گورگ و بەرخەکە

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  748 مشاهده

ئازاد کاکی زۆر خۆش ئەویست، هەموو جار کە لە قوتابخانە ئەگەڕایەوە، کتێبەکانی لە تاقەکەدا دائەنا و دەست و دەموچاوی بە سابوون ئەشت و دایکی نانی بۆ دائەنا، نانەکەی ئەخوارد و لەپاشا کتێبەکانی ئەهێنا و ئەچوو لە تەنیشت کاکیەوە دائەنیشت و دەرزەکانی بۆ ئەوتەوە. پاش ئەوە دەستی ئەکرد بە پرسیارکردن لە کاکی. ڕۆژێکیان وتی:

توخوا کاکە گیان! ئەوە ئەڵین: «مەسەلەکەی وەکوو مەسەلەی گورگ و بەرخەکە وایە» گورگ و بەرخ چییان کردووە وا بووە بە مەتەڵ و ئەیگێڕنەوە؟

کاکیشی وتی: شێتەکە لێ گەڕێ، بە دەرزەکانتا بچۆرەوە، باشترە!

ئازادیش وتی: توخوا کاکە گیان ئەگەر بۆم نەگێڕیتەوە، ئەوەش دەرزێکە با بیزانم. کاکی دڵی نەهات دڵی براکەی بشکێنێ، بۆی گێڕایەوە وتی:

جارێک لە ئاواییی دارەشمانە بەرخێکی جوانکەلانە، کە سەیر ئەکا وا بەهارەکەی بەهارێکی خۆشە و گوڵ و گیا تێک ئاڵاون و دەشتەکەی مێرگەپان بووە بە سەیرانگای خاوەن دڵان، هەڵئەستێ وردە وردە ڕوو ئەکاتە ئەو ناوە و گەلێ دڵی پێ ئەکرێتەوە؛ چونکە جێلەوەڕی دایکی و نەنکی و هەموو عەشرەتەکەی بوو. هەموویان لەوێ لەوەڕاون و ئاویان لێ خواردووەتەوە و بە دڵنیایی ڕەچەڵەکیان بڕاوەتەوە.

بە ڕێ ئەکەوێ، بە دەم لەوەڕەوە ئەڕوا، هەموو جار تۆزێ گیا ئەقرتێنێ و خرمەخرم ئەیکرمێنێ، هەتا تێر ئەخوا و لە ناو بڕە گیایەکدا لێی ڕائەکشێ و دەست ئەکا بە کاوێژکردن. زۆری پێ ناچێ تینووی ئەبێ، هەڵئەستێ خرپە خرپ ئەچێ بۆ سەر جۆگە ئاوە بەفراوەکە- کە بەفری خوایی بووە و هەوای بەهار توانوویەتەوە و بەشی کەسی پێوە نییە- لەلای خوارەوەوە دەمی تێ ئەنێ و تێر ئەخواتەوە.

کوتوپڕ گورگێکی گەڕیدە لە دوورەوە بەرخە جوانەکە بەدی ئەکا. بە قەڵەمبازێک خۆی ئەگەیەنێتە سەر ئاوەکە و لەلای سەرووی ئاوەکەوە گوێ تاق و جووت ئەکا و بە مۆڕێکەوە سەیری بەرخە جوانەکە ئەکا، دانی لێ ڕیچ ئەکاتەوە و پێی ئەڵێ:

بەرخە بێشەرمەکە. ئاخر تۆ نازانی من ئاو ئەخۆمەوە؟ بۆچی جۆگەلەکە لێڵ ئەکەیت و ئاوەکەم لێ ئەکەی بە قوڕاو.

بەرخەکەیش کە چاوی پێ ئەکەوێ زەنەقی ئەچێ، لە چاوە تیژە ستەمکارانەکەی ئەترسێ، بە هەنسکەبڕکێ پێی ئەڵێ: قوربان! من چۆن ئاوەکە قوڕاوی ئەکەم؟ جەنابت وایت لە لای سەرووی ئاوەکەوە، من لە لای خوارووەوەم، ئاوەکە لە بەردەمی جەنابتەوە دێت بۆ من.

