ڕاوەژیشک

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 10 دقیقه  632 مشاهده

ڕاوەژیشک زۆر خۆشە، نەوزاد بووبوو بە بنێشتە خۆشەی ژێردانی، نەسرینی خوشکی نەیئەوێرا ببزوێتەوە خێرا پێی ئەوت: شەرت بێ ئەبێ ڕاوەژیشکێکت پێ بکەم. نەسرینیش نەیئەزانی ڕاوەژیشک چییە. جاری وا هەبوو لێی ئەترسا، جاری واش هەبوو واقی وڕ ئەما. هەتا هاتە سەر ئەوە لە باوکی بپرسێ، ئەم ڕاوەژیشکە کە هەموو جار نەوزادی برای گرتوویە بە دەمەوە، چییە؟.

شەوێکی وەکوو ئیمشەو، ئەوا نەسرین و نەوزادی برای و باوک و دایکی پێکەوە هەموو لە ژوورەوە دانیشتبوون. تازە قارچک دەرچووبوو، دایکیان بۆی سوور کردبوونەوە و بۆی دانابوون، تێریان لێ خواردبوو، درنگەی ورگیان ئەهات، بە گیزەی سەماوەرەکەش لەگەڵ نەوزادا سەمایان ئەکرد. کوتوپڕ ڕاوەژیشکەکەی کەوتەوە بیر، خلەخل هەڕای کرد بۆ لای باوکی، دەستی کردە ملی و وتی: توخوا بابە گیان. نەوزادی برام هەموو جار پێم ئەڵێ: شەرت بێ ئەبێ ڕاوەژیشکێکت پێ بکەم. ڕاوەژیشک چییە؟.

باوکیشی دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: ڕۆڵە شتێکی وا نییە، نەوزاد با هەر بۆ خۆی قسە بکات. نەسرین ئەوەندەی تر شیرینیی پیا چوو، ئەملا و ئەولای باوکی ماچ ئەکرد و لێی ئەپاڕایەوە کە بۆی بگێڕێتەوە. دایکی نەسرینیش ڕووی تێ کرد و وتی: توخوا پیاوەکە! دڵی کچەکەم مەشکێنە، بۆی بگێڕەوە، با ئێمەش گوێمان لێ بێ.

ئینجا باوکی زەردەخەنەیەکی کرد و پێی وت دانیشە تا بۆتان بگێڕمەوە. نەسرین دانیشت و نەوزادیش چووە تەنیشتیەوە، باوکیان دەستی کرد بە گێڕانەوەی و وتی:

«ئەحەی کڕنوو، ڕەشەی خەجەلاو، مەجۆلی خامە و عارفی ئاڵی»

دەورەی «ئەحەی جاو» ئەدەن بە قسەکردن و شت گێڕانەوە. ئەحەش ئەڵێ: لێم گەڕێن بچن بە ڕێی خۆتانەوە، برسیمە، ئیمڕۆ حەڵوایەکم داوە بە وەستا گوروونی دارتاش بە پەنجا پوول. «ئەمین چشتیر» دابەستەیەکی قەڵەوی سەر بڕیوە، ئەچم بایی پەنجا پوولەکە گۆشتی لێ ئەکڕم و ئەیبەم بۆ فەرەجی تەوفیقی کەبابچی بۆم بکا بە کەباب، تێری لێ ئەخۆم، جا ئەو وەختە دێمەوە قسەم بۆ بگێڕنەوە.

خێرا عارفی ئاڵی ئەڵێ: ئای مامەحمەد. وەرە ئەمانە هیچیان ورگی تۆ پڕ ناکەنەوە، ئەوا گردەکەی «زێڕینۆک» لەو دیوەوە بە پێی فیل ژیشکی لێ کەوتووە، ئەچین ڕاوەژیشکێکی باشی لێ ئەکەین، گۆشتی ژیشکیش قەڵەو و بەتامە، شڵپەی دێ لە ڕۆنا، ئەیهێنینەوە و ئەیبرژێنین، ئەوەندە بخۆ هەتا لە لووتت دێتەوە. بێنە پەنجا پوولەکە با هەر لە ئێستاوە لەلای «یووسب» بۆی بدەین بە دار بۆ برژاندنەکەی.

مامەحمەد تۆزێ ڕائەمێنێ و لەپاشا ئەڵێ: باشە، ها ئەوە پەنجا پوولەکە و با بچم حەڵواکانم دابنێم. خۆی ئەگەیەنێتە بەر چاخانەکەی دەروێش شەریفی چایچی، لەوێ حەڵواکەی فڕێ ئەدا و خێرا ئەگەڕێتەوە.

