لە پێناوی ئافرەتا!

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 17 دقیقه  1058 مشاهده

هێشتا ئەم تۆپ و تفەنگ و هەیتوهووتە دانەهاتبوو، باو، هەر باوی شیر و تیر و ڕم و مەتاڵ بوو. ئەم «تەکش»ەی کەوا ئێستا ئەیبینی ئیفتادە و شەل و کوێر بووە لە وەختی خۆیا لە هەموو تۆپی «گەڵواخی»دا وا ناوبانگی دەرکردبوو، کە بیانوتایە وا تەکش هات مناڵ لە بێشکەدا ژیر ئەبووەوە.

تافی هەرزەکاریمە، تازە خەتم داوە، ئێجگار کە ناوی خۆمم بیستۆتەوە، کەس لە ژوور خۆمەوە نابینم. سەرلەبەیانییەک هەستام خۆمم ڕازاندەوە. زرێ و تاسکڵاوم لەسەر کرد، شیر و تیرم لە خۆم دا، مەتاڵم خستە گازی پشت و ڕم بە دەستەوە، ماینێکی ڕەشبۆرەم هەبوو پەلی لە ئاسمان ئەکوتا، سوار بووم و ڕووەو دەشت بە شوێن نێچیرێکا، تووشی ئەم کارەساتە بووم: هەر وا بەسەر شاخەکانی «کەوڵە»دا ئەگەڕام، لە دوورەوە لە دۆڵەکەی تەنیشتی «خرۆسە»ەوە تارماییێکم بەرچاو کەوت. بۆی شۆڕ بوومەوە، کە لێی نزیک بوومەوە وا پیاوێکە لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا، هەتا دەست هەڵبڕی کەڵەگەت، بە سەروسیما. شیرێکی بە لاقەدەوە و هەموو جۆرە چەکی کەشی پێیە، ماینێکی کوێتی لەژێرایە.

هێشتا هەر لێی دوور بووم سەیرم کرد لە ماینەکەی دابەزی، لغاوەکەی کرد بە مەچەکیا و بەنەوخوێنەکەی کردەوە و دانیشت بۆ میزکردن. گەیشتمە سەری- ئەو وەختە دنیا وەکوو ئێستا بە فڕوفێڵ و قوماربازی نەتەنرابووەوە، برا، برای بۆ هەڵکەوێ لە پەنابەردا بیکوژێ - دوژمنی خوێنەخۆیشت بوایە ئەبوایە پێت بوتایە کە نیازم خراپە لەگەڵت خۆت ئامادە کە.

سەیرم کرد کابرا هەر هەڵنەستا. ناچار بانگم کرد: کوڕە، کابرا! خۆت کۆکەرەوە، سوار بە، لەم چۆڵەدا یا ئەبم بە خەنیمت یا ئەبی بە خەنیمم. کابرا هەر لەسەر پێشاوەکە وتی: ئێوە گەڵواخین و بێ ئامان. سوێنم بۆ بخۆ تا سوار نەبم دەست نەکەیتەوە. قسەکەی کاری تێ کردم چونکە تانە بوو. بەڵام هیچیشم پێ ناکرێ، هات بە دەمما سوێنم بۆ خوارد تا سوار نەبێتەوە دەستی لێ نەکەمەوە.

ئینجا هەستا و بەنەوخوێنەکەی بەستەوە و ملی ڕێی گرت و وڵاخەکەی بە شوێن خۆیا ڕاکێشا. ئەمەم بە لاوە زۆر سەیر بوو، بانگم کرد کوڕە کابرا سوار بە ئەوە تۆ چی ئەکەی؟ هەڵیدایە وتی: تۆ سوێندت خواردووە تا من سوار نەبم دەست نەکەیتەوە، ئێستەش من سوار نابم بۆچ ناتناسم تۆ تەکشیت؟

کە ئەمەی وت هەر زۆرم بە لاوە سەیر بوو، تێم خوڕی کوڕە کابرا سوار بە ڕۆژ درەنگە، ئیمڕۆ هەموو شتێکت لە دەست دەرکردم، یا ئەمکوژی یا ئەتکوژم، ئێستە و ئەوسا سوار نەبووەوە و نەبووەوە، وتی خۆم نادەم بە کوشتن، چی ئەکەی بیکە. نێزیکەی دوو سەعات شوێنی کەوتم هیچ کەڵکی نەبوو. ناچار بە شوێنەکەی خۆما گەڕامەوە و ئەویش بەو جۆرە خۆی دەرباز کرد.

