جەوهەراغا

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 15 دقیقه  711 مشاهده

ئەبێ، هەژدە ساڵ ئەبێت، باوکم بۆی گێڕامەوە وتی:

تافی کوڕێنیم بوو، تازە خەتم دابوو، عومرم لەو وەختەدا حەڤدە هەژدە ساڵان ئەبوو، هاتوچۆ بۆ وڵاتی ئێرانمکان بە سەربەستی ئەکرا، سنوور و مەواشیری حوکمەت کەس ئاگای لێ نەبوو. بارگەمان پێچایەوە و کاروانمان ڕێک خست ڕووەو تەورێزمکان.

قەتاری عەزەی حەمە ترک بەناوبانگ بوو، مەگەر هەر دۆستە دڵخوازەکەی زەمانی کوڕێنیم لە پێشەنگی سەر قافڵەکە جوانتر بوایە، ئەگینا هیچی تر نەبوو هاوتایی ئەو بکا.

بارەکانمان ڕەنگ و پێستە ڕێوی و چیتی ئەو سەردەمە بوو، هەموو جار ئەم هاتوچۆیەمان ئەکرد، لەولاشەوە سەرپشتی وڵاغەکانمان دائەگرت لە قاڵیی کاشان و عەبای کرمان و قۆریە و فەغفووریی عەجەم.

وەکوو بۆی گێڕامەوە فەسڵیش هەر ئەم فەسڵە بوو. وتی کاروان بە کاروان کوێستانەکانمان ئەبڕی، تا گەیشتینە بازاڕی شاروێران. لێم پرسی بازاڕی شاروێران چییە؟ وتی:

دەشتێکی چۆڵ و دوور لە ئاوەدانی بوو، هەموو ساڵ لەم فەسڵەدا، لە هەر چوار سووچی مەملەکەتەوە خەڵکی بە هەموو جۆرە شتومەکێکەوە ڕوویان ئەکردە ئەو شوێنە و ئەبوو بە مەیدانی شت کڕین و شت فرۆشتن. سەری مار و مێرووی تێدا دەست ئەکەوت، هەر ماڵێک نایاب بوایە ئەهێنرایە ئەوێ، هەر شتێکی بەنرخ لە هیچ لایە چنگ نەکەوتایە لەوێدا دەست ئەکەوت، لە وڵاتی ڕووسیا و فەڕەنگستانەوە دەستە دەستە ئەهاتن بۆ کڕینی شتومەکی شاروێران.

تەماشات ئەکرد لە لایەکەوە جەڵەب بوو، لە لایەکەوە وردە بابەتی ڕووسیا، لەلایەکی ترەوە فەنتازیی فەڕەنگستان. ئەمانە بێجگە لە ئەموالی عەجەم و وڵاتی کوردەواری و هاتوچۆکەری ڕۆم.

ئەم بازاڕە بەم جۆرە پانزە ڕۆژ درێژەی ئەکێشا و لە پاشا چۆڵ ئەبوو، بە چۆڵبوونێکی وەها پەپوو تێیدا ئەیخوێند.

ئێستە کە ئەکەوێتەوە بیرم ئەڵێم «عكاظعربی» لە «نەخلە» و «طائيفعربی»ی عەرەبستان هەبوو، بازاڕی شاروێرانیش لە «قەباغکەندیمکان» و «میاندواومکان»ی کوردستان!!.

لەپاش ئەم قسانە وتی: سا، چیمان پێ کرا لە کڕین و فرۆشتن لەوێدا، ڕووبەڕووی تەورێز بووینەوە. دەمەدەمی ئێوارە بوو، خۆمان کرد بەناو شارا. زیڕەی زیل و زەنگۆڵی پێشەنگی قافڵەکەمان و جوانی و تەنتەنەی جلوبەرگی خۆمان و پڕمەپڕمی وڵاغی کاروانەکەمان- لەبەر گرانیی بارەکانیان- هەموو ناو شاری تەورێزی هێنابووە سەیرکردنمان.

تیشکی ڕۆژەکە، کە ئەیدا لە هەیاسە و قەیاسەی زەڕکفتی پێشەنگەکە، ئەتوت پڕزۆڵەی زێڕ بڵاو ئەکاتەوە لەو ناوەدا. دڵبەرانی تەورێزی، نە ئەمە بوو چاو ببڕنە خۆمان، نە ئەمە بوو سەرسام بن لە ڕازاوەییی بنە و بارگەکەمان.

