شیوەنی ئاگراوی
از کتاب:
پاشمەرگەی قانع
اثر:
قانع (1898-1965)
2 دقیقه
1040 مشاهده
کوا لە کوێیە ئەو کەسەی لافی برایی لێ ئەدا؟
میللەتی هێنایە مەیدان و بەڵێنی پێ ئەدا!؟
کوانێ ئەو دڵسۆزە ئەیوت: داشدیاری میللەتم!؟
چی بەسەر هات کوا لە کوێیە!؟ گیری داوی مەینەتم
لەشکری تاران وڵاتی کوردی کردە گۆمی خوێن
بۆچی فەریادڕەس نەماوە؟ پێم بڵێن ئێستا لە کوێن!؟
سوور کرا یەکسەر شەقامی شار بە خوێنی لاوی کورد
بوو بە شیوەنگا مەیان و ماڵ و ڕێگا و بان و پرد
هەر لە حەوزی شاری بۆکان تا مەیانی چوارچرا
داری خنکانن چەقاوە و پەت لە گەردن هەڵخرا
وان بە سەر سێدارەوە میوانە شێری نرکەدار
چەندە ڕۆڵەی قارەمان و پێشەوای کوردی هەژار
چی بوو تاوانی ئەوانەی وا لە سێدارە دران!؟
غەیری دڵسۆزیی وڵات و دوژمنیی داگیرکەران
دوژمنینە! دڵنیا بن کورد بەمە ناتوێتەوە
ڕەوڕەوەی بەڵکوو بەرەو پێش مل ئەنێ و ناکشێتەوە
قوڕ بە سەرتان، ئێوە خاوەن تۆپ و تەییارەی شەڕن
میللەتی من خاوەنی تەئریخ و بیر و باوەڕن
گەرچی نووکی نێزەتان سوورە بە خوێنی لاوی من
با لە ناو یادا بمێنێ تاوەکوو ڕیسوا ئەبن
لاوی کوردی! هۆشیار بە؛ دەرسێکە دای ئەم کەوتنە
شەرمەزاری کەن ئەوەی بڕوای بە خەندەی دوژمنە
گەل بە هێزی دەست و بازوو و فیکری خۆی ڕزگار ئەبێ
هەرچی بڕوای کرد بە خەڵکی، کاری ناهەموار ئەبێ