بۆچی نەچووین بۆ کوێستان؟

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 10 دقیقه  792 مشاهده

بیری مناڵی تیژە، تازە پێم گرتبوو، نەوەڵڵا چوار پێنج ساڵان ئەبووم، خۆت ئەیزانی ئێمە دەوارنشین بووین. هێشتا گەلێکی مابوو بۆ ئەوە بچین بۆ کوێستان، زستانە هەوارەکەشمان ناخۆش نەبوو. ساڵان لە ناکاو مارفی سەمین ماڵ و پیاوی خێڵەکەی ئەدایە بەر و ڕووەو هەوار پێی پێوە ئەنا، ژن و مناڵ و ئەمانەش ئاژەڵەکەیان ئەدایە پێش و بە شوێنیانا ئەچوون.

ئەو ساڵە هێشتا دوو سێ مانگی مابوو بۆ وادەی بارکردن، ئەوەندەم زانی کوتوپڕ مارف کەوتە خێڵەکە و ماڵەوماڵ پێیانەوە گەڕا، وتی:

وا هەر لە ئێستاوە پێتانی ئێژم، دە ڕۆژی بمینێ بۆ پێنجەی تار، لێرەوە وردە وردە بار ئەکەین، ئێمساڵ بە ڕێی ناوخوانا ئەڕۆین تا ئەگەینە کوێستان سێ چوار بەهار ئەخۆین. ئیتر ئێوەش تڕوتفاقی خۆتان زوو بەزوو جێبەجێ کەن، پاشەجار نەیێژن مارە پرس وە کەس ناکا و ئێمە وە هیچ نازانێ. ئەوا هەر لە ئێستاوە پێتان ئێژم، با بکەونە خۆتان. دایکم بە ڕەحمەت بێ ئەیگێڕایەوە، ئەیوت: ڕۆڵە! فرە خاس بوو، جاران زۆر بەبێ تفاقی ئەچووین، ئاگامان لە هیچ نەبوو، لە ناکاو ئەیکردە سەرمان بار کەن، لەبەر شپرزەیی گەلێ شتمان بە جێ ئەما.

ئەو ساڵە هەتا بڵێیت ساڵی چاک بوو، تەنانەت هەوارگە زستانەکەشمان بووبوو بە کوێستانی شاقەڵا. ئیتر هەموو خێڵەکە لە خۆشییا لەوانە بوون باڵ بگرنەوە. ساڵی وا خۆش، لە پێشەوە خەبەری بارکردنیان دراوەتێ، ماڵات تا ئەگاتە بناری بانە هیچ نەبێ سێ چوار بەهار ئەخوا. خۆت ئەیزانی ئەمە بۆ مەڕدار و شوانکارە چ خێروبێرێکە؟... بڕوام پێ بکە شەوچەرەی ئەو زستانە لە خێڵەکەی ئێمەدا هەر بووبوو بەم قسانە، ئیمساڵ بە شێنەیی ئەچین بۆ کوێستان، هیچمان لێ بە جێ نامێنێ، جا وەرە مەڕوماڵات سێ چوار بەهار بخۆ و دەست مەهێنە بە خۆتا.

لەژێر دەوارەکەی ئێمەدا دانیشتبووین، دەمەو ڕۆژاوا بوو، نم نمەی بارانیش ئەباری، لە بەینی کاژە هەورەکانەوە گزنگی هەتاوەکە ئەیدا لە بارانەکە ئەدرەوشایەوە. مەجۆلی خامە کردی بە ژوورا. دایکم سەر بە دەرەوە بوو لە ڕیزی پیاوانا بوو، لێی پرسی: ئەرێ مەجۆل! شەپەی کوڕت گەیشتووەتە کوێ؟ وتی:

خانم قسەی لێوە مەکە، لە قولەفیسکە بووگەسەوە و تەنگی وە تەوەت هەڵچنیگە. وەسەر ئەو تاقە کوڕەت کە چووینە کوێستان مەلایەکی تریشی بۆ ئەگرم، خێرا لە مریشکەڕەشەشی دەرکا. ئیمساڵ ساڵەکەی ساڵ نییە، ئەزانی فەڕ و بەرەکەت چیی کردگە؟ خۆ ئێجگار کە پێشیان وتگین بکەونە خۆتان سێ چوار بەهار ئەخۆن، وە قەورەکەی مەتحەت لە خۆشییانا سێ شەوە خەو وەچاوم نەچووگە.