***

بۆ ڕۆژی دوایی دیسان خۆمم گورج کردەوە و سوار بوومەوە ڕاست بۆ شوێنەکەی دوێنێ- چونکە جێڕاوێکی چاک بوو-. هێشتا نەکەوتبوومە سەر شاخەکە سەیرم کرد لە دوورەوە سوارێک هات، چۆن هاتنێک؟ هەر وەکوو با ئەڕوا. لە قەد و باڵایا وتم ببێ و نەبێ ئەمە ئەوی دوێنێیە، ئیمڕۆ ئەگەر پەلی بە پەل هەورەوە بێ نایەڵم ڕزگار بێ. وتم تا چاوی پێم نەکەوتووە بەڵکوو بیگەمێ، نەوەکوو کەتنەکەی دوێنێم پێ بکا. لە کلکەی شاخەکەوە بۆی شۆڕ بوومەوە زۆری نەمابوو بیگەمێ سەیرم کرد دیسان لە وڵاخەکەی دابەزی و وەکوو دوێنێ دەستی کردەوە بە میزکردن. وتم یا ڕەبی ئەم بەڵایە چییە و چۆن دەفحی کەم؟ ئێ، خۆ ناشکرێ ئەو لەسەر پێشاوە من پەلاماری دەم. دڵم ئۆقرەی نەگرت. ناچار چووم لە پشتیەوە تێم خوڕی: کوڕە هەستە ناپیاو مەیکەرە دەردەکەی دوێنێوە، هەستە! یان ئەمکوژی یان ئەتکوژم.

سەیرم کرد لایەکی لێ کردمەوە و هیچ دەنگی نەکرد. کە چاک لێی ورد بوومەوە، کوڕە خۆ ئەمە ئەوی دوێنێ نییە. بەڵام هیچ دەنگی نەکرد، بە شێنەیی هەستا بەنەوخوێنەکەی بەست و پێی لە ئاوزەنگی نا، پشتی تێ کردم و ملی ڕێی گرت. شوێنی کەوتم، کوڕە کابرا من لەگەڵ کێمە؟ ڕووم تێ کە! دیسان هەر گوێی نەدامێ و ڕۆیشت، ئیتر من وا لە داخا وەختە شەق بەرم. تێم خوڕییەوە کابرا! یان شتومەک و ماینەکەت بە جێ بێڵە و بڕۆ یا ئەمکوژی یا ئەتکوژم.

ئەمجا هەر بە دەم ڕەوتەوە ئاوڕێکی لێ دامەوە و وتی: کابرا بە ڕێی خۆتەوە بڕۆ من حەریفی تۆ نیم، پیاوەتیت ببێ ماتڵم مەکە. قسەکەیم بە لاوە سەیر بوو چونکە وەکوو لەگەڵ مناڵێکا قسە بکا وا بوو. وتم کوڕە ئەوە تۆ ئەڵێی چی؟ یا خوێنت ئەڕێژم، یا خوێنم ئەڕێژیت، ئەوە قسە لەگەڵ کێ ئەکەی، من تەکشم تەکش، با گوێت لێ بێ.

کە ئەمەم وت هەر ئەوەندەم ئاگا لێ بوو ڕمەکەی لەسەر سنگم توند بوو، وتی کوشتتم یا نا؟. دە بڕۆ بەرۆکم بەردە و لەمە زیاتر تاخیرم مەکە و ڕمەکەی لەسەر سنگم هەڵگرتەوە و دەستی کردەوە بە ڕۆیشتن.

کە ئەمەم دی هەر وا واقم وڕ ما، چونکە ئەمە، یەک، کەوا یەکێک بەو جۆرە بەرانبەریی کردبم. وتم دەک عەمرت نەمێنێ تەکش بۆ خۆت و بۆ غیرەتت. ئەوە لە کوێیت، تۆ نووستوویت؟ دیسان هەر کۆڵم نەدا شوێنی کەوتم و ئەوەندەی تر شێرگیرتر بووم. بانگم لێ کرد: کابرا پیاوانە وەرە مەیدانەوە، کە وای لێ هات یا ئەبێ بمکوژی یا ئەتکوژم، گوێم لێ بوو وتی کوڕە تۆ خوێن ئەگێڕی، ماڵکاول! من پێم نەوتی بە تاڵووکەم، بۆ بەرۆکم بەر نادەی؟ لێم گەڕایەوە تا من دەستم برد بۆ شیرەکەم ئەوەندەم زانی پەلاماری دامێ، وەکوو چۆلەکە هەڵگرێ بەو جۆرە لەسەر ماینەکە فڕاندمی و دامی بە عەرزا و چۆکی دایە سەر سنگم و خنجەرەکەی لەسەر ملم دانا و وتی کوشتتم یان نەء؟ دە بڕۆ بەرۆکم بەردە! هەڵسا و سوار بووەوە و دیسان ملی ڕێی گرتەوە.

