جولندی ٢

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 13 دقیقه  1014 مشاهده

پێغەمبەری خوڵای دەست هەڵدێنی:

خوڵایە! ئەگەر ناتەوێ ئۆمەتێم لێ بەقڕبێنی

چەند مەلەکانم لەژێر زەمینێ بۆ دێنی

چەندانم لەسەر زەمینێ بۆ دێنی

چەندیش هاتن لە ژێر زەمینێ، هەموو هاتنە یارمەتی موحەمەدی مەدینێ

دەستیان کرد بە خەندەقێ خەندەق دڕینێ.

ڕەسووڵی خوڵای ڕاوەستاوە

تا خەندەگ بوو تەواوە

تەواون کرد بەدڵ و جانە

چل گەز قووڵە چلیش پانە

کە خەندەگ بوو تەواوە

پڕ لە ئاو ڕاوەستاوە

قامیش لەوێ هەڵستاوە

کە جوڵندی لە خەوێ هەڵستاوە

لەشکری پاک خڕ کراوە

ساحب مەنسەب هات لەولاوە

دەڵێ: سیحری عەلی زۆر تەواوە

ئەو خەندەقە چییە بنیاد نراوە؟

دوێنێ ئەمن ئەوهەم نەکەوت بەچاوە

کەنگێ لە عەلیان گێڕاوە؟

شەیتان گوتی: لێرە نەماوە،

ئەوە لە مەکەی دێشێ چاوە.

جوڵندی دەڵێ: سیحری عەلییە ڕۆنراوە

تەگبیرم بۆ بکەن بە هەمانە

بڵا لێی دروس بکەین کڵ و پردانە

هەموو ڕۆژێ نایەمە ئێرانە

دەبێ مەدینەی بکەم وێرانە

وێرانی بکەم یەکجارییە

بکوژم تاقە سوارییە

دنیا بۆ من یەکبەر بییە

قەت نەمێنێ موحەمەدییە

وایان گوت وەزیری وییە:

قسەی شەیتانی بەعی نییە

بە بوت و سەنەمێ سوێند خواردییە.

گوتی: عەلی لە ماڵ نییە

نابێ لەو کارەی خۆش بییە

چونکە ئەو درۆی کردییە

ئەو شەیتانی نەحلەتییە.

ئیمامی عومبەر لە ماڵ نییە

شەیتان هێنای مزگێنییە:

مەدینە چۆڵ و خۆڕایییە.

شا گوتی: ئەدی ئەو خەندەقە چییە؟

گوتی: شا بەسەری توو ئاگام لێ نییە

ئەو ماینێکی ئیمامی عومبەرییە

لە ماڵی خۆی دەرپەڕییە

بەتەڵەبە و چارەی نییە

ماینی ئیمامی عومبەر لەوبەری بەدحاڵە

ئەسپی جوڵندی ڕەشە، زەنگییە، گەردن بەخاڵە

لێی سواربوو جوڵندییە

ئەگەر لەوبەری بەهەر چوار پێیان فڕییە

چل گەز خەندەقی قووڵ و خەندەقی پان وەبەری خۆی بڕییە

جوڵندی دە مەدینەی دەگەڕا کۆڵان بەکۆڵانە

هاوارە لە من ئەسحابان لەبەر ئەو کافرەی دەرکیان لە خۆیان گاڵەدانە

دوازدە ئەسحابە بوون، لەو مەکانە

لەجێی ئیمامی عومبەر و حەزرەتی عەلی نەوجوانە

شەڕیان دەگەڵ جوڵندی دەکرد، تابیان نەهێنا ئەو بەستەزمانە

تفاقی دوازدە ئەسحابانە، هەر دوازدەی لێ کوشتن

دەست و باسکی بەخوێنێ داڕشتن

بەخەندەقی چل گەز قووڵ و بەریندا ڕۆیشتن

ئەگەر ئەسحابە وایان زانییە

هەمووی شین و واوەیلا و گرییە

پاک ئیجماعی کرد، هاتە کن خۆشەویستی ڕەبییە

دەڵێن: یا ڕەسووڵلایە ببین بەقوربانی سەرییە!

