جولندی ١

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 11 دقیقه  1007 مشاهده

مەدینە تازە ئاوەدان کرابۆوە. پێغەمبەری خوڵای لە مەدینێ بوو. دنیا هەموو ئی کافران بوو. بەغەیرەز مەدینەی. ڕۆژێکی هەموو کافران چوونە دیتنی پادشای جوڵندی. تەماشایان کرد دوو مووی لە چەنەی سپی ببوو. وەزیرێکی بوو گوتی: «قوربان! قەت بووە ئەتوو مووت سپی ببێ؟» گوتی: «مووی سپی هەر بۆ من چاکە». گوتی: «لەبەر چی دەفەرمووی؟» گوتی: «وەڵڵاهی لەبەر تایفەی حیز و خراب». گوتی: «ئاخر حیزییەکەی مە چییە؟» گوتی: «وەڵلاه، حەمەدەمینێک پەیدابووە مەدینەی ئاوەدان کردەوە. عەلییەکی جادووکاری هەیە؛ ڕەعیەت و مەخلووقی من دەکوژێ. بەخەزای دەزانێ. ئەو عەلییە نێویان نا شێری خوڵای. ئەمن دەمرم، ئەو عەلییە بەقەوەت دەبێ مەدینە دەستی لە کافران دەستێنن. بوت و سەنەمی من دەشکێنن. ئەمن دە قەبریشدا ناحەجمێم؛ لە حەیفی ئەو حەمەدەمینێ ئەو مووەم لێرە سپی بوون». وەزیر گوتی: قوربان. جادووبازان بێننە سەری بە سیحر بیگرن، بیکوژن، تاقە سوارێکە، لە کۆڵی بکەنەوە». پادشای جولندی گوتی: «هەزار سیحرباز دەرەقەتی نایە؛ سیحری ئەو عەلییەی هێند زۆرە، کەس دەرەقەتی نایە». شەیتان هاتە مەجلیسی جوڵندی گوتی: «قوربان! بۆ وا موشەوەشی؟» گوتی: وەڵڵاه شەیتان! لەبەر سیحری عەلی جادووکار». گوتی «قوربان! پاڵەوانان بنێرە بیکوژن». گوتی: «حەمەدەمین هێندەی مەکر هەیە دە مەدینەیدا عەلی جادووکار ناکوژرێ». شەیتان گوتی: «قوربان! ئەدی مەسڵەعەتت چییە؟» گوتی: «کەسێک خەبەرم بۆ بێنێ حەوت ڕۆژان لە مەدینەی وەدەرکەوێ، مەدینەی وێران دەکەم؛ داری لەسەر بەردی نایەڵم. حەمەدەمینی دەبەتڵێنم. بۆ کوێ دەچێ بەتاقەسوارە؟ خۆ چ موحەمەدی نامێنن بچێتە نێویان. دنیا هەموو ئی خۆمە هەر جێیەکی بچێ هەر دەیکوژن».

شەیتان گوتی: مزگێنی حەوت ڕۆژانت بۆ بێنم چم دەدەیەی؟

گوتی: لە بوت و سەنەمی زیاتر، لە چاوێکیم زیاتر هەرچی ئەتوو بتەوێ

دەتدەمێ.

شەیتان کە لەوێ هەڵستاوە

محلەقێکی لە خۆی داوە

هەتا مەدینەی موبارەک ڕانەوەستاوە

خۆی کردە سۆفێکی ئیفتادە، دە شاری مەدینەی گەڕاوە

چەن مودەتێکی کرد تەواوە

ڕۆژێکی کە لە خەوێ هەڵستاوە

تەماشا دەکا عەزرەتی عەلی سوار بووە ڕاوەستاوە

پرسی: ئەوە سەفەری کوێی لەبەرە بۆ کوێ دەچییە؟

ئەسحابێک جوابی داوە بەبێ قەیدییە

گوتی: نازانم سەفەری کوێی لەبەرە ئەما عەزرەتی فاتیمە لە ماڵ نییە

یەکی دی گوتی: ئەوا لە دوای وی بووە بەئێڵچییە

یەکی دیش گوتی: دەچێتە خەزایە بەیەکجارەکییە

یەکی دی گوتی: وەڵڵاه! نە شەڕە نە دەعوایە

عەزرەتی فاتیمەی لە ماڵی خوڵایە.

