سەرەتا

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  727 مشاهده

چەند جارێکی وا ڕێ کەوت لەگەڵ هەندێ دۆست و برادەرا کۆڕێکی خۆشەویستی کۆی ئەکردینەوە و لە هەموو جۆرە قسەیەکی ئەدەبی ئەبوو بە شەوچەرەی کۆڕەکەمان.

لە ڕیزی ئەو قسانەدا ڕوویان لێ ئەنام کە: لەم ڕۆژەدا چیرۆک و چیرۆکنووسین دەرزێکی زۆر بە کەڵکە بۆ گەل و بۆ بیرڕوونکردنەوەی گەل لە هەموو وڵاتێکا کۆششێکی تەواو ئەخرێتە سەر باری چیرۆکنووسین. جا بۆچ ئەبێ تۆ، لەم ڕووەوە خۆتت مات کردبێ و هیچ دەنگێکت لێوە نەیەت؟

ئەو ڕوولێنانەم بەرانبەر بە خۆم بە زیاد ئەزانی چونکە من خۆمم لە خوار ئەو باوەڕەی ئەوانەوە ئەبینی. لەگەڵ ئەوەش چارم نەئەما سوپاسی هەستەکەیانم ئەکرد.

لە ئەنجاما هەر لەسەر داواکردنی ئەوان و گەلێکی تریش کە لە کۆڕەکەدا نەئەبوون و لە کاتی تایبەتیدا دائەنیشتین، خستمیانە سەر ئەوە ئەو چیرۆکانەم- کە وەختی خۆی لە گۆڤاری گەلاوێژاعلامدا نووسیومن- کۆیان بکەمەوە و بە بەرگێکی تایبەتی لە چاپیان بدەم.

لێرەدا ئیتر قسەکەیانم پێ نەشکێنرا. لەبەر ئەوە هێنام ئەو نووسینانەم کە لە گۆڤاری ناوبراوا بە ناوی چیرۆکەوە بڵاو کراونەتەوە کۆم کردنەوە و کردنم بەم بەرگە و پێشکەشم کرد بە خوێندەوارانی خۆشەویستی کورد، ئومێد ئەکەم لە ڕووی نەوازشەوە لێم وەربگرن.

ئەمە و دیسان لە باوەڕی منا پیاو خۆی سەری خۆی نەخورێنێ کەس نایخورێنێ. ئێمەی کوردی پەرێشان لەم ڕۆژەدا کە هەرکە دەست بۆ دەمی خۆی ئەبا سەیر ئەکەم بەپێچەوانەی ئەوە دەست بۆ دەمی خەڵک ئەبەین، ڕابردووی مێژوومان ئاگاداری نەکردووینەتەوە کە ئیتر بەس بێ و واز لەو ڕێگەیە بێنین.

بەڵێ، من ئەڵێم ئیمڕۆ ئێمە «کاس»ین، بەڵام کاسی تا کەی؟ تا کەی هەموو عالەم هاواری قەومییەتی خۆی ئەکا و کەچی ئێمە هەر خەریکی شەنکردنی خەرمانی غەیرین.

کورد ئەبێ دەست بە قەومییەتی خۆیەوە بگرێ. بە تایبەتی خوێندەوارەکان، نەخوێندەوارەکان تێ بگەیەنن کە تا ئێمە ئەمە حاڵمان بێت و بێگانە بین لە مێژوو و ئەدەب و ڕاز و نیازی قەومی خۆمان، هەروا وەکوو ئەم چەرخانەی ڕابوردوو بە وێنەی ئاردی ناو دڕکان ئەمێنینەوە.

جا بۆ ئەوە لەمە زیاتر سەرلێشێواو نەبین، با دەست بە داوێنی قەومییەتی خۆمانەوە بگرین و ببین بە کوردێکی ڕاستەقینە: دووبەرەکی فڕێ دەین، سوودی یەک بخەینە بەرچاو، بۆ قازانجی تاکە نەفسی خۆمان سوودی گشتی نەدۆڕێنین، کوردایەتیمان لەپێش هەموو شتێکەوە بێت، گەورەی خاوەن پایەمان پایەکەی هەڵینەخەڵەتێنێ، ناوی چاک لە پایەی بەرز گەلێ چاترە، پیاو کۆزەری هەرزنی خۆی بخوا گەلێ لە گەنمە قەندەهاریی خەرمانی غەیری خۆی خۆشترە. قەومی ئێمە بێکەسە، خۆمان نەبین بە کەسی، کەس نابێ بە کەسی.