قۆچ عوسمان ٢

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 12 خولەک  551 بینین

مزگێنییان بۆ ئاغای میرسەیفودین بەگ برد: قۆچ عوسمان هاتەوە. ئەسپێکی بۆرەی پێیە، چەند باشە، چەند بەکارە!

هەر بەو شەوەی دەچوونە تەماشای ئەسپی بۆرە کەیخودا و پیاوماقووڵ و ئەمیندارە

جێبەجێ دەهاتنە دیوانێ، دەبوون بەرقەرارە

دەیگوت: ئەسپی بۆرە چۆنە؟ هێندێک دەیانگوت: باشە، گەلێک بەکار.

هێندێک دەیانگوت: بۆزە و بەدعەمەلە؛ ئەگەر دە توومەنی پێ درابێ پێنجی چوون بەخسارە

ڕۆژی تەنگانان سەری سوارەی خۆی ناکا ڕزگارە.

قۆچ عوسمان دەڵێ: خوڵا خراکا ماڵە شەیتان و شمری، دەنا بەدکارە

ئەنگۆ چل کەس دەگەڵ ئەمن بکەن مەرج و قەرارە

بگرنەوە مراوییەکی باڵ کووڕ دەگەڵ بازێکی خاسە تەوارە

سبحەینێ لە دەشتی خورمالغێ دەگەڵ ئەسپی بۆرەیان دێننە خوارە

ئەگەر خوڵای کرد، ئەو ئەسپی بۆرەیان بەجێ هێشت، ڕەمانەی ئەسپی بۆرە

بکەن، سەری من بدەن لە قەنارە

ئەگەر ئەسپی بۆرەش باز و مراوییان بەجێ بێڵێ، یا بۆخۆم لەکن ئاغای میرسەیفودین بەگ نابم، یان شتاقو لە بەغدایە ناکەم ئیختیارە.

ئەوێ شەوێ دەگەڵ ئەوانی ڕۆنا قەول و قەرارە

هەر بەو شەوەی وەکاریان خست قەتار و نەهارە

گیا و پووشیان کێشا بەبارە

هەڵیان بەست چۆم و ڕووبارە

ئاویان لە دەشتی خورماڵغێ دەنا ببێتە زەل، ئەسپی بۆرەی لێ نەبێ قوتارە

تۆڕەوانان تۆڕیان داویت، دەیانگرت مراوییەکی باڵ کووڕی هارە

حازر بوو بازێکی خاسەی تەوارە

سبحەینێ بەیانی باز و مراوییان هەڵدەگرت، بۆ سەری مەیدانێ چوونە خوارە

برادەرێکی قۆچ عوسمانی بوو، دەیگوت: قۆچ عوسمان لەو خەوەی هەڵستە،

ئەوە مەرجکەر بۆ سەری مەیدانێ چوونە خوارە

تەگبیرێک بۆ من بکە، خزمەتی کێهە ئاغای بکەم ئیختیارە.

دەڵێ: برالە! ئاغای دنیایە فایدەی نییە، خۆت بسپێرە بەخوڵای دوامەتی بەجەببارە.

دەیگوت: ئەسپی بۆرەم بۆ بێننە دەرێ، لێی بکەن زینی مورسەت، بیاوێنە سەری قایشی بوڵغارە

ئەو توڵە و تاژییانە بەرنە ژوورێ، بڵا ئازا بێ نەکێشن؛ ئەمن دەبم گوناهبارە

بانگێکم وەبەر ئەو خوڵایە ئەگەر بۆخۆی جەبارە!

دەیگوت: پیرسوار. بەقوربانت بم، ئەوجار بە هیمدادم وارە (وەرە).

بەقەد دوو هەزار کەسی لەوبەر ئەوبەری مەیدانی خورماڵغێی گرت قەرارە.

هەرچی بەوی دۆست بوو گریان و هاوارە

دەیانگوت: ڕەمانەی ئەسپی بۆرە دەکەن، سەری قۆچ عوسمانی دەدەن لە قەنارە.

هەرچی بەوی دژمن بوو شادیی بوو، پێکەنین بوو، دەیگوت: ئەوجار دەرناچێ

ئەسپی بۆرە، ڕەمانەی دەکەن، سەری ویش دەدەن لە قەنارە

بەغدا خۆش دەبێ لە کۆڵ دەبێتەوە ئەو شەیتان و شۆفارە.