- نەسرین تۆزێکی تر خۆی لە باوکی نزیک ئەخاتەوە و ئەڵێ: ئێ! بە خوا بابە گیان خۆشە، دەی بۆمان تەواو کە - باوکیشی ئەڵێ:

ئەم کۆمەڵی ئاجیل و ماجیلە ئەحە هەڵئەگرن و تەنەکەیەک لەبەر دوکانەکەی حاجی ساڵحی شووشەفرۆشا دانرابوو، ئەکەن بە تەنەکەدا و لێی ئەدەن ڕووەو گردی سەیوانمکان، تۆزێ لەو ناوەدا بە دەمەتەقێ و شەڕە قسە لەگەڵ خەڵکا ڕائەبوێرن. هەر کەس چاوی پێیان ئەکەوێ سەرسام ئەمێنێ، کە ئەم دەستەیە چۆن وا یەکیان گرتووە.

بانگی شێوان دادێت، ئینجا لەوێوە ئەچن بە ڕووی زێڕینۆکدا، تا ئەگەنە ئەوێ، بانگی خەوتنانیش ئەبێ و دنیا تاریک دایێ.

ئەحەش جار جار ڕوویان تێ ئەکا و ئەڵێ: دایکتان وا، کەی ڕاو وا ئەبێ؟ بەم شەوە چۆن ڕاو ئەکرێ. مەجۆلیش ئەڵێ: بێقەزا بی مامەحمەد. تۆ شەوارەت نەکردووە؟ ئەڵێ بەڵێ وەڵڵا کردوومە. ئەڵێ: دەی ڕاوەژیشکیش وەکوو شەوارە بە شەو ئەکرێت. ئەڵێ ئا، دەی باشە با بڕۆین.

ئەچن تا ئەگەنە سەر گردەکە. لەوێ ئەحەی کڕنوو ئەڵێت: ئینجا ئەبێ سەرڕاو و بنڕاوی بۆ دامەزرێنین. ئەحەی جاو ئەکەن بە دیاریی سەرڕاو و پێی ئەڵێن: مامەحمەد تۆ پیری ناتوانی هەڕا کەیت، سەرڕاوەکە بگرە دەست، بۆ خۆت لێرە دانیشە تەنەکەکە لە بەردەم خۆتا دانێ، بەردێکیشی ئەدەن بە دەستەوە، ئەڵێن دەست بکە بە تەنەکە کوتان و تەقەتەق، ئێمەش ئەچین بنڕاوەکە ئەگرین.

ئەویش ئەڵێ: جا دایکتان وا، ئەم تەقەتەقە چیی تێدایە؟ ئەڵێن: ئای مامەحمەد چۆن وا ئەڵێیت؟ کە تۆ لێرە دەستت کرد بە تەقەتەق ژیشکەکان هەموو هەر یەکە لەبندەوەنێکا بۆ خۆیان دەرئەپەڕن، ئێمەش وردە وردە ئەیانگرین و سەریان ئەبڕین، هەتا کۆڵێکی باشیان لێ دائەگرین و ئەو وەختە دێینەوە بۆ لای تۆ، پێکەوە هەموومان ئەچینەوە بۆ ناو شار. بەڵام تۆ، تا ئێمە نەیەینەوە نابێ ببزوویت وە ناشبێ لە تەنەکەکوتان بکەویت.

ئەڵێ باشە بڕۆن، بەڵام ئەگەر زۆر نەگرن دایکتان وا لێ ئەکەم. ئەڵێن باشە.

***

مامەحمەد بۆ خۆی دەست ئەکا بە تەنەکەکوتان و ئەمانیش بە ناوی بنڕاوەوە لە گردەکە دێنە خوارەوە هەتا لە مامەحمەد ون ئەبن، پێی پیا دێنن ڕووەو ناو شار. ئەوا مامەحمەدیش هەر لەوێ بۆ خۆی تەقەی دێ و تەنەکە ئەکوتێ. کە ئەگەنەوە ناو شار دەمەدەمی خەوتنانە، عارفی ئاڵی خۆی ئەگەیەنێتە چاخانەکەی دەروێش شەریف، پێی ئەڵێ: مام شەریف!

مامەحمەد ئەڵێ وام لەبەر قاپییەکەی مزگەوتی سەیحەسەنا ناتوانم بێم، حەڵواکانم بۆ بنێرێتەوە. مام شەریفیش ئەڵێ: ئەوا لەوێیە بۆی بەرە. عارف ئەکا بە حەڵوادا و ئەیهێنێ. لەسەر سەکۆکەی بەرماڵی حەمەی عەنبەر هەر چواریان چۆکی لێ دائەدەن هەمووی ئەخۆن و تەبەقەکەی فڕێ ئەدەن. مامەحمەدیش لەولاوە هەر تەنەکە ئەکوتێ. کوتوپڕ لەوێدا جاندرمەیەکیان لێ ڕاست ئەبێتەوە، تێیان ئەخوڕێ، کوڕە بەم درەنگ وەختە لێرەدا چی ئەکەن؟ عارف دەست ئەبا پەنجا پوولەکە - کە لە مامەحمەدی وەرگرتبوو- ئەیخاتە مستی و ئەویش لە کۆڵ ئەبێتەوە.

