قۆچ عوسمان ١

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 14 خولەک  672 بینین

بەخالەقی بەرقەرارە

بەوەی ڕۆی نابوو ڕۆژگارە

مەخلووق بیبێ ئیختیبارە

دنیا نابێ بەرقەرارە

ئەو لە بۆ عەبدی هەژارە

قۆچ عوسمان پیاوێک بوو ڕووت و قووت و لەوی دە بێکارە

ئەگەر لە دایکی خۆی زیزبوو، لە مەرگەوەڕێ لە بۆ بەغدایە دەهاتە خوارە

دەهاتە کن ئەولادی شا ڕۆستەم بەگان. سێ ساڵان دەبووە سەقا و سێیان دەبوو بە ئابدارە

سەری حەوتوومەی دەبوو بە پێشخزمەت و دارکاری دەکرد وەکیل و وەزیر و ڕدێندارە

دە مەرکەزی ئەو ماقوڵییەیدا بوو، شەوێکی بە دایک و بابان بوو ئینتیزارە

سبحەینێ لە دەرکی ئاغای خۆی ڕۆنیشتبوو، دامابوو زوێر و زگارە.

ئاغای دەڵێ:

«ڕۆڵە، قۆچ عوسمان، فرزەندی بەرقەرارە!

ئەگەر ئەتوو هاتییە کن ئەمن، هەتیوێک بووی، کەس پێنەویست و لەوانی دە بێکارە

سێ ساڵان لە دەرکی من بەرقەرارە بووی، کەس پێی نەبووی ئیختیبارە

ئێستا ئەمینی ماڵە منی، بۆخۆت بووی بە قەنەدارە

ئەگەر دەڵێی ماڵم کەمە، زۆرم نییە ئیختیارە

کلیلی گەنج و خەزێنانیش وەرگرە ئەوجارە

بیبەخشە بەباری، داغانی بکە بە خەڵوارە

ئەمانەتی من لەتوو فەرز بێ، حیسابت دەگەڵ برادەران ڕاگرە دینار بەدینارە».

دەیگوت: «ئاغای من! خوڵا ڕاوەستاوت کا، ببێ بەرقەرارە

مەنسەبی ماقووڵییێم زۆرە، چی دی ناکەم ئیختیارە

ئەمما ئەو شەو دەخەوێدا بە دایک و بابی خۆم بووم ئینتیزارە

دەبێ مەرەخەستم بکەی، بچمەوە کن دایک و بابانم، بەوەعدەی حەوت شەو و حەوت ڕۆژان، جا دێم دەبمەوە نۆکەری بێکارە».

ئاغای خۆی لەوێ دەگەڵی کرد گوفتارە،

دەیگوت: «ڕۆڵە! سەبرێکم لێ بگرە، هەتا قاوەی دەخۆم، قاوەی دەخۆم قەننەی دەکێشم، دەکەمەوە نەهارە».

دراوی بۆ داگرت بەباری، زێڕ و ئەشرەفیی دەکرد سەربارە

سوێندی بەسەری خۆی دەدا ئیختباری پێ نەبوو، بەکەلاموڵڵای ئەسپارد ئەو جارە

دەچووە ئێختەخانان دەری دەهێناوە، جوانوولێکی نۆزینی سێ ساڵی؛ دە

پشتێی دەکرد زینێکی مورسەت، لە تەنیشتی ڕکێفی ئاڵدۆز لەسەر دەستە

قایشێکی جیڕی بوڵغارە

دە زاری دەکرد دانەلغاوێکی حەوێزە مروارە

دەچووە جببەخانەی ئاغای خۆی، هەڵی دەکێشا دەمەرقۆپانێکی ساچاغ گوڵەباتوون لەوی بەرقەرارە