ئەگەر سەری جڵەوی ئەسپی بۆرەی وەرگێڕا، بۆ سەری مەیدانێ دەهاتە خوارێ،

لە هێندێک جێیان بە ڕۆیین لە هێندێک جێیان بە نەرمەغارە،

هەتا دەگەیییە مەرجکەران دەیگوت: هەر ئەو قسەی شەوێ دیم دەگەڵ ئەنگۆ قەول و قەرارە.

ئەمن لە قەولی خۆم نابمەوە، دەبێ تەمام ببێ ئەو گوفتارە.

دەیگوت: یا ئەڵڵاه، یا خوڵای کەریم، یا پێغەمبەری موختارە!

پیر سوار، هاوارم وەبەر ئەتۆیە دووبارە!

باز و مراوییان بەردان، ئەویش دەستی بەجڵەوی ئەسپی بۆرەدا دەهێنا، لە سێ

فرسەقی مەیدانی خورماڵغێ دەهاتە خوارە

ئەگەر خەلاس دەبوو، سەری جڵەوی هەڵدەکێشا، ئاوڕی وەپشتی خۆی دا،

تەماشای کرد باز و مراوی دێن بەچریکەچریک و هاتوهاوارە

دەچوونە تەماشای شوێنی ئەسپی بۆرە کەیخودا و ئەمیندارە

تەماشایان کرد بەردێک بەقەد دەنکە نۆکێکی لە قوڕێ چۆتە خوارە

هێندێک دەیانگوت: ئەوە جێی ناڵە. هێندێک دەیانگوت: جێی بزمارە.

هێندێک دەیانگوت: ماڵە خێوت بەقوڕێ گیرێ ئەسپی بۆرە، دەگەڵی دەرناچن باز و باڵدارە.

قۆچ عوسمان دەمودەست دەبوو سوارە

دەهاتە کن میرسەیفودین بەگی، ئیکلامی دەکێشا سێ جارە دەیگوت: «ئاغا! بەقوربانت بم! یانە بۆخۆم مەرەخەس بکە

یانە شتاقان لەو شارەی ناکەم ئیختیارە».

ڕۆدەنیشتن کەیخودای دە نابەکارە،

وەکیل و وەزیر و موختارە

قاقەزێکیان دەنووسی بۆ سوڵتانی ئەستەمبوڵێ ئەوجارە

بەقاسیدی دا بەڕێیان دەکرد بەهاوارە:

سوڵتان! ئەسپێکی بۆرە بۆ میرسەیفودین بەگی هاتووە بابی بەحرییە، بۆخۆی باڵدارە

لەتوو زیاتر کەس قابلیەتی نییە، پێ دە ڕکێفی نێ، لێی ببێ سوارە.

سوڵتان قاقەزێکی نووسی لەبۆ میرسەیفودین بەگی: ئەسپی بۆرە و مەرکەبی

سەگڵاو سواربن، وەرنە ئێرە، بەنگۆم هەیە کارە.

میرسەیفودین بەگ گوتی: گووی خوارد لە گووی بابی، ئەمن جارێکی دی

خزمەتی وی ناکەم ئیختیارە.

حەقیش دەگەڵ بەغدایە نییە، ئەوە داگیرم کرد یەکجارە!

ئەو خەبەرە چوو بۆ سوڵتانی ئەستەمبووڵێ دووبارە.

سوڵتان تەگبیری دەکرد بە مەخلووقی دنیایە:

ئەوە تەماحی هەیە، لێم داگیر بکا بەغدایە.

ئەوجار خەبەریان دا بە میرسەیفودینی:

دەبێ تەشریفی موبارەکت بێ سوڵتان ببینی.

میرسەیفودین دەڵێ: ئەمن سوڵتانم بۆ چییە؟

قبووڵ دەکەم لەمسە و ئوروسی سوڵتانم قبووڵ نییە.

سێ ساڵان دەگەڵ قۆچ عوسمانی گەڕان، نەهاتنەوە ئاوەدانییە.

سوڵتان فەرمووی: عەیب و شوورەیییە

نۆکەری من بۆ بارگینێکی بگەڕێ لە وڵاتییە.