کە ئەمەم دی ئیتر هیچم پێ نەما، پەلاماری لغاوی ماینەکەیم دا و وتم: ئەوی تۆ بە منت کرد تا ئێستا کەس پێی نەکردووم، پێم بڵێ تۆ کێیت؟ وە بۆ هەر کوێش ئەچیت لەگەڵتم. سەرێکی با دا و وتی تۆ شێت بوویت. لغاوەکە بەڕەڵا کە، بە تاڵووکەم. وتم ئەمەی پێ ناوێ یا کوشتن یا لەگەڵتا هاتن.

ئینجا وتی: برام! من بۆ ناو دەریای خوێن ئەچم، ئەو شوێنە شوێنی هیی وەکوو تۆ نییە. وتم خۆت تاخیر مەکە، لێت نابمەوە من لە تۆ زیاتر نیم. کە سەیری کرد هیچ کەڵکی نییە و لە کۆڵی نابمەوە و هەر ماتڵی ئەکەم وتی جڵەوەکە بەردە و سوار بە و شوێنم کەوە، ئاوزەنگی تەقێن. ئینجا وردە وردە بە ڕێوە دەستی کرد بە گێڕانەوەی سەرگوزەشتی خۆی و وتی:

من «سەمسام»ی «سوور سووری»م، مامێکم هەیە «جیهانبەخش» لە وڵاتی «تەرگەوەڕ»، کچێکی هەیە «گۆڵئەندام». ئەمە حەوت ساڵە دڵمان پێکەوەیە، کەس نەما نەیکەم بە تکاکار و ڕێگە نەما بۆی نەچم، ئێستە و ئەوساش لای لێ نەکردمەوە، داوای شیربایییەکی زۆر ئەکا منیش پێم هەڵناسێ. ئێستە وا ناچارم هیچم بۆ نەماوەتەوە ئەچم کچەکە ئەفڕێنم.

ئەوەشت پێ بڵێم: مامەکەم عەشرەت و پشتماڵەیەکی زۆری هەیە، بێجگە لەمانەش حەو کوڕی هەیە، منت چۆن دی هەر یەکە لەوان چواری وەکوو من ئەخاتە کۆشیەوە. مامەکەشم خۆی ناوبانگی ئازایی و دەستوبردی لە هەموو وڵاتا دەرکردووە. ئەوەش ئەزانم کە دەستم لێ هەڵناگرێ، بەڵام ناچاریشم هەر ئەبێ بۆی بچم. ئەمە سەرگوزەشتی منە. ئێستەش دیسان تکات لێ ئەکەمەوە کە بگەڕێیتەوە بە شوێنەکەی خۆتا، جوانیت، با لە خۆڕایی سەرت تیا نەچێت.

کە گوێم لە قسەکانی بوو لەم دڵ و دەروون و هێز و تاقەتە هەر وا سەرسامییەک گرتمی. وتم برا سەرێکە و لە ڕێی تۆدا دامناوە پێی پێوە نێ. من تازە خوڵامی حەڵقە بەگوێی تۆم تا سەرم لە ڕێتا بەخت نەکەم ناگەڕێمەوە. وتی کە وایە یائەڵڵا، بەڵام چیت پێ ئەڵێم وا بکە.