دە پێی خۆی دەکرد چەکمێکی مووسڵی، لەوانی دە گوڵینگدارە

دە قەبووڵیانی دەنا جووتێک دەمانچەی سەر بەدووگمە

بۆ ڕۆژی تەنگانان دێن بەکارە

دەیاویتە شانی خۆی زرێیەکی داوودی لە ملانی ببوو بەرقەرارە،

دە شانی دەکرد مەتاڵێکی هەیزەران، حەوت قوبە، ئەویش بۆ ڕۆژی دەعوایە دێن بەکارە

دەستی دەدا ڕمبێکی دووپاری، هەژدە قەفی لەوی جەوهەردارە

هەرچی بەوی دژمن بوو، دەیگوت: «ئەو ماڵە میر سەیفودین بەگی دەبا لە

کۆڵمان دەبێتەوە ئەو شەیتان و شۆفارە

هەرچێکی بەوی دۆست بوو، شین بوو، گریان و هاوارە

دەیگوت: «ماڵی ئاغای میر سەیفودین بەگی برد؛ نایەتەوە ئەوجارە».

مەرکەبی سەگڵاوی لە ئێختەخانەی دێنادەرێ بەئیزنی خوڵا و پێغەمبەری لێ دەبوو سوارە

لە هێندێکیان پێکەنینە، لە هێندێکیان گریانە، قۆچ عوسمان

دەڵێ: «خوڵاکەی تەمەنایان بۆ بکەن لەو جەبارە».

قۆچ عوسمان بۆ ماڵە دایک و بابان دەهاتە خوارە

لە هێندێک جێیان بەڕۆیین لە هێندێک جێیان بە وردەغارە

شەوێکی وەختی نوێژی شێوان بەمەرگەوەڕێ بوو ئینتیزارە

بەمنداڵی ڕۆییبوو، بەماڵە دایک و بابی خۆی نەدەزانی ئەوجارە

دەیگوت: ئەسپ مرادە، جڵەوی شۆڕ دەکەمەوە، هەر جێیەکی ئەو لێی ڕاوەستا،

لەوێندەرێ دەگرم قەرارە

ئینجا سبحەینێ لە ماڵە دایک و بابی خۆم دەکەم پرسیارە.

جڵەوی مەرکەبی سەگڵاوی شۆڕ دەکردەوە بە کووچە و کۆڵاناندا دەهاتە خوارە لە دەرکێکی چکۆڵانەی دەگرت قەرارە.

بانگی دەکرد: ئەی خانەخوێ! لێی وەدەرکەوتن پیرێژنێک و پیرەمێردێکی پیر و ئیختیارە

دەیگوت: ئەوشەو میوانی ئەنگۆم دەیانگوت: ئەمە لە میوانی وەک توو دەبین

خەجاڵەت و شەرمەزارە

خەرجی بازاڕمان نییە، نیمانە پووڵ و پارە.

ئەوە ماڵە وەزیر و وەکیلان لەوێ ببە بەرقەرارە.

دەیگوت: میوانم ئەوشەو، هەر لێرە دەبم ستارە.

مەرکەبی سەگڵاوییان لێ وەرگرت، کردیان بەرقەرارە.

ئەو دایک و بابی دەناسینەوە، ئەویان نەدەناسی ئەوە فرزەندی خۆیان ئەوجارە.

ئەو پیرێژن و پیرەمێردە دەیانگوت: چ بکەین، بە نانی وشکی لە میوانی وا دەبین خەجاڵەت و شەرمەزارە.

قۆچ عوسمان ڕوحمی بە دایک و بابان دەکرد ئەوجارە

بانگیان دەکا: پیرێژن و پیرەمێردی ئیختیارە!

ئەنگۆ لەکنم هیچ فرزەندو نەبوون، بۆو بێ بەکارە؟

دایک و بابی قۆچ عوسمان دەیانکردەوە گریان و هاوارە

دەیگوت: ئەو ساڵ حەوت ساڵە کوڕێکمان هەیە بۆ بەغدایە چۆتە خوارە.

بابی چاوی کەم بینا بووە، دایکی لێی بڕاوە ئیختیارە

قۆچ عوسمان دەڵێ: پیرێژن و پیرەمێردی ئیختیارە!

ئەگەر قبووڵ بکەن، ئەمن ئەو عوسمانم جنێوو و دامێ، لێو دام، پاش نوێژی

نیوەڕۆیەو دەرکردم یەکجارە

دایک و بابی بیلن دەبوون، دەیانکردە هاوارە

دەڵێن: ڕۆڵە، قۆچ عوسمانە، تاقانە، بەختەوەرە!