کێ بوو لە سوڵتانی ئاقڵدار و دانا

بۆ میرسەیفودینی مۆر کرد قورعانە:

هەڵستێ، بێتە ئێرەکانە

ئەمن لێی ناستێنم بارگینی، هەزار تەگبیرم هەیە، چۆڵ بوو ئەو عەرز و مەکانە

ئەو ئەسپە موبارەک بەوی بێ، ئەوا بۆم نارد قورعانە.

ئەسپەکەی بێنە بیبینم مەسڵەعەتێ دەکەین. ئینجا شەڕیشم لێ قەومیوە دەگەڵ هەر چوار دەوڵەتانە.

ئەگەر میرسەیفودین وای دەزانی

تەگبیری کرد بە خزمانی:

دووڕوو نابێ بۆ سوڵتانی

دەبێ نۆکەری قەدری بزانی

بچۆ بەخۆت و قۆچ عوسمانی،

ئەودەمی لەوێ خۆی زانی

ئەگەر سواربوو بەڕەوانی

دەگەڵ نۆکەری وەک قۆچ عوسمانی

دەڵێ: ئەوە دەڕۆم بۆ خزمەت سوڵتانی

خەبەر بدەن بە دایکم بزانی.

دایکی لەبەر شین و گریانی

فرمێسک دێ لە چاوانی

دەڵێ: ڕۆڵە! مەچۆ کن سوڵتانی

بەخوڵای، سەرت دەبڕن لە گیانی

تەماشاکەن قۆچ عوسمانی

غەزەبی بۆ کوڕی من هانی

هاوار لەبەر غەزەبی سوڵتانی!

قەت بووە دەگەڵ ئاغات بێ غەیانی.

گوتی: دایە چارەم نییە؛

سوێندی خواردووە بە ڕەبییە

کەلاموڵڵای مۆر کردییە

ئەوا لە بۆ منی ناردییە

لەکن سوڵتانی درۆ نییە.

دایکی یەک بە بەغدایە گریاوە

دەڵێ: کوڕم سەر نایەنێتە دواوە

بێ کوڕم زمانم سووتاوە

سەڵام لێ ڕابوو کەسم نەماوە

کەسم نەماوە لە دنیایە

کوڕم سەر نایەنێتە دوایە

چ بکەم، بەغدا بێ ئاغایە

خەبەر بۆ عورووسی بچوایە

دەشقەم تکایان بۆ بکردبایە.

میرسەیفودین بەڕەوانی

بەخۆی و بەقۆچ عوسمانی

چوو لە بۆ خزمەت سوڵتانی

میرسەیفودین زۆر ترساوە

ئاوڕی وە قۆچ عوسمانی داوە

دەڵێ: نەترسێم سوڵتان گەلێک پیاوە.

قۆچ عوسمان دەڵێ: قوربان سوڵتان زۆر تەواوە

کەلاموڵڵا مۆرکراوە

هەموو قسێکمان بڕاوە

تا چوو لە ئەستەمبووڵێ بوون پیاوە

حەوتووێکی لەوێ مەحتەل ماوە

خەبەر بەسوڵتان دراوە

گوتی: بڕۆن، ڕامەمێنن

بەخۆ و بە ئەسپی بۆرەی بێنن

ئەگەر هاتە گەیییە دیوانێ

ئەسپی بەرنە ئێختەخانێ

دە ملی کەن کۆت و زەولانێ

دە ملی کەن بەخۆی نەزانییە

ئەو ساڵ حەوت ساڵە لە من یاغییە.

کە کۆتیان دە ملی کردییە

بردیانە خزمەت سوڵتانییە

عەرزی کرد: قوربان سووچم چییە؟

سوڵتان فەرمووی: جوابت نییە.

عەرزی کرد: ئەو کەلاموڵڵایەت بۆ مۆرکردییە؟

خۆ لە زاتی توو درۆ نییە.

درۆ نابێ بەڕەوانی

بەفەرمانی خوڵای سوڵتانی

ئەمینی پێغەمبەرانی

ئاخر لەسەر چم هەیە غەیانی؟

سوڵتان فەرمووی: مەیدوێنن

قوڕقوشمی بۆ وەتوێنن

نابێ بەزێڕی بخنکێنن

میرسەیفودین دەگرییە

دەڵێ: قوربان! قابیلەتی ئەوەم نییە

بەغدام دا بەتوو بەیەکجارەکییە

مەمخنکێنە سووچم نییە

سوڵتان فەرمووی کەس نەمدوێنێ؛ تکا نییە

بەحەقی ئەوەی ڕەببییە

دەنا بارگینم بۆچییە؟

ئەو ساڵ حەوت ساڵە یاغییە

خەرج و پیتاک بۆ من نییە

ئەمن بەغدای وام بۆچییە؟

هەروا دەزانم شار نییە.

