ڕێوییەکەی قەمچۆغە

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 10 دقیقه  687 مشاهده

پشکۆ، پووشوو و هەڵۆ لەگەڵ خانزاد، پەریزاد و سەوڵێ، سێ کوڕ و کچی جوانکیلەی خنجیلانە بوون، ئەتوت بێچووە فریشتەن و لە ئاسمان کەوتوونەتە خوارەوە. گەورەکەیان حەو ساڵان بوو، وەکوو تیتیلە و بیبیلە ئەهاتن بە یەکا و وەکوو بەچکەماسی بەملا و بەولای یەکا ڕایان ئەکرد.

پووشوو خۆی کردبوو بە سەرمەڵایان، هەر گەمە و گاڵتەیەکیان ئەکرد، سەرەکەی بۆ دائەمەزراندن، ئەوانی پێوە خەریک ئەکرد و ئەیدان بە گژ یەکا و خۆیشی لەولاوە پێیان پێ ئەکەنی، تا وایان لێ ئەهات لەبەر ماندوێتی هەر یەکە لەولاوە لێی ئەکەوتن و ئەمیش لەملاوە بە تیتاڵییەوە توانجی تێ ئەگرتن.

نەنە پیرۆز ئافرەتێکی پیر بوو، پشتی کۆمابووەوە، وای لێ هاتبوو لە چەناگەیەوە تەڵە تەڵە ڕیشی دەرکردبوو، لەگەڵ پۆپە سپییە جوانەکەیا تێکڵاو ئەبوو، باکە، کە ئەیشەکاندەوە ئەتوت گێز و گوڵەنگە و تاقمانەجووت ئەکات. شیری بە نەنکی ئەم مناڵانە هەموو دابوو، لە هەڵپەڕکێی زەماوەندی باپیریانا گەلێ کاسە و کەوچکی شتبوو، بە دەمیەوە سەرچۆپییەکەشی هەڵئەسووڕاند. لەبەر گەڕۆکی تەنها گوێ ئاگردانی ماڵی خۆیانی نەدیبوو، ئەگینا هەموو شوێنێکی تری چاو پێ کەوتبوو.

جا ئەم نەنە پیرۆزە لەناو ئەم مناڵانەدا پەریزادی لە هەموویان زیاتر خۆش ئەویست، چونکە هەموو جار ئەچوو قاوتی لە دایکی ئەسەند و بۆی ئەهێنا. نەنە پیرۆز بۆیە قاوتی لە هەموو شت خۆشتر ئەویست، چونکە دانی نەمابوو، قاوتەکە گەلێ تەسکینیی ئەدایە، ئێجگار کە ئەیمڵکاند، پەریزاد پڵتە پڵتەکەی زۆر پێ خۆشبوو.

نەنە پیرۆز کە تەماشای کرد پووشوو بە یاریکردن، گەمە بە مناڵەکان ئەکا و شەکەتیان ئەکات، لەبەر ئەوە کە پەریزادیشیان تیا بوو وتی: پووشوو ئەیەڕۆ! ڕۆڵە تۆ وەکوو ڕێوییەکەی قەمچۆغەت لێ هاتووە، بە لای خۆتەوە گەمە لەگەڵ مناڵەکان ئەکەیت، کەچی ئەتەوێ بیانپڕووکێنێت!.

پووشوو هەرچەند نەیئەزانی ڕێویی قەمچۆغە چ باسێکی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوە کە نەنە پیرۆزی توانجی تێ گرتبوو، گەلێ دڵگیر بوو، دڵی پڕ بوو، دەستی کرد بە گریان. نەنە پیرۆزی سەری نایە سنگی خۆیەوە و ئەملا و ئەولای ماچ کرد و وتی: کوڕی شیرینم مەگری ئەوە گاڵتەم لەگەڵ کردیت، بۆیە وام پێ وتیت بۆ ئەوە هەر لە ئێستاوە بچێتە دڵتەوە کە عینسان هەر ئیشێکی کرد، ئەبێ بەبێ فڕوفێڵ دەستی بداتێ، ئەگینا لە پاشەجارا تێ ئەشکێ و چاری پێ ناکرێ.

فڕوفێڵ هەرچەندە تا بەینێک پیاو پێی سەرئەکەوێ، بەڵام لە ئاخرا تڕۆ ئەبێت و خۆی پێ ناگیرێتەوە. ئاگات لێ بوو تۆ لەبەر ئەوە کە لە یاریکردنەکەتا لەگەڵ مناڵەکانا بە گزی ئەهاتیتە پێشەوە و لەو بەینەدا پێیان پێ ئەکەنییت، کەچی لەپاشا پێکەنینەکەت بوو بە گریان و دڵت تەنگ بوو.

