مەحمەڵ و برایمی دەشتیان ٣

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 10 خولەک  674 بینین

«برایم دەڵێ:

مەحمەڵی خاڵ لە ڕووە!

بەس بەسەر ئەمن بڕۆ ڕوو بەڕووە

ئەوە سوار وەدەرکەوتن لە زینوان، میر دەرووە، نایبی لەدووە

ئاوڕ وەدە، گاڵتە خەنجەرە بۆ سەری من و تووە

پیاوی مەیدانێم دەوێ، نەیمێنێ ناز و ئەرجووە

نەمگوت مەچۆوە ئەشکەوتی بێشوەی. دەتگوت مڵکی بابمە بەجێم هێشتووە.

ئەمە دوو شوانەوێڵەی فەقیر، ئێستا دەگەڵ میری دەبین ڕووبەڕووە

تکای هیچ کەسیش ناگیرێ، هەر هاواری سەری من و تووە».

مەحمەڵ دەڵێ:

«ئەوە هەموو تانەیە، بۆتە ناسۆر، لە جەرگی من قایم بووە».

ئەگەر مەحمەڵ وای گوتییە

ڕقی هەڵستا لە برایمییە

دەڵێ: «خەتای وییە ئەو کەمییە

بەخوڵای چی دیم قبوول نییە

بزانم ئەو میرە کوێندەرییە

هیچی خاتوون پەریخان نییە

دەیکوژم بەیەکجارەکییە

بۆخۆم دەبمە میری شارییە».

تیرێکی دەبردە بەر ماڵی کەوانێکی هیندییە

بەرەو ڕووی سواری چەلیانی هەڵداشتییە

ئەگەر دای لە سواری پێشوو، بستێک لە سوارەکەی دوایەی تێ پەڕییە

مەحمەڵ دەڵێ:

«برایم سەرهەڵدێنم لە خوڵای دەکەم شەرمە

هێشتا ملی مەحمەڵی لە دەعوایە نەبووە گەرمە

بە دوو تیران چوار سواری دە چەلیانم کردوون ئێختەرمە».

برایم دەڵێ:

«کاک مەحمەڵی خاڵ لە ڕووە!

ئەتوو بەسە بەسەر ئەمن بڕۆ ڕووبەڕووە

«ئەگەر ئەتوو کوشتووتن چوارە ئەمنیش تەواوو کردوون دووە».

مەحمەڵی دەڵێ:

«برایم! ڕەبی بەماڵە زۆراب خانی وەرکەن نەوتە

خوت خوتێک لە دڵی مەحمەڵی دەشتان دەکەوتە

ئەوڕۆ لە سواری چەلیانم تەواوکردن شەش و حەوتە».

برایم دەڵێ:

«کاکە مەحمەڵ! ئەتوو لە خۆت گەڕێ

میر هاتۆتە سەر ئەمە بۆ ماڵ و مەڕێ

ئەمن یەکێکم ماوە، لە توو ڕاس کەمەوە ئەوێ گەڕێ».

هەرچی برایم بوو، شەشی کوشت و مەحمەڵ حەوتی کوشت بوو. میر گوتی: «دەعوام دەگەڵ نەکردوون، سێزدە سواریان لەمن کوشت. مەحمەڵ سەرکێوییە سافییە؛ بەندێکی بانگ دەکەم بێتە خوارێ، سەد سواری دەنێرمە ڕێیە بیکوژن. هەرچی کوڕی کوژرا، هەرچی بابی کوژرا، هەرچی برای کوژرا، ئەوانە بێنەوە خەڵات و بەراتیان لێ زیاد دەکەم».

میر دەڵێ:

«ئای مەحمەڵ، کاک مەحمەڵ گیانە!

ئەوە نابێتە شەڕی مێردانە

ئەتوو لەوێ سەرێ فڕێ دە تیروکەوانە

دەس دە خەنجەرێکی دەبانە

وەرە خوارێ شەڕێ بکە دەگەڵ ئەوهانە

کاک مەحمەڵ ئەمن ئەو هونەریانە حسێب ناکەم بە هونەرێ

ئەتوو تیروکەوانی خۆت فڕێ بدە لەوێندەرێ

وەرە گاڵتەی لە پێش میری بکە بە خەنجەرێ»

ئەگەر مەحمەڵ ئەو قسەی دەبیست تەواوە

تیروکەوانی خۆی فڕێ داوە

بۆ نێو لەشکری هات بەهەڵداوە

کاک برایم سەر هەڵدێنی

فرمێسکان بەسەر ڕدێنی وەش هەڵدەوەرێنی

هەرتک دەستان دە ستۆی مەحمەڵی وەردێنی

دەڵێ: «کاکە! بەقوربانت بم، مەچۆ خۆت دەدۆڕێنی».

