مەحمەڵ و برایمی دەشتیان ٢

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 9 خولەک  602 بینین

برایم گوتی:

«نابێ بشکێ قسەی پیاوانە

ئەمن بەجێم هێشتووە عەرز و مەکانە

بڕۆ خاتوون پەریخانم بۆ بێنە ئێرانە

هەتا دنیا خرا دەبێ لێمان دەگێڕنەوە قسانە

ئەمن دەس هەڵناگرم؛ چونکە میر زۆرابخان میری چەلیانە».

ئەو قسەیەیان تەواوکرد بەیەکجاری

مەحمەڵی دەناردەوە لەبۆ شاری

ڕووی دە شاری دەکرد، دە خزمەت خاتوون پەریخانێ

ئیکلامی دەکێشا، بانگیان کردە باڵەخانێ

ڕۆیان دەنا لە دیوانێ

خاتوون پەریخان دەیگوت:

کوێخای ئەو شارەی کوانێ؟

پێشکاری خۆم بۆ بانگ بکەنە مەیدانێ

هەمان بەسەری خۆم سوێند دەدەم، یان بەقورعانێ

ئەمن تەماحمە بەسەفەر بچم، نەکو میرزۆرابخان پێ بزانێ

زگی سەد کەسی دەدڕم لە دیوانێ».

ئەگەر ئەو مەسڵەعەتەی کرد تەواوە

شەو بەسەر داهات و بانگی شێوانی دراوە

دوو هەگبەی لە ماڵە خۆی لە زێڕ و ئەشرەفی کرد تەواوە

ئەسپی حدوودیان لە خاوێ دەرهێناوە

دوو بەدوو سوار دەبوون ڕکێفی خۆیان لێ داوە

شاری چەلیان لەوێ بەجێ ماوە.

کە لە ئەشکەوتی بێشوەیان بارکرد هیچ کەسێک نەیزانی

خێڵی خۆی لێ نا بۆ شاروێرانی.

هەتا حەوت ڕۆژانی کەس سۆراخی خاتوون پەریخانی نەزانی

هەڵگیرا و داد و دیوانی

شاری چەلیان وەخت بوو ببێ وێرانە

هیچ کەس نەبوو بکا حوکمانە

لەلایەکی بوو خانەبگیری، لەلایەکی بوو فەسادخانە

هەموو شاری چەلیان بووە لۆتیخانە

مەخلووق دەڵێ: «بڵا بەس تێک ڕابمێنین

«بڵا خەبەرێکی بە میر زۆرابخانێ ڕابگەیەنین».

مەخلووق هەڕای کرد بەڕەوانی

پاک چووە کن میر زۆرابخانی:

«توو خانێکی بێ متمانی

حەواڵی شاری نازانی

شارێکی یەکجار گرانە

لێی پەیدابوو لۆتیخانە

هیچ کەس نییە، بکا حوکمانە

دیار نییە ئەو خاتوون پەریخانە».

میر زۆرابخان وا دەزانێ

دەڵێ: «وەکیل و وەزیری کوانێ؟»

ناردی لە دوو وەکیل و وەزیرانە

«وەرن بکەن تەگبیرانە

دەڵێن شارەکەم وێرانە

تەگبیران بکەن تەواوە،

بزانن، لە شاری من چ قەوماوە؟

هەڵبەت پەریخان نەماوە

جا بزانن جیهەتی چییە

بۆچی ئەو شارە خۆڕایییە».

ئەگەر میر ئەو قسەی کرد تەواوە

کەوڵی بەشانی داداوە

یەکجار خۆشی بوو هەنگاوە

خەرقەی لێ بەجێ ماوە

گوتی: «خوڵایە چ قەوماوە؟»

لە دەرکی دیوانێ ڕاوەستاوە

گوتی: «بچن کوێخا دەرکی بێنن لەولاوە».

چەندی فەڕاش ڕاوەستاوە

ئیکلامی میریان کێشاوە

گوتی: «کوێخا دەرک، ئەمینداری تەواوە

بۆچ وا دیوان هەڵگیراوە

ئەو شارەم لێ وەرگەڕاوە؟

حیزباب! دەرت دێنم هەرتک چاوە

هەڵبەت پەریخان نەماوە

بۆچت لە من نەگێڕاوە؟

دەرکی دەروازەی بکە ئاوا»

کوێخا دەرک، وای جواب داوە:

«قوربان! مەعزوون نی بچی بەولاوە

مەعزوون نی یەک هەنگاو بچییە

خاتوون پەریخان حاکمی شارییە

چ بکەم، ئەوە حوکمی وییە».