هیچ کەس نەبوو تکاکار

بۆخۆی گەلێک گریا بەزار

هاواری کرد بوو: یا جەبار!

یا بینای پەروەردگار!

یا پێغەمبەری موختار!

خەلاس بم ئەمنی گوناهکار.

چەند هاواری کرد پاڕاوە

فەقیر تکای بۆ نەکراوە

بەپاش ئەوەیان گێڕاوە

هیچ وچانیان لێ نەداوە

هەر بردیان لە ستۆیان داوە

جێبەجێ سەری بڕاوە

خەبەر بەقۆچ عوسمان دراوە

دەڵێ: چاوم کوێر بوو ئاغام نەماوە

ئاغاکەم چوو بوو ئەوجارە

سەریان لەوێ فڕێ دا خوارە

بەحەقی ئەوەی جەبارە

پاش میرسەیفودینی نازدارە

لەسەر ئەسپی بۆرە بوو ئەو کارە

ئەمن پێی بووم گوناهکارە

هیچ کەس نابێ لێی بێ سوارە

لێی سوارببێ لە مەیدانێ

بیکێشنەوە ئێختەخانێ

ئەمن دەمبڕێ ڕێی گوزەرانێ

ڕێی گوزەرانێم بڕاوە

ئەدی کەلاموڵڵایە چ بوو ناردی لەولاوە؟

نێوی خوڵای تێ نووسراوە

فەرمان وە درۆ گەڕاوە

ئیشاڵڵا خوڵا لێی تێک داوە

ئەمن دنیای ڕوونم نەماوە.

قۆچ عوسمان پیاوێکی هاری

بۆ ئاغای گریا بەیەکجاری

هاواری کرد: یا پێغەمبەر! توو موختاری

هەم موختار و مودەبیری

بێ ئاغا چ بکەم ئەمنی ئێخسیری

دەستی دابووە قەبزەی شیری

گوتی: خوڵایە، کەس نەزانێ

لینگی دا بۆ ئێختەخانێ

کە گەیییە ئەوێ، دانامێنێ

دەستی دا، شیری دەردێنێ

پاشووی ئەسپی بۆرەی دەپەڕێنێ

دەڵێ: لەپاش ئاغام نەمێنێ

بڵا نەمێنێ بەیەکجاری

ئەمنیش حەرام دەکەم سواری.

خەبەر بە سوڵتانی دراوە

ئەویش لە ئێختەخانەی گیراوە

سەری ئی ویش بڕاوە

خەبەر بەبەغدایە گەڕاوە:

هەرتکیان مودەیان تەواوە.

دایکی میری دەڵێ:

هاوینێک گەیوەتە دایکی میرسەیفودین بەگی؛ چەند هاوینێکی گەرم و دژوارە

وەک بەدەشتی باڵینێدا دەچوومە خوارە

نەمدی چ پیاوی بەفێس و دەسترۆک، کیژی مل بەهیزارە

وەکو بڕێکی دی بە دەشتی باڵینێدا دەهاتمە خوارە

تەماشا دەکەم، غەڵەبەیەک لە دوور دیارە

ئەگەر دەگەیمەوە برا ماقووڵێکی لێک دەکرد پرسیارە.

دەمگوت: ئەوهە چییە لەوێ دیارە؟

دەیگوت: نازانم بەیەکجارە.

بڕێکی دی بەکۆڵانی ڕۆمییاندا دەچوومە خوارە

تەماشام دەکردەوە ئەوجارە

ئەو غەڵەبەیە دوو هەزار کەس دەبێ بەئەژمارە

دایک سەری بێ بەقوربانی سواری لە شین بۆرەی، لەبن خێوەتی وەزیری

بەغدایەی دەکرد تەقڵە و هاوارە

خوڵا ماڵە ڕۆمییان خراکا، بەدەنگێکی بڵند هاوار دەکەن

سەری میرسەیفودینیان بڕی قاڵبیان لە مناران فڕێ دا خوارە.