ئەوی دی گوتی: شەوێ دی چووە خزمەت حەزرەتی ڕەسوڵڵایە.

وەدووی فاتیمەی دەکەوێ دەچێتە کابەتوڵلایە.

ئەگەر شەیتان ئەو قسەی بیست تەواوە

محەلەقێکی لە خۆی داوە

هەموو دنیایە بە سەیاحی گەڕاوە

حەزرەتی عەلی ڕکێفی لە دوڵدوڵی داوە

زۆری بەپەلە ئاژواوە

لە هیچ کوێی وچان نەداوە

هەتا چوو لە مەکەی موعەزەمە بوو پیاوە

شەیتان حازرە، ڕاوەستاوە

حەزرەتی عەلی نازداری

دوو رکاعەتی نوێژ کرد لە بارەگای جەباری

زۆر پاڕاوە بەهەژاری:

یا خالەق! بۆخۆت موختاری

لە هەموو جێیەکی دیاری؟

دنیا و قیامەت ڕۆت نا بەیەکجاری

جا لەوێ ڕۆنیشت خەوی بەسەردا باری

شەیتان خۆی لێ حازر کرد بەیەکجاری

بەیەکجاری خۆی حازر کرد

سوورەتی کچێکی جوانی دەگرت

بەیەکجاری خۆی مەعبووب کرد

خۆی دەباڵ عەزرەتی عەلی ڕاکرد

دەمی بەدەمیەوە نا هۆشی برد

هیندە جوان بوو، ئەوی کەیفی گرت

دە خەوێدا گانی پێ کرد

ئەگەر لە کاری خۆی بوو تەواوە

عەزرەتی عەلی لە خەوی هەڵستاوە

گەلێک، گەلێک بۆخۆی گریاوە

گوتی: هەڵبەت خوڵام لێ ڕەنجاوە

هیچ حورمەتی من نەماوە

بۆیە شەیتان قەوەتی بەمن شکاوە.

وای گوت عەزرەتی عەلییە

گوتی: ئینجا بزانم لێم ڕەنجیدە نەبووە ڕەبییە

بزانم قەوەتی جارانم هەیە یان نییە

حەزرەتی عەلی گریا و گوتی:

لە خۆم ناچارێ

گەیییە دیواری حەسارێ

کە شانی وە دیواری داوە

گوتی: بزانم جورحەتەکەم ماوە.

بەدڵ لە خوڵای دەپاڕاوە

سەڵەواتی لە پێغەمبەری داوە.

کە هێزی وە دیواری بەیتێ داوە

پێی چەقاند و شانی داوە

دیواری بەیتێ وەکو جۆلانەی سووڕاوە

گوتی: یا ڕەببی خوڵایە! شوکری توو ناکەم تەواوە

دەگەڵ شەیتانم لێ قەوماوە

جا چ بکەم بۆ چوڕێک ئاوە؟

لەشم نوێژی پێ نەماوە.

کاتبێک هاتووە لەولاوە

سەڵاوی لێ کرد تەواوە:

