بزن و مەیموونەکە

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  612 مشاهده

دانا و نەریمان، نەشمیل و خەرامان گەمەیان ئەکرد لە باخچەی مناڵان. دەستیان کرد بە بازدان و قەلەمردارێ. لەپاشا خەرامان وتی: بریا تۆپێکی فتبۆڵ ئەبوو نەختێ فتبۆڵیشمان ئەکرد. نەریمان وتی: ئای، تۆپەکەی زانا ئەوەتە لە بن داربەنەکە، ئێستە ئەچم ئەیهێنم تێر فتبۆڵی پێ ئەکەین و لەپاشا ئەیبەینەوە شوێنەکەی خۆی.

خەرامانیش وتی: گەوجە! مەیهێنە زانا لێرە نییە، شتێک کە خاوەنەکەی بە لایەوە نەبوو پیاو توخنی کەوێ گوناحە. نەریمانیش وتی: گەوجە، قەی ناکا، زانایش هەر خۆمانە، دەنگ ناکا.

هەستا چوو تۆپەکەی هێنا و دەستیان کرد بە فتبۆڵکردن، نەختێکیان یاری کرد و کوتوپڕ زانا پەیدا بووەوە. کە تەماشای کرد وا بە تۆپەکەی ئەو یاری ئەکەن وتی: ئەگەر تۆپەکە هیی ئێوە بوایە لێرە نەبوونایە من نەمئەهێنا. نەریمان تەریق بووەوە و وتی: بە خوا زانا گیان خەتای خەرامان بوو.

خەرامان کچێکی ژیر و قسەقوت بوو، بە پێکەنینەوە وتی: نەریمان! گیانەکەم ئەتەوێ دەستە چەورەکەی خۆت بە سەر منا بسوویت؟

***

خاڵە مەنووچەر چاوێریی هەرێز و داری باخچەکەی ئەکرد، ڕیشێکی سپیی نوورانیی پێوە بوو، بێڵەکەی بە دەستەوە بوو، لە دەوروبەری ئەوانا خەریک بوو گۆلی بۆ گوڵەبەڕۆژە دروست ئەکرد، چاوی لە یاری و گوێی لە هەموو قسەکانیان بوو، ڕووی کردە فڵامەرزی کوڕی، بە زەردەخەنەیەکەوە پێی وت: فڵامەرز، هەموو جار باسی بزن و مەیموونەکەم بۆ ئەگێڕایتەوە، ئەوا ئێستا بە چاوی خۆت لە نەریمان و خەرامانا چاوت پێ کەوت.

نەشمیل لە نزیکی خاڵۆ مەنووچەرەوە بوو، گوێی لە قسەکەی بوو. زۆر حەزی لە قسەی خۆش ئەکرد، هەڕای کرد بۆ لای و وتی: توخوا خاڵۆ مەنووچەر گیان باسی بزن و مەیموونەکە چییە؟ خاڵۆ مەنووچەر وتی: بڕۆ بە ڕێی خۆتەوە کچم، بڕۆ!

لەم پاڕان و لاڵانەوەی نەشمیل و تووڕەبوونەی خاڵۆ مەنووچەرە، دانا و ئەوانیش هاتن بە لایانەوە، کە ناوی بزن و مەیموونیان بیست هەموو ورووکانە خاڵۆ مەنووچەر کە بۆیان بگێڕێتەوە!.

خاڵۆ مەنووچەر کیسە تووتنەکەی لە ماڵەوە بە جێ هێشتبوو، دەمێ بوو سەبیلی نەکێشابوو، خۆی لە خۆیا ئاگری ئەکردەوە، ئەمانیش ئەوەندەی تر سەرشێتیان کردبوو. وتی: تەماشا کە ئەم بەڵایە! من وا لەبەر بێ سەبیلی وەختە چاوم دەرێت ئەمانەش ئەوەندەی تر لێم بوون بە مڵۆزم.

خێرا مناڵەکان وتیان: خاڵۆ مەنووچەر، هەر ئێستە تووتن و سەبیلت بۆ دێنین، تۆ هەر قسەکەمان بۆ بگێڕەوە، چیت ئەوێ ئەتدەینێ.

دانا چووە ماڵەوە بە دایکی وت: دایە! خاڵۆ مەنووچەر شەو و ڕۆژ ئەو باخەمان بۆ چاک ئەکا، ئێستە تووتنی نەماوە، هەندێ تووتنم بۆ بکەرە کیسەیەکەوە با بۆی بەرم، دایکیشی وتی: چاکە ڕۆڵە گیان خاڵە مەنووچەر هەقی بەسەر هەموومانەوە هەیە، ها بۆی بەرە. بەرد و ئەستێیەکی کۆنیشیان هەبوو لەگەڵ تۆزێ پووشوو، ئەویشی بۆ تێ خست. خێرا لەولاوە نەشمیلیش چوو لەبەر پەلەپەلی دەستی بە هیچ نەگەیشت سەبیلە کۆنێکی باوکی هەبوو، نەویی لە سەبیلەکە و بۆی هێنا.