ئیمامی عومبەر و عەزرەتی عەلی لە ماڵ نییە

ئەو کافرە هەمان قڕ دەکا چارەمان چییە؟

ڕەسووڵی خوڵای فەرمووی: «مەترسێن هومێدمان ڕەبییە.

دەستێکی دی گوتی: وەڵلاهی ئەوجار مەدینە بەجارێکی وێران دەبییە

ئەتوو بۆچی لە دووی عەزرەتی عەلی نانێری ئێڵچییە؟

ڕەسووڵی خوڵای دەنگ هەڵدەیەنی

دەڵێ: کەسێک جوابێکم بۆ وە شێر عەلی ڕابگەیەنی

قەسرێکی بەهەشتێ باقی لە من بستێنی.

دایکە پیرێک لەوێ بڵند دەبییە

دەڵێ: ڕەسووڵی خوڵای، بتبم بەقوربانی سەرییە!

ئەگەر پێناوداری منی بەقەسرێکی بەهەشتێ باقییە

ئەمن ئەوڕۆ جوابت بۆ دەگەیەنمە شێری ڕەبییە.

دەڵێ: دایکەپیرێ سەرسپییە!

وەناکەم بتبێ گلەیییە

دەتدەمێ قەسری یەقینییە

دایکە پیرە وای گوتییە:

ڕێی نۆ شەو و نۆ ڕۆژان بۆت دەبم بەئێڵچییە

ڕێی مەکە و مەدینان هێندە کەم نییە

حەزێ دەکەم قسەی خۆم ببیەم بەسەحییە،

دا سبحەی لە تۆم نەبێ گلەیییە

شکایەتت لێ نەکەم لە بارەگای ڕەبییە

بزانم لە بەهەشتێ، قەسری من سوورە یا سپییە؟

وەهای فەرمووبوو سەردارە:

ڕێی نۆ شەو و نۆ ڕۆژان دەبییە زەحمەتکێش و خزمەتگوزارە

لە بەهەشتێ باقی، لە قەسری سوور و سپی دڵی خۆت بکە موختارە.

کێ بوو لە دایکی پیری سەرسپییە،

ئەگەر ئەو قسەی بیست لە خۆشەویستی ڕەبییە

دەستنوێژی خۆی هەڵگرتییە

بەرماڵی خۆی ڕاخست دوو ڕکاعەتی سونەت و دووانی نوێژ کردییە

لە دایکە پیرەی دوعاکردن بوو

لە مەلایکەتان وەرگرتن بوو

لە ئێخی جبرایل بردن بوو

لە ڕەبی عالەمێ قبووڵکردن بوو

کێ بوو لە دایکە پیرەی گوڵباوە

لە خوڵای خۆی زۆر پاڕاوە:

لە مەدینەی خەراپ قەوماوە

شێری خوڵای لێرە نەماوە

کاک عومبەر ڕۆیی بەولاوە

ڕەبی سەفەرم ببێ تەواوە

جوڵندی هاتووە لەولاوە

پاڵەوانێکی تەواوە

ئەو شارەی دە مەحسەرە ناوە

دوازدە ئەسحابە کوژراوە

کەسی لە پێش ڕانەوەستاوە

دەڵێ مەدینەی دەکەم بڵاوە

دایکە پیرە ڕاوەستاوە

قنووتی دەخوێند تەواوە

شەقژنی لە باڵی خۆی داوە

چووە ئاسمانێ ڕاوەستاوە

ئیکلامی عەزرەتی عیسای کێشاوە

لە پێش دەستی ڕاوەستاوە

ئەستۆ کەچە، ڕاوەستاوە

حەزرەتی عیسا بۆی پاڕاوە

عەرزی وی ببوو تەواوە

دەڵێ ئەلحەملای کاری من نەبوو ساوە

لەوێ ئیجازەی وەرگیراوە

دایکە پیرە، مەرەخەس بوو گەڕاوە

نۆ شەو و نۆ ڕۆژ تەواوە

سەعاتێکی قەرار دانراوە

ڕەزای دوو کەسی بەڵەک چاوە

خۆشەویستی خوڵان بەناوە

لە عەزرەتی فاتیمەی کرد سەڵاوە

عەزرەتی فاتیمە دەڵێ: «عەلیکوم ئەسلام و ڕەحمەتوڵڵاهی دایکە پیرە سەر هەرتک چاوی من هاتی

