ڕۆنەزەنگی حەمەسەن
گیاڕەشی بەهارە، ماڵمان لە ئاواییی «قەدەفەرمکان»ە، سەرەتاتکێمانە دەروویەکمان لێ ببێتەوە، تۆزێ ئاهی سکمان لەو هەموو خێر و بێری بەهارە، لەو هەموو ماست و دۆ و بەرەکەتە - کە خوا بەو ماڵانەی داوە- بشکێ. سەرەتای کاسپیشە. خۆم سەپانییەکەی ماڵی ئاغام گرت بە دەستەوە، پەڵە گەنمەکەی خوار «بنەڕانەکە» بدروومەوە. «خانزاد»ی خێزانم و چەتیوەکەش بەیانی و ئێوارە بچنە «ڕانەبێرە»، مەڕەکانی ماڵی ئاغا بدۆشن، خێرا لە هیی ئێواران کاسە ماستی سەرتوێدار بۆ بەرچاییی «وەنەوشە خان» و دەستوپێوەندی حەرەمسەرا بنێنەوە. «سالار»ی خزمەتکاریشت هەر بە دوای گاڕانەکەدا هەڵکوت هەڵکوتێتی!. خوا نەیبڕێ نان و دۆیەکی نەمر و نەژیمان لەم حاڵەوە پێکەوە ناوە.
خۆم وا ئەو گەنمە دەسەوسانی کردووم، ساڵیش زووە، گەنم هێشتا قەرسیلە. هەر وا لەم خەم و خەیاڵەدا بووم «حەمەڕەش»ی پوورزام کردی بە ژوورا، سیپاڵە شڕێک لە گوڵۆنکی تەنوورەکەدا بوو، بۆم ڕاخست و دانیشت و خێراتنم کرد. «خازە» بەیانی هەندێ دۆی هێنابووەوە، بۆم هێنا، زۆر نەبوو بە یەک بین خواردییەوە، عەمەر درێژ بێ سالار نانەکەی چاک ئەچنییەوە، گیانێکمان بەو بوو. زستان «حەمەڕەش» دۆینەی بۆ هێنابووین، تۆزێکی لێ مابووەوە بۆم کردە ئاو و لەگەڵ نانا بۆم دانا، خازە و کچەکەش لەناو ڕان نەهاتبوونەوە.
ئاگام لێ بوو حەمەڕەش چاوی بڕیبووە ناو چاوم ئەیەویست قسەیەک بکا و پڕکێشیشی نەئەکرد. خۆ منیش هیچ قسەیەکم بە دەستەوە نییە، قسەی چیی بۆ بکەم؟ قسەی دەغڵ و دان و بەرەجووتەکەی بۆ بکەم؟ قسەی ڕۆن و خوری و ئاژاڵەکەی بۆ بکەم، قسەی ڕایەخ و ناوماڵی بۆ بکەم، قسەی چیی بۆ بکەم؟ ئەوەندەم زانی خۆی نەگرت، هاتە قسە و وتی: ئەرێ حەمەسەن! من سەیر ئەکەم تۆ، بە خۆت و ماڵ و مناڵتەوە شەو و ڕۆژ شان و قۆڵ ئەکوتن، کەچی نانتان بە دۆ نابێ. ئەمە چییە، تێم ناگەیەنی؟
وتم برا! چیت تێبگەیەنم؟ ئەوەتە لە بەر چاوت ساڵ دوانزە مانگەی خوا بەملاوبەولادا هەڵپە ئەکەین لە ئاخری ساڵا دەستمان لە قنگی هەمانەی بەتاڵەوە دەرئەچێ.
جارێ سەپانییەکەی خۆم- ئەگەر چنگم کەوێ- کەڵکێکمان ئەگرێت، بەڵام بڕوام پێ بکە دوو بەشی بە هەقی بێگار و بارەدار و چەوریەسانا ئەڕوا، بەشێکی ئەمێنێتەوە ئەویش سۆفی کەریم دێت لە باتیی هەقی شەکر و چای چوار ساڵ لەمەوپێشتر وەری ئەگرێت و هێشتا هەر بنەبڕیش نابێت. بێجام کرد لە وەختی خۆیا بایی شەش مەجیدی کفن و شەکر و چام لا هێنا بۆ پرسەی جوانەمەرگەکە، ئێستەش وا هەر نەبڕاوەتەوە، هەموو ساڵێک شتێکی ئەمێنێتەوە بە سەلەم ئەیشکێنێتەوە بەسەرما تا دواییی ساڵ ئەبێتەوە وەکوو خۆی.