مەحمەڵ دەڵێ:

«لە برایمی من، شێت و چ نەزانە!

میر بانگی یەشتۆتە پیاوان، نەک ژنانە».

لەوێی فڕێ دا تیروکەوانە،

هەڵدەوەشا خوارێ بۆ نێو سواری چەلیان بە خەنجەرێکی دەبانە.

کاک مەحمەڵ گەیییە پێدەشتێ

سەد سواری چەلیان بەجارێکیان ڕادەماشتێ

هەموو شیری دەبانیان پێ، میسریان دە پشتێ.

خوڵایە ئەتوو چەند کەرەمدار و نادری

لە پشتی ئەو سوارانەم سەد شیری دە مسری

بازیبەندێک و حەمایەڵێکی دەبەر دابوو ئەو شیرانە شتاق مەحمەڵی دەشتیانیان نەبڕی

ئەو کێ بۆ؟ لە مەحمەڵی بچووکە،

بە دەستێکی خەنجەری دەبانە، بە ئی دیکەی کێردووکە

دە نێو سواری چەلیان گەڕا وێنەی تەیر و باشووکە

کێ بوو؟ لە مەحمەڵی فەرخە

دە باغەڵێکیدا هەیە کاری ساوا دە ئی دیکەیدا هەیە بەرخە

دە نێو سواری چەلیان گەڕا بە گێرە و چەرخە

میرزۆرابخان دەنگ هەڵدێنی:

«کەسێک جوابێم بۆ وەکۆنە نایبی کۆن ڕابگەیەنی

خوڵا بکا سواری دە چەلیان یەک لێ نەمێنی

دەشقەمی ئەو ئاورەی لە جەرگی میری وەکوژێنی».

کێ بوو لە سواری شێ کەحلانە

دەڕۆیی بەسەرڕەو و لینگدانە

دەگەیییە کۆنە نایبی بەئیکلام کێشانە

لەبۆی دەگێڕێتەوە هەموو قسانە

ئەگەر کۆنە نایب ئەو قسەی بیست تەواوە

یەکجاری ڕق هەڵستاوە

هیچی نەدەدی بەچاوە

دەنگی ئی قۆشەنێ داوە

دوازدە پاڵەوانی هێناوە

لە ڕۆینێی کردووە هەشتاوە

دەیگوت: «زۆر کەمم هێناوە».

هەتا گەیییە لە میری کردەوە سەڵاوە

میر عەلەیکی وە وی نەداوە.

دەڵێ: «میر! بەقوربانت بم، چ بووە، چت لێ قەوماوە؟»

میر دەڵێ:

«نایب! بۆچ وا شێت و چ نەبینی؟

ئەو تاقە فەردەی لە مەیدانێ دەبینی

ئەوهە بێ بابی کردوون چل لانکی کەوان زێڕینی».

کێ بوو لە نایبی جاران

وای دەخوڕیە مەردچاک و کەمانداران

لە مەحمەڵی دەشتیانیان کرد بەتیرباران

برایم دێ دۆڵاو دۆڵە

وەسەر خۆی دەکا قوڕ و خۆڵە

دەڵێ: «براڵەڕۆ! بزرم کردووی تۆڵە»

کاک مەحمەڵ سەر هەڵدێنی

دەڵێ: «برایم! خوڵا بکا هیچ عەمرت بۆ من نەمێنی

حەزێ بکەی یەک و چوار تۆڵەی من دەستێنی».

برایم دەڵێ:

«مەحمەڵ! بەسم لەسەر بکە قیژە قیژێ

ئاوڕم دە بەندەنێ بەربوو، لە دەروونێم دەپرژێ.

قەت بووە دە ڕۆژی وەک ئەوڕۆدا برا لەسەر برای خۆی نەکوژرێ».

کێ بوو؟ لە برایمی جارانە

بەدەستێکی تیرە بە ئی دیکەی کەوانە

بە دوو تیران دەیکوشتن چوار کەمانداری دە میرانە

برایم گەڕاوە دەڵێ:

«مەحمەڵ! بەوەی کەم بەحەواوە

ئەگەر ئەمن و تۆی بەڕۆژێی هێناوە

ئەگەر قبووڵ بکەی یەک و چوار تۆڵەی مەحمەڵی دەشتیان ئەستێندراوە».

