کابرایەک هەبوو ئەحە خڕنووکی ناو بوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  775 بینین

کابرایەک هەبوو «ئەحە خڕنووک»ی ناو بوو. ئەم ئەحە خڕنووکە ئیشی «شایەر» بوو؛ شایی ئەگێڕا. ژنێکی هەبوو «باجی سەمەن»ی ناو بوو. باجی سەمەنیش ئیشی ئەوە بوو، مردووی ئەلاواندەوە، «سەردۆڵ» بوو؛ هەر مردوویەک بمردایە، ئەهاتن ئەیانبرد ئەیلاواندەوە، لەگەڵ ئەمەشا دیسان ژیانیان هەر کووڕ بوو.

شەوێک باجی سەمەن هەروا تۆزێ دەستی کرد بە لووتوپووتکردن لەگەڵ مێردەکەیا. ئەحە پێی وت: «مردووت مرێ! لووتوپووتی چی ئەکەی؟ کێ وەکوو ئێمەی بۆ هاتووە؟ دنیا دوو چمکی هەیە! یا خۆشییە، یا ناخۆشی؛ ئێمە هەردوو چمکەکەمان گرتووە. ئەگەر ویستمان خۆشی بکەین من بە باڵای تۆدا ئەڵێم، ئەگەر خۆ ویستمان ناخۆشیش بکەین تۆ من بلاوێنەرەوە، ئیتر ئەمەی بۆ چییە؟»