خاڵە مەنووچەر کە چاوی بە کیسە و سەبیل و تووتن کەوت وەکوو گوڵ گەشایەوە و لە بن دار وەنەتەقەکەدا دانیشت بە پەلەپڕووزێ سەبیلێکی تێ کرد و دایگیران و مژی لێ دا، دووکەڵ بەرز بووەوە. مناڵەکانیش وا دەورەیان داوە چاوەڕێی ئەوە ئەکەن خاڵە مەنووچەر تۆزێ دەماخی چاخ ببێت و قسەی بزن و مەیموونەکەیان بۆ بگێڕێتەوە.

خاڵە مەنووچەر سەبیلێک و دوو سەبیلی تێ کرد و تۆزێ هەناسەی پیا هاتەوە، لەپاشا وتی: هەستن بڕۆن، بۆچ دەورەتان لێ داوم؟ ئەمانیش هەموویان چوون و دەستیان کردە ملی و ڕیشە جوانەکەیان ماچ ئەکرد کە قسەکەیان بۆ بگێڕێتەوە. خاڵە مەنووچەر دڵی نەرم بوو. وتی: دانیشن، بڵێم چی، بەڵام جارێکی تر هیچتان ئیتر بۆ ناگێڕمەوە، ئێوە بێحەیان. وتیان باشە خاڵە مەنووچەر گیان تۆ ئەمەمان بۆ بگێڕەوە ئیتر هیچی ترمان لە تۆ ناوێ. خاڵە مەنووچەر سەبیلێکی تری تێ کرد و وتی:

میری بۆتانمکان نەخۆشییەکی تووش بووبوو هەرچی دوختۆر و پیاوماقووڵی وڵات بوو کۆ بوونەوە نەیانزانی ئەم نەخۆشییە چییە و چۆن چار ئەکرێت. لەو دەورە عەلۆی بایز هەبوو پیاوێکی کۆنەساڵ و دنیادیدە بوو، گەلێ شتی بە سەر هاتبوو، دەستی پزیشکیشی هەبوو، ناوبانگی لە هەموو دنیادا دەرکردبوو. میر ناردی هێنایان و پرسی پێ کرد. عەلۆ نەختێ تەماشای سەر و چاو و زمانی میری کرد و لەپاشا وتی: پاشام سەلامەت بێ، دەردێکی وا نییە. من وا تێ ئەگەم کە میر لەناو سکەوە لە تەنیشت ڕیخۆڵە کوێرەیەوە برینێکی دەرکردووە، کە ئەو برینە دەرگای بوو میر هیچ ئەلەمی تێدا نامێنێ.

ئەو وەختە وەکوو ئێستا ئەم حەمەلیات و دوختۆر و موختۆرە نەبوو، ئەگەر یەکێ شتێکی تووش ببووایە بە داودەرمانی کوردی چاک ئەکرایەوە.

عەلۆ وتی دەرمانی ئەو برینەی میر پێکەنینە. ئەبێ ئەوەندە پێ بکەنێ هەتا لەبەر پێکەنین دەرگای برینەکەی ئەبێ. ئەی دیارە ئەمەش هەروا بە خۆڕایی ناکرێ.

***

گیان خۆشەویستە، عەلۆیش قسەکەی نەختێ ئەچووە دڵەوە، مایەوە سەر ئەوە ئایا ئەمە، چ کارەساتێک بێت کە میر ئەوەندە بهێنێتە پێکەنین تا ئەو برینەی دەرگای ئەبێ؟ ڕۆژ بە ڕۆژ هەر لاوازتر و بێ پشووتر ئەبوو، چاری نەما هەستا بنە و بارگەی پێچایەوە و کەوتە گەڕان بە قەڵەمڕەوی وڵاتەکەی خۆیا.

گەڕا، گەڕا تا ڕێی کەوتە شاری هەولێرمکان. ڕۆژێک خۆی بە تەنها هەستا و چووە بازاڕەوە، کەس نەیئەناسی. گەیشتە بەر دوکانی ماستفرۆشێک. تەماشای کرد کابرای ماستفرۆش لەسەر دەزگای خۆی دانیشتووە و مەیموونێکی جوانکەلانە لەولایەوە جنچکەی کردووە و بزەبزی چاوەکانی دێت. بزنێکیش لەولایەوە بە ڕیشێکی زلەوە وەستاوە هەر سەری ئەشەکێنێتەوە و ڕیشەکەی تەکەتەکی دێت. کوتوپڕ کابرای ماستفرۆش هەستا چوو بۆ مزگەوت و بە مەیموونەکەی وت ئاگات لە دوکانەکە بێت. مەیموونیش سەری بۆ دانەواند و فڕکەی کرد چوو لە شوێنەکەی دانیشت.