مەحمەڵ دەڵێ:

«برایم! بۆم بڵێ بەدایکی خۆم، دایکی پیرە

لێم حەڵاڵ بکا چۆڕێک شیرە

ئەمەگی ویم زۆر بەبیرە

دایک و کوڕی بێ تەخسیرە

زگی سووتا ئەو فەقیرە

لەکنم جێی من زەمهەریرە».

هاتە ئاسمانێ هەورێکی تاری

ڕێژنێکی بارانێ لەوی دەباری

مەحمەڵ عەمری دا بەحازریان؛ سەڵاوات لە پێغەمبەری موختاری

میر بانگ دێڵێ:

برایمەی سەرسەمە

ئەگەر ئەتوو لە خۆت بگری بێیەوە کن ئەمە،

ئەمن یەک و چوار تۆڵەی مەحمەڵەی بەتوو دەدەمە

دەڵێ: میر، وا نەبووە قەت وا نابێ

ئەتوو تازەکە لە من کوشتووە مەحمەڵی زەرد و زۆڵ و چەلەبی

قەت دەوێ گەرمەبرینێدا مەسڵەعەتی من و توو نابی

میر دەڵێ:

برایم لە خۆت بگرە وەرە ئێرە

حەیفە ئەولاد ئینگۆ لە دنیایە ببێ وەجاخ کوێرە

برایم بە میری گوت: «ئەگەر توو بێی، ئیلتیفاتم دەگەڵ دەکەی، ئەمن گۆڕی مەحمەڵی دەگێم. دوازدە پیاوچاکان دەگەڵ حەسەن بەگی کوڕت بنێرە بەر ئەشکەوتێ، ئەمنیش دێمە خوارێ، دێمە خزمەت ئەتوو».

ئەگەر میر وای دەزانی ئەو قسانە

دوازدە کەس لە ساحب مەنسەبانە

دەگەڵ حەسەن بەگی جوانە

سەرتاپای کردن ڕەوانە

بۆ کن برایمی دەشتیانە

ئەگەر ئەو گەینە بەر ئەشکەوتێ، برایم بڵندبوو لەوانە

فڕێی دان تیروکەوانە

عەرزی کرد: حەسەن بەگ، گیانە

ئەلحەمدولیللا شوکرانە

مەحمەڵی دەشتیان شەیتانە

ئەو فەوت بوو لەو مەکانە

ئەتوو تەشریفت هاتە ئێرانە

بچنە ئەشکەوتێ ئەوانە

ئەو کەیخودا و ماقووڵانە

دێمە کن حەسەن بەگی بەدەستانە

دەگەڵی دەچم بۆ شاری چەلیانە

ئەشکەوتی بێشوەی دەکەم وێرانە

چونکە ئی مەحمەڵی دەشتیانە

ئەلحەملای کوژرا لێرانە

چوونە ژوور ئەو کەیخودایانە

بە برایمیان کرد متمانە

برایم هاتەخوار بەئیکلام کێشانە

دەستی بردبوو بۆ ئێخانە

لێی دا بەخەنجەری دەبانە

زیڕەی لێ هات بەستەزمانە

لێک ڕاهی بوو ئێسک و خوانە

دەرکی ئەشکەوتێی گرت لەوانە

کوشتنی دوازدە کەیخودای میرانە

لەشکرێکی عەزیمی بەسەردا چڕژاوە

بەشیرێکی دەبان دەستی خەنجەری برایمی پەڕاوە

ئەویش پارچە پارچە کراوە

میر هاتبوو لەولاوە:

دەگەڵ کرمانجم لێ قەوماوە

تاقە کوڕێکم بوو نەماوە

ڕیشەی جگەرم سووتاوە

دەنگ هەڵدێنی میر زۆرابخانە:

هەی بەندە موسڵمانە

شەڕێ مەکەن دەگەڵ کرمانجی نادانە

گەلێکی وەکو میرزۆرابخانی لەبەر جووتێک شوانەوێڵان چوون هەر وەک ژنانە

ئەوی باعیزی کوڕی من بوو خاتوون پەریخانە.

گوتی: «بچن، بۆم بێننە ئێرانە

بیدەنە بەر خەنجەرانە

بەشی منە ئەو زگ سووتانە».

خاتوون پەریخانیان هێناوە

جەللابی بۆ تاعین کراوە

سەید و مەلا هاتن لەولاوە

شاڵ و قورعانیان هێناوە

لە دەورەی خاتوون پەریخانێ ڕۆنراوە

میر پەکی کەوت و گەڕاوە

سەید و مەلای دە دنیایە

هەڵیان گرت شاڵ و کەلاموڵڵایە

دایان نا لەسەر ڕێگایە

میر دەڵێ:

«چ بکەم؛ چارەم نایە

نایکوژم، بۆچ دەکەن تکایە؟»

گوتیان: ئەو کارە وا پێک نایە

ئەگەر گرتووتە خاتری کەلاموڵڵایە

وەها شیرنە بەجێ نەمێنێ لە سەحرایە

تۆ میرێکی بەئیمانی

بەدڵی خۆت نییە غەیانی

ئەوی ژنن پاک میسلی شەیتانی

بیبە متبەقێ فڕێ دە، بڵا وەک سەگ بخوا نانی».

