گوشادیی عوقدەیی خاتر بە کارێ بوو ئەویش ڕابورد
لە کتێبی:
دیوانی سالم
بەرهەمی:
سالم (1800-1866)
1 خولەک
759 بینین
گوشادیی عوقدەیی خاتر، بە کارێ بوو، ئەویش ڕابورد
دڵی پڕ شۆرشم خوشنوودی یارێ بوو، ئەویش ڕابورد
موقیمی خاکی کۆی جانانە بووم، حاجیب دەری کردم
لە بەرچاوی عەدوو بۆ من ویقارێ بوو، ئەویش ڕابورد
چراغی عومری شیرینم شەوی دووری بە پایان هات
زەمانی وەسڵی دڵبەر ڕۆژگارێ بوو، ئەویش ڕابورد
لە عوریانی پەشیمان نیم ئەگەرچی مەشقی مەجنوونە
بە کەف جیبی دەڕیدەم ئیعتیبارێ بوو، ئەویش ڕابورد
ئەوەند باری بەخوڕ ئەشکی نەما ئەم چەشمە بێ ئاوە
بە یادی قەددی سەروت جۆیبارێ بوو، ئەویش ڕابورد
بە بێداری لە یادی نیم وەسڵێ، غەم بەسە سالمناسناوی ئەدەبی
لە خەودا دەفعەیێ بۆس و کەنارێ بوو، ئەویش ڕابورد!