***

دوانزە شەو و دوانزە ڕۆژ بە چوار ناڵە تێمان تەقان، لە ئێوارەی دوانزە ڕۆژەدا گەیشتینە شوێنێک، وتی لێرە دابەزین. دابەزیین و ماینەکانمان بەرەڵای ناو ئەو مێرگانە کرد و هاتە تەنیشتمەوە وتی:

هۆ، ڕەشماڵانە کە لە دوورەوە دیارن، ئەوە ماڵی مامەکەمە. هەقیقەت کە سەیرم کرد هەتا چاو کار ئەکا لەو دەشتەدا ڕەشماڵ بەبێ هەق و حیساب هەڵیداوە. وتی من لەگەڵ بانگی شێوانا لێرەوە ئەچم، لەگەڵ کچەکەدا ئەم بەیانییە ژوانێکمان هەیە ئەویش دێتە ئەوێ ئەیهێنم و لەگەڵ سفیدەی بەیانا ئەگەڕێمەوە. ئەگەر لەو وەختەدا نەهاتمەوە ئەوە بزانە شتێکم بە سەر هاتووە، ئیتر هیچ لێی مەوەستە سواری وڵاخی خۆت بە و هینەکەی منیش بەرە و بڕۆرەوە، نەکەی ئەوە بێت بە دڵتا بڵێیت لەگەڵ ئەمانە شەڕ یا شتێک ئەکەم.

لەگەڵ ئەم هەموو زۆر و باهووەدا کە بەم کوڕەوە دیبووم سەیرم ئەکرد زۆریش ئەترسا، وا دەرئەکەوت مام و ئامۆزاکانی گەلێ لەم بە دەسەڵاتتر بوون. خۆ من بە تەواوی ئیتر ورەم بەردابوو. ئەو تەکشە کە جاران لە تاوی، ناڵدار ناڵی ئەخست و باڵدار باڵ، ئێستە بێزی لە خۆی ئەهاتەوە.

ئینجا هەستا شیرەکەی کرد بە قەدیا، قەڵخانەکەی خستە ناو شانی و ڕمەکەی گرت بە دەستەوە. ماڵاواییی لێ کردم و بە پێیان بە ڕێ کەوت. منیش وڵاخەکانم هێنا و زینەکەم لێ گرتنەوە و ڕەنەک و قاشاوم دان. جۆمان پێ بوو لەگەڵ دوو باقە گیادا بۆم هێنان و دامنێ، پاش ئەمانە ئاوم دان و زینەکەم لێ کردنەوە و بە دیاریانەوە کرووسکەم کرد.

دوو بەشی شەو ڕۆیشتبوو، نەڕۆیشتبوو، ئەوەندەم زانی لە دوورەوە دوو تارمایی پەیدا بوو وەکوو با ئەیانکوتا، زۆری پێ نەچوو گەیشتنە جێ سەیرم کرد سەمسامە و ئافرەتێکی لەگەڵە. شەو بوو هەر ئەوەندەم بۆ دەرکەوت ئافرەتێکی کەڵەگەت و بەخۆوە بوو. ئیتر دانەنیشتین. پێی وتم سوار بە! خۆیشی سواری وڵاخەکەی خۆی بوو، ئافرەتەکەی خستە پاشکۆی و ڕووی تێ کردم و وتی:

وا ئەڕۆین، من تا ئێستا لام بۆ دوژمن نەکردۆتەوە بە ترسەوە، تۆ جار جار ئاوڕ بدەرەوە ئەگەر دیت لەشکری هەموو دنیا کۆ بوونەتەوە و بە شوێنمانا دێن هیچ گوێی مەدەرێ و وڵاخی خۆت لێ خوڕە، هیچ نین، هەر پێشم مەڵێ، بەڵام ئەگەر دیت هەشت سوار ئەهاتن پێم بڵێ ئەوە ئیتر ڕزگاربوون نییە.

ئینجا قامچیمان لە پیرە وڵاخ ڕاکێشا و کەوتینە ڕۆیشتن، بەڵام چۆن ڕۆیشتنێک؟ با، بە تۆزی قولمانا نەئەگەیشت، وا جار جاریش هەر لا ئەکەمەوە، بەو جۆرە ڕۆیشتین هەتا بەیان گزنگی دا و دنیا بە تەواوی ڕووناک بووەوە. ئەو وەختە کە سەیری ئافرەتەکەم کرد تەماشام کرد وا کچێکە لە تەمەنی هەژدە ساڵانا، نە بخۆی نە بکەی تەماشای سای گەردەنی کەی، باڵایەکی بەرزی کەڵەگەتی پێوە بوو، سوور و سپی، ئەو چاوانەی ئەتوت پیاڵەیە، گۆناکانی سوور سوور، خڕوپڕ، ئەتوت سێوی سەردەشتە، ئەو باسک و مەچەکە ئەتوت بلوورە. قژەکانی؛ قژەکانی وەک سرکەییی ئاوریشمی ڕەش بەسەر شانیا پەخش بووبووەوە و ئەڕژایە کەمەری. کەمەری چی؟ ئەتوت ناو قەدی ئاسکە. بەڕاستی گوڵئەندام گوڵئەندام بوو. گوڵئەندام ئەوەی ئەهێنا کە ئەو سەمسامە جوانەمەرگە سەری خۆی لە ڕێدا بۆ دانێ.