***

خانی «حاجی بابا» یەکە خان بوو لە تەورێزا، من جارێکی تر چووبووم، شارەزای بووم. چووینە ئەوێ و بارمان دا بە زەویدا و وڵاغەکانمان ڕەننە و قاشاو کرد و ئالیکمان دانێ و خۆیشمان چووینە نهۆمی سەرەوە. ژوورێکیان دەمودەست بۆ ڕێک خستین و دانیشتین.

سەماوەر تێ خرا و بەزم گیرا. حاجی بابا خۆی هات بۆ لامان و گەلێ ماریفەتی لەگەڵ نواندین، من زووتر ئەمناسی.

حەفتەیەک لەناو شاری تەورێزدا ماینەوە، هەر شتێکمان پێ بوو ساغمان کردەوە و ئەویشمان پێویست بوو کڕیمان و خۆمان بە تەواوی ئامادە کرد و بارمان داگرت و کەوتینە سەرودەمی گەڕانەوە، وتمان با ڕۆژێکیش بۆ ڕابواردن بمێنینەوە.

بەیانییەک بوو، هەروا من بۆ گەڕانی ناو بازاڕ و بینینی هەندێ شوێن لە خانەکە خۆم بە تەنها چوومە دەرەوە. زۆر دوور نەکەوتبوومەوە، هەستم بەوە کرد کە ناوشار تێک چووە و کەس بەسەر کەسەوە نییە، تەماشا ئەکەم هەتا دێت هەر خراپتر ئەبێت، وەکوو بڵێیت خوێنبارانە. ئاگاشم لە هیچ نییە، هەر ئەوەندە ئەبینم دەستە دەستە خەڵک بە یەکا دێن و هەر یەکە بە لایەکدا هەڵدێت!..

وتم چاک وایە بگەڕێمەوە، دیارە بەڵا وەکوو پڵوپووش ئەسووڕێتەوە. بەرەودوا بوومەوە بۆ خانەکە. زۆرم نەمابوو بگەمەوە، ئەوەندەم زانی دوو جاندرمەی عەجەم ڕوو بە ڕووم هاتن، هەر ئەوەندەم ئاگا لێ بوو تێیان خوڕیم و پەلیان بەستم و بەرەو دوا گێڕامیانەوە. کە تۆزێ دووریان خستمەوە دوو جاندرمەی تریش هاتن بوون بە چوار و بە جنێودان تێم بەربوون.

وردە وردە خەڵکی ناو شاریان پێوە نیشت، سەیر ئەکەم هەر کەسە کە دێت لە گەورە و بچووک و ژن و پیاو، هەر یەکە دەستەسڕێکی بە دەستەوەیە و لە جۆشی گریانایە. ڕێچکەی خوێنیش لەناو کۆڵانەکانا ئەبینم.

ئەم خەڵکە کە دێن، هەر یەکە سەربەخۆ پەلامارێکم ئەداتێ، ئەیەوێ هەر بە چڕنووک هەردوو چاوم هەڵکۆڵێ. هەر ئەوەندە ئەزانم هیی وا هەبوو کە ئەهات ئەیوت: «این استفارسی». هیی واش هەبوو ئەیوت: «بونەدرترکی» و پەلاماری ئەدامێ. بەڵام جاندرمەکان وەکوو گورگی چوار چاویان لێ هاتووە، بەملاوبەولادا بە قامچی و بە لوولە تفەنگ خەڵکم لێ دوور ئەخەنەوە.

ئەم هەرا و زەنایە هەتا دێت هەر ڕوو لە زیادییە و دەستە دەستە خەڵک بە چاوی گریان و دڵی بریندارەوە پێمانەوە ئەنیشن.

