کاکە میر و کاکە شێخ

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 5 دقیقه  1026 مشاهده

کاکە میر و کاکە شێخ ئاغای مەرگەیان بوون. مەیتەریان بۆ وڵاغی خۆیان قەت نەدەگرت. دەبوو ژنی ڕەعیەتان بێ تەویلەی بماڵێ، ئەسپان ئاو بدا، کا و جۆیان بداتێ. ئەگەر خەلاس دەبوو بچێتەوە، دەیانگرت دەرکەیان لێ دەگرت دەیانگا و دەیانناردەوە. ژن و کچیان هیچ نەیەشت.

هەیدەر گۆران پیاوێکی ڕەشید بوو خەڵقی دێیەکەی پاکی وەخڕ کردەوە؛ پاکی قورعانی خوارد گوتیان: «دەبێ قسەمان یەک بێ سبحەینێ دەبێ بانگئێشتنیان بکەین بۆ ماڵە هەیدەر گۆرانی، فەسڵی نەهارێ».

کاکە شێخ و کاکە میر و دوازدە برا بوون؛ بانگئێشتنیان کردن. هەر برایەکیان دە نێوانی دوو کرمانجاندا دانا. نانیان هێنا دایان نا؛ گوتیان: «بیسمیللا». دەستێکیش گوتی: «یائەڵڵا». هەر کەس جیرانی خۆی گرت، سەری هەر دوازدان لە مەجلیسیان بڕین. خوێن بەسەر نانیدا ڕژا. ڕایان کێشا ماڵە کاکە میر و کاکە شێخان. هەموو ژن و کچی وانیان فەساد کرد، بەتۆڵەی خۆیان عیوەزیان کردەوە. هەیدەر گۆران هەموو مەخلووقەکەی هەڵگرت. پاکی بردە سەر کووپەڵەی خمی. پاکی دە خمی نا، پاکیشی دە قوڕێ نان. ڕۆین بۆ ئەستەمبووڵێ بۆ شکایەتی سوڵتانی. یای ئەستی دەڵێ بە یای بەغدانێ:

«خوشکێ دڵم بە غوولوورە، چەندی بە غوولوورە

تەماشای ئێختەرخانەی کاکان بکە، دەبەر بۆر و بدەوانم کەوتووە جل و هەوسار و توورە

لە دیوەخانی کاکان هەڵگیراوە هەژدە مووتەکا و دوازدە مافوورە

ئەو ڕۆژانە خوشکی کاکان سەر بەقوڕ بان ئەگەر لەسەر ماڵێ کاکی مەیان هەڵگرت کەوڵ و تاقم و سێ قەڵات و سەمبوورە

ئەوێ ڕۆژێ مل بەکوێن بای، ئەگەر لە داری جەنگەی لەشکر لە دوو کاکی مە دەبوو جەمبوور بە جەمبوورە

ئێستا بێ ساحێب بووم حدوودی بێ نیشانە، بێ سەڵا بوون خانمی دە ڕووسوورە

چەندم گوت کاکە مەچۆ، ماڵە هەیدەری پیاوێکی غەیانە، لە دۆستایەتی بەدوورە

خەڵقی مەرگە! ئەمن چ بکەم، چ بکرێنم

بۆخۆم دەعوایە بکەم یا بەسوڵتانی ڕابگەیێنم

ئەمن خوێنی دوازدە برای خۆم لە کێ بستێنم؟»

یای بەغدان دەڵێ یای ئەستییە:

«خوشکێ ئەو هەڵا و هەرایەت بۆ چییە؟

جارێ بچین، جەنازەیان بێنینەوە، لە ماڵە هەیدەر گۆرانی تەسلیمیان بکەین بەگڵییە

ئەو دەمی مەسڵەحەتی لێ دەکەین بزانین تەگبیرمان چییە».

چەندی نۆکەر و پێشخزمەتە ڕاوەستاوە

ئەوی ڕەعیەت بێ لە وڵاتی مەرگێدا نەماوە

چوونە ماڵە هەیدەر گۆرانی، جەنازەی برایان هەڵدەگرت و دەیانهێناوە

بانگ لەسەر بانگیان لێ داوە

دەڵێ: «هیچ کەس وای لێ نەقەوماوە

لە دوازدە برایان یەک نەماوە».

پاک کفت و دفن کراوە

پاکی چوو دە خاکێ نراوە

مەخلووق بۆ ماڵێ گەڕاوە

یای ئەستی دەڵێ: «خوشکێ یای بەغدانێ! خەبەرێکم دەبیست یەکم دەدەینا غوڵووێک لە دەرکی ماڵە بابی مەیە نازانم ئەو غوڵووە نە شایییە و نە شینە».

کێ بوو لە کارەکەرێ گوار زێڕینە

لەو لایەڕا دەچوو بەگوشادی و بەپێکەنینە

لەو لاڕا دەهاتەوە بەگریان و ڕووپچڕینە

دەڵێ: «خاتوونینە! وەرن، هەموو وێکڕا بگرینە

ئەو غوڵووە لە دەرکی ماڵە بابمان بوو، شایی بوو، لێیان بوو بەشینە

لە دیوەخانێ کاکانیان هەڵگرتن ئافتاوە و مەسینە

لە ئێختەخانێ کاکی مەیان دەرهێنان جوانوولەی دە نەوزینە

خاتوونیان پیل دەگرت و دەریان دەهێنا

سواری جوانوولەیان دەکردن بە قەرەپۆشی دە شینە

بە مردن و تاڵانیش قایل نەبوون ژنیان بە ئێخسیر بردینە

جا، مە تەگبیرێ چلۆن بکەین، خەبەرێ بدەین بە سوڵتانی ئەمینە».

یای بەغدان دەڵێ: «خوشکێ! چەندم گوت: کاکە مەچۆ، بەری مەرگێ بە میوانی

مەچووە ماڵە هەیدەری دەگەڵ هەیدەر گۆرانی

فێڵی وانم گەلێک زۆرترن لە فێڵ و فەرەجی شەیتانی

قەت بووە، لەکنە خۆت، پیاوەتی بکەی، بدەیەوە نانی

قەت واش دەبێ، بێ ڕوحمی و بێ ئیمانی

سەری دوازدە برایان ببڕی لەسەر سفرەی دە نانی

خوڵا بکا مەرگەیییان ببینم هەر وەهایان بەسەرێ

ڕسقی وانم بچیتە سەر پشتی ماکەرێ

سەد باری ڕەحمەتان ببێ لە کوڕی مێرێ دەگەڵ مێرە دسکەرێ

بە تۆڵەی ئاغای خۆی هەژدەی دانە بەر خەنجەرێ

هەژدەی دە دیشی داویتنە بەرێ

لە زەبری دەستان و لە خوێنی جگەرێ

ئەوا لکەی شل دەبوو لە خەنجەرێ

نەحلەت لە بابی ئەو وەستایە بێ لەپاش کوڕی مێرە دسکەرێ

ئەگەر سێ بزماران نەدا لە گۆی خەنجەرێ

ئەگەر خەنجەر بزماری ببێ، لە دەسکی نایەتەدەرێ

هەی ڕۆ، برالە ڕۆ!

ئەو جێی کاکە میر و کاکە شێخ لێیان دەکرد شەقێن و شەڕەکۆ

ئێستا، مەرگەیی گووخۆرباب دەیکەنە برنجاڕ و پەمۆ

کەس نییە جووتەی دە ئاغایان

جووتەی ناسکە سواران

هەڵگرێ بیانباتەوە موقبرەی کن بابی خۆ».

«ڕەحمان» خۆش بی «ساحب» ڕەحمەت لە تۆ