ئینجا قەدرێ ڕاما و لەپاشا وتی: حەمەسەن! ئیمساڵ ساڵی چاکە، ئەڵێن کوێستانی لاجان گیاسالمەیەکی چاکی هێناوە، وەرە تا گەنمەکەی ماڵی ئاغا پێ ئەگا بچین بۆ گیاسالم بەڵکوو شتێکت چنگ کەوێ کونێکی پێ بگریت.
وتم: برا! من قەت سالمەم نەکردووە، هیچی لێ نازانم. وتی: قەیدی نییە من باشی لێ ئەزانم. لەم قسانەدا بووین خازەش هاتەوە. کە لە قسەکانی حەمەڕەش گەیشت ڕووی تێ کرد و وتی: وە قوروانە بەڵکوو لەگەڵ خۆتی بەری، سا چاکە ئیمساڵ بە هۆی تۆوە بەڵکوو چوار پوولێکمان دەست کەوێ.
بە خوا ناوی خوامان لێ هێنا و بە خازەم وت جارجار سەرێکی گەنمەکەش بدە، ئیشەڵا لەپێش قەفکردنیا پیا ڕائەگەمەوە.
بە ڕێ کەوتین بۆ ماڵی حەمەڕەش. لەوێ توێشوو، بێڵاسن، گاڕام، تەشوێ و نوێنمان هەڵگرت و چووین. بە چوار ڕۆژ گەیشتینە دەشتی لاجان، سەیر ئەکەین وا مێرگ و مێرغوازێکە دڵێ هەزار دڵ حەیرانیەتی.
گیا، سوار تیا ون ئەبێ. شنەشنی با، پیرە گیای خستووەتە کەروێشکە، گوڵی ڕەنگاوڕەنگیش لە بەینی گیاکانا لەگەڵ یەک چاوشارکێ ئەکەن.
شانمان دایە بەر ئیش، حەرام بێ خۆ من هیچم لێ نەئەزانی. حەمەڕەش خۆی بنک بنک ئەیبینییەوە و دەری ئەهێنا، ڕۆژی یەکەم و دووهەم وا، ڕۆژی سێهەم دەمە و عەسر کۆمان ئەکردەوە و ئەمانشۆردەوە و ئەمانخستە بەر هەتاو. بەم جۆرە چل ڕۆژ ئیشمان کرد، ئیتر منیش چەپێکم لە حەمەڕەشی پوورزام نەگەڕابووەوە. دیارە پیاو کە زۆرداری بەسەرەوە نەبوو دڵی بە ئیش خۆشە و لە بەری ئەخوا.
سالمە هەموو وشک بووەوە و کردمان بە دوو کۆڵی هەجیجی و پێوە نیشتین بەرەو ماڵ. هاتینە ئاواییی شیناوێمکان، خواوڕاسان بڕێ سالمکڕی مەراغەیی لەوێ بوون. حەمەڕەش وتی پارەیەکی چاکمان ئەدەنێ با هەر لێرە بیفرۆشین. ئێ باشە. دەی بە ئەوەندە، نەء، بە ئەوەندە، دامان بە شەست مەجیدی و پارەمان لێ نایە تەنکەی باخەڵمان و پێمان لێ کرد بە پشتا ڕووەو هەولێرمکان. منیش هەر دڵم بە لای گەنمەکەوەیە. لەوێ تۆزێ شڕ و شاتاڵمان کڕی و بە ڕێ کەوتین.
لەوێوە چووینە ماڵی حەمەڕەش، شەوێک لەوێ بووم و بەیانی بۆ ئەوە تۆزێ لە کەساسیم کەم کاتەوە چل مەجیدیی لە پارەکەی پێ دام و بە ڕێی کردم- خزمی چاک چاکە-، هاتمەوە بۆ لای مناڵەکانم، خازە و پیزە بە پیرمەوە هاتن، سالاری داماو لای گالەکە بوو ئێوارێ ئەویش نانەکەی چنییەوە و هاتەوە، هەموو بە خۆشی پێکەوە دانیشتین. ئەو شڕوبڕەی بۆم هێنابوون سەر و لۆی بەرگیان لێ کرد. هەواڵی گەنمەکەم پرسی خازە وتی هێشتا نەهاتووەتە دروونەوە. بۆیەش ئەوەندە بە پەرۆش بووم بۆی ئەگەر فریای نەکەوتمایە ئەو چوار قەمەرییە کە بەو کوێرەوەرییە پەیدام کردبوو لە جەریمەدا لێیان ئەسەندم. ئاوی زۆردار سەرە و ژوور ئەڕوا.