لەناو ئەم کارەساتەدا جاندرمەکان بە هەر جۆر بوو ئەیانبردم بە ڕێوە و خەڵکەکەیان لێ دوور ئەخستمەوە، تا گەیاندمیانە سەرای حوکمەت. لەوێ بە پاڵەپەستۆ خستمیانە ژوورێکی تاریکەوە و دەرگاکەیان لەسەر داخستم و دوو جاندرمەیان کرد بە یاساوڵم. ئەوا منیش بێجگە لە سەرسامی نەبێ ئاگام لە هیچی تر نییە. لە دڵی خۆما ئەڵێم ئەمە چی بێ و چی قەوماوە؟ وەیا چیم کردووە وا منیان بەم دەردە برد. هەرچەند ئەکەم ئەقڵم بۆ هیچ لایەک ناڕوات. تەماشا ئەکەم جاندرمەکانیش هەر وەکوو برا کوشتە سەیرم ئەکەن. وتم بە لانی کەمەوە بەڵکوو ئیشێکی وا بکەم هەر ئەوەندەم بۆ دەرکەوێ بزانم لەسەر چی وا گیراوم و خراومەتە ئەم شوێنە؟ زمانیش نازانم. پارەم پێ بوو، دەستم برد کیسە پارەکەم دەرهێنا و خستمە بەردەمی جاندرمەکانەوە، بە هەر جۆر بوو تێم گەیاندن کە من بۆچی گیراوم و بۆچی خراومەتە ئەم شوێنە؟

یەکێکیان چاوێکی لێ مۆڕ کردمەوە و هاتە پێشەوە، دوو سێ شەپەزللەی چاکی ماڵی بە بناگوێما و هەندێ قسەی کرد، هیچی لێ تێ نەگەیشتم. ئەوی کەیان هات دەستی گرت و کیسە پارەکەی هەڵگرت و بە هەر جۆر بوو تێی گەیاندم کە گۆیا من ئێمڕۆ خەڵکێکی زۆرم لەناو شاری تەورێز کوشتووە. وا ئێستا حوکمەت گرتوومی، هاوڕێیەکی تریشم هەیە ئەچن ئەویش دێنن، لەپاش سەعاتێکی کە ئەماننێن بە نیشانەوە. گەلێ قسەی تریشی کرد بەڵام من هیچی تێ نەگەیشتم تەنها ناوی وشەی «جەوهەراغا» نەبێ.

کە ئەمەم بیست هەروا بە جارێ لە شوێنەکەی خۆما وشک بووم و ئەوەندەی تر ورەم بەر دا، وا ئاگاشم لێیە دەوروبەری ژوورەکەی کە تیایام لە دەنگ و گریانی خەڵکی وەکوو پوورەی هەنگی لێ بێت وایە، گەلێ جار شاڵاوم بۆ دێنن بەڵام جاندرمەکان دەریان ئەکەن.

کە حاڵم بەم جۆرە زانی تازە هیوای ژیانم دانا و دەنگیشم بە خوا نەبێ بە کەسی تر ناگا. ئیتر هەموو کاتێک چاوەڕێی ئەوە ئەکەم بێن بۆ کوشتنم.

تومەس لەولاوە کە من دیار نابم و شاریش وا تێک چووە، هاوڕێکانم- ئەوان لە خانەکە هەر نەهاتبوونە دەرەوە- ئەچن و پەلاماری «حاجی بابا» ئەدەن و ئەڵێن «نەجم» دیار نییە.

حاجی بابا پیاوێکی وەجاخزادە و تاجرێکی بەناونیشان بوو لەناو شاری تەورێزدا، هەم حوکمەت ئەیناسی، هەم خەڵکی تر. بەبیستنی دیارنەبوونی من، بە تەواوی تێک ئەچێ و پێیان ئەڵێ، تازە تێ پەڕی بینینەوەی نەجم.

***

ئیتر لە بەینی ئەوانا چی ڕووی داوە و چی ڕووی نەداوە من ئاگام لێ نییە. ئەوەندەم زانی دەمەدەمی نیوەڕۆ بوو، حاجی بابا وەکوو فریشتەی ئاسمانی بە خۆی و بە دوو جاندرمەوە پەیدا بوو. هەر کە چاوم پێ کەوت وەکوو گوڵ گەشامەوە و بۆنی موژدەی ڕزگاریم کرد- یاخوا لە هەموو شوێنێکی تەنگانەدا تۆیش ئاوا حاجی بابایەکت بۆ پەیدا ببێت- ڕووبەڕووم هات و پێی وتم: «ئۆغڵم قاخ». هەر ئەوەندەم زانی هەڵیگرتم و بردمی بۆ لای باش مەعموور و لەوێوە دوو جاندرمەی تریان لەگەڵ ناردین بۆ ئاگاداریکردنمان، تا گەیاندینیانەوە خانەکە و لێیان دا ڕۆیشتن.

