دوو براکە

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 7 دقیقه  925 مشاهده

بەیانیان زوو هەڵسان لە خەو زۆر خۆشە، بۆیە هەڵۆ هەموو ڕۆژێک لەپێش مەلابانگدانا هەڵئەستا و ئەچوو لەناو باخچەکەی خۆیانا- کە هەوا فێنک بوو- دەستی ئەکرد بە جیملاسک، هەتا هەتاو ئەکەوت. لەشی وەکوو مێو و ڕۆنی لێ هاتبوو، ئەلەمی تێدا نەبوو، ئینجا دایکی هێشوویێ ترێی لە مێوەکەیان ئەکردەوە و بۆی ئەشۆردەوە، لە خورێنی ئەیخوارد، ئێجگار بەمە لەشی ئەوەندەی تر وەکوو گوێزی ئازای لێ هاتبوو.

شاهۆی برایشی زۆری حەز ئەکرد بەیانیان زوو خەبەری ببێتەوە و وەکوو هەڵۆ دەست بکا بە جیملاسک و لەپاشا دایکی بەشی ئەویش ترێ بدا. هەموو شەوێ لە هەڵۆ ئەپاڕایەوە کە بەیانیان زوو خەبەری کاتەوە، هەڵۆ هەر بەو مناڵییە نەختێ فێڵباز بوو. خەبەری ئەکردەوە پێکەوە جیملاسکەکەیان ئەکرد، بەڵام کە ئەهاتە سەر ترێ خواردنەکە پێی ئەوت: گەوجە، شاهۆ! تۆ ئەبێ جارێ جیملاسکێکی زۆر بکەیت ئەو وەختە ئەبێ ترێ بخۆیت. بەیانیان لەبەر ئەوە کە هیچت نەخواردووە خراپە لە پێشەوە ترێ بخۆیت. من ترێ کە ئەخۆم تۆیش دەمی بۆ بتەقێنە بۆ ئەوە ئیشتیهات ساف ببێت. جا کە چەند ڕۆژێک وات کرد لەپاشا ئیشتیهات ئەکرێتەوە و بەشت ئەدەم.

شاهۆ بڕوای پێ کرد. ئەویش هەموو ڕۆژێ خێرا زوو هەڵئەستا لەگەڵ هەڵۆدا دەستی ئەکرد بە جیملاسک کردن، کە لێ ئەبوونەوە، دایکیان دوو هێشووەترێی ئەدانێ ئەیانبردە سەر ئاوەکە، هەڵۆ دەستی ئەکرد بە خواردنیان و شاهۆیش دەمی بۆ ئەتەقان.

چەند ڕۆژێک بەم جۆرە ڕایانبوارد، بەڵام شاهۆ هەر وەخت بوو سوێی ببێتەوە. هەرچەند ئەیوت بە هەڵۆ بەشم بدە، هەڵۆ ئەیوت هێشتا ماوتە، ئیشتیهات ساف نەبووە.

شاهۆ ئۆقرەی لێ بڕا، ئینجا دەستی کرد بە قسەوتن بە هەڵۆ، هەڵۆیش هیچ گوێی نەئەدایە، هەر خەریکی ترێ خواردنی خۆی بوو. لە ئاخرا شاهۆ، چوو شکاتی خستە بەر باوکی، باوکیشی هەڵۆی بانگ کرد و پێی وت: کوڕم! بۆچی بەشی نادەیت؟ هەڵۆیش وتی: ئای، کە من ترێیەکەم ئەخوارد ئەویش دەستی ئەکرد بە دەم تەقاندن و بە قسە وتن بە من. قسەکانی لە باتی بەشە ترێیەکەی.

باوکی قاقا دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: جا ڕۆڵە، دەم تەقاندن و قسەکردن هیچ جێی بۆڵەترێیەک ئەگرێتەوە کە بیخوات؟ تۆیش دەردی دوو براکەت لێ هاتووە کە ماڵەکەیان بەش ئەکرد.