بەخێرێی، سەر ئەو دوو چاوە

دەستی حەزرەتی کێشاوە

بردی کانیی نیشان داوە

کە شێر لەوێ ڕاوەستاوە

شەیتانیش هاتە ئەو ناوە

پەردە بۆ شێری گیراوە

کە خۆی دە کانیە هەڵکێشاوە

شەیتان سەدەقی لێ داوە

سەدەقی لێ دا بێ قەیدییە

شەیتان بەسەر کانیە هەڵمیستییە

خۆی قوم کرد عەزرەتی عەلییە

ئاخر شەیتان نەبەدییە

دڵۆپێک لە میزی وییە

پەڕیە سەر سەری شێرییە

دەگەڵ ئاوێ تێکەڵ بییە

چوو گرتی هەرتک چاوییە

چاوی گرتن ئەو فەقیرە

هەرتک چاوەکەی داگیرە

بەحاڵ جلی دەبەرکراوە

لە ڕاستەوخۆی، ڕۆنیشت زۆر گریاوە

زەفەری بۆ هەموو جێیان براوە

خەبەر بە فاتیمەی دراوە

دەڵێن: عەزرەتی عەلی لێی قەوماوە

هەرتک دەستی لەسەر چاوی ڕۆناوە

دوڵدوڵی لەکن نەماوە.

کە عەزرەتی فاتیمەی وای بیستییە

یەکجار خۆش هات بەڕەوانییە

دەڵێ: ئامۆزا! ئەوە چت لێ قەومییە؟

هەر ئەتووی شێری رەببییە

خۆ زەلیلی بۆ توو نییە

دەڵێ: سەفەری توو بێ فیکری بردم

داخ و دەردی توو سواری کردم

دەتگوت لە سوێیانت مردم

لەکنم شەیتان وای لێ کردم

دەمگوت: هیچ کەس پێم نابا چارێ

شەیتانی بینم بەردی لێ بارێ

لێی ئەستاندووم ڕێی ئیختیارێ

ئێستا چاوم لێ ناکا کارێ

حەزرەتی فاتیمەی فەرمووی چاوشەهێنم!

خوداوەند ببێ بەدەزبێنم

جا دەرمانی لە کێ بستێنم

بنێرم ئەرەستوو و لوقمانی بێنم

ئەگەر شەیتان وای دەزانی

خۆی خلقەت کرد بەموسڵمانی

چەندە پیرێژنێکی لەتیف و جوانی

نوور هەیە لە نێوچاوانی

خۆی کردە دایەی ئەرسوو و لوقمانی

گوتی: هاتوومە کن شێری یەزدانی

لەکن من هەیە دەرمانی

کە وایان زانی ئەسحابانە

ماشەڵڵا چەند پیرێژنێکی جوانە

-بەنەحلەت بێ ئەو شەیتانە-

دەرمانی کرد دە چاوانە

بێ هۆشی کرد بەستەزمانە

گوتی: بێنن بۆی بکەن جۆلانە

بڵا قەناعەتێ بگرێ ئەو بەستەزمانە

دەبێ ڕای ژێنن، هەتا حەوت شەو و حەوت ڕۆژانە

ئەگەر چ دەرمانی دیکەی تێ کەن زەلیل دەبێ لە چاوانە

ئەمنیش ڕووڕەش دەبم لە بارەگای بینای چاوانە.

بۆی دانا قەرار و پەیمانە:

ئەمن ئەوا دەڕۆم لێرەکانە

عەزرەتی فاتیمە گیانە

نیگاهداشتییێ بکە لەو زەمانە

نابێ یەکی دی بێتە ئێرانە

دە چاوی وی بکا دەرمانە

ئەگەر شەیتان وا دەزانێ

دەستی کرد بەلینگدانێ

کەس نایبینێ پێ بزانێ

کێ بوو لە شەیتانی نەحلەتییە

هەر دەڕوا، پایەی بۆ نییە

هیچ کەس نایبینێ و غەیبییە

لەوێی ڕۆنان کێشکچییە

چووە کن دوڵدوڵی بەدزییە

نسحەتی وی زۆر کردییە

دوڵدوڵ لێی قبووڵ نەکردییە

تەماحی بوو بیگرێ بە گازییە

خۆی ئاویتە سەر سەرییە

شەیتان دەڵێ: «ئەگەر دەمکوژی حەقت نییە

کوشتنی من بە چەنگ توو نییە.

