خەزێم

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 9 دقیقه  1500 مشاهده
کچی دۆمی حەزی لە کوڕی دۆمی دەکرد. ڕۆژێکی داوەت بوو. هاتنە کن کوڕەکەی گوتیان: «مەقامان بڵێ داوەتێ دەکەین ئینشاڵلا».کوڕەکەی گوتی: «لێم ڕاوەستن هەتا نیوەڕۆیە؛ نیوەڕۆیە جوابو دەدەمەوە». پیاوەکان ڕۆین. کوڕەکە لەدوو کچەکەی نارد، گوتی: «ماڵە وەستا شاڵی داوەتیانە بچم یان نەچم؟» گوتی: «بەڵێ. دەبێ بچی داوەتێ بکەی». نیوەڕۆیە هاتنەوە کنی. گوتیان: «داوەتەکەمان بۆ دەکەی یان ناکەی؟» گوتی: «بەڵێ؛ دێم». کوڕەکە هەڵستا چووە مەیدانێ، دەستی بەموقامان کرد. داوەتی گێڕا. تەماشای کرد دۆستەکەی وی نەهاتبوو. دەگریا، گوتی: «شاگرد! ئەو داوەتەی بگێڕە». وەدەرکەوت، چووە کن دۆستەکەی خۆی، گوتی: «عومرەکەم، ئەوە بەرگەردیان کردووی، بۆچی دەگری؟» گوتی: «وەڵلا کەسی ئیلاقەی نەکردووم؛ بەڵا کراسم نییە بۆیە نایەم». گوتی: «ئەوە دەچمە نێو داوەتێ بانگت دەکەم پارچە هەیە بە جووانە، هەر کراسی کەیفت دێنێ بیکڕە». گوتی: «ئەمن سێ کراسم بۆ کردووی». گوتی: «ئاخر دایکیشم چوار کراسی بۆ کردووم، حەوت کراسم هەیە، هیچیان بەکەیفی من نین» گوتی: دەچم بانگت دەکەم». چۆوە، دەڵێ:
«ڕۆژێک لە ڕۆژان سەر لە سبحەیانێ
یارم ڕاوەستا لەپێش هەیوانێ
بە زوڵفی لوولی دەکا شەڕانێ
هەنیەی زەریفە مانگی ئاسمانێ
بە چاوی ڕەشی دەکا گریانێ
کوڵمەی فانۆسە وا لە دیوانێ
کەپۆی یاقووتە، مەگەر هەیاسی دانا مەعنای بزانێ
لێوی ئیستیفە، لەسەر دووکانێ
ددانی گەوهەر، وا لە کارخانێ
پرسیم بۆ دەگری ئەی عەمر و چاوم ئەی کیژە جوانێ!
دەڵێ: کراسم نییە بچمە دیلانێ
دەڵێم بینایی چاوم گەوهەر و دوڕم!
من باڵدار نەبووم، بەباڵان بفڕم
محەندەک نەبووم، بەخۆم بخوڕم
بچمە میسر و شام کراسێک بکڕم
بچمە میسر و شام
ئەگەر پێم بچێ حەوت ساڵی تەمام
ئاوی مەکانان بە من بێ حەرام
هەتا بە سەد ساڵی هەر بۆ خۆم غولام
ئەو کراسە بە من دەبێ تەمام
لە کاری خوڵای چلۆن تەعجوب مام
ڕۆژێک لە ڕۆژان چوومە باژێڕی
خواجەیەکم دی کیمخوای دەگێڕی
نیو گەزم لێ کڕی بە سێ سەد زێڕی
دوو سەتیشم دا نەکو وەی گێڕی
خوڵاکەی وەستاینە! کراسی چابێ
هەر دوروومانی لالێک تێدابێ
نازدارم زیزە، پێی قایل نابێ
دەبێ قایل بکەم، دنیا خرابێ
ئەگەر ئەو زیز بوو کاسبیم نابێ
کاسبیم نابێ دەبم سەرگەردان
خەریک و خەمناک کەوتمە خێڵان
وێڵداش و خزم لێم دەکەن فێڵان
هەی! مزگێنی بەرن کراس هاتەوە
دەبڵێن بە لەیلام بێ بیباتەوە
دەڵێ کراسم دەوێ ساف لە ماهووت بێ
دەوری دامێنی دووڕ و یاقووت بێ