پووشوو بە دڵنەوایی و ئامۆژگارییەکانی نەنە پیرۆزی ژیر بووەوە و لە دڵیشا تەریق بووەوە. لە پاشا وتی: نەنە پیرۆز گیان، ڕێویی قەمچۆغە چیی کردووە وا بووە بە مەتەڵ؟ نەنە پیرۆزیشی وتی: کوڕی شیرینم شتێکی وا نییە، ئەوە هەر حەزم کرد تۆی پێ ژیر کەمەوە.

پەریزادیش لەولاوە وتی: نەنە گیان لە دەورت گەڕێم، توخوا ئەگەر بۆمانی نەگێڕیتەوە، ئەوا ئەچم ئێستە لەلای دایکم نەختێکی تر قاوتت بۆ دێنم. نەنە پیرۆز کە گوێی لە قاوت بوو. وتی باشە ڕۆڵە شیرینەکانم، شەوێ بۆتان ئەگێڕمەوە، دەسا بچۆ قاوتەکەم بۆ بێنە.

پەریزاد خێرا چوو لەلای دایکی قاوتی هێنا بۆ نەنە پیرۆزی و چاوەڕێی شەویان ئەکرد، کە شەو داهات هەموویان دەورەیان لێ دا و پێیان وت نەنە گیان دە بۆمان بگێڕەوە. نەنە پیرۆز تێر قاوتی خواردبوو، بە زمانی، دەم و لێوی پاک کردەوە و تفێکی قووت دا و وتی:

قەمچۆغەمکان گوندێکە لەو وڵاتی ئاڵانە، شوێنەکەی شاخ و کەژاوییە. حەمەی بارامە ڕووتە هەبوو لەوێ ڕاوچی بوو، تەڵەڕێوییەکی هەبوو، ئەچوو لە بناری ڕەزەکان ئەینایەوە، ڕێوییەکی پێوە ئەبوو، بە باقە باق ئەیهێنایەوە و لە لووتەوە سەری ئەبڕی، گۆشتەکەیان لە ماڵەوە ئەکرد بە ساوەر بە گۆشت، پێستەکەشی هەڵئەواسی هەتا زۆر ئەبوو، لەپاشا ئەیهێنا بۆ شار ئەیفرۆشت و بە پارەکەی جلوبەرگی ئەکڕی بۆ مناڵەکانی. ئەوا چوار پێستەڕێویی پێکەوە ناوە، چاوەڕێی ئەوە ئەکا بەڵکوو پێستەیەکی کەشی چنگ کەوێ، ئەو وەختە بیبا بۆ شار، هەموو ئێوارەیەک ئەچێت لە دووری ئاوایی تەڵەکە ئەنێتەوە، کە بەیانی ئەچێتە سەری تەماشا ئەکا تەڵە تەقیوە و کەچی هیچیشی پێوە نەبووە!. بەمە زۆر زیز بوو وتی تازە ئیتر ڕزقم لەسەر زەوی نەماوە!.

***

ئەمە لێرە ئەم خەمەی تووش بوو، کەچی بەیانییەک ئاتەی ژنی هەستا و چووە سەر کولینەکە هێلکەیەک بێنێ، بۆ ماڕکەی ماڵە دراوسێیەکیان، تەماشا ئەکا یەکێ لە مریشکەکانیان دیار نییە. هاتەوە بە حەمەی وت. حەمەش هیچ، چیی پێ ئەکرێ. شەوی دواییش تەماشا ئەکەن مریشکێکی تریان نەماوە.

بەم جۆرە قەڵاچۆ کەوتە ناو مریشکەکانیانەوە، تاقیان بۆ نەما و ناشزانن چییان بە سەر دێت. نە قوڵاخێکیان دەست ئەکەوێتەوە، نە پەڕێکیان بەرچاو ئەکەوێ. لەم ئیشە هەر وا سەریان سڕ ماوە.

بەیانییەکی تر سەیر ئەکەن وا لە ماڵە دراوسێکەیانەوە هەرا هەستا کە مریشکێکیان نەماوە. شەوێک و دوو شەو، مریشکەکانی ئەوانیش هەموو سەریان تیا چوو، وردە وردە تەماشا ئەکەن هەر شەوە لە ماڵێکەوە دەنگ بەرز ئەبێتەوە کە مریشکیان نەماوە.

هەموو خەڵکی ئەم ئاوایییە لەم ئیشە سەریان سڕ ماوە و نازانن مریشکەکانیان چییان بە سەر دێت. وا ماوەیەکی زۆریشە تەڵەڕێوییەکە هەر ئەتەقێ، چەشەکەی ئەخورێت و هیچیشی پێوە نابێت.