میر گوتی:

«حیزباب! ئەگەر وا بەحوکمە، بۆچی شارم خۆڕایییە؟»

گوتی: «قوربان! چ بکەم، دەستەڵات بەدەستی من نییە.

ئەوشەو حەوت شەوە خاتوون لە ماڵێ نییە.

ئەگەر میر ئەو قسەی دەبیست تەواوە

خەدەنگی لە جەرگی دراوە

دەڵێ: «کارێکی گەورە قەوماوە

چلۆن ئابڕوومان بوو بڵاوە

ئیختیارم دە مست کچێ ناوە»

حەوت شەو و ڕۆژان تەواوە

چەندیان کاتیب دادەناوە

چەندی قاقەز دەنووسراوە

لە بۆ شاران بەڕێ کراوە

هەموو کەس بەسەر کراوە

جێ و جیهەتیان هەموو تەواوە

هەر جووتە شوانەکەی ئەشکەوتی بێشوەی نەماوە.

میر دەڵێ: «دیسان لێم شێواوە

دەگەڵ کرمانجم لێ قەوماوە»

بۆخۆی دیوانی داناوە

چەندی نۆکەر ڕاوەستاوە

تا ساڵەوەخت بوو تەواوە

تەواو دەبێ ساڵ لەوانە

ئەوجار شەڕی مەحمەڵ و برایمی دەشتیانە

مەحمەڵ دەڵێ:

«قەت گیرنابم لێرەکانە

تا دەچمەوە ئەشکەوتی بێشوەی جێی باب و باپیرانە».

کاکە برایم دەگریە دەڵێ: «ئەمە دوو کرمانجین خوێڕییە

میر زۆرابخان پادشای شارییە

نابینە موقابیلی وییە

دەسەڵاتم بەدەس نییە

دەنا دەکوژم مەحمەڵییە»

مەحمەڵ گوتی:

«کاک برایم گیانە!

ئەشکەوتی بێشوەی جێی باب و باپیرانە

چی دی گیرنابم لێرانە

چی دی گیرنابم لە جێی خەمێ

دەچمەوە خزمەت میری گەلێکی ماڵی دنیایە دەدەمێ».

برایم گوتی:

«سەگبابە! چلۆنم دەدوێنێ

میر بۆ ماڵی دادەمێنێ؟

پەکی کەوتووە لە خەزێنێ

حیزباب بەتاجی و توڵانمان دەخنکێنێ

خاتوون پەریخان ئاوارە دەمێنێ».

مەحمەڵ ئەگەر ئەو قسەی بیستییە

حەمایەڵی کردەوە لە قۆڵییە

سوێندی خوارد بەزاتی ڕەببییە:

«لەو شەو بەدەرەوە گیربوونم نییە

هەتا دەچمە ئەشکەوتی بێشوەی بەیەکجارەکییە

بۆ خەڵقی ناکەم خۆڕایییە

لە زۆران زۆر دەمرێ، لە کەمان کەم دەمرییە

میر ئەگەر دژمنایەتیم دەگەڵ ناکا، بەماڵی دنیایەی دەکەم خەنییە

جا لەوی بەدەر بزانم، قسەی چییە».

ئەوێ شەوێ تا بەیانی برایم هەر دەگرییە

دەڵێ: «سەرم چوو بەیەکجارییە

مەحمەڵم چوو چارەم چییە؟»

کە سبحەینێ ڕۆژ گرتی قەرارە

کاکە مەحمەڵ بوو سوارە:

«خاتوون پەریخان، نازدارە

بڵا بۆ چەلیان بچینە خوارە»

کاکە برایم زۆر گریاوە

خۆی ئاویتە کن کەیخودا و ڕدێن سپییان؛ چوون مەحمەڵی دەشتیان گێڕاوە

هێنای ئەوێ ڕۆژێ قەراری دەگەڵ ڕۆناوە

برایم دەڵێ:

«سبحەینێ براڵە! ماڵە خۆم باردەکەم دەچینەوە بەولاوە».