میر ئەم دیمەنەی زۆر بە لاوە سەیر بوو، بەرانبەر بە دوکانەکە ڕاوەستا و دەستی کرد بە سەیرکردن. تەماشای کرد هەر کە کابرای ماستفرۆش پشتی هەڵکرد مەیموونەکە هەستا و چووە سەر مەرکانەیە ماست، هەتا لە لووتی هاتەوە تێر و پڕ ماستی خوارد و مەڕکانە ماستی کز کرد. ئەو بەینە سەرخۆشی ماست خواردن بووبوو، کە تێری خوارد تەماشای کرد مەرکانە ماست شتێکی وای تێدا نەماوە. لە ترسی خاوەنەکەی زەنەقی چوو.

تۆزێ داما و میریش هەر سەیری ئەکا. تەماشا ئەکا وا مەیموونەکە نقەنق باوەشی کرد بە مەڕکانەکەدا، هەرچەندە ئەکا بۆی نابزوێ، میریش نازانێ کە ئەمە، مەبەستی مەیموونەکە چییە؟ هەر ئەوەندەی زانی کە تەماشای کرد وا مەیموون مەڕکانە ماستی پێ هەڵناگیرێ بە پەلە چوو گوریسێک لەولاوە هەبوو، گوریسەکەی هێنا سەرێکی بەست بە ناوقەدی مەڕکانەکەوە و سەرەکەی تریشی بەست بە ناوقەدی خۆیەوە. بە هەر جڕەجڕێک بوو ڕایکێشا تا گەیاندیە بەردەمی بزنەکە. لەوێ گوریسەکەی لە خۆی و مەڕکانەکە کردەوە و تۆزێ ماستی هەڵگرت کردی بە دەم بزنەکەوە، لەپاشا سەری بزنەکەی خستە مەڕکانەکەوە. بزنم بزن بوو، هەموو سەروڕیشی خۆی پلکانە ماستەوە. ئەمە گوایە بە ناخێری گیانی ماست ئەخوا.

مەیموونەکەش کە ئیشی خۆی تەواو کرد هەڕای کردەوە سەر جێگەی خاوەنەکەی، دەستێکی هێنا بە دەمولێو و سەر و پۆتەڵاکی خۆیا، سا ئەگەر ماستێ، شتێکی پێوە بوایە هەمووی پاک کردەوە و قیت و قنج بۆ خۆی لێی دانیشتەوە.

زۆری پێ نەچوو خاوەنەکەی نوێژەکەی کرد و هاتەوە - ئەوا میر چاوی لێیە - کە تەماشای کرد مەڕکانە ماست نەماوە. چاوی پەڕییە تەوقەسەری. ڕووی کردە مەیموونەکە و وتی: کوا ماستەکە؟

مەیموونیش خێرا دەستی ڕاکێشا بۆ بزنەکە و خۆی گەیاندە سەری، دەستی برد سەروڕیشی بزنەکەی گرت- کە هەموو لە ماستا هەڵژەنرابوو- تێی گەیاند کە هەموو ئەم خواردوویەتی، ئەوە نییە هەمووی پلکاوە بە سەروگوێلاکیەوە.

بە خوا کابرای ماستفرۆش کە ئەمەی چاو پێ کەوت دارێکی هەڵگرت هاتە وێزەی پیرە بزن، کام لات یێشێ. ئەوەندەی لێ دا هەتا هەناسەی لە بەر بڕا. ئەوا مەیموونیش لەولاوە بۆ خۆی جنچکەی کردووە و بزەبزی چاوی دێت.

کە میر ئەم کارەساتەی چاو پێ کەوت ئەوەندە پێکەنی هەتا برینەکەی دەرگای بوو و لە نەخۆشییەکەی ڕزگاری بوو.

***

خاڵۆ مەنووچەر نەفەسێکی تری دایەوە لە سەبیلەکەی و وتی: ڕۆڵەکانم!. ئەمە بوو بەزمی بزن و مەیموونەکە، یارییەکەی خەرامان و نەریمانیش لەمەی ئەکرد. دە هەستن بڕۆن ئیتر لە کۆڵم ببنەوە.

مناڵەکان ئەوەندە پێکەنین هێزیان تیا نەما. لەپاشا خەرامان وتی: نەریمان چاوت لێیە خاڵە مەنووچەر چیی بۆ گێڕاینەوە؟! تۆیش ئەتویست ئەو بەزمە بگێڕی، لات وا بوو کەس پێی نازانێ. کەچی ئەوا زوو دەرکەوت.