ئەم بارکردنەی ئێمە و سێ چوار بەهار خواردنەمان لە هەموو خێڵەکانی دراوسێمانا دەنگی داوەتەوە؛ ها، خێڵی مەتحەت ئیمساڵ چاکیان بۆ هاتووە، هەر لە پێشەوە پێیان وتوون کوێستانی شارەزوورمکان و شلێر و ناوخوان و شاقەڵا ئەخۆن.

***

زستان هاتە کزی، سەرما وردە وردە ڕەوییەوە، کەوتینە دەمە و بەهار، زۆری نەمابوو بۆ نەورۆز و وادەی بارکردن، خێڵ هەموو وەکوو تەلی تەموورە خۆی ساز کردووە، هەر چاوەڕوانی سبەی دووسبەیە و بار کا، مارفیش هەر لەسەر قسەی خۆیەتی: هیچتان لێ بە جێ نەمێنێ، ئیمساڵ بە هەوەسی خۆتان، کام لا دڵتان ئەیگرێ لێی دانیشن.

بە خوا وەخت نزیک بووەوە، ها ئیمڕۆ بار کەین، ها سبەینێ. ساڵان کە لە کوێستان ئەگەڕاینەوە، هەر ماڵە بۆ خۆی سووکە تفاقێکی ئەخست بۆ ئاژەڵەکەی، سا ئەگەر ڕۆژێ بارانێ، بەفرێ، شتێک بوایە و ماڵات دەرنەچووایە، یا چەند ڕۆژێ پاش کەوتنایە ئەیاندایە. ئەو ساڵە ئەوەش نەکرا، چونکە ئەیانوت ئێمە کە لە پێشەوە بار کەین و سێ چوار بەهار بخۆین، ئیتر ئەم عەزیەتە بۆچ بکێشین.

ئەو ئێوارەی کە بۆ بەیانی بار کەین هەموو ماڵێ شڕ و شاتاڵی خۆی شەتەک دا، هەر لە ئێستەوە خورماشیان کڕیبوو بۆ کوێستان، چونکە هەموو ساڵێ هەر ماڵە هەندێ خورمای ئەکڕی، لە کوێستان خورما نەختێ خۆشەویست بوو، لەوێ ئەیاندا بە گۆرانەکان، خوێیان بۆ ئەهێنان. خورماکانیان کردبووە هۆڕەوە و دارکوتیان کردبوو، سەرەکانیان دووریبوو، لەبەر ئەوە کە لەسەر کۆچ بوون، هەر وا لەو دەشتە دایاننابوو کە بەیانی هات خێرا بیخەنە سەر پشتی گاکان و تێیان خوڕن.

کەوتە شەوێ، مارف زەلامێکی خستە ناو خێڵەکەوە، بەیانی کەس بار نەکا.

ئا ئەمە چی بوو؟

دایکم و سێ چوار دەم سپی بەو شەوە چوونە لای مارف. کوڕە مارف!

ئەوە تۆ ئەڵێی چی؟ وا خێڵ هەموو خۆی ساز کردووە و چاوەڕێی بەیانە بار کا.

- قەیناکا با دوو سێ ڕۆژی تر بمێننەوە، خۆ هێشتا ساڵ زووە.

- کوڕە مارف، نەتکردبێ کەتنی وا بگێڕی. ئەمە سێ مانگە تۆ هاوار ئەکەیت و ئەم حەشاماتەت خستووەتە هەڵپەڕکێ؛ هەی ئیمساڵ سێ چوار بەهار ئەخۆن، هەی ئێسماڵ خێروبێرتان وا ئەبێ. ئێستە ئەمە چییە؟

- قەیناکا ئێستەش وەخت زووە، هەر ئەیگەنێ.

هیچ، هەر وا گەڕانەوە. بەیانی هەموو دەستەوئەژنۆ دانیشتن. شەوی دوایی کردیە ڕەهێڵە و بارانێک ئەوسەری دیار نەبێتەوە. خورماکان هەر لەو دەشتە بوون، هەمووی بەسەر یەکا تلیسانەوە.