شاهۆ، بیستنی سەرگوزەشتی دوو براکەی گەلێ لە ترێیەکە پێ خۆشتر بوو، چووە تەنیشت باوکیەوە و دەستی کردە ملی و وتی: توخوا بابە گیان. قسەی دوو براکە چییە بۆم بگێڕەوە. باوکیشی وتی: چیت بۆ بگێڕمەوە ڕۆڵە؟ ئەویش هەر شتێکە وەکوو ئەمەی ئێوە.

شاهۆ لە دڵیا بوو بە مەراق و دیسان تکای لە باوکی کردەوە کە بۆی بگێڕێتەوە، باوکی کە زانیی شاهۆ زۆری پێ خۆشە وتی: ڕۆڵە لەگەڵ هەڵۆدا دانیشن تا بۆتان بگێڕمەوە. شاهۆ دەستی هەڵۆی برای گرت و لە بەردەم باوکیانا دانیشتن و باوکیان دەستی کرد بە گێڕانەوەی سەرگوزەشتەکە و وتی:

***

گردالی و سەفەرالی دوو برا بوون. نەخشالیی باوکیان مرد، کۆشکێک و «دووبەرە»یە هەنگوین و دوو بەرانیان بە میراتی بۆ مایەوە. گردالی بەسەریانەوە تەخشان و پەخشانی ئەکرد، سەفرالیی هەژاریش هیچ.

ئاخری گەیشتە جەرگی وتی: کاکە! با ماڵەکەمان بەش کەین. گردالیش وتی زۆر چاکە گیان کاکەی.

خۆت ئەزانی من هەر شتێک چاک بێ بۆ تۆم ئەوێ. پێی ناوێ کەسی بێگانە لە بەینمانا بێت. گردیل و وردیل و بەردیل خزمی خۆمانن، ئەیانکەین بە دەمسپی و لە بەینمانا بن. سەفەرالیش وتی باشە. کۆمەڵی ناوبژیکەریان کۆکردەوە و لە ڕووی ئەوانا دەستیان کرد بە ماڵ بەشکردن.

گردالی وتی: لەپێشا بێینە سەر کۆشکەکە؛ ئەو کۆشکە جوانە لەسەر زەوییەوە تا سەربانەکە - کە هەمووی پەنجا گەز نابێ- بۆ من، لە سەربانەکەوە تا ئاسمان- کە پەنجا هەزار گەز ئەبێ- بۆ تۆ.

دوو بەرانەکە - کە هیچ تامێکیان تێدا نییە - بۆ من، شەرەقۆچەکەیان - کە زۆر خۆشە - بۆ تۆ، هەر سەیریان بکە و بتریقێرەوە!

دووبەرە هەنگوینەکە - کە ئەوەندەی - مستەکۆڵەیەکە - بۆ من، شیرینییەکەی - کە پڕ بە دنیایەکە - بۆ تۆ و هەر دەمی بۆ بتەقێنە.

گیان کاکەی هیچی ترمان نییە تا بەشی کەین هەر ئەمانە بوو، ئەگەر لەبەر قسەی خەڵکی نەبوایە، من ئەم تۆزەشم هەڵنەئەگرت، بەڵام قەیدی نییە، با هەموو کەسێ بزانێ کە من تۆم چەندە خۆش ئەوێ و چۆن بە تەنگتەوە دێم و بەشە زۆرەکەت بۆ دائەنێم.

خێرا کۆمەڵی ناوبژیکەر لەپێش ئەوەدا کە سەفەرالی بێتە قسە، مۆریان کرد و وتیان «بە خوا بەشی چاکە». بەڵام گردالی! تۆ شتێکی تر ماوە بەشت نەکردووە ئەویش قسەکردنە، قسەکردنیش بەش کەن، گردالی وتی: من دڵی برای خۆم ناگۆڕمەوە بە هەزار قسە، هەرچی قسە هەیە هەمووی هەر بۆ ئەو من هیچم ناوێ. ئیتر سەفەرالی ئەم بەشکردنەی ئێجگار پێ خۆش بوو، خۆی بە شا ئەزانی.