کە چاوم بە هاوڕێ و هاووڵاتییەکانم کەوتەوە، دڵم پڕ بوو و دامە پڕمەی گریان و دەستمان کردە ملی یەک. بەو جۆرە ماینەوە تا کەوتینە شەوێ، حاجی بابا هات بۆ لامان و دەستی کرد بە دڵخۆشیدانەوەمان و بە گێڕانەوەی هۆی ئەم گرتنی منە و وتی:

جەوهەراغای سمکۆ بە ناوی بانگێشتنەوە، خۆی و حەو سوار هاتبوونە ناو شاری تەورێزەوە، لە دیواخانی حوکمەتدا حەو شەو بوو میوان بوون، حوکمەت دەمێ ساڵە لە کنەی ئەوەدایە کە جەوهەراغا لە ناو بەرێ. شەوی ڕابوردوو لە دەمەدەمی بەیانا، لەو کاتەدا کە خۆی بە تەنها لە ژوورێکدا بە دڵنیایی نووستبوو، وە ئێشکچیشی بە دیارەوە و لەسەر ئەو تەگبیرە کە لێی کرابوو، دەستڕێژی لێ ئەکەن و هەر لە ژوورەکەی خۆیا ئەیکوژن.

ئەوەندە هاتبووە زمان بانگی کردبوو کوڕە «عەلۆ و مەحموو کوژرام».

عەلۆ و مەحموو دووپیاو بوون لەو حەو کەسە کە لەگەڵی بوون، ئەمان لە ژوورێکی تر نزیک لەوەوە شوێنیان بۆ چاک کرابوو. کە گوێیان لە دەنگی جەوهەراغا ئەبێت ڕائەپەڕن و ئەڵێن: عەجەم کەتنی خۆی کرد و جەوهەراغا کوژرا.

بەڵام هەر لەو کاتەدا کە بڕیاری کوشتنی جەوهەراغا دراوە، ئەو تەگبیرەش کراوە کە دەستڕێژێکیش لە پیاوەکانی بکرێت و ئەمانیش بکوژرێن. کە زەلامەکان بە دەنگی جەوهەراغاوە ڕائەپەڕن، ڕاپەڕین و شلیک لێکردنیان یەک ئەبێت. پێنج لەوانیش ئەکەوێت، دوویان خۆیان لە ژوورەکە دەرباز ئەکەن بەلام بەبێ ئەوە تەنانەت فریای تفەنگ هەڵگرتنیش بکەون. خۆیان ئەگەیەننە سەربان، کە تەماشا ئەکەن دەوری کۆشکەکەش بە سەربازی تفەنگچی تەنراوە، وە کۆشکیش سێ نهۆمە، گیان خۆشەویستە، هیچ چاریان نامێنێ، لە پشت کۆشکەکەوە لەو سەرەوە خۆیان فڕێ ئەدەنە کۆڵان. سەر لەوە ناکەنەوە شوێنێکیان ئەشکێ یا ناشکێ.

کە ئەکەونە ناو کۆڵان، لێی ڕاست ئەبنەوە و دەست ئەکەن بە ڕاکردن لەناو کۆڵانی تەورێزدا بەبێ ئەوە بزانن بۆ کوێ ئەچن!. لە دواوە جاندرمە پێیان ئەزانن و شوێنیان ئەکەون. ئەوانیش خەنجەر ڕائەکێشن بەبێ ئەوە کۆ بکەنەوە، هەر کەسیان بەرەنگار ئەبێ ئەیکوژن، سا، مناڵ بێ، گەورە بێ، ڕێبوار بێ، هەر شتێک بێ.

بەو حاڵە کۆڵان بە کۆڵان ئەڕۆن و ناشزانن بۆ کوێ ئەچن. گەلێک ئەڕۆن، کوتوپڕ تووشی دوو سواری ڕێبواریش ئەبن، پەلاماریان ئەدەنێ، سوارەکانیش ئەکوژن، خێرا تفەنگ و فیشەکدانەکانیان لێ ئەکەنەوە و سواری ئەسپەکانیان ئەبن. ئەمجارە ئیتر چی لە دەستیان دەرئەچێ. بە چوار ناڵە بەناو کۆڵانەکانا و بە خەڵک کوشتن لەناو شاری تەورێزدا دەرباز ئەبن. بەڵام هەتا دەرئەچن وەکوو ئەیگێڕنەوە نزیکەی پەنجا شەست کەس ئەکوژن.