چار نەبوو، هەر بەو جۆرە خێڵەکە دوو سێ ڕۆژی تر مانەوە. مارف هیچ دەنگی نەبوو، دایکم و پیاوەکان چوونەوە بۆ لای. کوڕە مارف ئێستە ئەڵێی چی؟ وا لە سەر قسەکەی تۆ دوو سێ ڕۆژەش بە سەر چوو. دیسان وتی: قەیناکا با دوو سێ ڕۆژی کەش بمێننەوە.

- کوڕە خوام کرد بە گژتا، ئەم کەتنە چی بوو گێڕات؟ هیچ کەڵکی نەبوو، گەڕانەوە. بۆ نەگبەتی کردی بە تۆفێک ماڵە و ماڵ نەئەکرا. خۆ هیچ تفاقێکیش نییە بدرێ بە ماڵات، ئاژاڵ هەموو قڕی کرد.

***

سەرت نەیەشێنم بە دوو سێ ڕۆژ، دوو سێ ڕۆژ تری مارف، کاتێ خەبەرمان بووەوە کوێستانمان لێ گیرا، تازە ڕێ نەما. هەموو مەڕ و ماڵاتمان لەبەر بێ لەوەڕی قڕی کرد و کەوتینە سەر ساجی عەلی!. هەروا لە بیرمە دایکم چاوی بە مەجۆل کەوتەوە، وتی: ها، مەجۆل شەپە گەیشتووەتە کوێ؟ وتی:

«خانم! قولەفیسکە و ملەفیسکەی گشت لە فکر چووگەسەوە. ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار، ئەمەش کەتنی مارف».

منیش ئەو وەختە مناڵ بووم، خۆت ئەزانی کوردایەتی هەر هۆشی بە لای کەشک و سیرێژەوەیە. ڕۆژێکیان وتم: دایە کەشک ئەخۆم. وتی: کەشکت لە کوێ بۆ بێنم. مارف گیان هێشتی ئیمساڵ کەشکمان ببێت؟ وتم مارف بۆچی؟ وتی نەیهێشت بچین بۆ کوێستان. وتم بۆچی نەیهێشت؟. وتی: هەیهوو، تۆ زۆر لەسەر شت ئەڕۆی باوانت شێوێ، چەپۆکێکی ماڵی بە سەرما، دەستم کرد بە گریان، ئیتر هەر نەمبڕییەوە.

کوتوپڕ لالە ڕەمەم کردی بە ژوورا. وتی ئەوە ئەو کوڕە بۆ ئەگری؟ دایکم وتی: چوزانم، سەرەخۆرە داوای کەشکم لێ ئەکا. منیش وتم کەشکت لە کوێ بۆ بێنم؟ بۆچی مارف هێشتی ئیمساڵ کەشکمان ببێت! ئێستە ئەڵێ ئەوە بۆچی نەیهێشت؟ تەماشا کە، تۆ ئەڵێی سەرەقلیانێکیت کارت چییە بەسەر ئەم قسانەوە!!.

لالەیشم وتی، بەڕاست ئەوە فاتە ئیمساڵ مارف ئەو کەتنەی بۆ گیڕا؟ ئەرێ فاتە، بەڕاست تۆ لێت نەپرسی؟ ئەویش وتی: بەرێ وەڵڵا، بەڵام لەبەر نووزەنووزی ئەم سەرەخۆرە بۆچ پیاو ئەتوانێ قسە بکا؟

ئیتر لالەم پەلی گرتم و خستمیە کۆشی خۆیەوە و وتی، مەگری گیان لالەی، ژیری کردمەوە، ئینجا دایکم دەستی کرد بە قسەکردن بۆی و منیش وا گوێم داوەتێ. وتی: مارف وتی: ئەوی ڕاستی بێ خانم هەر گەلێ لەپێش وادەدا حاجی قادری ڕۆغزایی ناردی بە شوێنما. لەم خێڵەدا منی لە هەموو کەس خۆشتر ئەوێ. کە چووم لەژێر دەوارەکەی خۆیانا، لە گوێ ئاگردانەکە دانیشتبوو، قەننەکەی بە دەستەوە بوو، هێشتا داینەگیرانبوو. منیش پەلاماری مەقاشەکەم دا و کەڵەپشکۆیەکم هەڵگرت و خستمە سەر قەننەکە بۆی. دوو سێ نەفەسی لێ دا و وتی، بە خوا مارف هەر تۆ ئەزانی ئەم قەننەی منە پشکۆی چۆنی ئەوێ. کە تۆ لێرە نەبی من لەزەت لە قەننە نابینم. نەختێکی تری پێ چوو ئینجا وتی مارف بچۆ جاڕ بدە بە خێڵەکەدا هەر لە پێشەوە خۆیان ڕێک خەن، ئیمساڵ زوو ئەچن بۆ کوێستان.