خەڵکەکە لە بەینی خۆیانا قسەیان کرد بە یەک کە تێکڕا ئەو شەوە هەموو هەر یەکە لەلایەکەوە دەست بکەن بە ئیشکگرتن بەڵکوو ئەم مەتەڵەیان بۆ هەڵبێت. پاش نوێژی خەوتنان، هەر کەسە دەستی گەیاندە تفەنگی خۆی و دەستی کرد بە سووڕانەوە، هەر کەسە دوو چاوی هەبوو لێی بوو بە چوار چاو.

دوو بەشی شەو ڕۆیشتبوو، نەڕۆیشتبوو. حەمە تەماشای کرد وا ڕێوییەک لە ڕێوییە مردووەکان - کە لە ژوورەکەدا هەڵیواسیبوون- لووس و باریک قاچی خۆی لە پەتەکە دەرهێنا و قیتەقیت دەستی کرد بە ڕۆیشتن. حەمە هەر بە جاری واقی وڕ ما، وتی ئەمە چییە؟ ئەمە تەلیسمە؟ جادووە، چییە؟ بەینێک لەبەر بەڵاجەویەتی لە شوێنەکەی خۆیا هەر وشک بوو، بەینە و دوا سەیری کرد وا ڕێوی خەریکە دوور ئەکەوێتەوە. وتی: خۆ ئەوە خەریکە لە دەستم دەرئەچێت. با شوێنی کەوم بزانم چی ئەکات؟

بە ناچاری کەوتە شوێنی، سەیری کرد، وا مام ڕێوی لەوپەڕی ئاوایییەوە خۆی کرد بە ماڵێکا، لەوێ چووە کولانەکەوە، بە دزییەوە قەپی کرد بە ملی مریشکێکدا بە جۆرێکی وا کە هیچ دەنگی دەرنەچێت. هێنایە دەرەوە و لە ئاوایی دەرچوو. حەمەش هەر کەوتە شوێنی، تەماشا ئەکا چووە سەر جۆگە ئاوەکە، جوان و پوخت مریشکەکەی خوارد و پەڕەکانی دا بە دەم ئاوەکەوە، لەوێشەوە چوو بۆ لای تەڵەکە تا گەیشتە سەری، پشتی تێ کرد و کلکی بۆ درێژ کرد، بەحاڵ بە سەری کلکی تەڵەکەی تەقاند بێ ئەوە پێوە ببێت. چەشەکەی خوارد و ڕووبەڕووی ئاوایی بووەوە.

لە قەراخ دێکە جنچکەیەکی دا، زمانی دەرهێنا هەموو قەپۆز و لێوی خۆی سڕییەوە، لەپاشا چووەوە بۆ ئاوایی تا گەیشتەوە بەر ماڵ. حەمە سەیری کرد لە قاپی چووە ژوورەوە، بەبێ خشە و بە هێواشی چووە ئەو شوێنە کە ڕێوییەکانی لێ هەڵواسرابوو. چڕنووکی هەردوو دەستی گیر کرد لە سەروگوێلاکی ڕێوییە مردووەکان و قاچی بەرزکردەوە تا گەیاندیەوە بە پەتەکە، هەردوو قاچی کرد بە ئەڵقەی پەتەکەدا، تەکانێکی دا، پەتەکە لە قاچی توند بوو، خۆی لە بەینی چوار ڕێوییە مردووەکانی ترا ئاوێزان کرد، بە جۆرێکی وەها، ها ئێستە مردووە، ها ساڵی ڕابوردوو.

کە حەمە ئەمەی دی وتی هەی دایکم بەقوربانت بێ مام ڕێوی! ئەمە دیارە ئەم کەتنانە تۆ گێڕاوتە!. شەرت بێ ئەبێ هەقی بەرودوات لێ بکەمەوە، خۆ تۆ وەرەمت بە من و بەم ئاوایییە کرد و هەرچێکمان بە دەستەوە بوو، هەمووت لە دەست سەندین، بۆم ڕاوەستە تا بەیانی.

حەمە ئەو شەوە لە خۆشییانا خەوی لێ نەکەوت، هەر چاوەڕێی بەیان بوو. کە هەتاو گزنگی دا، چوو دەرودراوسێی هەموو کۆ کردەوە و وتی وەرن، ئەوی بۆی ئەگەڕاین دەستمان کەوت. ئەمانە هەموو پەنی مام ڕێوی بووە داویەتی، ئای مام ڕێویی فێڵباز، هەر بۆت بمێنم تا تۆزێکی تر.