ئەمان لێرەدا بڵاوەی لێ ئەکەن و هەر یەکە ئەچنەوە بۆ ماڵی خۆیان، بە شێنەیی قاچی لێ ڕائەکێشن و ئەنوون.

- نەسرین قسەکانی ئێجگار پێ خۆش ئەبێ، لە خۆشییانا خۆی هەڵئەگڵۆفێ و خۆی ئەنووسێنێ بە باوکیەوە و ئەڵێ:

ئێ بابە گیان! ئەمان لەملاوە نووستن، ئەی ئەحەی جاو چیی بە سەر هات؟ - باوکیشی ئەڵێ:

لەولاوە مامەحمەد هەر خەریکە تەنەکە ئەکوتێ و تەقوهوڕی داناوە و جار جار لە بەر خۆشییەوە ئەڵێ: «چاکی بکوتە ئەحە مردووت مرێ، گۆشتی ژیشکە، خۆڕایی نییە».

ئەیکوتێ، ئەیکوتێ هەتا دوو بەشی شەو ئەڕوا و سەیر ئەکا هاوڕێکانی دیار نین. گوێی ناداتێ هەر ئەیکوتێ، هەتا وای لێ دێ شل ئەبێ و وەنەوزەکوتێی پێ ئەکەوێ و دەستی سارد ئەبێتەوە. جار جار ڕائەچەنێ و دەست ئەکاتەوە بە لێدان. وەڕس ئەبێ و هیچ دەنگ و سەنگێکیش لە هیچ لایەکەوە نییە. ئەوا وردە وردە شەبەقیشی دا، بە جارێ لە هیلاکییا پەلوپۆی پچڕا. هەڵئەستێ شەقێ لە تەنەکەکە ئەدا و ڕووەو ناو شار بۆی ئەکشێ. بەملا و بەولاشا هەر لای بۆ ئەکاتەوە بەڵکوو، یەکێ لە هاوڕێکانی بەرچاو کەوێ، هاوڕێیش وان لە شیرین خەوا.

دۆش دۆش بۆی دێتەوە تا ئەگاتەوە مزگەوتی سەی حەسەن، لەوێ هێزی لێ ئەپچڕێ و لێی ئەکەوێ، دەست ئەکا بە جنێودان بە مەجۆل و ئەوان!. لە داخانا کەف ئەچەڕێنێ و کفری دوانزە ئیمام ئەکا، ئەهلی گەڕەک لێی کۆ ئەبنەوە و دەورەی ئەدەن. ها مامەحمەد. خێر بێ ئەوە چیتە؟

- وازم لێ بێنن هەی وا وا لێکراوینە؛ ئیمشەو ئەو سەگجسنانە بردمیان بۆ ڕاوەژیشک، لە ئێوارەوە تا ئێستە تەنەکە ئەکوتم، پەلوپۆم لێ بڕا و لە برسانا مردم.

کە ئەڵێ: ڕاوەژیشک، قاقا خەڵکەکە دەست ئەکەن بە پێکەنین و گاڵتەپێکردن پێی. مامەحمەد ئەوەندەی تر شێت ئەبێ، جنێو ئەدا وەکوو گەڵای دار. بەڵام کێ گوێ ئەداتە جنێوی.

بەرەکەت دا - پیرەمێرد- پەیدا ئەبێ و دوو کولێرە و دوو ئیستکان چای بۆ ئەکڕێ و ئەیخوا، ئاهێکی پیا دێتەوە. لەپاشا لێی ئەپرسێ: مامەحمەد تەبەقە حەڵواکەت کوا؟ ئەڵێ: وا لە چاخانەکەی دەروێش شەریف. ئەمە ئەڵێت و هەڵئەستێ ئەچێ بۆ لای دەروێش شەریف.

وردە وردە بەڕێ ئەکەوێ. وەخت درەنگە، چێشتەنگاوە. لەولاوە ڕەشە و مەجۆل و ئەوان لەپاش ئەوە کە نان و چای خۆیان لە ماڵی خۆیان ئەخۆن و تێر خەویش بوون، یەکە یەکە ڕوو ئەکەن بۆ چاخانەکەی دەروێش شەریف بۆ بینینی کارەساتی ئەحەی جاو بە دەرویش شەریف.