خازە وتی پیاوەکە ئێستە هاوینە، هەر چۆن بێ بە نانی شوانی و دۆی ڕانەبێرەی ماڵی ئاغا ڕائەبوێرین، چوار ڕۆژی تر زستانە لەبەر بێ شتی بە هیلاک ئەچین. لەم پارەیە هەندێ ڕۆنی لێ بکڕین بۆ زستانمان، ئەو وەختە سەر ئەکەین بە یەکا و ئەیخۆین بەڵکوو خوا دەروویەکی ترمان لێ بکاتەوە. قسەکەی بە تەواوی چووە دڵمەوە - ژنی ژیر چەن چاکە -، ئەوە سەیر بوو ڕووم لە هەرکە ئەنا بۆ ڕۆن کڕین گاڵتەی پێ ئەکردم چونکە قەت پارەی پێوە نەدیبووم.
خولە چەرچی هەبوو لە دێکەمانا، چوومە لای، بە قات و نیو دوو باتمان ڕۆنی زەنگم لێ کڕی بە هیزەکەوە. دەرگای هیزەکە بە حاڵ ئەهاتەوە یەک، پێوە نیشتم و هێنامەوە. خازە خێرا هەستا ئەوەندەی تر دەرگاکەی توند کردەوە و بردیە پشتیرەکە- پشتیری چی؟ ژوورەکەی خۆمان بوو، بە تۆپەڵە قوڕ تیغەیەکمان نابوو ناومان نابوو پشتیر- هەندێ «قول وەڵڵا و بیسمیللا»ی بەسەرا خوێند و ناوی زستانی لێ هێنا. چوار مەتالیکێک لە پارەکە مابووەوە، هەر لەسەر قسەی خازە سێ بزنمان پێ کڕی، لەولاشەوە گەنمی سەپانییەکەم دەستی هێنابوو بە خۆیا، لە هەموو ئاواییی قەدەفەرا بە پەنجە هیشارەتی بۆ ئەکرا. ئیتر ها بە تەواوی هومێدێکم پەیدا کرد و وتم یا ڕەبی شوکر، خازە! خوا لای مەرحەمەتی لێ کردووینەوە، ئەوە ڕۆنی زستانمان خستۆتە ژوورەوە، دوو سێ بزنیشمان هەیە، گەنمەکەش چاکی هێناوە. ئیتر سەغڵەتی نابینین. بڕوا بکە خۆم و منداڵەکانم ڕەنگ و بۆیەکی ترمان هەڵهێنابووەوە.
چەند ڕۆژێک بۆی حەسامەوە ئەمجا گەنمەکە هاتە دروونەوە، بەخوا شانم لێ توند کرد، زۆری بێ نەچوو لەوپەڕیەوە دەرچووم. ماڵی ئاغا خۆیان شەش گای بێئیشیان هەبوو، شەشی تریشیان بە سوخرە لە ئاوایی بۆ هێنام بە یەک دوو ڕۆژ گێرەم کرد. مایەوە سەر شەن. با، لە ئاسمان بڕا، سێ ڕۆژ بە لایەوە دەسەوسان دانیشتم، خوای تۆ کردی شەماڵێک هەڵیکرد، پەلاماری پیرە گەنمم دا، هێزم دایە خۆم، شەنم کرد و خەرمان سوور بوو. «کەو»م بۆ هێنا و چاوەڕێی سەرکارم کرد، خەرمان هەڵگرێ، منیش بەشە سەپانیی خۆم بەرمەوە، سۆفی کەریمی پێ لە کۆڵ کەمەوە.