دەرودراوسێ وەکوو موژدەی بەهەشتیان پێ دابن، ئاوا بوون، هەموو تێکڕا هوروژمیان هێنا بۆ ماڵی حەمەی بارام، وتیان بە قوربانە حەمە! کوا مام ڕێویی قومارباز تا بە تۆڵەی خۆی بگەیەنین؟ ئەویش وتی وەرن. تێکڕا چوونە سەر ڕێوییە مردووە هەڵواسراوەکان، وتی ئەمەیە. وتیان کوڕە حەمە!. ئەم ڕێوییانە مردوون، تۆ شێت بوویت، قسەی چی ئەکەیت؟

حەمە وتی ڕاوەستن!

چووە پێشەوە سەیرێکی ڕێوییەکانی کرد و توند دەستی برد قاچی یەکێکیانی گرت، عالەمەکە ئەوەندەیان زانی ڕێوی باقەباقی پێ کەوت و هەڵبڵۆقییەوە!. خەڵکەکە بە جاری واقیان وڕ ما و داباران بەسەر مام ڕێویدا.

ئینجا پەتەکەیان لە قاچی کردەوە و پەتێکی تریان بەست بە ملیەوە. مام ڕێوی بە باقەباق بزەی چاوی دێت و بە جۆرێ سەیری عالەمەکە ئەکا کە چاوەکانی شایەتی گوناحباریی لێوە ئەدەن. جا وەرە مام ڕێوی ڕزگارت بێت لە دەست ئەم هەموو داخ لەدڵانە کە هەر شەوە سیخێکت کردووە بە جەرگی یەکێکیانا.

***

کەوتنە ڕاوێژی ئەوە کە بە چ سزایەک بیکوژن. یەکێک وتی بە دار شلوکوتی کەین. یەکێکی تر وتی نەئـ، سەری بتاشین و دەموچاوی ڕەنگ کەین و بەرەڵای کەین با بەتەواوی شەرمەزاری ناو ڕێوییەکان ببێ. لە ئاخریدا حەمەی بارام وتی: لێ گەڕێن ئێستە من تۆڵەی هەمووتانی لێ ئەکەمەوە. پیاو دوژمنی خۆی بە دەستی خۆی بکوژێ باشە.

هێنای چوارمێخەی کێشاوە و وتی: ئەی مام ڕێویی قوماربازی وا وا لێکراو. ئاخر تۆ نەتئەزانی فڕوفێڵکردن ناچێتە سەر و پەشیمانیی لە دوایە؟ ئەبێ لەباتی هەر تاقە مریشکێک کە خواردووتە، جیقێکت پێ بکەم، تا گیانت لە کونەلووتتەوە دەرئەچێت.

دەستی نایە بیناقاقای و تاساندی. مام ڕێوی هێزی ئەدایە خۆی بۆ ئەوە هەناسە بدات، لەو وەختەدا حەمە تۆزێ دەستی شل ئەکردەوە، مام ڕێوی ئەیوت جیق. تا چەند مریشکی خواردبوو ئەوەندەیان جیق پێ کرد و لەپاشا گیانی لە کونەلووتیەوە هاتە دەرەوە. حەمە پێستەکەی کەند و ئەمجارە بەڕاستی لەناو پێستەڕێوییەکاندا هەڵیواسی. بەو جۆرە مام ڕێوی بە تۆڵەی خۆی گەیشت.

***

مام ڕێوی گەلێ جار بە شێنەیی مریشکی ئەخوارد و تەڵەکەی ئەتەقاند، بەڵام لەبەر ئەوە کە هەمووی بە فڕوفێڵ و لە ڕێگەیەکی چەوتەوە بوو، لە ئاخرا بەو جۆرە تێ شکا و چاری پێ نەکرا.

لەپاشا نەنە پیرۆز وتی: ڕۆڵە شیرینەکانم ئەمە بوو سەرگوزەشتی ڕێوییەکەی قەمچۆغە.

پەریزاد ڕووی کردە پووشو وتی: پووشوو گیان! چاوت لێ بوو ئیشێک کە بە قوماربازی و بۆ چاوبەستی خەڵک بکرێت - با لە غەیری ئادەمیزادیشا بێت- چۆن تا سەر نابێت و ئاخری هەر تیایا تڕۆبوون نەبێ، هیچی تر بۆ پیاو نامێنێتەوە.

ئەوا ئیتر من بڕیارم دا تا ماوم لە دنیادا بە ساغی و دڵپاکی نەبێ دەست نەبەم بۆ هیچ ئیشێک. پووشوویش وتی: پەریزاد گیان ئەوا منیش ئەو بڕیارەم دا. هەموو مناڵەکان تێکڕا بوون بە هاوپەیمان کە تا لە دنیادا ماون قەت فڕوفێڵ لە هیچ ئیشێکدا نەخەنە کار.