وەرە کن من بخۆ پاروێک زاد و زەوادی

دایکە پیرە دەڵێ: عەزرەتی فاتیمەی، حەقە و بەڕێی دوور هاتمە، تێرم نەوەک برسییە

ئەتوو نازانی چ دەعوایەک لە ماڵی بابان قەومییە؟

هاتوویە سەر مەدینەی کافرێکی جوڵندییە

کوشتی دوازدە ئەسحابەی دە نەبییە

دەڵێ مەدینەی وێران دەکەم بەیەکجارەکییە

ڕەسووڵی خوڵای ئەمنی نارد و بە قاسیدییە

حەزرەتی فاتیمەی دەڵێ: عەلییە، وای عەلییە!

قاسیدی ڕەسووڵی خوڵای هاتۆتە ئێرە بەیەکجارەکییە

هەتا دەعوایەک لە ماڵی بابی من دەقەومییە

ئەتوو چاوی خۆت لەسەر ئەمن دەبەستییە

دەڵێ: فاتیمەخانێ! لە خوڵای خۆت ببێ شەرمە!

ئەوڕۆ ئاوری چاوانم ساتی لە گەرمە.

فاتیمە دەڵێ: عەلییەی قەیتانە! ئەگەر پێت نەماوە هونەری دە مێردانە

دوڵدوڵی بدە بە من دەگەڵ چەکانە

یان دەستێنم تۆڵەی ئەو ئەسحابانە

یان ئەمنیش دەچم بە دەردی وانە.

حەزرەتی عەلی دەڵێ: دایکە پیرە چاوبازە!

چۆ دوعایەکم لە خزمەت خودای بۆ بخوازە

کێ بوو لە دایکی پیرێ سەرسپییە

چوو دەزنوێژی خۆی هەڵگرتییە

بەرماڵی خۆی ڕاخستییە

دوو ڕەکاعەتی سونەت کرد، دوو ڕەکاعەتی نوێژی دییە

لە دایکی پیرەی دوعاکردن بوو

لە مەلایکەتان وەرگرتن بوو

لە ئێخی جبرایل بردن بوون

لە ڕەبی عالەمێ قبووڵکردن بوو

دایکە پیرە دەڵێ: ڕەبی پادشایەکی موختاری

هەم قادر و ساحب ئیختیاری

موتلەقا بۆخۆت جەباری

هاتە ئاسمانێ هەورێکی ڕەشی تاری

کل و تۆتیای لێ دەباری

لە بۆ چاوی شەنگەسواری

هاتە ئاسمانێ هەورێکی ڕەشە

کل و تۆتیای لێ باری خۆش خۆشە

چاوی ئەو شەنگەسوارەی پێ بوو گوڵی گەشە

لەبەر فەرمانی جەباری

هاتە بەر ئاسمانێ هەورێکی تاری

کل و تۆتیای لێ دەباری

لە بۆ چاوی شۆڕە سواری

کێ بوو لە دایکە پیرە سەرسپییە

بەدەستی مومبارەکی کلچێوکی مەرجانی گرتییە

کێشای دە چاوی شێر عەلییە

سوێندی لێ بخۆ بڵێ شتاقە بڕ ئەلەم لە چاوی وی نییە

ئەوا چاوی هەڵات، غەنیمی جوڵندییە

کافران قڕ دەکا، بەیەکجارێکییە

ئیمام بانگ دێڵێ: قەنبەرە!

دوڵدوڵم بۆ بێنە دەرە

لێی بکە زینی موحتەبەرە

سەفەری ماڵە مامم کەوتە بەرە.