ئینجا گورگەکە ئەوەندەی تر دانەکانی ڕیچ ئەکاتەوە و پێی ئەڵێ: هەی بەرخە وا وا لێکراوەکە. بۆچ لات وایە من لە بیرم ئەچێتەوە، کە پار لەبەر خۆتەوە دانیشتبووی دەستت کردبوو بە جنێودان پێم. لەوە نەئەترسای کە ئەیبێمەوە؟

بەرخە جوانەکەش ئەڵێ: قوربان ئاغەم. من ئیمساڵ هاتوومەتە دنیاوە، پار، باوکم هێشتا دایکمی مارە نەکردبوو. قوربان! کە ئەتەوێ بمخۆیت ئەم قسانە بۆچی ئەفەرموویت. وەرە بمخۆ، دەنگم بە خوا نەبێ بە کەسی تر ناگا، بە بێدەسەڵاتی وا لە بەر دەستتا کەوتووم.

گورگە، کە ئەمەی بیست ئەوەندەی تر تووڕە بوو. وتی: بەرخە باوەحیزەکە، تۆ دیارە چەنە بە چەنەییم لەگەڵ ئەکەیت، من ئەڵێم با لەپێشا ئەم قسانەی لەگەڵ بکەم بۆ ئەوە تۆزێ سامی بشکێ، ئەگینا تۆ نازانی من پیاوێکی بەدەسەڵاتم و بە هەر جۆر بێتە قسە هەر ئەبێ بتخۆم؟

ئەمەی وت و گوڕی بەستەوە و پەلاماری بەرخە جوانەکەی دا.

خواوڕاسان لەو کاتەدا ڕەشمارێکی زل لەناو گیاکەدا پەپکەی خواردبوو، کە گورگەکە خۆی فڕێ ئەدا بۆ بەرخە جوانەکە، پێی ئەنێ بە مارەکەدا، مار هەڵئەبڵۆقێ و خۆی لە ملی گورگەکەوە ئەئاڵێنێ. ئەوەندە ئەیگوشێ، ئەوەندە ئەیگوشێ هەتا ئەیتاسێنێ، لەپاشا بەوەش وازی لێ ناهێنێ خۆی لێ ئەکاتەوە، دەم ئەخاتە سەر لووتی و پێوە ئەدا. گورگەکە لەوێ بۆ خۆی ئەتۆپێ و مار و مێروو سەر ئەکەنە لاکەکەی.

بەرخە جوانەکە، کە ئەمەی چاو پێ کەوت، هەڕای کردەوە و بە ڕێگادا هەر هەڵیئەخستەوە هەتا خۆی گەیاندەوە لای دایکی و کارەساتەکەی بۆ گێڕایەوە.

دایکیشی وتی: ڕۆڵە، ئەوە باوکی ڕەحمەتیشتیان هەر بەو دەردە برد. بەو جۆرە قسانە دەوریان لێ دابوو بۆ ئەوە نەڵێن پیاوخراپن، کە چاوبەستیان کرد ئینجا خواردیان. بەڵام خوا زوڵمی بێ ئەندازە هەڵناگرێ، زاڵم ئاخری هەر بە دەردی خۆیەوە ئەبێ بتلێتەوە. شوکر بۆ خوا کە ئەم جارەش تۆی پێ دامەوە.

***

ئازاد مناڵێکی ژیر و وریا بوو، کە گوێی لە قسەکانی کاکی بوو، تۆزێ ڕاما و لەپاشا وتی: توخوا کاکە گیان، ئەوە گورگەکە هیچ بەزەییی بە بێدەسەڵاتیی بەرخە جوانەکەدا نەئەهاتەوە؟ ئەی کە هەر ئەیەویست بیخوا، ئەو قسانەی بۆچی ئەکرد؟

کاکیشی وتی: مەبەستی ئەوە بوو لە کاتێکا کە دەم ئەخاتە لاکەکەی، ئەگەر گورگێکی تر هات و پێی وت لەو گۆشتە جوانە بەشی منیش بدە، ئەم پێی بڵێت: هەر هیی خۆمە، لە تۆڵەی جنێوەکانیا وای لێ ئەکەم.

ئینجا ئازاد وتی: دەسا دەمی مارەکە خۆش بێت.

کاکیشی وتی: گیان کاکەی، قانوونێکی تەبیعییە، زاڵم زەواڵی هەر ئەبێ بۆ بگا.