چووە بۆ کن زولفەقارییە

ئەو بێ زمانە ئاگای لێ نییە

گوتی: زولفەقاری لێ بدزم بەیەکجارەکییە

بیبەم بۆ شای جوڵندییە،

لەکن خوڵای وای پێ خوش نییە

ئەگەر ئەو کارەی کرد بوو تەواوە

محەلەقی لە خۆی داوە

چووە پێش جوڵندی ڕاوەستاوە

گوتی: مزگێنیم بۆ توو هێناوە

ئەسحابە کاریان تەواوە

حەزرەتی عەلی چاوی داگیراوە

جا لەوڕۆکە بەولاوە

قەراری حەوتووێکم ڕۆناوە

دەرمانی چاوی تەواوە

ئەو شەیتانی نەحلەتییە

بۆ شای هێنا مزگێنییە:

هەر ئەتوو پادشای عەسرییە

شێری خوڵای لە ماڵ نییە

دەڵێ: بەڵات لێ کەوێ، شەیتانی نەحلەتییە

بۆزەسوارێک لەوێ وەدەردەکەوییە؛

لەبەر ئەو بۆزەسوارەی کەس ڕێی دە مەدینەدا نییە

جوڵندی دەڵێ: بەڵات لێ کەوێ، شەیتانی نەحلەتییە!

مەدینەی نەبیم نوورانییە

لەبەر ئەو سوارەی کەس ڕێی نییە.

شەیتان عەرزی کرد: پادشای جوڵندییە!

ئەو بۆزەسوارە یەقینییە،

ئەوە پێی دەڵێن شێری ڕەببییە

ئەوە خۆشەویستی نەبییە

بەو بوت و سەنەمەی ئەتوو دەیپەرستییە

بەقایەم پێ بکە بەسەحییە

لەبەر توو بووم بەئێڵچییە

لە مەکەی موعەزەمەم گرتییە

چاویەشم داوە بەوییە

دەرمانم بۆ دروس کردییە

سەبەب بە شای جوڵندییە

هەڵبەت قەرارت تا سەر نییە

ئەمنت نارد بەدڵخوازییە

دەرمانم کرد دە چاوییە

ئێستا ئەتوو بەقات نییە

لەکنم مەیلت پەشیمانییە.

پادشای جوڵندی وای گوتییە:

شەیتان ئی من و توو برایەتییە

هیچ ماڵم لە توو تەخسیر نییە

قسەیان خۆش بوو دەگەڵ شەیتانی

شا وەری گرت ئیمتینانی

ناردیە سەر بووسی سوڵتانی

سەدهەزاری لەشکر هانی

هەزاری بوو کەمبەرزێڕین

هەزاری بوو کورسی نشین

پاک لە سەری عەلی قین

هەزاری ببوو هەر میرزا

پاکی هات پێشوازی پادشا

شای جوڵندی زۆر بەناوە

لەنێو خەڵقی ڕاوەستاوە،

تەگبیر لە عەلی ڕۆنراوە:

مەدینەی دەکەم بڵاوە.

سەردارێک هاتبوو لەولاوە

بەیداغی لە سەر ڕاوەستاوە

ئیکلامی پادشای کێشاوە

گوتی: قوربان هەڵبەتە عەلی نەماوە

دنیا ئی توو یەکبەر کراوە.

یەکی دی هات لە نەبەدییە

گورزێکی لەسەر شانییە

هاتە کن شای جوڵندییە

گوتی: قوربان! ئەو قۆشەنە چییە؟

گوتی: ئەوهە بۆ سەر عەلییە

گوتی: بەسەدەقەت بم ئەو تاقە سوارە چییە؟

یەکی دی هات بەدڵ و جانە

ئەوی سەرکردەی تۆپانە

هاتە کن شای نەوجوانە

گوتی: قوربان! مەدینەی دەکەم وێرانە.

پادشا بەوەی پێ کەنی: گیانە!