وەرە ڕۆنیشە لەکن دایکی خۆت هەتا سەد ساڵی دی، بابت دەبێتە پێشخزمەت، دایکت دەبێتە کەنیز و کاردارە.

دەیگوت: دایک و بابی من، پیر و ئیختیارە!

شوکرانەی زۆرم وەبەر جەبارە

ئەگەر دیدار ئاخرەت نەبوو ئەوجارە

ئەمن ئاغایەکم هەیە، خوڵا بیکا بەرقەرارە

هێندی زێڕ و ئەشەرەفی بۆ ئەنگۆ ناردووە ئەوجارە

هەتا سەد ساڵ بیخۆن، لێو نابڕێ و لێو نابێ قوتارە

ئەمنی سوێند دا بەخوڵای بە کەلاموڵڵای ئەسپاردوومەوە دووبارە

ئەگەر نەچمەوە کن ئاغای میر سەیفودین بەگ، بە جوانی دەمرم، کەلاموڵڵا

دەمگرێ، لە خەجاڵەتی ئاغای خۆم نابم ڕزگارە

دەبێ بچمەوە کن ئاغای میر سەیفودین بەگ تا نەبمەوە مستەخەسارە،

دایکی دەڵێ: ئەلحەمدولیلای! کوڕم ساحب ئیختیارە.

حەوت شەو و ڕۆژانی لەوێ دەگرت قەرارە.

ڕۆژێکی مەرکەبی سەگڵاوی هێنادەرێ، دە پشتی کرد زینێکی مورسەت لە

تەنیشتێی ڕکێفی ئاڵدۆز، تەنگەی دەکێشا بە قایشێکی بوڵغارە

هەگبەی لە تەرکی قایم دەکرد دایک و بابی وی دەیانکرد هاوارە،

دەیگوت: ڕۆڵە! بۆ کوێ دەچی؟ دەیگوت: دایک و بابی من مەرکەبی سەگڵاو و خەفەخانە، پێی دەچمە ڕاو و شکارە،

دەیگوت: ڕۆڵە! ئەدی ئەو هەگبەی بۆ لە تەرکی بەرقەرارە؟

دەیگوت: ئەوە وەسیەتی ئاغای میر سەیفودینە، کەسێک پیاوی بکوژێ، خۆی باوێتە کن ئەمن، سندووقی سەری ئاغای خۆم بیکەم ڕزگارە

کەسێک ژنێ هەڵگرێ، بێ دامێنگیری من بێ، تەسەدوقی سەری ئاغام دەیکەم قوتارە

ئەسپم لە ڕاوێ لاقی بشکێ زینم لە عەرزی بمێنێ، دووسەد تومەنی دەدەم، دەبمەوە سوارە

هەتا ئاغام زیندوو بێ، پیاوە نابم ئەوجارە

دایک و بابی من، مەگرین، هەتا میر سەیفودین بەگ خۆش بێ لە فەقیری بوون قوتارە

پێی دە ڕکێفێی دەنا، هاواری دەکردە جەبارە،

سووچی ڕەکێفێ بە مەرکەبێ نیشان دا؛ هەرتک چاوی مەرکەبێ کوێر بوو، لە عەرزییێی نەکرد کارە.

دەهاتەوە کن دایک و بابان، دادەبەزی ئەوجارە

دەستی کرد بە گریانێ، دەڵێ: سەرم نابێ قوتارە!

لە ئاه و ناڵەی ئاغای خۆم قەت نابم ڕزگارە

چونکە سوێندی داوم دەگەڵیشی داناوم قەرارە

دایک و بابی من! ئەنگۆش خێرێم لێ نابینن ئەوجارە.

حەوتووێکی لەکن دایک و بابانی گرت قەرارە

فرمێسکی چاوانی دەتگوت بەحرە، ڕووبارە

دایک و بابی ڕوحمیان پێ دەکرد ئەوجارە

دەیانگوت: ڕۆڵە قوچ عوسمانە بەختەوارە!

بۆچیت هەیە هێندە گریان و هاوارە؟

دەڵێ: دایک و بابی من! بەچەنگی خۆم نەماوە ئیختیارە.

چ بکەم بەبێ ئیمانی دەمرم، خێرێم لێ نابینن ئەوجارە.