***

ڕۆژ گزنگی دا و پەلکە زێڕینەکەی بەسەر دنیادا بڵاوکردەوە و لەگەڵ گوڵئەندام و پڵپڵەی سەر ئەگریجەکانیا دەستیان کرد بە چاوشارکێ. دنیا بوو بە چێشتەنگاوێکی درەنگ، کە لام کردەوە سەیرم کرد وا لە دوورەوە هەشت سوار- یەکێکیان لە پێشەوە و حەوتیشیان بە شوێنیەوە، هەر وەکوو با، دێن. کە ئەمەم چاو پێ کەوت بانگم کرد سەمسام وا هەشت سوار بە شوێنمانا ئەیکوتن. ئەوەندەم زانی سەمسام ماینەکەی ڕاگرت و وتی ئیتر تەواو. پێی وتم تۆ نەختێکی تر سواری وڵاخی خۆت بەو، بەو شوێنەدا کە هاتبووین بگەڕێوە بۆ وڵاتی خۆت، بەڵام جار جار یادێکم بکە. کە قسەکەی کرد دڵم پڕ بوو، ئاو بە چاوما هاتە خوارەوە. لە ماینەکەی دابەزی، جڵەوەکەی دایە دەست گوڵئەندام و بە قوڵپی گریانەوە پێی وت: بچۆ لە قەراخ ڕێگەکە بوەستە، دواجار سواری ئەم وڵاخە بە و گەردنم ئازا کە، بۆ کوێ ئەچی بچۆ! وا لە بەری یەکمان نەخوارد. هەردووکیان فرمێسک بە چاویانا هاتە خوارەوە، بە منیشی وت تۆیش لەوبەرەوە ڕاوەستە سەیری ئەم نەبەرد و ڕەزمە بکە! خۆیشی ڕووبەڕووی سوارەکان لە چەقی ڕێگاکەدا وەکوو سنگ چەقی و دەستی خستە سەر مستووی شیرەکەی.

زۆری پێ نەچوو سوارەکان گەیشتنە جێ. سەیرم کرد وا یەکێکی ڕیشسپی. ڕیشی ئەڕژێتە پشتێنەی و حەوت گەنجی تازە پێگەیشتووی لە دواوەیە، هەموو نیشانەی ئازایی و پاڵەوانییان لەناو چاودا دیارە و ئاگریان لێ ئەبارێ. سەمسام پێی وتم ئەو ڕیشسپییە مامەکەمە و ئەوانیش کوڕەکانین. لەوێ ئەوانیش بەرانبەر بە سەمسام وەستان.

ڕیشسپییەکە هەڵیدایە وتی: سەمسام ئەم کەتنەت بۆ گێڕا؟ بۆچی لەناو هەموو تەرگەوەڕدا حەیات بردم؟ سەمسام-یش وتی: مامە! حەو ساڵە ڕجا و تکا نەما نەیکەم، گوڵئەندامت نەدامێ لەگەڵ ئەوە کە ئەو بۆ منە و من بۆ ئەو. منت گۆڕییەوە بە ماڵی دنیا. ئێستاش هیچ نەبووە، هەر لێرە بڵێ وا پێم دایت ئیتر من هیچم ناوێ. وتی: ڕۆڵە تازە کار لە کار ترازا.

ئاوڕی دایەوە بە لای یەکێ لە کوڕەکانیەوە و وتی: «ئا بچۆ سەرەکەیم بۆ بێنە!».

کوڕە وەکوو کێچ ڕاپەڕی. لە ماینەکەی دابەزی و هات بەرانبەر بە سەمسام وەستا دەستی دایە شیرەکەی. سەمسام هەڵیدایە: مامە، بۆ خاتری خوا مەکە با خوێن نەکەوێتە بەینەوە، لە کەلی شەیتان وەرە خوارەوە. دیسان لەوێوە بانگی کردەوە: «ئا سەرەکەیم بۆ بێنە!».