سبحەینێ کە بەیانی بەرداوە

ناردی ماڵ و دەوڵەتی خۆی هێناوە

باری کرد سەبر سەبری ئاژواوە

هەتا شەوی بەسەر داهات مەنزڵی گرتەوە تا سبحەینێ ڕۆژ کراوە

برایم گوتی:

مەحمەڵ و پەریخان وەرن، قەرارێکی پێکەوە بکەین تەواوە

میرزۆرابخان پیاوێکی ماقووڵە، ئەمە شیرمان لە ڕووی کێشاوە

ئەمە بۆ ئەشکەوتی بێشوەی دەچین، ئەجەل ئێمەی هێناوە واوە.

مەحمەڵ دەڵێ:

ئەو قسانەم هیچ پێ خۆش نییە

ئەگەر سەرم ببڕن، بەیەکجارەکییە

ئەمن دەس هەڵگرتنم لە ئەشکەوتی بێشوەی نییە».

سبحەینێ باریان کرد، هاتنە خوارەوە

هەتا ئەشکەوتی بێشوەی نەیانگرت قەرارە

کە لەوێندەرێ ڕۆنیشتن بەیەکجارە

پێیان زانی دژمن و برادەر و یارە

خەبەریان بۆ میر زۆرابخانی بردە خوارە

لێیان مەعلووم کرد ئەوجارە

میر زۆرابخان ڕادەمێنی

دیوانی خۆی دەڕەنگێنی

کێ بێ ئەو حەقەم بۆ بستێنێ

مواجبی زۆرم لێ بستێنێ

کە سەری مەحمەڵم بۆ بێنی».

وەکیل و وەزیر وایان گوتییە:

«قوربان! ئەوە کارێکی گەورە نییە

ئەو خوێڕیانە قابلەتیان چییە؟»

میر زۆرابخان دەنگ هەڵدێنێ لە دیوانێ:

«هەر کەسێک لە دڵم دەرکا ئەوێ خەمێ ئەوێ ژانێ

ئەو مووچە و مواجبی بۆ باب و باپیرانی بوو هێندەی دیکەشم دەدانێ

هەر کەسێک وەیکوژێ لەنگۆ، لە هەمووانە

دەیدەمێ کوێتی کەفەڵ پانە

دەگەڵ بۆرەی دە کەحلانە».

کۆنە نایب دەڵێ: «میران!

بەوەکیل و بەوەزیران،

بکەین ڕایە دەگەڵ تەگبیران

سبحەینێ سواربین بچین مەحمەڵ و برایمی دەشتیان بدەینە بەر شیران».

حەسەن بەگ کوڕی میرییە دەڵێ:

«بابە ئەو ڕابەری، زۆر ڕابەرێکی چاکە

بەزار زارگوتە بەدڵ دەگەڵ ئەمە پاکە

ئەو ڕاوتەگبیری ئەو نایبە بۆ مەی دەکا

قەت باب بۆ کوڕی خۆی ناکا».

میر دەڵێ:

«دەنا سوارێکم دەوێ لە شێیە

بڕوا ببێ نیشتەجێی

بزانێ مەڕی مەحمەڵ و برایمی لە کوێیە».

ئەو کێ بوو لە سواری شێی کەحلانە

لە هەمووی دەچوو بەسەرڕەو و لینگدانە

تا گەیییە مەڕی مەحمەڵ و برایمانە.

دەیگوت: «ماندوو نەبێ، بەدەوڵەت بی، شوانە!

ئەمن خزمم، نابمە بێگانە

مەڕی مەحمەڵ و برایمان کێهەیە لەوانە لە هەمووانە؟»

کە برایم دەڵێ:

«سوار! بەئیلاهی کەم، بەڕەببییە

بە موحەمەدی کەم بە نەبییە،

ئەو مەحمەڵ و برایمی دەشتیان ئەتوو لێی دەپرسییە

نەمدییە نەمناسییە

بچۆ، پرسیارێ بکە لێکی دییە»

سوار دەڵێ:

«مەحمەڵ! بۆ وا شێتی، چ نەزانی؟

کاوڕم دەیە، دەگەڵ شەکی، بەرتیل دەگەڵ بەرانی

دەچمەوە کن میرزۆرابخانی

دەڵێم میرێکی بەمتمانی

ئەلحەملای ساحب دیوانی

حورمەتت هەیە لەکن سوڵتانی

ئەمنت ناردووە بەڕەوانی

سۆراخی مەڕی مەحمەڵ و برایمی دەشتیانم نەدەزانی».