لەو دەوری هەتا ئەو زەمانی

بابادەمی، هەتا نۆشیروانی

لە نۆشیروانی هەتا جمجمە سوڵتانی

هیچ کەسم نەدی وەک میرسەیفودین بەگی نان بدا، سەغی بداتەوە نانی

ڕاوکەرە، ڕاوی خۆی داویتە بەڕیە و بیابانی

کار ئاسکان دەگرن بە قەفی گۆچانی

قەڵێدەی زێڕیان دە ملی دەکا، بەریان دەداتەوە بیابانی

دایکی دەڵێ: ڕۆڵە! ئەوە ناشوکرییە.

دەڵێن: دایە! ناشوکری نییە، لەپاش مردنی من ساڵێکی دەبێتە نان گرانی

ئاغا و نۆکەر و نایبی من ڕووی خۆیان بکەنەوە چۆڵ و بیابانی

کار ئاسکان بگرن بە قەفی گۆچانی

قەڵێدەی زێڕیان لە ملی دەرێنن بیدەن بەپاروو پارووی دە نانی

ئەو ئاسکانە بەردەنەوە بیابانی.

دایک دەڵێ: ڕۆڵە! ئەوە بەخشندەیی نییە. دەڵێ: دایە! بەرشەوێ دەکوژمەوە

کەڵی، پاشەوێ بەرانی.

دایک دەڵێ: ئەوەش بەخشندەیی نییە. دەڵێ: «دایە! دەبەخشم شیرێکی دەبان

بەندە شیرێکی سورمە کەوڵێکی دە ڕۆمییانی».

خوڵا! ماڵە ڕۆمییان خرابکا؛ بەدەنگێکی بڵند بانگ دەکەن، دەڵێن: سەری

میرسەیفودین بەگیان بڕی، قالبیان فڕێدا دیوەخانی دە تەتەرخانی.

ئینجا بەگمە خاتووم دەڵێ: خوشکێ گەورەی خانێ!

بڵا ئەستۆی خۆمان بەرن سەر کووپەڵەی خمی. ئەتوو تێبنێ بەرسەرێ ئەمن

تێی دەنێم بەرتانێ

ئەستۆی خۆمان هەڵببڕین بە تیخان سەری خۆمان بتاشین بە گوێزانێ

ئەوڕۆ دوو ڕۆژە نوڕەنوڕی تاژی و توڵان نایە لە دەرکی ئۆترەخانێ

چووڕی بازی نایە لە جبەخانێ

کۆڕە کۆڕی ئەسپی بۆرە نایە لە دەرکی ئێختەخانێ.

مافوورە و سەرەندازان تۆزیان لێ کەوت، کەس نییە لەسەری بکا سەرترینجانێ

تاس و تەبەغ ژەنگیان لێ کەوت. لەپاش کاکی وەک میرسەیفودینی کەس نییە پێی بکێشێ شیلانێ

خوڵا ماڵی ڕۆمییان خرابکا، سەری میرسەیفودینیان بڕی، کەس بە جەندەکی نازانێ

دایک سەری بەقوربانی سەری سواری شین بۆرە بێ، وەکو لەبن خێوەتی

وەزیری بەغدایە دەیکرد تەقڵە و جلیتانێ

دایک دەڵێ: چ بکەم لێم بڕا چارە

هەرچەندی خانووم و خاتوونن، پاکی بێ ئاغایە، وەکیل و وەزیرم بێ سەردارە

نۆکەر و تابیعەی کوڕی من پاکی ئەستۆ خوارە.

ئەدی قۆچ عوسمان نەهاتەوە لێی بکەم پرسیارە؟

دایک سەری بێ بەقوربانی سواری لە شین بۆرەی، ئەگەر لەبن خێوەتی وەزیری

بەغدایە دەیکردەوە تەقڵە و هاوارە:

ڕۆڵە، بەگمێ، گەوەرێ، وەرە، کوێنی دەبەر بکەین ئەوجارە

خۆمان باوێینەوە کن شاهەنشای، دەشقەمی بنداتێ تۆپ و تۆپخانە و سەربازی بەکارە

حاشا لە دینی کوردی عرووس و ئینگلیس بە ئیختیبارە

ئەگەر خوێنێم بۆ نەستێنن ئەوجارە

دەچم لە بارەگای خوڵای دەبمە عەرزچی و شکایەتکارە.