ئەوان بەو جۆرە دەرباز بوون، ئەوەندە هەیە ئایا ئەمانە کە کوژران کێ بوون؟ ئەمانە هەموو لە خەڵکی ناو شاری تەورێز بوون، مەگەر بە دەگمەن نەبێت. کە دنیا کەوتە چێشتەنگاو، خەڵک سەیر ئەکەن وا ناو شار خوێنی لێ ئەبارێ، لەپاش تۆزێک کە خەڵکەکە خەبەریان بووەوە، تەماشا ئەکەن یەکێ برای کوژراوە، یەکێ کوڕی کوژراوە، یەکێ خزمی کوژراوە، یەکێ دراوسێی کوژراوە. ئەم شاری تەورێزە کە تۆ ئەیبینی بەم گەورەیییە، ماڵ نییە پرسەی تێ نەکەوتبێ و کۆستی نەکەوتبێ.

بەیانی کە تۆ دەرچوویت، وە کە گردتیان گۆیا لەسەر ئەو باوەڕە کە یەکێکیت لەو دوو کەسە کە ئەم کەتنەیان گێڕاوە و ئەم شین و شەپۆڕەیان ناوەتەوە. لە خەڵکی ناو شاریش هەر کەس کە هاتووە، شکی نەبووە کە تۆ لەوانەیت، چونکە ئەوان کورد بوون و تۆیش کوردیت، وە ئەوانە هەموو دڵبریندار و کەسوکار کوژراو بوون. هەرکە بۆ خۆی ویستوویەتی لە تۆڵەی کەسوکاری خۆیا بتکوژێتەوە، بەڵام جاندرمەکان ئاگادارییان کردبوویت تا تۆیان گەیاندە ئەو شوێنە کە من هاتم بۆ لات. ئینجا وتی کە من بە مەسەلەکەم زانی هەستام چووم، دوو سێ کەسی پیاوماقووڵی ناسراویشم هەبوو، هەڵمگرتن و لەگەڵیانا چووین بۆ دەرباری حوکمەتی، بە پسووڵەیەکی پەنجا هەزار تمەنی تۆمان وەرگرتووەتەوە، وە پێمان سەلماندوون کە تۆ لە پیاوەکانی جەوهەراغا نییت و پیاوێکی کاروانچییت و لەلای من میوانیت.

بەڵام ئەوەش بزانن ئەو دوو پیاوەی جەوهەراغا لەگەڵ ئەم کەتنەش کە گێڕاویانە، ئازایەتی و بەجەرگییەک ئەمانە خستوویانەتە کار، تا ئێستا لە هیچ داستانێکا نەبووە، وە پاڵەوانی هیچ دەورێک ئەم غیرەتەی نەکردووەتە کار کە بەو جۆرە لەناو دەریای خوێندا بە ئازایی بتوانێ خۆی پێ دەرباز بکرێت و بەو جۆرە تۆڵەی کوژراوی خۆی وەربگرێتەوە. باوکم وتی: شاری تەورێز، ئەوە یەکەمین جار بوو کە لە لاپەڕەی خۆیدا بەو شڵەژاوی و خوێناوییە تا ئەو دەورە چاوی پێ کەوتبێت.

وتی حاجی بابا سێ ڕۆژ نەیهێشت لە خانەکە سەر بێنینە دەرەوە. چونکە ئەگەر کوردێک بەرچاو بکەوتایە، هەر پارچە گۆشتێکی ئەکەوتە دەست هەزار کەس. لە پاش سێ ڕۆژە کە شار تۆزێ دامرکایەوە، بارگەمان ڕێک خست، سەر لە ئێوارەیەک خۆی و هەشت تفەنگچی تا لەناو شاری تەورێز دەرچووین ڕەوانەیان کردین. ئیتر زۆر بە پارێز لە سنووری تەورێز دەرچووین و بە هەزار فەلاکەت هاتینەوە بۆ وڵاتی خۆمان.

***

ئەمانە قسەی باوکم بوو کە دەربارەی جەوهەراغا بۆی گێڕامەوە. ئەوی کە منیش خۆم بیزانم:

ئەم جەوهەراغایە برای سمایلاغای سمکۆشخص بوو. ئەو دوو پیاوە کە خۆیانیان لەناو شاری تەورێز دەرباز کرد، خۆیان ئەگەیەننەوە لەشکری سمایلاغا. ئەو وەختە سمایلاغا لەبەر ئەوە کە جەوهەراغا برا گەورەی بووە و ئەمیش ناوێکی وای نەبووە، سەروکاری لەشکر و مەملەکەتداری هەر بە دەست جەوهەراغاوە بووە. کە کوژرانی جەوهەراغا و کارەساتی عەجەم ئەگێڕنەوە، سمایلاغا لە شوێن کاکی دائەنیشێت و کەمەری خوێنسەندنی جەوهەراغا ئەبەستێ.