لە ڕاستی مەمکی دەنکی زمڕووت بێ
کراسم دەوێ، ساف لە کیمخوا بێ
کۆبەی قەنەوز، بەری خارا بێ
ڵاڵ و گەوهەر گوڵاوڕێزی بێ
کەتانی هیندی پەڕاوێزی بێ
نێوی مەمکانی نەخش و نیگار بێ
وێنەی هیندوستان کاری دیار بێ
سەد وەستام دەوێ، لە پایە عەرزی
دووسەد شاگرد بێ بۆخۆی و دەرزی
کراس بدروێ لە گوڵووکی ڕەزی
لە بەژنی یارم بۆخۆی بلەرزی
سەد وەستام دەوێ لە بانی کۆیە
هەشتا لە مووسڵێ، شێست لە شنۆیە
کراس بدروون لە گوڵی لیمۆیە
دەبڵا تەنک بێ
ناسک و شلک بێ
بۆ چاو هەڵۆیە
سێ سەد وەستا بێن لێرە لە لاجانێ
شێست بێن لە مووسڵی چل لە تارانێ
کراس بدروێ گوڵووکی ڕێحانێ
دەبڵا تەنک بێ
ناسک و شلک بێ
بۆ نەشمیلانێ
سێ سەد وەستا بێ لەلای دریازێ،
شێست بێن لە مووسڵێ، چل لە شیرازێ
کراس بدروێ لە گوڵی پیوازێ
دەبڵا تەنک بێ
ناسک و شلک بێ
بۆ بووکە نازێ
گەلی برادەران با گوێ بدێرن ئەو باسە
تەماشای ئەو کوڕەی، چەندە ئیخلاسە
لە دنیای ڕوون بوو بە خەواسە
لە سوێ ئەو کچەی بوو کەڕ و کاسە
نازانم هیندییە، یانە بڵباسە
بۆ خاتری خوڵای! ئەمن بناسە
یار دەبەر ناکا قەت ئەو کراسە
دەڵێ ئەدی چ بکەم لە ڕووی دنیایە؟
لەوەی زیاتر چم لێ پێک نایە
لە بۆم بانگ کەنە سەید و مەلایە
دەگەڵ دایکی خۆی بکەن تکایە
بڵا زەحمەتی من نەچێ بەزایە
تکایان لێ کرد بەهەموو دنیایە
وەرە، کراس تەواو بوو بچۆ دەستی شایە
ئەوڕۆ هەڵپەڕە، تا ڕۆژاوایە
دڵت خەمگین نەبێ بکە سەفایە
سەید و مەلاینە! چەند بەجگەرم
ئەنگۆ وا دەزانن، زۆر قەلەندەرم
لەنگۆ وایە، زۆر منەتبەرم
خۆڵی حەوت گوندان دەکەم بە سەرم
ئەو کراسەبێ و نایەتە بەرم
لەو خەڵقە وایە من سەوداسەرم
لەنگۆ وا بێکەس و بێ برادەرم
حاشا و مادوڵڵا! وا قەلەندەرم
دێم هەڵدەپەڕم تا کەیفیش بەرم
ئەگەر وای زانی ئەو نازەنینێ
هات و دەستی گرت لە هەڵپەڕینێ
خۆی بەعەزرێدا دا تا ڕۆژاوایە
خەزێمێکی ئاڵتوونی لە کەپۆیدایە
دە کەپۆی خۆی کرد لە بۆ جوانی
هێند هەڵپەڕی لە ڕووی زەمانی
لە کەپۆی کەوتبوو بەخۆی نەزانی
بەخۆی نەزانی ببوو جانفیدا
ئاخر لەو کراسەی وا کردبوو حاشا
ئەلحەمدولیلا خەزێمیش نەما
هەتا ئێوارێ فەسلی ڕۆژاوا
داوەت بەرهەڵدا کرا، خەڵقی گەڕاوە
کە چۆوە ماڵێ شووشتنی چاوە
بسکی خورمایی دوو بە دوو کراوە
ئەگەر ئاوێنەی بۆ خۆی هێناوە
تەماشا دەکا ڕەنگی سووتاوە
لە کەپۆی خۆی نواڕی خەزێم نەماوە
چ بکەم، چ بکرێنم، ئەمنی فەقیر
مەگەر خوڵاوەندی عالەمین بکا دەزگیر
لێم قبووڵ نەکرد کراس لەو فەقیر
خوڵا وای لێ کردم بووم خوڵاگیر
کوڕەکە گوتی: «بڵا بچم بزانم، کراسەکە درواوە یان نەدرواوە».
