ئەمەش هەر لە قسەی کوردییە ئەڵێ جارێک کە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  827 بینین

ئەمەش هەر لە قسەی کوردییە ئەڵێ: جارێک کەروێشکێک بۆڵە ترێیەکی دییەوە. ڕێوییەک هات لێی فڕاند و خواردی. لێیان بوو بە هەرا و وتیان: با بچین شەرع بکەین. هەستان چوون بۆ لای «مارمێلکە». لەبەر کونەکەیا ڕاوەستان و کەروێشک وتی: «هەی مارمێلکەی باڵابەرزی نەوجوان، ئەی قیت و قنجەی چۆڵ و بیابان!» مارمێلکە وتی: «ئەڵێی چی؟ هەی دەنگخۆشی دەربەندان، هەی زمان شیرینی زمانزان؟» وتی: «هاتووین شەرعمان بکەی». وتی: «هاتوونەتە لای دانایەکی شەرعزان». وتی: «وەرە دەرەوە لامان». وتی: «مامۆتکان ئەچنە لایان». وتی: «من بۆڵە ترێیەکی شیرینم دیبۆوە، ڕێوی هات لێمی فڕاند و خواردی». وتی: «دیارە چاکەی بۆخۆی ئەوێ». وتی: «مستەکۆڵەیەکم لێ دا». وتی: «لەباتی هەقی خۆی کردووتەوە». وتی: «ئێستە شەرعمان بکە». وتی: «کردم».