دایکی بە مێردی دەگوت: چاکە، ئەو فرزەندەی خۆمان بکەین ڕزگارە

چونکە لە بەغدایەی زۆر هەن شەیتان و شۆفارە.

بابی دەڵێ: بەخوڵام بەزامن دا، پێغەمبەری بۆ ببێ بە تکاکارە

شیری تۆی خواردووە، بیکە ڕزگارە

هەرتکیان مەرەخەستیان دەکرد ئەو کوڕی نازدارە.

سبحەینێ ئەگەر سوار دەبوو بە کووچە و کۆڵاناندا دەهاتەخوارە

خەڵقی مەرگەوەڕێ پاکی بۆ دەبوو تکاکارە،

دەیانگوت: بڕۆ هومێدەوارت بێ دوازدە ئیمام و چوار یارە.

دەهاتەوە کن دایک و بابان، ئیکلامی کێشان سێ جارە

دەڵێن: ڕۆڵە! هەڕۆ بڕۆ؛ هەرچەندی مۆمن و مەلایکەتن، لە بارەگای خوڵای بۆت ببنە تکاکارە.

ئەگەر سواری مەرەکەبی دەبوو لە هەموو لایەکی ببوو ڕزگارە

سووچی ڕکێفێی بە مەرکەبی سەگڵاو نیشان دەدا. ماشەڵڵا هێندێک دەڵێن

تەیرە، هێندێک دەڵێن شامارە.

لە مەرگەوەڕێ بۆ بەغدایە دێتەخوارە

لە هێندێک جێیان دەڕوا بە ڕۆیین، لە هێندێکیان بە نەرمەغارە

ڕەگەڵی دەکەوتن خزم و برا و یارە

دەیانگوت: هەتا بەغدایەت دەگەڵ دێین ئەوجارە.

شەوی بەسەردا هات، مەنزڵی گرتبوو قەرارە

سبحەینێ سوار دەبوو، بەڕێی خۆیدا دەڕۆیەوە خوارە

لە ڕێیە گەیییە خدری زیندە و خدرەلیاس، ئەویش لە بارەگای خوڵای بۆی بوون بە تکاکارە

لە دەشتی باڵینێ ئازیزم دەهاتە خوارە.

بە تەڕات و بە نەرمەغارە

تەماشا دەکا، لە دەشتی باڵینێ ڕەشبەڵەک بووە، سەلەلات بە چ قەرارە

تەماشا دەکا، داوەتە، لۆتی و ڕەقاسە لەو کارە

لە لایێ سەرچۆپییە گرتوویانە پیاوی، بە کێرد و کەمبەرە و چەکمەدارە

لەلای نێوەڕاستێ گرتوویانە، کیژی بەژن باریک و سینگ سەدەف و چاو بەڵەک لەوی گوێ بەگوارە

لەلای گاوانیە گرتبوویان پیاوی ژن جوان و زۆرخۆر و خوێڕی و بێکارە

تەماشای کرد گومبەزێک لە دوور دیارە

ئەو گومبەزە تەنیشت بە ئاقشقەیە چوار تەرەفی بە حەسارە

قۆچ عوسمان دەڵێ: خوڵایە! ئەوە چییە؟ لە کێ بکەم پرسیارە؟

لەولاڕا دەهات پیاوێکی ئاقڵ و کەماڵدارە

جڵەوی دەگرێ، دەڵێ: وەرە، بچین لە ماڵە من میوان بە، ئەتوو دیارە غەریبی لەو شارە.

دەڵێ: قوربان، ڕێم لەبەرە؛ قسێکم هەیە، لێت دەکەم پرسیارە.

دەڵێ: ڕۆڵە! وەرە بچین دابەزە، قەننەیەکی بکێشە لەکن مامی خۆت ڕۆنیشە

بکەینەوە گوفتارە.

دەڵێ: مامە! خوڵات لێ ڕازی بێ، سەفەرم لەبەرە بمکە ڕزگارە!

دەڵێ: ڕۆڵە! ئەتوو دانابەزی، بزانم ئەوە چییە لێی دەکەی پرسیارە.