ڕۆژێک لە ڕۆژان فەسڵی نەوبوهار
بەڕێزەی ماڵاندا دەچوومە خوار
یارم ڕاوەستا زویر و زگار
فرمێسکی چاوی قەت نەیگرت قەرار
بەسەر کوڵمانیدا دەهاتە خوار.
دە دڵم بەربوو ئاورێکی بێ ئیختیار
پرسیم: بۆ دەگری حەبیبی نازدار؟
لە عەیبەتان دڵ ناگرێ قەرار.
پرسیم: «بۆ دەگری، ئەی عەمرم، چاوم
یارێ، نازدارێ، بسکێک لە خەنەی، یەک لە ژەنگارێ».
دەڵێ: «خەزێمم لێ کەوت فەسڵی ئێوارێ
مەگەر ئێڵچیان بنێرمە بێنازێ».
پرسیم: «بۆ گریای ئەی ماڵە بابم
ئەی عەمر و چاوم یار نازەنینێ
لێم بووی بە پەریزادەی چینێ
دەڵێ: خەزێمی کەپۆم کاری مێردینێ
لە کەپۆم کەوت لە هەڵپەڕینێ
مەگەر بچم بۆ وڵاتی مەدینێ»
ئەگەر لاو زانی ئەو قەرە خەبەر
خۆڵی حەوت دێیان لاو دەکا بەسەر
دەڵێ: ئەگەر نەمرم، بژیم، بمێنم
دەبێ ئینشاڵلا ئەو کارەی پێک بێنم
یانە ماڵی خۆم پاک دەدۆڕێنم
یان ئەوەتا سەری خۆم دەبەتڵێنم
یان دەچمە ئیسفەهان خەزێمێک دێنم
یان دەبێ لێم ببڕێ ڕێی گوزەرانێ
یان عێلی تەرک دەکەم، هەموو کەس بزانێ
لێم حەرام ببێ گەرمێن دەگەڵ کوێستانێ
قەت چەکوچی نەکوتم لەسەر سندانێ
لە خۆم حەرام دەکەم ڕێی گوزەرانێ
یان بۆ خەزێمی دەچمە ئیسپەهانێ
بە قاسیدی بە هەموو کەس بزانێ
هەر ئەوێ دەمێ گوت بە دەڵاڵان
لە بۆم بگەڕێن لە هەموو ماڵان
هەر لە گەورەیان هەتا منداڵان
هەر لە منداڵان تا ئیختیاران
تازیەی ڕابگرن تا حەوت ساڵان
پاک سەرو دەبڕم ماڵ بێ بەتاڵان
ئەگەر تەزکەرەی پادشای دەخوێنی
ڕەئیسی بەبان تاعجوب دەمێنی
ئەو ساڵ ئیساغا خەرجێ نەستێنی
توخمی پیر غەیبم لێم بکە سەڵاوێ
پایزێک دادێ، مەکەن هیچ ڕاوێ
هاتەهات مەکەن لە چۆمی گەرماوێ
ئادەربایجان تا وڵاتی ئێران
قافڵە دە بەند چوون هەموو ڕێ گیران
لە شاری سنەی دووکان هەڵگیران
خەزێم بزر بوو، دادێکی گیران
ئێران و تووران بەغدا و ئیسپەهان
تەورێز و تاران جزیرێ بۆتان
سەردەشت و سنە تا وڵاتی سەقز
عالەم لە تازییەی خەزێمێ بوو کز
سەردەشت و سنە بەلای شنۆوە
عالەم ڕۆنیشتووە دەست بەئەژنۆوە
ورمێ و مەراغە تاکو قەندەهار
بازاڕ و دووکان نەبێ قەت لە شار
بەبە لە سەران قەت نایەتە خوار
حوکماتی نەکا ئەو پادشای سەردار
نابێ ئەو دنیا ببێ بەرقەرار
تەڕەدود ببڕێ لە ڕێی ڕاگوزار
حوکماتێ نەکا پادشای ئامێدی
داسنی و دنیا و سما و ئێزیدی
