مەلایەک بۆ حەج ئەچوو لەو وڵاتی شام...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  815 بینین

مەلایەک بۆ حەج ئەچوو. لەو وڵاتی «شام»ەدا لەگەڵ گاورێک بوون بە هاوڕێ. کە ئەم ئەچوو بۆ حەلەب، شەوێ پێکەوە دانیشتبوون. گاورەکە دەستی برد قاپێکی دەرهێنا و دەستی کرد بە عەرەقخواردنەوە، پیاڵەیەکیشی تێکرد و دایە دەست مەلاکە. مەلا بەبێ قسە وەریگرت.

ئینجا گاورەکە وتی: «قوربان ئەمە عەرەقێکی چاکە». مەلا وتی: «بە چییا ئەزانی؟» وتی: «قوربان، پیاوەکەی خۆمم ناردە بازاڕ، وتی: لە جوولەکەیەکم کڕیوە، جووەش سوێندی خواردووە کە عەرەقێکی کۆنە و هیچ شتێکی تێکەڵاو نەکراوە».

مامۆستا کە ئەمەی بیست، خێرا پیاڵەکەی نا بە سەرەوە و چۆڕەبڕی لێکرد، وتی: «تۆ کەری! ئێمە کە باسی حەدیس ئەکەین، ئەڵێین لە تابعینەوە، تابعین لە ئەسحابەوە و ئەسحاب، لە پێغەمبەرەوە. ئێستە من چۆن بڕوا ئەکەم کە گاورێک لە پیاوەکەیەوە و پیاوەکەی لە جوولەکەیەکەوە قسە بگێڕێتەوە؟ بڕوا بکە هەر لەبەر ئەوە خواردمەوە کە ڕێگەی قسەگێڕانەوەکەم بە لاوە بەهێز و باش نەبوو».