ئەوەندەم زانی «س. ئاغا» خۆی هات بۆ سەر خەرمان و گاڵی دا هەموو گەنمەکەیان بار کرد بۆ عەمار و ڕووی تێ کردم و وتی: ڕۆڵە حەمەسەن! ئیمساڵ گەنمەکانی ترمان نەیانهێناوە، خۆیشت ئەزانی میوان و هاتوچۆکەری دیواخان زۆرە، با گەنمەکە بەرن بۆ عەمار، تۆ خۆت هەر جارە وەرە لە دیواخان نان بخۆ. وتم قوربان گەنمم بۆ نان ناوێ، بۆ قەرزی سۆفی کەریمە. ئەگینا لە سایەی سەری تۆوە نانی گاوانییەکەی سالار بەشمان ئەکا. وتی ها، «سۆفی کەریم» پیاوی کوێیە؟ ڕوو بکا بەم دێیەدا ئەوی فەزیعەت بێ پێی ئەکەم.
وەڵڵا بۆ خۆی ئەو گەنمی خۆی هەموو لێ بارکرد و منیش بە هەناسەساردی گەڕامەوە کاولبووەکە، هەمووم بۆ خازە گێڕایەوە، خازەی بەسەزمان هەر چووە تاسەوە.
بۆ بەیانی سۆفی کەریم بیستبووی گەنمی «س... ئاغا» هەڵگیراوە، ئەوەندەم زانی لە بەر دەرگا پەیدا بوو، بە فیزێکەوە بانگی کرد: ئەرێ حەمەسەن! نازانم تۆ تا کەی ئەم هاتوچۆیە بە من ئەکەی؟ ئیتر بەس نییە؟ تکات لێ ئەکەم ئیمساڵ با دەستمان لە یەقەی یەک ببێتەوە، بیستوومە بەشە گەنمی ئیمساڵت زۆر چاک بووە.
منیش بە پیریەوە چووم و سڵاوم لێ کرد و وتم: بەخوا سۆفی! ئەوی ڕاستی بێ هیچم نییە، پارەکە بشکێنەوە بۆ ساڵێکی کە. ماڵی ئاغا ئیمساڵ گەنمیان کەم بوو، بەشەکەی منیش کرایە عەمارەوە، بڕواش ناکەی بچۆ بۆ دیواخان. سەیرم کرد سۆفی کەریم ڕەنگی سوور هەڵگەڕا و وتی:
حەمەسەن! ئەم سەگیەتی و قوماربازییە چییە؟ چاوت دەرئەکەم هەر ئێستە لێت ئەستێنم و ڕۆیی بۆ دیواخان. وتم باشە ئێستا ئاغا ڕازیی ئەکا.
من لەم وتووێرەیەدا بووم ئەوەندەم زانی «سمە»ی گزیر پەیدا بوو، وتی هەستە ئاغە بانگت ئەکا: یا ڕەبی چی بێ؟ وەکوو کێچ ڕاپەڕیم و بەرەو دیواخان بوومەوە. کە ئاغا چاوی پێم کەوت وتی: ئەرێ حەمەسەنی سەگباب! پارەی ئەم موسوڵمانە بۆ نادەیتەوە، هەموو ساڵێ ئەم عەزیەتەی بەر ئەخەیت؟ وتم قوربان! من هەر ساڵی هەوەڵ پێم داوەتەوە، وا هەر ساڵە بە گەڕ شتێکی ئەهێڵێتەوە و ئەیشکێنێتەوە بە سەرما، کە ساڵ بە سەر چوو ئەبێتەوە وەکو خۆی. ئیمساڵ هیچم نییە، هەموو مایەی دەستم گەنمی سەپانییەکە بوو، ئەویش ماڵی ئاغا نانیان کەم بوو وتم با لە دیواخانا بخورێت. سۆفیش پارەکەی با بشکێنێتەوە، ساڵێکی کە سەری حاسڵات هەمووی ئەدەمەوە.
