکێ گوڵ بێنە
لە گوڵ چنینا تۆش خۆت بنوێنە
چونکە کوردستان شوێنێ بژوێنە
گوڵ تیا ڕواوە، لە هەزار وێنە
یەکێکی ئەوێ کە هەڵمەت بێنێ
لە چنگی سیسبوون دەریانبهێنێ.

خوێنەری خۆشەویست و ئازیز، ئەو چەند نموونە گۆرانییانەی کە لەم پێشەکییەدا بۆمان هێنانەوە، ئەبینین کەوا بێجگە لەوەی کە دەربارەی ئەشق و ئەوین بوون، وە بەراوەردێکیش بوون لە مەیان ئافرەت و پیاواندا کە بە باڵا و خۆشەویستی یەکتریاندا وتوون، وە هەروەها جۆری چین و خاوەنپیشەکانی کۆمەڵیشیان تا ڕادەیەک، گرتەوە ئەشبینین کەوا دێڕی گۆرانییەکان دووبەیتی، یان دوولۆنە بوون، جا بێجگە لەم جۆرە، ئەبێ ئەوەش بزانین کەوا جۆری سێبەیتی، یان سێلۆنە، وە یان سێخشتەکی و چوارخشتەکی، وە یان پێنج و شەش و حەو خشتەکی و بگرە زیاتریشیان هەیە، وا بۆ هەر جۆرێک لەوانە نموونەیەک، یان پتر ئەهێنمەوە، هەرچەند ئەمانەشم هەر بە پیتی هجائی و هەر یەکەم لەگەڵ بیندرێژ و کورتە کانی تردا نووسی و جیاوازیی بەزمە موسیقییەکانم نەکردن و هەر لە ڕیزی جۆرە کانی تردا نووسیمن:

١ - جۆری سێخشتەکی، یان سێلۆنە، وەیان سێبەیتی:

کردووتە بەر، شیرداخی شڕ
وا لەژێریا دوو لیمۆی خڕ
خوا دایناون بۆ دەستی کوڕ
هەروا هاتی وە ناو دێدا
جووتێ «سۆل»ت ها لە پێدا
دایکت کوێر بێ تۆی بە کێ دا.

٢ - جۆری چوارلۆنە، یان چوارخشتەکی:

هاتە خوارۆ لە سەردا
وە شوێنی مانگا زەردا
دەک ماڵی باوکی بڕمێ
ئاگری لە جەرگم بەردا.
هاتە خوارۆ لە پاڵی
سەیری کە کوڵمی ئاڵی
جوانی وەهام نەدیوە
لە تایەفەی «گەڵاڵی».

٣ - جۆری پێنجخشتەکی وە یان شەش و حەو لۆنە و بگرە زیاتریش:

هاتم لە لای ئەو لاوە
کوێر بووم بۆ بەڵەکچاوە
دەستم برد بۆ مەمکۆڵەی
تازە بنی داناوە!
لەسەر خوت و خۆڕایی
ئەو یارەم لێ تۆراوە
لە بەر ماڵیان ڕابوردم
بینیم یارم وەستاوە
چووم و سڵاوم لێ کرد
بە ناز عەلێکی داوە
داوای ماچێکم لێ کرد
ڕووی وەرگێڕا بەو لاوە...

ئەمە ئەبێتە پارچە هەڵبەستێکی تەواو (مقطعی شیعرێک) کە درێژە پێدانی ئەوەستێتە سەر ئازایی و لێهاتوویی گۆرانیبێژەکە و لە سەری ئەڕوا و خێرا خێرا دێت بە پێشی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگەکەدا، بە تایبەتی لە شایی و زەماوەندی لادێدا، کە هەمووی هەر ڕەشبەڵەک بووە.