کابرایەک هەبوو لە دێی تورجان مام ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  641 بینین

کابرایەک هەبوو لە دێی «تورجان» مام قەرەنی ناو بوو، کابرایەکی پیری شڕی هەژار بوو، سەروسەکوتی ئەوەندە سەیر بوو هەرکەس چاوی پێ ئەکەوت دەستی ئەکرد بە پێکەنین! کردەوە و هەڵسان و دانیشتنی وەکوو شێت وابوو کەچی شێتیش نەبوو!

گۆڕستانێک لە نزیکی تورجانە، زۆرتر مردووی ئەو ناوە دێننە ئەوێ. ڕۆژێک لەو دەورە مردوویێک ئەمرێ و ئەیهێننە ئەوێ. پیاوەکانی تورجانیش کۆ ئەبنەوە ئەچن بۆ گۆڕستانەکە بۆ ئەوەی لە ناشتنی مردووەکەدا لەوێ بن! مام قەرەنییش ماکەرە قۆڕێکی لاتی هەبوو، سواری بوو کەوتە شوێنیان. خەڵکەکە کە پێیان وت: مام قەرەنی پیاوەتیت ببێ مەیە، خەڵک و خوای بێگانە زۆر لەوێیە، ئێمە بۆ شیوەن ئەچین، بۆ شاییی ناچین، شوورەیییە نەوەک یەکێ بتبینێ بۆ ئێمە باش نییە، کە هاتینەوە دە ڕبە گەنمت ئەدەینێ. مام قەرەنی وتی: باشە و گەڕایەوە.

پیاوەکان چوون و گەیشتنە سەر گۆڕستانەکە و خەڵکێکی تری زۆریش لەوێ بوون. مام قەرەنی کەوتەوە بیری ئەوەی کە بە کام ڕبە گەنمەکەی ئەدەنێ! دوو ڕبە لە ئاوایییەکەیانا هەیە، ڕبەیەکی گەورە و ڕبەیەکی بچووک. هەستا چوو هەردوو ڕبەکەی هێنا، هەر یەک تاڵەبەنێکی تێخستن و بەستی بە کورتانی کەرە لۆتییەوە و خۆی سواری کەرە بوو. بەڕێ کەوت، بەنەکان درێژ بوون، ڕبەکان ئەخشان لە زەوییەکە، بەم تەق و هۆڕە و دیمەنەوە چوو بۆ گۆرستان.

مام قەرەنی لەپێشا خۆی بوو ئەتوت مەیموونە، ئێستا ئەم دوو ڕبەیەش وەکوو دوو کیسەڵ بە شوێن خۆیەوە بە تەق و هۆڕ زیادی کرد، ئەوەندەی تر دیمەنی پێ دابوو! کە چووە سەر گۆڕستان هەموو عالەمەکە دەستیان کرد بە پێکەنین! وتی: ئەوە بۆچ پێئەکەنن؟ من هاتووم بزانم بە کام ڕبە لەم ڕبانە گەنمەکەم ئەدەنێ، بە گەورەکەیان یان بە کچکەکەیان؟ با بۆم ساغ بێتەوە، وتیان: مام قەرەنی ئێمە وتمان با کەتن ڕوونەدا، کەچی ئێستا تۆ خراپترت کرد، بە خوا تازە دەنکت نادەینێ!