لەو مەیدانەدا ئەو دوو نەمامە کە هێشتا هەر تامەزرۆی باخی ژیان بوون دەستیان کرد بە شیر و تیر لە یەک دان. کە سەیرم کرد بەڕاستی، ڕاستی کرد سەمسام کە وەختی خۆی پێی وتم کوڕەکانی مامم هەر یەکەیان چواری وەکوو من ئەخەنە کۆشیانەوە. هەرچەندم ئەکرد نەمئەزانی سەیری دەستوبردی کامیان بکەم.

بەو جۆرە لەو مەیدانەدا ئەو کوڕە نێزیکەی نیو سەعات خۆی لە بەر ئەو شان و باهووە پاڵەوانانەی سەمساما ڕاگرت، لە ئاخریا کە هات شیرەکەی داهێنێتەوە سەمسام شیرەکەی خۆی ئاوقەی سەرشانی ڕاستی کرد و لە پەراسووی چەپیەوە دەرچوو. کوڕە لەوێ کەوت، من ئیتر خۆم ڕانەگرت فرمێسک بە چاوما هاتە خوارەوە، ئاگام لێ بوو گوڵئەندامیش لەوێ دایەوە پڕمەی گریان.

کە جیهانبەخش ئەمەی دی، لای کردەوە لە یەکێکی تر لە کوڕەکانی وتی «ئا بچۆ سەرەکەیم بۆ بێنە» یەکێکی تریان پەلاماری دایە و بۆی هات. سەمسام دیسان بانگی لێ کردەوە مامە! بۆ خاتری خوا واز بێنە با ئیتر ببڕێتەوە لە خۆڕایی خوێنی ناهەق مەڕێژە. ئەویش بانگی کرد ڕۆڵە!. تا ئێستە ئێسک نەشکابوو لە بەینا، ئەوا ئێستە ئێسکیش کەوتە ناوەوە، تازە تێپەڕیوە.

سەمسام لەگەڵ ئەویشا کەوتە شەڕ، زۆری پێ نەچوو ئەویشی کوشت. مامەکەی دیسان لای کردەوە لە یەکێکی تر لە کوڕەکانی، ئا بچۆ سەرەکەیم بۆ بێنە! ئەویش هات، ئەویش کوژرا.

پێی ناوێ، هەر حەوت کوڕەکەی نارد، هەموویان بە دەستی سەمسام کوژران. ئەوەش سەیر بوو ئەم کارەساتە خوێناوییە ڕووی دا، هیچیان قسەیەکی تاڵیان لە دەم نەهاتە دەرەوە. ئەم ئەیوت مامە وا مەکە، ئەویش هەر ئەیوت ڕۆڵە تازە تێ پەڕیوە.

ئینجا کە کەس نەما، ئەوەندەم زانی جیهانبەخش ئاوزەنگیی دا لە وڵاخەکەی و هات لەپێش سەمساما دابەزی و ڕیشەکەی کرد بە بەر پشتێنەکەیا و وتی: «ڕۆڵە! تا ئێستە شەڕ، شەڕی کاوڕان بووە، ئێستە شەڕ، شەڕەقۆچی بەرانانە، چاوت لە مامی خۆت بێ چیت پێ بکا!» دیسان سەمسام هاواری لێ کرد مامە، با بەس بێ بەس. مامەش وتی: ڕۆڵە تازە بەسی چی بێ؟ یاری بکە یاری.

ئەم مام و برازایە لەو دەشتە چۆڵەدا بەسەر ئەو حەوت لاشە کوژراوە خێر نەدیوانەدا کەوتنە شیر و تیر لە یەک وەشاندن.

ڕۆڵە، بڕوام پێ بکە ئەگەر بڵێم مەلایەکەی ئاسمان هەموو بە چاوی فرمێسکاوییەوە هاتبوونە سەیری ئەو کارەساتە هیچ درۆ نییە و بڕوام پێ بکە. ئەم کوڕە گەنجە، ئەم پیرە نوورانییە، ئەهاتن و ئەچوون. گەلێ لە شێری برسی تینووتر بە خوێنی یەک، هیچ بەزەیییان بە یەکا نەئەهاتەوە. سا، چییان بە یەک کرد، کردیان.