دەڵێ: مامە! ئەو گومبەزەی لەوێیە، چوار تەرەفی بەحەسارە

ئەوە هێندێک دەڵێن: چاکی ترکانە، هێندێک دەڵێن کلیسای هەرمەنیان بەیەکجارە.

دەڵێ بابم: درۆیان کردووە، ئەو مەخڵووقەی شۆفارە

قەت بە قسەی ئەو خەڵقەی مەکە ئیختوبارە

ئەوە کەمبەر بەستەیە بەمنداڵی شەهید کراوە، هیمەت و بەرەکەتی حازربێ،

ئەوە پیر چاکە سوارە

هەر کەسێکی بە لەبزێکی شیرینی زیارەت بکا، بە دڵێکی ئیخلاس لەسەر ئەوەی

بکا تۆبە و ئیستیغفارە

ئەمن زامنم - ڕێگای چل ساڵان دوور بی، لە تەنگانانت دێ لە هیمداد و هاوارە.

قۆچ عوسمان ئاقڵ بوو، کەماڵدارە

دەچوو لەوێندەرێ پیاوە دەبوو، جڵەوی دەگرت، پیاوێکی ڕیش سپیدی بەرقەرارە

سەعاتێک دەگەڵ ئەو پیاوی ڕدێن سپیدی دەکرد گوفتارە،

دەیگوت: قوربان! ئەوە کێیە؟ دەیگوت: هیمەت و بەرەکەتی حازر بێ، ئەوە پیرسوارە.

قۆچ عوسمان ئاقڵ بوو هەڵستا زیارەتی کرد سێ جارە،

دەیگوت: پیرسوار! بەقوربانت بم لە بەغدایەم دژمن زۆرن، جارجار لە هیمدادم

وەرە. شەو و ڕۆژێکی لەوێ گیر دەبوو تەمانای دەکرد لە خوڵای ئەوجارە.

ئیجازەی وەرگرت، دەبوو بەتۆبەکارە

لەوێندەرێ سوار دەبوو بۆ شارباژێڕی بەغدایە دەهاتە خوارە

تەماشای کرد، لەلایەکی ئەسنافە، لە یەکی بەقاڵە، لە تەرەفی دیکە حەتارە

بڕێکی دیی داژوا، لە کاروانسەرایە هاتە خوارە

تەماشای کرد، کوردی کەڕک دەبەر بوون؛ دەیگوت: ئەوە چییە؟

دەیانگوت: ئەوە هەمووی جەڵەب فرۆشە، سوێندخۆرە، بێ تەڵاقە، هەمووی چێوەدارە.

بڕێکی دی داژوا، لە کاروانسەرایە هاتە خوارە

تەماشای کرد، عەجەمی کەوڵ ڕەقی پەپاغ ڕەش بوون گوتی: ئەوە چییە؟

گوتیان:

عەجەمە، عەلی پەرستە، نوێژنەکەرە، هەمووی کرێبارە.

بڕێکی دیی داژوا، لە کاروانسەرایە هاتە خوارە

تەماشای کرد، کوڵاپان ڕۆنیشتبوون، ئاسکیان لەبەر دووکانێ بوون

گوتی: ئەوە چییە؟ گوتیان: جووە، ئەرمەنییە، لە خوڵا نەترسە، هەمووی قەوەدارە.

بڕێکی دیی داژوا لە کاروانسەرایە هاتە خوارە،

تەماشای کرد، غەڵبەغەڵبێک بەقەد دووهەزار کەسی بەئەژمارە

شینکێکی قەزوانییان لەوێ ڕاگرتبوو، کلک لەسەر چووان، یاڵ و دووی بەژەنگارە

هێندێکیان پێیان دەدا دووسەد و سێسەد بەئەژمارە

هەر کەسێک چوار گوڵە دەزووی لە ماڵە خۆی بان، دەیبردە باژێڕی هەڕاج

فرۆشی دەکرد، دەیکرد بەپوول و پارە

دەیگوت: دەشقەم ئەسپی بۆرەم وەگیرکەوێ، جا قەت لە خۆم نابڕێ، لە

ئەولادیشم نابێ قوتارە

ئەگەر قۆچ عوسمان گەییێ، سێ جاری دا چوار کەنارە

لە تەرەفی ڕاستی ڕۆدەنیشت، دەیگوت: «ساحبی ئەسپی بۆرە، وەرە».