بەو بوت و سەنەمەی پێم هەیە متمانە

ئەگەر شەیتان بکا درۆیانە

یەک نایەتەوە ئێرانە

عەلی هێن زاڵم و زۆرزانە

بە شەیتانش ناکەم متمانە

چونکە نیەتی جێ و مەکانە

کێ بوو لە پادشای تەواوە

لە هەموو عێلاتی گێڕاوە

کە لەشکری بوو تەواوە

جوڵندی پێی دە ڕکێفی ناوە

حەوت شەو و ڕۆژانی ئاژواوە

ڕۆژێکی بۆ ئێوارێ دەورەی مەدینە دە حەسار ناوە

بیلالی حەبەشی بدا لە بانگی ئێوارێ

تەماشا دەکا چوار تەرەفی مەدینەی ماوە دە حەسارێ

کێ بوو لە بیلالی عەبەشییە

نەیدا لە بانگی موحەمەدییە

دەچوو ئیکلامی نەبییە

عەرزی کرد: یا ڕەسووڵلا سەری منت بێ بەقوربانی سەرییە!

بانگم نەدا چارەم چییە؟

هیچ بڕ تەخسیر لە من نییە

لەشکرێکی زۆرم دییە

بێ سامانە و چارەم نییە

بانگیش بانگی موحەمەدییە

جا نازانم فەرمانت چییە؟

وەهای فەرموو نەبییە

ئەی بیلالی عەبەشییە

بۆ خاتری من ببە ئێڵچییە

بچۆ بزانە ئەو لەشکرە چییە؟

کێ بوو لە بیلالی عەبەشییە

بە فەرمانی خۆشەویستی ڕەبییە

ڕۆی و نەیکرد تەخسیرییە

بزانین قسەی یەکجارەکییە

لە پێشەوە گەیییە ئاڵاچییە

بیلال گوتی: ئاڵاچییە!

ئەتوو و دینەی دەیپەرستییە

سەرکردەی ئەو لەشکرە کێیە، لەچی شەقییە؟

ئاڵاچی گوتی: بیلالی عەبەشییە!

بەهەقی ئەو خوڵایەی لە ژووری سەرییە

قسێکم پێ بڵێ بەسەحییە

بیلال گوتی: بەسەری خۆشەویستی ڕەببییە

هەرچی بڵێی عیجبی نییە

جوابت دەدەمەوە بەدڵییە

ئاڵاچی گوتی: بیلال شەرت و شرووتی دینو چییە؟

بیلال گوتی: لە گەورەی خوڵای، لە خۆشەویستی ڕەسووڵلایێ ماشەڵڵا.

ئاڵاچیی بڵێ: « وأشهد ان لا اله الا الله وأشهد ان محمداً رسول اللهعربی

ماشەڵلا لە بیلالی نەوجوانە

بە ئاڵاچیی کافرانی هێنا شاد و ئیمانە

ئەویشی کرد موسڵمانە

بیلال گوتی: ئاڵاچییە!

ئەدی سەرکردەی ئەو لەشکرەی کێیە لە چی شەقییە؟

گوتی: بیلالی عەبەشییە!

سەرکردەی ئەو لەشکرەی کافرێکە لەوانی جوڵندییە

هاتۆتە سەر مەدینەی دەڵێ خراپی دەکەم بەیەکجارەکییە.

ئەگەر بیلال وای بیستییە

هەموو مووی قالبی بوو بە دەرزییە

لە هەموو بەرگان تێ پەڕییە

چۆوە خزمەت ڕەسووڵلای بەیەکجارەکییە

دەڵێ: یا ڕەسووڵلا! سەری منت بێ بەقوربانی سەرییە

هێناومەتەوە قسەی سەحییە

سەرکردەی ئەو لەشکری کافرێکی جوڵندییە

هاتۆتە سەر مەدینەی دەڵێ: خراپی دەکەم بەیەکجارەکییە

بەجارێکمان لێ پەیدابوو ناڕاحەتییە

ئیمامی عومبەر چۆتە گەنم کڕینێ، حەزرەتی عەلی چۆتە بەیتوڵڵایە؛ لە ماڵ نییە.

ڕەسووڵڵای فەرمووی: «بیلال مەترسە، هومێدی مە ڕەببییە».