لە دەوروبەری دوکانەکە خۆیان دائەگرن و ئەبینن وا ئەحەی جاو بە شەلەشەل هات و لە بەر قاپیی چاخانەکە وەستا و بانگی کرد: دەروێش! تەبەقە حەڵواکەم کوا؟ بمدەرێ!

دەروێشی بەسەزمان واقی وڕ ئەمێنێ، ئەڵێ: حەڵوای چی مامەحمەد؟

ئەی شەوێ عارفی ئاڵێت بۆ نەنارد، بۆم ناردییەوە؟

- کوڕە بێنە تەبەقە حەڵواکەم، دایکی تۆ و عارفی ئاڵێشت وا لێ ئەکەم!.

ئەوا عارف و ئەوانیش خۆیان داگرتووە، لەبەر پێکەنین هێزیان لێ بڕاوە.

ئەحەی کڕنوو لە سووچێکەوە خۆی کوتایە چاخانەکە و سەی عەوڵای حاجی سەی حەسەن و هەندێکی تر دانیشتبوون، لە مەسەلەکەی تێ گەیاندن. کێ ما لەبەر پێکەنین بتوانێ خۆی بگرێ.

سەی عەوڵا چووە بن دەست ئەحەی جاوەوە پێی وت: مامەحمەد ئەگەر ئەو تەبەقە حەڵوایە لەو دەروێش شەریفە نەسێنیتەوە بە مەرقەدی کاکەحمەد شاربەدەرت ئەکەم. خۆی خواردوویەتی و کەچی ئێستە ئەڵێ بۆم ناردوویتەوە.

چووە لای دەرویش شەریفیشەوە وتی: تۆ عەیب ناکەی؟ بە لای خۆتەوە دەروێشیت و نوێژ و ڕۆژوو ئەگری، کەس نەما تەماعی تێکەی ئەحەی جاوی قوڕبەسەر نەبێ.

جا وەرە سەیری ئەم بەزمە کە. مام شەریف وەکوو فیشەکە شێتە چوو بە عاسمانا.

لەگەڵ ئەحەی جاو دەستیان دایە یەخەی یەک و بە جنێودان و بە سەروگوێلاکی یەک کوتان بەربوونە یەک. هەموو شاری سولەیمانیمکانیان ڕژا بە سەرا، ئەو ڕۆژە لەبەر بەزمی ئەمانە کەس کار و کاسپیی بۆ نەکرا.

جارجاریش مامەحمەد بە دەروێش شەریفی ئەوت: کوڕە، حەڵواکەت خواردووە، تەبەقەکەم بۆ نادەیتەوە؟ جا وەرە دەروێش شەریف ئیمان لە کەللەتا بمێنێت.

لەپاش ئەوە کە تێریان لە سەروگوێلاکی یەک هەڵدا، هەر یەکە لە لایەکەوە وەکوو تەڕاح لێی کەوتن، بەڵام مامەحمەد هیلاکتر بوو، چونکە شەوێش نەنووستبوو.

ئینجا خەڵکەکە لە بەین خۆیانا هەر یەکە دە پانزە پوولیان کۆ کردەوە و یەکێک چوو دوو هۆقە حەڵوا و تەبەقێکی تری کڕی و هێنای دای بە مامەحمەد و وتی: ها، مامەحمەد! ئەوە حەڵوا و تەبەقەکەت.

مامەحمەد پشوویەکی پیا هاتەوە و بەتایبەتی کە تەماشای کرد لە هینەکەی خۆی گەلێ زۆرترە، وتی: نەجیبینە، لە هەوەڵەوە تا ئەم هەموو تێهەڵدانەشم نەخواردبوو بۆتان بهێنامایە باشتر نەبوو؟ تەبەقە حەڵوای خستە سەر سەری و لێی دا ڕۆیشت و لەولاشەوە خەڵکەکە بڵاوەیان لێ کرد.

***

باوکی نەسرین کە لە هەموو قسەکانی بووەوە وتی: ڕۆڵە نەسرین، ئەمە بوو «ڕاوەژیشک». ئیتر نەسرین لەبەر پێکەنین ئارامی لێ بڕابوو، لەپاش ئەوە فێر بووبوو نەوزادی برای نەیئەوێرا ببزوێتەوە خێرا هەڵیئەکوتایە سەری ئەیوت: «شەرت بێ ئەبێ ڕاوەژیشکێکت پێ بکەم».

منیش ئەڵێم ئیمڕۆژ لە هەموو لایە ڕاوەژیشکە، هەندێک لەژێر نوێنەکەی خۆیانا بە ئاسوودەیی قاچیان ڕاکێشاوە و تەنەکەیەکیان داوە بە دەست هەندێکی ترەوە، ئەو تەنەکەی بۆش ئەکوتێ و ئەوانیش پێی پێ ئەکەنن.