ئەشرەفیی بۆ دەبژارد هەزار بەهەزارە

جڵەوی ئەسپی بۆرەی لە چەنک موشترییان دەرێنا، بۆ شارباژێڕی ڕادەکێشا خوارە

هێندێک دەیانگوت: بەنک کێشە. هێندێک دەیانگوت: قوماربازە. هێندێک

دەیانگوت: ئەوە شەرابخۆرە، فێرە قومارە.

ئەگەر گوێی لێ بوو لە ڕقی خەڵقی گەڕاوە دووبارە

دەیگوت: بابم ساحبی ئەسپی بۆرە وەرە! دراوی لە کۆشان بۆ فڕێ دەدا خوارە.

دەیگوت: بابم، گەردنم ئازا بکە نەک دڵت لەدوو بێ، خێری لێ نەبینم، لە قیامەتێت لە ئاه و ناڵان نابم ڕزگارە.

جڵەوی ئەسپی بۆرەی دا بە هەتیوێکی، حەقیشی دابوویە شەش پارە

ئیختیباری بەوی نەدەکرد، بۆی بەکرێ دەگرت دوو پیاوی ڕدێن سپی لەکنی دادەنا بەئەمیندارە

دەبوو بە هەمووانی خزمەت بکەن، ڕنەکی بکەن ڕۆژی سێ جارە، بۆیان دەکردە پاشبەند و پێشبەند ئاوریشمێکی بەرقەرارە.

ئاوریشمی خاویان بۆ دەکردە سەلکە ڕێشمە، ئی دیکەی بۆ دەکەن گوڵئەوسارە، لەسەر دووکانی نەجاڕانی بۆ دروس دەکرد، قەڵتاغێکی چوار کوڵاغەی چناری جەوهەردارە

لەسەر دووکانی سەڕاجانی بۆ دروس دەکرد، تەکەڵتووێکی ئاوریشمدۆزی بەئیختوبارە

لەسەر دووکانی هەمەدانیانی بۆ هەڵدەگرت، دەستەقایشێکی جێڕی بوڵغارە

لەسەر دووکانی ئاسنگەری جووتێک ڕکێفی دروس دەکرد، دانە لغاوێکی حەویزە مروارە

لەسەر دووکانی شیرگەران دروستی کرد جووتێک زەرگ بۆ باڵەتەنگێ میسری و گۆردە و قەدارە

لەسەر دووکانی خەیاتی دروستی دەکرد سەرزینێکی پارچێک ماهووت، یەکێک

مەحمەڵ، یەک ئەتڵەس، چوار تەرەفی دەکرد بە خارای نەوبەهارە

چل دەستی ئاوریشم هەڵدەگرت، دەیکردە ساچاغ، ئەویشی دەنا لە چوار کەنارە

جووتێک توڵەی فینۆیان دەگێڕان، ئەویشیان بەپووڵ کڕی ببێتە شاتر، بڕۆن لە کەنارە

ئەگەر ئەو تەدارەکەی دەبوو بەرقەرارە

سوار دەبوو بە کووچەی شارباژێڕێ دەهاتە خوارە

دەیگوت: «ئەوە ئاسمان کون بوو ئەسپی بۆرەی پێدا هاتۆتە خوارە

پێشکێشە بۆ ئاغای میرسەیفودینی دەبەم؛ لەمن وایە لێم خەرج نەکردووە شتاقە پووڵ و پارە».

حەوتووێکی لە شارباژێڕی ڕۆدەنیشت، خزمەتی ئەسپی بۆرەی دەکرد ئەوجارە

پاش حەوتووەی سوار دەبوو بەئیزنی خوڵای لەبۆ بەغدای ڕەنگین دێتە خوارە

نوێژی شێوان داخیل بەبەغدایە دەبوو، بەدەرکی ئاغای خۆی دەبوو ئینتیزارە

تەق تەق لێی دا لە خواجە بێدارە

لێی وەدەرکەوتن، کەیخودا و ئەمیندارە

تەماشا دەکەن قۆچ عوسمان بووە بەرقەرارە