شەشی ئەیلوول

از کتاب:
پاشمەرگەی قانع
اثر:
قانع (1898-1965)
 1 دقیقه  759 مشاهده
لە کزیی کوردان گلاراومە
ڕۆژەکەی ئەیلوول تانەی چاومە
لە بیرت نەچێ باخچەی بەر سەرا
بە خوێنی کوردی مەزڵووم ئاو درا
بە گولەی مەترەلۆز ئاوپڕژێن کراین
لەسەر حەق خۆمان بە ناحەق کوژراین
با پێی تێنەخەین ئەو خوێنە گەشە
چون یادگاری ڕۆژێکی ڕەشە
سوێندی پێ بخۆین تا ڕۆژی مردن
کۆتایی نەکەین لە تۆڵەسەندن
ئەو خاک و خوێنە کەینە نموونە
بۆ ئەو میللەتەی ئەمڕۆ زەبوونە
با لە ناو پەڕەی مێژوو بمێنێ
کورد تۆڵەی خوێنی بە خوێن ئەسێنێ