سمایلاغا گەلێ دەوری هەڵسووڕان وە بەڕاستی خوێنی جەوهەراغای سەند. تەنانەت ئەگێڕنەوە ئەڵێن: کە شەڕی لەگەڵ عەجەمانا ئەکرد ئەوی لێ ئەکوشتن ئەیکوشت، ئەوی لێ ئەگرتن ڕیزی ئەکردن، لەمسەرەوە تفەنگێکی پێوە ئەنان ئەیوت بزانم گوللەکە تا کوێ بڕ ئەکات. لەپاشا سەرەکانی کۆ ئەکردەوە و تەماشای ئەکردن و ئەیوت: «هێشتا خوێنی جەوهەراغا نەسەنراوە!!».

بەڵام ئەم سمایلاغایە کە ئەم کەتنەی گێڕا، لە ئاخرا جەوهەراغای برای بە چ دەردێک کوژرا ئەمیش بەو جۆرە بانگێشتنیان بۆ کرد و لە شاری شنۆمکان کوشتیان. ئێستە خەسرەواغای کوڕی لە شوێن بەجێ ماوە، لە هەلێکی ترا سەرگوزەشتێکی قارەمانی و کوژرانی سمایلاغاش بۆ تەئریخ ئەگێڕینەوە.

***

لە ساڵی ١٩٣٧ دا لە زینوێی شێخی بووم، وتیان مەحموواغای یەکە پیاوی جەوهەراغا لە «کانی خوڵا»یەوە، بە سەردان هاتووەتە خەلان. من ئەو وەختە هێشتا خەتم نەدابوو، لە دیواخانی پیاوانا بە لالووتەوە ئەیانهێشت دانیشم. بەڵام زۆرم حەز لە باس و خواسی تەئریخی ئەکرد. چوومە خەلان بۆ لای مەحموواغا. تەماشام کرد پیاوێکی کەڵەگەتی باڵابەرزی سوورکار، دوو سمێڵی ئەستووری پێوە بوو، چاو و برۆیەکی کراوە و پان، ڕیشێکی سپی ئەتوت کلووی بەفرە، بەپێی کەڵەگەتییەکەی ئەستووریش بوو، هەموو ئەندامێکی ئازایەتی و مەردایەتیی لێ ئەباری، پیاوێکی بێفیزیش بوو، هەڵسوکەوتی لەگەڵ گەورە و پچووکا ئەکرد. چوومە لای ئەم باسی جەوهەراغایەم لێ پرسی، ئەویش هیچ سەری لەوە نەکردەوە کە گۆیا من مناڵم، هەر لە سەرەتاوە وەکوو باوکم چۆن بۆی گێڕامەوە ئەویش بۆی گێڕامەوە. وە وتی من خۆم یەکێک بووم لەو دوو زەلامە کە لەگەڵ جەوهەراغادا بووین و لەناو شاری تەورێزدا ئەو کەتنەمان گێڕا و دەرباز بووین. وتی بەڵام عەلۆی هاوڕێم کە هاتینەوە، لەپاش ماوەیەکی کەم عەمری خوای کرد و لە میراتی جەوهەراغا تەنها من مابوومەوە بۆ سمایلاغا. سمایلاغاش هیچ ئیشێکی بەبێ من نەئەکرد، تا خوا ئەویشی بردەوە بۆ خۆی. تەنانەت لە کوشتنی ئەویشا لە شنۆ لەگەڵی بووم. ئەو باسەشی هەر بۆ گێڕامەوە.

لاپەڕەی دەوران گەلێ شتی تێدایە. ئەو ساڵە قالەی ئایشەخانی ڕەحمەتی و ئەم ڕەمزی عەبدولکەریمە-کە ئێستە لە کەرکووکمکانە- ئەوانیش لە دەوروبەری زینوێی شێخی بوون. قالەش ئۆغری کرد، ڕەمزی ماوە، بەڵام ڕەمزییش من ناناسێتەوە چونکە ئەو لە پایەیەکدا بوو من لە پایەیەکی ترا.