ناچنە تەوافی قەبری شێخ ئادی
داسنی و دینا، تەمامی وڵات
قایل نیم هیچ کەس ڕمبازیێ بکات
قایل نیم هیچ کەس بکا جلیتانێ
هەر تازیەبار بن بۆ نەشمیلانێ
دەبێ خوڵا ئەو کارە بزانێ
یانە تێک دەدەم وڵاتی ئێرانێ
دەبێ ئینگلیس و عرووس بزانێ
ئەویش تازیەی ڕابگرن بۆ نەشمیلانێ
خەزێمی لێ کەوت لە گەڕی دیلانێ
سەنگە و دەلۆ خێڵی پاڵانی
لەک و زەنگەنە، خزمی بووبانی
وڵایەتی شوان، لاس و ڕۆژبانی
لەوێش بەتازیەی خەزێمیان زانی
لەوێش ڕۆنیشتن بەدڵگرانی
دەڵێم: «خەبەرێک هات لە وڵاتی ئێرانێ
دەبێ گەرمێنیش پاک پێ بزانی
خەزێم بزر بوو، هیچ کەس نەیزانی
خەزێم بزر بوو، لە گەڕی لاوان
ئەوجار ئیساغای نارد بۆ دەراوان
لاوی دە خمیدا دەسڕە و کوڵاوان
خەزێم بزر بوو تازیە لە لاوان
گریان زۆر بووە بۆ بەڵەک چاوان
خەلق خەمگین بوو بێ سووچ و تاوان
پاک تازیەبار بوو خەڵقی ئێرانێ
خەبەرێ بەرن پادشا بزانێ
ڕوحمێکی بکا بۆ ڕێ گوزەرانێ
بنێرێ زێڕینگەر بێ لە ئیسپەهانێ
خەزێمێکی دروس بکا، بۆ نەشمیلانێ
بڵا سوڵتانی ئەستەمبووڵێ بەوهەی نەزانێ
دەنا دە مەخلووقی دەخەن قڕانێ
شادی هەڵدەگیرێ لە مەملەکەتی ئێرانێ
زێیە بادینان چ گەورە و پان بوو
قومێکی ئاوێی تێدا نەمابوو
ماسیی بەستەزمان هەمووی خنکابوو
لە دەریام کردووە وا پرسیارێ
دەگەڵ دەریام دوو قسەی گوفتارێ
دەڵێم: «بۆ ئیشک بووی بەتەڕی بەهارێ؟»
دەڵێ: «تازیەیە بۆ خەزێمی یارێ»
جوابێکی بەرم بۆ ئێرەوانێ
قاقەز بنووسم، دەگەڵ فەرمانێ:
«خەزێمی ئاڵتوون ئی کیژە جوانێ
لە کەپۆی کەوتووە لە گەڕی دیلانێ»
دە چیای سەفینێم بگەڕێ خەبەر
هەر گوڵێک لە عەرزی سەر بێنێتەدەر
بەقوڵینگی فەرهاد پۆڵای بەجەوهەر
لە ڕەگوڕیشەی بۆ دەکێشمەدەر
لۆلۆ شەقاوی لە دەم ڕووباران
خەیبەتیان دەکەم، سەد هەزار جاران
چەقالە و گێوژ وا بەکەوتەوە
بریان، لێک وەران، بەهەڵاتەوە
شینێکیان گێڕا، خۆش نەبێتەوە
تەتەرێک لەلای مووسڵێ هاتەوە:
«مزگێنیم لە تو، ئەی هەرێ لاوە!
خەزێم بزر بوو ئەوە بینراوە (بیندراوە!)
خەزێم بزر بوو سونگەی زەمانی
مزگێنیم هێنا بۆ ئەوڵاخانی».
خەبەریان دابوو بە مەخلووقی ئێرانی
بڵا چەپەر بڕوا، مەخلووق بزانی
تازیە هەڵگیرا لەنێو موسوڵمانی
هەزار ڕەحمەت بێ لە بابی «ڕەحمانی»
خەزێمی فێرکرد بە «ساحیبی ئەڵمانی»