ئەوەندەم زانی «س... ئاغا» هەردوو چاوی پەڕییە تەوقەسەری و وتی: سەگباب! منەت و شاباشم بەسەرا ئەکەیت، ئێوە کەی شتتان بووە، سەگی وەکوو تۆ چییە گەنم بکاتە عەماری منەوە، جا وەرە پیاوەتی لەگەڵ ئەم سەگبابانەدا بکە. بە خۆی و ماڵ مناڵەوە بیانخەرە ئیشەوە. کە ئیشێکیشت پێیان ئەکەوێ دوا جاری دەس ئەکەن بەم گووخواردنە. تۆ ئیمساڵ بە قەدەر جوویەکت پارە پەیدا کردووە، لەو پارەیە قەرزی خەڵکی بۆ نادەیتەوە؟ ئا بچۆ، سمە، بزنەکانی بێنە و بیدە بە سۆفی با لەباتیی هەقی خۆی هەڵیانگرێ، سەگبابە ڕانم بۆ پێکەوە ئەنێ ڕان. سمەم سمە بوو، خێرا ڕاپەڕی، چوو سێ بزنە گەڕەکەی دایە پێش خۆی و هێنانی لەوێ قەبڵانیان بە شەش مەجیدی، هێشتا لە پارەکە سێ مەجیدیی تری مایەوە، ئەویش بۆ ساڵێکی کە. هەرچەند داد و فەریادم کرد خۆ هیچی کەڵکی نەبوو، سێ چوار شەقی سمە گزیریشم خوارد و گەڕامەوە بۆ ماڵەوە.
ئێوارێ داهات، سالار نانەکەی چنییەوە و هاتەوە، سەر و پاروومان قوزڵقورت کرد، خازە لەبەر قوڵپی گریان پارووەکەی بۆ نەئەچووە خوارەوە، دایە پرمەی گریان. ئەوی ڕاستی بێ ئێمەش هیچمان خۆمانمان پێ ڕاگیر نەکرا، تێکڕا دەستمان کرد بە گریان، بەڵام سوودی چی بوو. بەو گریانەوە سەرمان کردە سەر سەرینی مەینەت. بەیانی سەیرم کرد سۆفی کەریم دوو بزن لە بزنەکانی داوەتە پێش خۆی و چووەوە بۆ شار، زانیم بزنێکیانی بۆ دیواخانی ئاغا بە جێ هێشتووە.
ساڵ درەنگە، هیچ کاروکاسپییەک نەماوە بیگرم بە دەستەوە، دەستەوئەژنۆ دانیشتم، بەڵام هەر جارە ئەموت چاکە، شوکر ڕۆنەکەمان هەیە، ئەم زستانە مناڵەکانی پێ بەڕێوە ئەبەم، ئاژاڵیش وشکی کرد، خازە هەر هاتوچۆ و گەوڕدەردانەکەی بۆ ئەمایەوە. هاتمە سەر ئەو باوەڕە وتم بەم زستانە بچم بۆ کوێ، هیچ دەروویەک شک نابەم، سەرمان کز کرد و دانیشتین.
بەیانییەک ئەوەندەم زانی خازە قیژانی و بە هەردوو چەپۆک بەربووە سەروپۆتەڵاکی خۆی. کچێ چییە؟ حەمەسەن! باوانوێران! ڕۆنەکەیان دزیوە. تف لە دەمما وشک بوو. ڕاپەڕیم، کە چووم سەیر ئەکەم شەوێ دیوارەکەیان کەندۆتەوە و هیزە ڕۆنەکەیان بردووە.
وەکوو شێت کەوتمە ئاوایی، حەمەڕەشی پوورزامم تووش بوو. کوڕە ئەوە بۆ عەوداڵی؟ بە قوربانت بم چیم لێ ئەکەی؟ لە پارەی گیاسالمەکە دوو باتمان ڕۆنم بۆ زستانی مناڵەکان کڕیبوو، وا ئیمشەو دزیویانە. کوڕە هیزە نەکەی! من ئێستا تووشی مچەسوور بووم هیزەی ڕۆنی پێ بوو، ڕووەو گردی تەپەشین چوو، ببێ و نەبێ هینەکەی تۆ بووە.
ڕاست خۆیەتی.. بام دایەوە بۆ ماڵی «س... ئاغا».
- لە دەوری سەرت گەڕێم، لە دەمی خۆم و مناڵەکانم گێڕابووەوە، دوو باتمان ڕۆنم بۆ ئەم زستانە کڕیبوو، وا ئێستا لێیان دزیوم، کەسیش دزی من نییە مچە نەبێت.
ها، ئەوەم لە بیر نەبوو، هەر ئەو وەختە ڕام کرد بۆ تەپەشین، سەیرم کرد لە دوورەوە وا مچە لەوێ تێ پەڕیوە و ڕووەو ئاواییی بانیشار ئەڕوات.