خۆیشت ئەزانی حاجی قادر جڵەوی هەموو خێڵەکانی بە دەستەوەیە و پووشانەی هەموویان وەرئەگرێ. کەسمان ناتوانین قسە لە قسەیا بکەین، هەتا دواجاری ئەوە بوو ڕۆستەمی بەکر و هۆمەری وەیسە و عوسەی خەجە و خلەی شەریفی ناردە ئەوێ.

وتم جا ئەمە چیی تێدایە بۆ ئەو؟ خۆ ئەم خێڵانە هەموو ئەبێ پووشانەی خۆیان هەر بەو بدەن، ئیتر ڕۆستەم بێ و من بم، تۆ بیت، ئەو پووشانەی خۆی هەر وەرئەگرێ.

پێی وتم خانم دوور وێ لە تۆ نەتزانیگە، ڕاستە هەموو ئەو پووشانەیە ئەدەین، بەڵام ئەوە بوو ساڵان بە دەگمەن هیی وا هەبوو کە بڵێ: حاجی ئیمساڵ تۆزێ ساڵەکەی بێفەڕە، نەختێ لە پووشانەکەت کەم کەوە. وەیا هی وا هەبوو بڵێت: عەرز عەرزی خوایە، ئێمە ئەم پووشانەیە بۆچی بدەین؟. ئیمساڵ با ئەو قسەیە نەبێ و دەستکەوتیش گەلێ لە ساڵان زیاتر بێ، ئیتر مەڕوماڵاتی تۆ ئەفەوتێ یا نافەوتێ ئەو بایس نییە.

وتم جا ئەوە چۆن ئەبێ؟ وتی ئێژم خانم نەتزانیگە بڕوام پێ ناکەی. ئەوە بوو هەموو خێڵەکە سەرگەرمی بارکردن و سێ چوار بەهار خواردن بوون، گوێت لە قسەکەی مەجۆل نەبوو لەژێر دەوارەکەی خۆتانا، چۆن مەلای تری ڕائەگرت بۆ شەپەی کوڕی.

لە ناکاو حاجی ناردی بە شوێن ڕۆستەم و ئەوانا، پێی وتن وا چاوتان لێیە خێڵەکە هەموو لەسەر بارکردنە. دیارە ئێوەش هەر لەگەڵ ئەوان ئەبن، بەڵام ئێستا من ئەمەوێ هەر تەنها ئێوە بنێرم بۆ کوێستان. من ئەتاننێرم، من. ئێوەش ئەبێ پووشانەی ساڵی پار و هەر سەرە مەڕێکیش نیو هۆقە ڕۆنم بۆ بێنن- ئەمەم بۆ حەجی ئیمساڵ ئەوێ، مناڵەکان زەماوەنیان کرد، پارەیان بە دەستەوە نەهێشتم- چەڵەمەشکێنییەکەش بکەینەوە. کە ئێوەم نارد و گەیشتنە ئەوێ، ئیتر ڕێ لەوان ئەگیرێ و هەمووی بۆ خۆتان ئەمێنێتەوە.

ئەوانیش وتیان باشە، چونکە چاویان لێ بوو کە خێڵ چۆن لەسەر بارکردنە. بە تەواوی بۆیان ساغ بووەوە کە حاجی ئەیاننێرێ، لەبەرئەوە، ئەو هەرچیێ بڵێ ئەمان ئامادەن. جارێ خۆیان کوێستانێکی مشە ئەخۆن، پارەی کفن دەس کەوێ با مردوو گۆڕبەگۆڕ بێ. هیچ زیانێکی بۆ خۆیان تێدا نییە، حاجیش قڕەی ساڵانی نابێتە ڕیشەوە و زیاتریشی دەست ئەکەوێ، بەبێ هەرا چەڵەمەشکێنییەکەش ئەباتەوە.

گوێم لێ بوو لالەم وتی: بە سەلامەتی حاجی باجی دایە حەمەجافر، ئەوا ئێستە تێ گەیشتم.

ئەمە بیری مناڵی بوو، ئیشەکەی ئیمساڵیشمان دیارە هەر وا بووە.