هەرچی برایم بوو لە پێشی مەڕی بوو سوار سوال و جوابی دەگەڵ ئەوی دەکرد.

هەرچی مەحمەڵ بوو لەنێو مەڕی بوو؛ مەڕی زابوو بەرخی فرچک دەدا جوابی

سواری داوە.

مەحمەڵ دەڵێ:

«سواری، پووچی گوتی

ئەوڕۆ بەرتیلدان لە مێردان نییە

سەری سواری دەکوتم دە مەشکی ژنێ مێر زۆرابخانییە».

مەحمەڵ دەڵێ:

«سوارە! مەحمەڵی دەشتیان ئەزم

ساحبی دوازدە بەران و حەوت نێریی مەرەزم

بەحەقی قورعانێ هەتا وابزانم لەسەر ئەو قەوەتەی بم لەبەر گووخۆری دە

چەلیان هەڵنایەم و نابەزم.

سوارە! مەحمەڵی دەشتیان ئەمنم بۆخۆمە

ساحبی دوازدە بەران و حەوت نێریی بە ئەسرۆمە

هەتا لەسەر ئەو قەوەتەی بم، لەبەر مەردچاک و میری ئەو شارەی ناڕۆمە

ئەگەر میر لێی پرسی، لەبەر جوابی میری نەبێ، ئەمن دە شانانتڕا دەگروومە».

ئەگەر سوار وای دەبیستییە

پشتی دە مەحمەڵی دەشتیان کردییە

دەڕۆیی بەرەو میرییە

خۆشی داژوا ئەو ئێڵچییە

بەوی دابوو مزگێنییە

دەڵێ: «میر. ئەگەر لەشکرت زۆر نەبێ، زەفەربردن بەوی نییە».

برایم دەڵێتە مەحمەڵی جندییە:

«لێت حەرام کردم هێندییە

سوار ڕۆیەوە بەزیزییە

دەچێتە خزمەت میرییە

قسان دەکا بەیەکجارییە

میر مەجلیسی گرتییە

لە باسی سەری من و توو زیاتر هیچ نییە».

مەحمەڵ دەڵێ:

«برایم! خۆ میر پیاوێکی زۆرچاکە

بەزارگوتە بەڵ دەگەڵ ئەمە پاکە

ئەگەر بەگوێی خۆم گوێم لێ بێ، میر گەفێ لەسەری من و توو ناکا».

برایم دەڵێ:

«کاکە مەحمەڵ بۆ وا چ نازانی؟

مەڕی خۆت وەرگێڕە سەر بەردی بەردەڵانی

ئەمە بۆخۆن بڕۆین، سەری پەزی بە کونی بابی خودانی

ئەمە شەڕمان پێ ناکرێ دەگەڵ کەڵێکی وەک میر زۆرابخانی

هەر ئەودەمەی خۆت بەئەبلە و عەوام زانی

لەبەر پێشکاری شەیتانی

ئێستا دژمنی میری چەلیانی

دەمانکوژن، کەس نازانی

مەڕی خۆت وەرگێڕە سەر چێشتێ و چێشتەنگاوێ

زەینی خۆت بکە تیشکی ڕۆژێ، ڕووی خۆت بکە دە تیشکی تاوێ

ئەوڕۆ میر زۆرابخان بەئینجەتی سەری من و توو دێتەوە ڕاوێ،

مەرد ئەوەیە لە مەیدانێ خۆی دەرناوێ».

کاک مەحمەڵ دەڵێ:

«کاکە برایم! ئەمن ڕێوی نیم، لە کونان وەشرم

کەروێشک نیم، لەبەر هات و ڕەوی سواران خۆ دە گەرمەلانان گرم

ئەوڕۆ لە مەیدانێ، بە خەنجەرێکی دەبان، لە بۆت دەگەڵ سواری دە چەلیان دەمرم».