بە خوا ئاغا پیا هات: سەگباب. هیزە ڕۆن دائەنێی و ماڵی خەڵکی ئەخۆی؟ کە پیاو ئیشێکیشتان پێ بکا قیامەت هەڵئەسێنن، کە تێشتان گیرا پەلاماری ماڵ ئاغا ئەدەن. بڕۆ گوم بە لە بەرچاوم، مچە پیاوی دزی نییە.
دەستم لەوێش گیر نەبوو، حەمەڕەشی پوورزامم هەڵگرت و چووین بۆ نوختەکەی بانیشار. جاندرمەیەک لە نوختەکە بوو، چوومە بەردەمی و وتم، قوربان هیزەیە ڕۆنم بووە، مچە دزیویەتی و ئێستا لەم ئاوایییەیە، هاتووم شکات ئەکەم. بە خوا ئەویش ڕاپەڕی، ها، لە کوێیە، لەکوێ نییە؟ کەوتە تەکم، خواوڕاسان لە بەر کانیی ژنانا بە هیزە ڕۆنەوە تووشی مچە بووین.
- ها کوڕە مچە ئەوە چییە پێت؟
- هیچ نییە، ڕۆنی خۆمە!
- وا ئەڵێ ڕۆنی خۆمە.
- قوربان ڕۆنی خۆمەی چی؟ خولە چەرچی شایەتمە کە ئەو هیزە ڕۆنە هیی منە.
ڕاپێچیان داین بۆ نوختەکە و ئینجا هێنای ئیفادەی لێ وەرگرتم کە ئەو هیزە ڕۆنە دوو باتمان ڕۆنی تێدایە هیی منە و ئەم پیاوە دزیویەتی. ئیفادەشیان لەو وەرگرت کە ڕۆنی خۆیەتی، بە بیانووی ئەوەوە کە نەختێکی تر خۆم و ئیفادە و هیزە ڕۆن و مچە ئەبات بۆ لای «ص.. بەگ»-
مەعمووری گەورە- کردمیە ژوورێکەوە و دەرگای لەسەر داخستم. وتم ئەمە چییە؟ من ماڵم دزراوە حەپسم لە چی؟
زۆری پێ نەچوو دەرگایان کردەوە و پەلیان بەستم، مچەشڕۆنەکەیان پێ هەڵگرت و بردینیان بۆ ماڵی «ص... بەگ». لەوێش دیسان جاندرمەکە خستمیە تەویلەکەوە و خۆی چوو بۆ لای «ص... بەگ». ئیتر نازانم مچە چیی لێ هات. دەستیشم تونگ شەتەک دراوە، وەختە چاوم دەرێت بۆ سەبیلێک. لەم هاتوچووەشا حەمەڕەشی پوورزامم هەر لەگەڵە، باش بوو ئەویان حەپس نەکردبوو. ئەوەندەم زانی لە کونی تەویلەکەوە سەرێکی کێشا و وتی: حەمەسەن! هەر چۆن بووە خۆت ڕزگار کە لە چنگیان، ئەم ڕۆنەت نەوێ، ئاخری لەوانەیە تووشی حەپسێکی زلتر ببیت.
کە گوێم لێ بوو هیچم لە بیر نەما و وتم: حەمەڕەش مردم بۆ سەبیلێک، چیم لێ ئەکەی؟ هەر لەوێوە سەبیلەکەی خۆی پڕکرد و دای گیران و بە هەر جۆر بوو منیش دەمم بۆ برد و نای بە دەممەوە. دەستم بەسراوە، سەبیلەکەش تۆزێ قورس بوو، بە لێوم ڕاگیر نەئەکرا، «کەمە»کەیم لە دیوارەکە توند کرد و یەک دوو مژم لێ دا. لەو کاتەدا دەرگاکە کرایەوە، جاندرمەکە کردی بە ژوورا. ها، سەگباب، تۆ لە حەپسای سەبیل ئەکێشی، کێ بۆی هێنای؟ بە شەپەزیللە هاتە وێزەم. وتم یا ڕەبی شوکر، ئێستە من چیم کردووە وا تووشی ئەم سزایە هاتم؟ کە لە لێدان بووەوە دامیە پێش بۆ لای «ص.. بەگ». چووین لە بەردەمی بەگا ڕاوەستاین، مچەش لەولاوە زیتەی چاوی دێت و بزە ئەیگرێ.