کە دوڵدوڵیان هێنادەرە

لێیان کرد زینی موحتەبەرە

ئیمام بۆخۆی کێشای تەنگەوبەرە

پێی نا ڕکێف کەوتە سەرە

کێ بوو لە شێری گوڵباوە

چەندی ئەسحابە و ئەولیا لە دەورەی ڕاوەستاوە

ئاوڕی وە خەڵقی دەداوە

عەزرەتی فاتیمەی وەستاوە

هەرتک چاوی پڕ لە ئاوە

دێتە خوار وەکو سێڵاوە

دەڵێ: مەدینەی بابم نەماوە

کوێرم ببن هەرتک چاوە

شێری خوڵای بۆ ڕاوەستاوە

لەکنم لە جوڵندی ترساوە

بۆیەکی ناڕوا بەولاوە؟

عەزرەتی عەلی فەرمووی: «ئەوڕۆ بیانووی لێ دەگرم. دەشقەمی گەردنم ئازا بکا.

ئەگەر ئەوڕۆ گەردنم ئازا نەکا، ئیدی ناکرێ هەتا قەبری.» بانگی کرد:

فاتیمەی چاوبەنگییە!

ئەو سەفەرەم یەکجارییە

نامبینیەوە جارێکی دییە

عەزرەتی فاتیمە دەگری

دەڵێ: شێری خوڵای یەکجار نادری!

مەدینەی بابم، شولووغە بۆیە هۆک و بیانووانم پێ دەگری

چ بکەم ئەوڕۆ حاڵم وایە

مەدینەی بابم دە شولووغی دایە

هەڕۆ بڕۆ بەشی بەهەشتی خۆم سەرتاپاخوار دایە

عەزرەتی عەلی فەرمووی: فاتیمەی ساحب خاترە!

لەبزت لە ئاوی حەیاتێ خۆشترە

بەهەشتی توو چ لێ بکەم ئی خۆم لە ئی توو پترە

فاتیمەی چاوبەنگییە!

قسێکت پێ بڵێم بەسەحییە

ئەوشەو نا شەوی دییە

عەزرەتی جوبرائیلی هات بەقاسیدییە

گوتی: هاتووم بەڕەزایە ڕەببییە

ئەو سەفەرەم یەکجارییە

دەمکوژن و چارەم نییە

ئی من و توو دەبێتە دیدار ئاخرەتییە

کوێر ببن چاوی عەلییە

داخوڵای کێ بەتەمات بێ، لەپاش ئەمن دەگەڵت ڕۆنیشێ بە حەڵاڵییە!

ئەجەلم هاتووە بە دەستی جوڵندییە

قەت پاڵەوانی وا زەبر بە مست نییە.

عەزرەتی فاتیمە گوتی: بەحەقی ئەو خوڵایە!

بۆیە بیانووانم لێ دەگری، چونکە مەدینەی بابم دە مەحسرەدایە؟

هەڕۆ، بڕۆ گەردنت خۆش و ئازا بێ فیسەبیلیللا بۆ خاتری حەزرەتی ڕەسووڵڵایە!

کێ بوو لەو شێری گوڵباوە

دەماخی ببوو تەواوە

ئاوڕی وە پشتی خۆی داوە

چەند ئەولیا ڕاوەستاوە

پاکی بۆی لە خوڵای پاڕاوە

لەبەر ئەو فاتیمەی گوڵباوە

چاوی دەتگوت ئەستێرەیە و شەبەقی کشاوە

دوڵدوڵ ناڵێکی لێ داوە

عەزرەتی عەلی نەحرەتەی کێشاوە

لە ڕەبی عالەمێ پاڕاوە

سەڵەواتی لە پێغەمبەری داوە

لە دایکە پیرەی تەواوە

ئەوێ ڕۆژێ هات و گەڕاوە

شێر گوتی: دەوڵەت زیاد و ماڵئاوا!

دوڵدوڵ تەیرێک بوو، لە هەموو تەیران زێدەیییە

ئەوێ ڕۆژێ چەن دەیکرد وە دایکە پیرەی ڕانەگەیییە

دایکە پیرە وای گوتییە:

«ئەگەر بۆ نوێژی نیوەڕۆیەی نەگەمەوە مەدینەی موبارەک، نوێژی بەجەماعەتم دەچییە».