گردالی گواستیەوە ناو کۆشکەکە و لە خێراتی بەرانەکانی ئەخوارد و بە دەمیەوە وردە وردە دەستی کرد بە هەنگوێن خواردنی دووبەرەکەش، ئیتر هیچ قسەی نەئەکرد. سەفەرالیش هەموو ڕۆژێ ئەچوو لە دوورەوە تەماشای سەربانی کۆشکەکەی تا ئاسمان ئەکرد و بە شەڕکردنی بەرانەکان گەشکە ئەیگرت، کە گردالی هەنگوێنەکەی ئەخوارد ئەمیش دەمی بۆ ئەتەقان.

ماوەیەکی زۆر بەم جۆرە مایەوە، لە ئاخرا لەبەر ئەوە کە ئەوەندە بە زکی برسی دەمی تەقاندبوو، چاوی بڕیبووە کۆشک و بەرانەکان نە دەمی هێزی مابوو نە چاوی. گردالیش وا بە شێنەیی قاچی لێ ڕاکێشاوە.

تەماشای کرد ئەمانە هیچیان پەنجە هەنگوێن وەیا کەرتە خشتێکی کۆشکەکە ناهێنن، ئینجا دەستی کرد بە قسەکردن، ئەوەندەی قسە کردبوو دنیای پڕ کردبوو. لەم قسانەی ئەم، گردالی هیچ گوێی نەئەزرینگایەوە. کۆمەڵی ناوبژیکەریش هەر پێیان ئەوت: حەقی خۆتە هەتا ئەتوانی قسە بکە!

***

ئینجا باوکی شاهۆ وتی: ڕۆڵە گیان، شاهۆ! ئەمە بوو قسەی دوو براکە. شاهۆ فرە ژیر بوو وتی: توخوا بابە گیان سەفەرالی لەو هەموو قسە کە ئەیکرد هیچی بۆ سەوز ئەبوو؟ باوکیشی وتی ڕۆڵە چیی بۆ سەوز ببێت؟ قسە چییە و قسەی ڕووت بە کەڵکی چی دێت؟ شاهۆ تۆزێ ڕاما و لەپاشا وتی: توخوا چاوت لێیە بابە گیان، هەڵۆی برام ڕاست ئەیەوێ بەزمەکەی گردالی و سەفەرالی بگێڕێت. ئەوا فێر بووم ئیتر نایەڵم وام لەگەڵ بکات، بەشە ترێکەی خۆم هەموو ڕۆژێ لە دایکمی وەرئەگرم.

شاهۆ هەر بەو مناڵییە نموونەی بلیمەتیی دەرکەوتبوو، قاقا دەستی کرد بە پێکەنین و ئەملاوئەولای باوکی ماچ کرد و وتی: بابە گیان لەم قسەیە کە بۆت گێڕامەوە زۆر شتم وەرگرت. تۆ بۆچی وا دوور ئەڕۆیت، نەوەک بەینی من و هەڵۆی برام بەڵکوو ئێستا هەموو عالەم وای لێ هاتووە؛ هەندێکیان وەکوو گردالی لە خێراتی ئەم دنیایە ئەخۆن و قسەکردنێکی زۆر و زەبەنیشیان داوە بە هەندێکی تر. بەتایبەتی ئەم باس و مەسەلەیە لەم قەومی ئێمە کە قەومی کوردە ڕووی داوە، هەندێ کەس خێراتەکەمان ئەخۆن و کەچی ئێمەیان بە شتێکی ترەوە خەریک کردووە.

بەڵێ بابە گیان سەمەرەکەی گردالی و سەفەرالی سەری لە ئێمە داوە؛ هەندێک بە خێروبێر خواردنەوە خەریکن، هەندێکی کەش- کە ئێمەین بەتایبەتی- بە قسە و بە دەم تەقاندنەوە خەریکین، بەڵام داخەکەم بابە گیان هەزار فاتیحە پوولێک ناهێنێت.