خوا هەقە، بەگ بە تەواوی خۆی ئامادە کردبوو بۆ پرسیارکردن، هیچ نەکۆکی و بەملاوبەولادا بەڵغەمی فڕێ نەدا. جوان جگەرەیەکی عەلمۆدەی بە لالێوەوە بوو، کڵاوەکەی سەری بە لای ڕاستا ئەیڕوانی، لەسەر عەسکەمیلێک لەسەر لا تەرافەی چەپ دانیشتبوو، ئەنیشکی دابووە سەر داری عەسکەمیلەکە، پەنجەی بە دەور چەناگەیا گێڕابوو، مێزێکیش لە بەردەمیا بوو، هیزە ڕۆنەکەش لەولاوە دانراوە.
چاوی تێ بڕیم و وتی: ها، کوڕە کابرا چییە؟ وتم قوربان هیزەیە ڕۆنیان لێ دزیوم، ئێستە بە سەرم کردووەتەوە، لەباتی چنگکەوتنەوەی ئەم سزایە ئەکێشم.
بەگ ڕەنگی شین و مۆر هەڵگەڕا و وتی: سەگباب «ئنتراز: إعتراضعربی» ئەگری لە ئیشی حوکمەت، ئەی ئێمە بۆ لێرە دانیشتووین، تاقیق لە ئیشی چوار سەگبابی وەکوو تۆدا نەکەین بە چوار ڕۆژ ئەو عالەمە ئەڕووتێننەوە و هەموو ماڵیان ئەکەن بە ماڵی خۆتان.
وتم قوربان ماڵی خەڵک خواردنی چی؟ من وا هیزە ڕۆنە لەوێ دانراوە، خولە چەرچی شایەتمە کە دوو باتمان ڕۆنی تێدایە و هیی منە. ئینجا ڕووی کردە مچە.
ها، مچە تۆ ئەڵێی چی؟
قوربان بڵێم چی؟ هیزە هیزەی خۆمە، ئێستە ئەم کابرایە ئەڵێ دوو باتمان ڕۆنی تێدایە، ئەمر بکە ئەم هیزەیە بکەنەوە و بیکێشن، ئەگەر دوو باتمانی تێدا بوو وا هیزەی ئەوە و چیم لێ ئەکەی لێم بکە، خۆ ئەگەر تێشیا نەبوو ئەو وەختە خۆت ئەزانی چیی لێ ئەکەیت. هەموو ئەو هیزەی منە مەسینەیەک ڕۆنی تێدا نییە، ئێستە چۆن ئەم داوای ئەوە ئەکا کە دوو باتمانی تێدایە؟ بیکەنەوە و خۆت بە چاوی خۆت قوربان سەیری کە.
-ئەی خۆ منیش کوێر نیم وا هیزە دانراوە لە بەرچاوم تون بووە، جاری هەوەڵ خازە چۆن بەستوویەتی گرێکەیم چاو لێیە-.
بەگ وتی تەماشا کە قسەی ماقووڵ چۆن خێرا ئەچێتە دڵەوە. منیش لە خوام ئەوێ بۆ شتێکی وا. تێی خوڕیم بچم دەرکی هیزەکە بکەمەوە. دەستم بەسراوە، ناتوانم، وەڵڵا جاندرمەکە کاری ڕاز بێ شەتەکەکەی دەستی کردمەوە و چوومە سەر هیزە ڕۆن، هەر لە دوورەوە وەختە بوو بۆی شێت ببم، پەلامارم دایە ڕاستی کەمەوە بۆ ئەوە کە ئەیکەمەوە نەڕژێ. سەیرم کرد زۆر سووک هات بە دەستمەوە، بە چاویش وا دیار نەبوو، وتم یا ڕەبی ئەمە چی بێ؟
کە کردمەوە وەکوو دەربەن باسەڕە، با، لە دەرگاکەیەوە گێژی خوارد و هات بە ڕووما، خۆم لادا ئەگینا کەتنێکی پێ ئەکردم. سەیرم کرد هیزە ڕۆن پڕ چنگێکی مایەوە بە دەستمەوە. خێرا لەولاوە مچە هەڵیدایە... ها، قوربان ڕاست و درۆییمان دەرکەوت. بەگیش کە ئەمەی دی ئاگری تێ بەربوو وتی ئا دەی تێی هەڵدەن، ئەم سەگبابە، قەت شتی وا بووە تۆ بە ئاشکرا ماڵی خەڵک بکەیتە هیی خۆت؟ خۆ هەرچی فەریادم کرد هیچ پارەی نەکرد، پەلیان بەستمەوە و دیسان لە تەویلەکەیان توند کردمەوە.