ڕۆژ، وا خەریکە تەنگ بە کەلی ڕۆژئاوا هەڵئەچنێ، دەمە و زەردەپەڕە، خوێنی شەهیدەکانیش وا لە ڕۆخی ئاسمانا خەریکە خۆی ئەنوێنێ. کوتوپڕ جیهانبەخش نرکاندی، سەمسام! ڕۆڵە! بگرە ئیتر بەسە. شیرێکی داهێنایەوە. سەمسامیش وتی مامە ها تۆیش بگرە، منیش ئەڵێم ئیتر بەسە.

تەماشا کە گەردوون ئیشی چۆن ئەکا؟ لەو وەختەدا کە شیرەکانیان داهێنایەوە هیچیان دەستیان سەری نەکرد و خۆیشیان بۆ نەپارێزرا. شیرەکەی سەمسام کەوتە عاستی مڵاشووی جیهانبەخش و لە بنەنگڵیەوە سەری دەرکرد. هینەکەی جیهانبەخشیش سەری نەکرد دای لە ملی سەمسام و سەرەکەی لەولاوە کەوت. گوێم لێ بوو کەللەکەی بە دەم خوێنەوە وتی: «مامە چاکت کرد؟» نیوە لەشی مامەکەشی لەولاوە وتی: «ڕۆڵە وا باشە»

***

هیچ نەما، قەڵاچۆیان بڕایەوە. نۆ تەرم لە خوێنی خۆیانا ئەگەوزین. سەیرم کرد گوڵئەندام چووە پێشەوە لێیان، دەسەسڕەکەی دەرهێنا و چاوەکانی سڕی، یەکە یەکە، چاوێکی پێیانا گێڕا و هیچ ورتەی نەکرد. من چیم بە دڵا هات؟ وتم تازە ئەمە ڕووی دا ببێ و نەبێ ئەم کچە بۆ من ئەبێ.

ڕووم تێ کرد و وتم: گوڵئەندام ئەوی چاوت پێ کەوت تازە قەوما و ڕووی دا. ئێستە لەگەڵ من وەرە با بڕۆین، دەرکەوت کە خوا منی بە تۆ داوە تۆ بە من.

هەر کە ئەمەم لە دەم هاتە دەرەوە ئەوەندەم گوێ لێ بوو وتی ئاگات لە خۆت بێ، تا من کەوتمە خۆم سەیر ئەکەم بە گازی پشتا دراوم بە زەویدا و کچێک لەسەر سنگم چۆکی داکوتاوە. وتی: ها، چۆنی؟ وتم بەسمە. ئیتر هەستا و وتی:

برا! من لەم شێرانەم کە لێرە کەوتوون. خۆ دیت کە چۆن بوون؟ وا ئەبینی باوک و حەوت برا و دەزگیرانێکی وەکوو سەمسامم لەوێ کەوتوون. تۆیش لات وایە هەنگوینت لەناو شاخا و کچێکت لە لاکۆڵانا دیوەتەوە. با پێت بڵێم ئێمە، چ ژنمان، چ پیاومان تا ئێستا کەس پشتی نەداوین بە عەرزا. من تا ئێستا خۆمم بۆ سەمسام دانابوو، بەڵام باوکم بۆ پارە ئەم کەتنەی گێڕا. ئیتر لە ئێستە بە دواوە خۆمم بۆ گڵ دانا.

شیرەکەی باوکی- ئەو شیرە کە سەمسامی پێ کوژرا- هەڵیگرت، تا وتم کچێ چی ئەکەی؟ لەسەر لەشەکەی سەمساما هێنای بە ملی خۆیا و بەسەر لەشەکەدا لار بووەوە و بۆ هەتا هەتایی باوەشیان کرد بە یەکا. ئیتر من هەر ئەوەم بۆ مایەوە لەناو ئەو دەریای خوێنەدا سواری ماینەکەی خۆم بووم و بەبێ ئەوە دەست بە هیچەوە بدەم بە شوێنەکەی خۆما گەڕامەوە.

ئێستەش هەرچەندە بیری ئەو دیمەنە ئەکەمەوە کسپە لە جەرگمەوە دێت و خوڕ خوڕ ئاو بە چاوما دێتە خوارەوە.

ڕۆڵە! ئەگەر مامەکەی بیانووی ئەو شیربایییە زۆرەی لەو جوانەمەرگە نەگرتایە بۆچی ئەو کارەساتە بەسامە ڕووی ئەدا؟