قوتابیی زیرەک
از کتاب:
سروەی بەربەیان
اثر:
قانع (1898-1965)
2 دقیقه
853 مشاهده
من منداڵێکی بچووکی کوردم
مامۆستایەکەم وا فێری کردم
هەموو بەیانی کە لە خەو هەستم
پاک ئەشۆم چاو و ڕوومەت و دەستم
بەفر و با ئەبێت، سەریشم ئەشۆم
ئینجا بەرچایی چی هەبوو ئەیخۆم
بە بەرگی مەکتەب لەشم ڕێک ئەخەم
کتێب و دەفتەر لەگەڵ خۆم ئەبەم
بێباک بە خۆشی بۆ مەکتەب ئەڕۆم
ڕەوانم کردووە دەرس و دەوری خۆم
ئەچمە ناو مەکتەب لەگەڵ ڕەفێقان
گۆرانی ئەڵێم، یاریش ئەکەم جوان
لە وەختی دەرسا ئەچمە دەرسخانە
لەلام خۆشترە لە سەد چایخانە
گوێ لە دەرس ئەگرم، ئەیکەمە بەرم
ئەیشینووسمەوە لە ناو دەفتەرم
جومعانەیش سەری خزم و دۆست ئەدەم
بە خۆشی و سەیران بە سەری ئەبەم
بۆ لەش و دەست و زبان هەمیشە
پاک ڕاگرتنم کردووە بە پیشە
حورمەتی داک و باب و کەس ئەگرم
چاکەم کردوەتە پیشە تا ئەمرم
لە مەکتەب فێر بووم ئەم ڕەوشتانە
مەکتەب سەرچاوەی عیلم و عیرفانە
ئاوا بێ مەکتەب، جێگەی خوێندنە
شوێنی تەربییەی چاک وەرگرتنە
بژی مامۆستام دەرسم ئەداتێ
ئەو ئەمگەیەنێ بە گشت ئاواتێ
ئاواتی چاکە بۆ خزمەتکردن
بۆ گەل و وەتەن بەرەو پێش بردن