کەوتمە ناو دەریایەکی لێکدانەوەوە، خوا، ئەمە چی بوو تووش بووم؟ زۆر ئەڵهای سەبیلێکیش ئەکەم، حەمەڕەشیشم بەرچاو ناکەوێ.
ئەڵێم ئەو شەوە خەوم لێ کەوت، ئیتر نە نانێ، نە ئاوێ. هیچ. بەیانی چێشتەنگاوێکی درەنگ دەرگای تەویلەکە کرایەوە، جاندرمەکە پەیدا بووەوە و وتی هەستە سەگباب! هەستە! منیش ڕاپەڕیم، چووینەوە بۆ بەردەمی «ص.. بەگ». تەماشام کرد کوێخا فڵامەرز و حەمەڕەشی پوورزام لەوێن. کوێخا فڵامەرز ڕووی تێ کردم و چاکوچۆنیی لەگەڵ کردم، پێی وتم ڕۆڵە وا تکام لە «ص.. بەگ» کردووە لێت خۆش بێ، تۆیش دۆعای خێری بۆ بکە. ئینجا «ص.. بەگ» وتی: بڕۆ سەگباب، بڕۆ! جارێکی کە گەڕ بە کەسا نەپێچێنی، لەبەر کوێخا فڵامەرز نەبوایە دوو ساڵ لە بەندیخانە ئەبوا بتلایتایەوە.
جەندرمەکە دەستی کردمەوە و لەگەڵ حەمەڕەشا هاتینە دەرەوە. جەندرمەکە شوێنمان کەوت و بانگی کرد: حەمەسەن! بۆ من خزمەتکاری تۆ بووم ئەم هاتوچووەم کرد؟ بە لاڵان و پاڕانەوەی حەمەڕەش دوو مەجیدیم پێ بوو، دایە و لە کۆڵ بووەوە.
وەختە بوو کوێر ببم بۆ سەبیلێک، خێرا سەبیلێکم تێ کرد و شایەتمانێکی بە هەقم هێنا و چووین بۆ ماڵی کوێخا فڵامەرز، زۆرم برسی بوو. کوێخا ژن پیاوانە نان و قەرەوانەیە نیسکێنەی بۆ داناین، تێرمان خوارد. لەو وەختەدا کوێخاش هاتەوە و دانیشت و وتی: تا بە شەش مەجیدی «ص..بەگ»م ڕازی کرد قیر سپی بوو. تومەز ئەمە حەمەڕەشی پوورزام پەنای بۆ ئەبا و تەنها شەش مەجیدیی پێ ئەبێ ئەیداتێ. ئیتر ماڵاواییمان لێ کرد و بەدەر کەوتین بەرەو ماڵ.
ئینجا حەمەڕەش لە ڕێگەدا تێی گەیاندم وتی: بارام بۆی گێڕامەوە کە ئەمە ماڵی «ص.. بەگ» ڕۆنیان نەمابوو، بیستبوویان کە تۆ ڕۆنێکی زەنگی چاکت هەبوو، مچەیان ناردووە دزیویەتی و بردوویە بۆ نوختەکە. لەوێ جاندرمەکە هەندێکی لێ ڕۆ کردووە بۆ ماڵی خۆیان و هیزەکەیان فوو داوە، منیش لە پشت قاپییەکەوە گوێم لە دەنگێک بوو ئەیوت ڕۆنێکی زەنگە، بەڵام چی ئەزانم کە ئەم فێڵەیان لە ژێر سەرایە.
پاش ئەوە ئەچن بۆ ماڵی «ص.. بەگ» ئەویش دوو بەشی لێ ڕۆکردووە و دیسان هیزەکەیان فوو داوەتەوە، باقیی تری ئەوە بوو کە خۆت بە چاوی خۆت بینیت، ئەویش بۆ مچە، هەقی عەزیەتەکەی.
وتم دە خوایە هەڵینەگری ئەم دەور و دوکانە.