ئەگەر قسەیان کرد تەواوە

میر لە بۆ ماڵێ گەڕاوە

بانگ لەسەر بانگی لێ داوە:

«چ بکەم شارم بێ کوڕ ماوە»

ئەوەشمان کردووە تەواوە

بەحسی خاتوون پەریخانێ ماوە.

خاتوون پەریخانیان لە متبەقێ دانا. هەشت مانگ بوو ڕەدوو کەوتبوو؛ هێنایان لە مەتبەقێیان فڕێ دا. ئەودەمی پادشای شاری بوو، ئەوجار لە متبەقێ وەک کچەتیوان کەوت، هەتا مانگێکی. زگی پڕبوو؛ هاتە سەر نۆ مانگ و نۆ ڕۆژی خۆی. خاتوون پەریخان زا؛ دوو کوڕی بەزگێکی بوو. هەتا پەنجا شەوی شاردیانەوە، نەیانهێشت میر بزانێ. لە پاشێ میر خەبەریان دایە؛ میر زۆر کەیفی پێ خۆش بوو، هێنای گوێزەبانەی بۆ وان کرد. هێنایان نێویان لێ نان. تەگبیریان لێ کرد: «نێویان بنێن چی؟» کەس نەیدەوێرا بەمیری بڵێ نێوی بابی خۆیان لێ بنێ. میر بۆخۆی هەڵی دایە گوتی: «چ قەیدییە، نێوی باب و مامی خۆیان بێ؟» هەموو کەس قۆڵی کێشا. ئی گەورەیان نێونا برایم، ئی چکۆڵەی نێویان مەحمەڵ. موبارەکییان کرد. لێیان گەڕان هەتا پێنج ساڵ تەواو بوو. سەری شەشەی دەبەر خوێندنیان نان؛ هەتا شەش ساڵانیان خوێند. ڕۆژێکی جومعە بوو، فەقێ مەرەخەس کرابوون. کوڕی بێوەژنێکیان گرت، زۆریان لێ دا؛ کوڕەکە لە چەنگیان هەڵات. گوتی: «حیزباب، هەموو کەس دەتوانێ لەمن دا؛ ئەنگۆ بچن تۆڵەی باب و مامو بستێننەوە». گوتی: «وەرە، وەرە، کەوایەکت دەمێ، ئەو قسەم بۆ بکە». گوتی «ئەهـ! نایەم، دیسان لێم دەی؟» گوتی: «بچینە کن دایکێمان، بزانین ئەمە کوڕی کێین؟» هاتنە کن دایکیان؛ لە متبەقێ بوو لە دایکیان پرسی: «دایە! ئەمە کوڕی کێین؟ بابی مە کێ بووە؟» گوتی: «ڕۆڵە! بابی ئەنگۆ میر زۆرابخانە». گوتی: «دایە ئەتوو کچی کێی؟» گوتی: «ڕۆڵە! ئەمنیش کچی میر زۆرابخانم». گوتی: «دایە ئەمە لە کێ بووین؟» گوتی: «ڕۆڵە! ئەنگۆ لە من بوون» گوتی: دایە! چلۆن دەبێ میر زۆرابخان کچی خۆی گابێ؟» گوتی: «ڕۆڵە! لەو قسانە گەڕێ» مەحمەڵ دەستی دا خەنجەرێ، گوتی: «وێستا ڕاستێ نەڵێی دەتکوژم».گوتی: «ڕۆڵە! باب و مامی ئەنگۆ میر زۆرابخان کوشتنی». گوتیان: «دایە! جا وا ئاسوودە بووین». دەستیان دا خەنجەرێ، چوونە دیوانی میری. مەحمەڵ لینگی دا میر زۆرابخانی، ئەوی کوشت. برایم لینگی دا نایبی ئەویش ئەوی کوشت. چوونەوە کن دایکیان، هێنایانە دەرێ لە متبەقێ.

کردیانەوە میری شاری

خەلاس بوو بەیەکجاری

بەیەکجاری و بەنادری

یا خوڵا «ڕەحمان بەکر» نەمری

لە بەندان دەڵێی شاترە

لە کتێبی مەلای سازترە