پیرێژن گوتی: «عەلی تەنگەی دوڵدوڵی توند کێشاوە، لە حیرسا؛ دوڵدوڵ ناتوانێ بڕوا؛ بەقسەی قەرزی دەگەڵ بکەم هەتا بڕێک خاو دەبێتەوە، تەنگەی دوڵدوڵی چا دەکا، دوڵدوڵ خۆش دەڕوا زوو دەگەینەوە مەدینەی».

ئیمام تەنگە و بەرەی سازکردییە

دوور و نیزیک وە دایکە پیرەی را دەنۆڕییە.

پیرێژن بانگ دەکا:

ڕێی مەکە و مەدینە ڕێی نۆ شەو و نۆ ڕۆژان بەناوە.

ئەوێ ڕۆژێ چوو دەمودەست گەڕانەوە بە دواوە

بۆ هەندەهەندی نیوەڕۆیە، لە ڕەسووڵی خوڵایان دەکرد سەلام و سەڵاوە

ڕەسووڵی خوڵای فەرمووی: عەلییە، وای عەلییە!

لەکن ئەمن بخۆ پارووێک زاد و زەوادییە

نەک لە شەڕی ئەو کافرەی هیلاک ببییە

دەڵێ: مامە، هەرێ مامە!

وەسەر پشتی زمانم ناچێ هیچ بۆ تەماعە

تا تۆڵەی ئەو دوازدە ئەسحابە نەستێنم تەمامە

ڕەسووڵی خوڵای فەرمووی: عەلی، کاکە! وەرێ کاکە

لەکن ئەمن بخۆ پاروێک زاد و زەوادی پاکە

نەک لە شەڕی ئەو کافرەی ببی هیلاکە

دەڵێ: «مامە، سوێند بەسەری توو بە سی و چوار جزووی کەلامە

وەسەر پشتی زمانم ناچێ تەعامە

هەتا تۆڵەی ئەو دوازدە ئەسحابان نەستێنم بەعامە.

عەزرەتی عەلی سوار دەبی بەکۆڵاناندا چووە خوارێ

جوڵندی کە چاوی بە حەزرەتی عەلی دەکەوێ، خۆی ڕادەبزێوی

ڕەخت و ڕەشمەی دروس کراون لە زێڕی و لە زێوی

قەسد دەکا چای عەزیم بەسەر یەکدا تێک برێوی

حەزرەتی عەلی بانگ دێڵێ: «جوڵندی، جوڵندییە پەڕقۆزە!

ئەتوو ئەو شاش و پەڕەت لەسەری نەبن پیرۆزە

ئەتوو مەدینەت بۆ لە مامی من کردووە ئاڵۆزە؟

جوڵندی ئەو جوڵندیی پەڕبڵاوە

شاڵ و شاش و پەڕت لەسەری نەبێ تەواوە،

ئەتوو بۆ مەدینەت لە مامی من تێک داوە؟

جوڵندی دەڵێ: ئەمن ڕۆڵەم، ڕۆڵەی شێری

هیچ کەسم پێ ناوێری

شێر عەلی نەبێ، ئەویش گەردنێم بۆ ڕادەدێری

ولایەتی مەدینەی بە من دەسپێری.

عەزرەتی عەلی دەڵێ: بابی حەسەنم، بابی حوسێنم

شاماری چەنگ بەخوێنم

نەمرم ئەوڕۆ ڕوحێت لە بەدەنێ دەستێنم

بابی حەسەنی ئەزم، بابی حوسێنی ئەزم

شاماری چەنگ بەبەزم،

نەمرم ئەوڕۆ ڕوحێت لە بەدەنێ دەگەزم.

جوڵندی دەڵێ: ئەی عەلی فێرە جەنگە!

توو لەو شارەت خۆش دێ دەنگە

بنۆڕە دوڵدوڵی، پساونی بەرۆک و تەنگە

کە ئیمامی عەلی بەدوڵدوڵیدا نۆڕییە

جوڵندی گورزێکی دا لە تەوقی سەرییە

هەتا سینەبەندێ بەدوڵدوڵەوە بەعەرزی ڕەق و ئیشکیدا بردییە

دوڵدوڵ هاتە دەرێ لە خاک و لە خۆڵێ،

دەستی کرد بە خوڕینێ و بە سمکۆڵێ

عەزرەتی عەلی دەڵێ: زولفەقار!

بەو خوڵایەی کەرەمدار

بەسەری نەبی نازدار

بتدەم لەو گۆڵی مندار

لەتی نەکەی وەک خەیار

لە خۆم ناتبەستم چ جار

دەتبەمە سەر وەستاکار

بتکەن بە ناڵ و بزمار

بە چەکوچان بتکەن هەژار

لە بۆ دوڵدوڵی نازدار

دنیا دەبێ وەرگەڕێ یەکجار

کە شیرێکی دا لە تەپڵی سەری جوڵندییە

عەزرەتی جوبرائیلی پەڕی وەبەر نەدابا بەڕەزای ڕەببییە

ئەوێ جارێ دنیا وەردەگەڕا بەیەکجارییە

جوڵندی دەڵێ: ئەی عەلییە!

ئەو شیری توو میسرییە

ئەو زەبرەی توو بە من چ نییە

دەڵێ: بەڵات لێ کەوێ، گۆڵی مندارە

ئەتوو خۆت ڕاوەشێنە، بۆخۆ و بە ئەسپت بووی بە چوارە.

بۆ خۆ و بە ئەسپی کەوتە خوارە

کێ بوو لە ئەسحابەی بەستەزمانە

سەریان دەرهێنا لە کۆڵانانە

سەڵەواتیان لە پێغەمبەری دەدا، بە عەزرەتی عەلییان دەبژارد شوکرانە

کێ بوو لە ئەسحابەی نازەنینە

لە کووچە و محەلانیان سەر دەرهێنا

سەڵەواتیان دەدا لە موحەمەدی ئەمینە

هەر دەو دەمیدا ئیمامی عومبەر گەیییە جێ، لە سەفەری دەغڵ کڕینە

کێ بوو لە ئەسحابەی جندییە

سەڵەوات لە پێغەمبەری، خەزا پیرۆزە لە عەزرەتی عەلییە

دەڵێن: یا ئیمامی عومبەر. گەنم لە کوێیە، قیمەتی بەچەندییە؟

ئیمامی عومبەر گوتی بەوانە:

بە عەزرەتی عەلی ببژێرین شوکرانە

گەنم ئەلحەملای هەرزانە

حەیفە لە عەمباری کافرانە

«بیست و چوار ڕووبە دراوان بدەن، ڕووبوێکو گەنم دەدەنێ، دەڵێی شیلانە».

مزگێنیان دەبرد بۆ ماڵ و خێزانە

کێ بوو لە ئیمامی عومبەری گردە

لەو خەندەقەی باسکی خۆی کرد بە پردە

مەخلووق پێیدا ڕادەبردە

ئێستری خاڵندی بنی وەلی زۆر بێ مەفەڕە

لەسەر دەستی ئیمامی عومبەری هەڵدەپەڕی ئەوبەر ئەوبەرە

دەڵێ: ئێستری کاک خاڵندی بۆ خاتری وەی هەر بەقیمەت بێ بتبێ سەرە

هەتا زیندووی نەتبی بەرە.

ڕەسوولی خوڵای فەرمووی: عەلییە وەی عەلییە!

بەسیان بکوژە، بێ ئینسافی دەگەڵ ئەو فەقیرانە چاک نییە

دەڵێ: مامە گیانە!

بەو خوڵایەی لایەزانە

«دەست هەڵناگرم لەو کافرانە

هەتا خوێن نەیە، نەبا سەرانە».

نەکرا بشکێ قسەی شێری جەباری

هاتە ئاسمانێ هەورێکی تاری

ڕشێنی بارانێ لێ دەبارێ

هەروا خوێن دەهات ڕای دەماڵێ سەر و جەندەکی لاری

ئیمام دەنواڕێتە ڕۆژێ

دەڵێ: ڕەبی، نەدۆڕێنم نوێژێ

ڕوحم بە ئاوری جەهەننەمێ دەسۆژێ

وا جوڵندییان کردووە فەنا

ئەو لەشکرەی کافرێک نەما،

«ڕەحمان بەکر» بۆتە وەستا.