کاڵای باڵای شا

از کتاب:
هەمیشە بەهار
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 13 دقیقه  768 مشاهده

نامەخوا وڵات ئەوەندە لە ئاسایش و خۆشیدا بوو، لەوانە بوو گورگ و مەڕ لە هەموو سەرکانیاوێکیا پێکەوە ئاویان ئەخواردەوە؛ دەردەدڵ نەبوو، کەساسی نەبوو، نە کەس کەسی ئەکوشت وە نە کەس دەرزیی ئەکرد بە لووتی کەسا. تەنانەت بێجگە لەمەش هیچ کەس پێویستی بەوە نەبوو نان وەیا جلوبەرگێکی هەبێ، چونکە سروودی پادشا هەم نان بوو هەم بەرگ. هەم تێریان پێ ئەخوارد، هەم لە بەریان ئەکرد. هەر لەبەر ئەم بێ ئاتاجییە بوو بۆیە وڵاتەکە بووبوو بە بەهەشت، لە بەهەشتیشا کۆششکردن بۆ نان و بەرگ پێویست ناکا، هەمووی خۆی لە خۆیەوە ئامادە ئەبێ. جا با پیاوە ئایینییەکان بڵێن بەهەشت لە دنیادا نییە. ئەی ئەوە چییە هەیە هەی فێڵبازینە؟

پادشا زۆر بە نەوازش بوو لەگەڵ خەڵکا، هەموو دەم لە بیری ئەوەدا بوو کە دانیشتووانی وڵات وەکوو دانیشتووی دیواخانان لە خۆشی و ئاهەنگدا بن. ئەم هەموو خۆشی و شادییەش لەبەر ئەوە بوو کە پادشا هۆگری جلوبەرگی ئاڵوواڵا بوو؛ لە هەر وڵاتێک ناوبانگی پارچەیەکی تازە بابەت دەربچووایە پاشا چەپەری ئەنارد و پارچەیان بە عەنعەناتی تاجگوزاری ئەهێنا و ئەکرا بە بەرگێکی تازە و پادشا لەناو دەریایەکی شادمانیدا بە کۆبوونەوەیەکی ڕەسمی لەبەری ئەکرد و کۆمەڵ کۆمەڵ دانیشتووانی وڵات ئەچوون بۆ پیرۆزباییی پۆشینی بەرگی تازەی شا.

ئەم هەموو کۆبوونەوە و ئاهەنگانە- کە هەر ڕۆژە یەکێکی بەر ئەکەوت- بووبوونە هۆی ئەوە کە قەڵەمڕەو هەموو ڕۆژێ لە شادی و زەماوەندا بێ و دانیشتووان بە درێژاییی ساڵ لە هەڵپەڕکێ و سەماکردنی بەزمی پۆشینی بەرگی تازەی شادا بن.

***

ڕۆژێ لە ڕۆژان قوو کەوتە عەشرەت کە وەستایەک و شاگرد وەستایەک لە وڵاتی فەڕەنگستانەوە هاتوون پارچەی بە نەخش و نیگاری وا دروست ئەکەن مەگەر هەر پەرییانی ئاسۆی ئاسمان لە سەردەمی بەهارانا بیانگەنێ، لە کاتێکا کە ئەستێرە زێڕینە دروست ئەکەن، ئەگینا هیچ وەستایەکی تری سەر زەوی توانای دروستکردنی شتی وای نییە.

بێجگە لەمەش ئەو پارچەیەی کە ئەمانە دروستی ئەکەن وەکوو دەستێکی نهێنی ڕایەڵەکەی بتەنی وایە، چونکە ئەوی زۆڵ بێ نایبینێ. ئەمەیان بەتایبەتی گەورەتر شتێکە کە ناوبانگی ئەم وەستایانەی پێ بچێتە کەشکەشانی فەلەک. بەڵام ئەوەندە هەیە ئەرکی خەرج و باجی دروستکردنی پارچەیەکی وەها لە وزەی هەموو کەسێکا نییە. ئەوی شا و شازادە نەبێ ناتوانێ خۆی لە بەر مەساریفی دروستکردنەکەیا ڕابگرێ. پادشا کە باسی هاتنی ئەم وەستا بەڵاجەویانەی بیست ئەوەندەی تر کەوتە ناو دنیای خۆشی و گەشکەدارییەوە؛ یەکەم لەبەر ئەوە کە بە هۆی پۆشینی بەرگێکی ترەوە وڵات ئەکەوێتە ناو زەماوەندێکی تازەترەوە، دووەم کە ئەو بە هۆی ئەو تازە بەرگەیەوە بۆی دەرئەکەوێ کە، لە پیاوماقووڵ و کاربەدەستانی وڵاتەکەی کێیان زادەی ڕاستەقینەی باوکی خۆیانن و کێیان بیژی و زۆڵن، چونکە ئەوانەی نەیبینن بێگومان زۆڵن، ئەو وەختە ئەوانە لەسەر کار دەرئەکا و ئەسڵزادە و نەجیمزادە ئەخاتە سەر ئیش و ئەمجا کاروباری وڵات، ئیتر گەلێ گەلێ ڕوو بە چاکیتر ئەڕوا لەم ڕۆژەی کە ئێستە هەیەتی.

دەمودەست ناردی وەستای فەڕەنگییان بە خۆی و بە شاگردیەوە هێنایە بارەگا و نەوازشێکی زۆری لەگەڵ کردن، پێی وتن ئایا ڕاستە کە ئێوە پارچەی وا ناوازە دروست ئەکەن؟ وەستاش وتی هەرچێکیان باس کردووە لە خزمەتتا لە لایەن ئەم پارچەیەوە هێشتا هەر کەمە، من گەلێ لەوە بەرزتر و چاکتریشی دروست ئەکەم بەڵام هەر ئەوەندەیە ئەرکەکەی زۆر گرانە، نەوەک هەموو کەس بەڵکوو هەموو پادشایەکیش ناتوانێ بچێتە ژێر باری ئەو ئەرکەیەوە.

پادشا وتی: وەستا، ئەم قسانە بەرانبەر بە من ناکرێ، من بۆ ئەوە لە پاشەڕۆژا وڵاتەکەم ئەوەندەی تر بکەم بە بەهەشتەوە و پیاوی ئیش لێنەهاتووی لێ دەرکەم، ئەگەر هەچ گەنج و زێڕێکی خۆم و وڵاتم هەیە لەم ڕێگەیەدا بیدۆڕێنم هێشتا هەر کەمە، تۆ سەر لەوە مەکەوە، لە تۆ ئیشکردن و لە من پارە خەرجکردن.

وەستا کڕنووشی برد و وتی پادشام! ئەبێ بەرگێکی وات بۆ دروست کەم نەوەک هەر زۆڵ نەیبینێ بەڵکوو دۆست و دوژمنیشی پێ لێک بکەیتەوە؛ ئەبێ وای دروست بکەم ئەوانەی کە دوژمنی تۆن و خۆیان خستووەتە پێستی دۆستایەتیتەوە، ئەوانەش هەر نەیبینن. پادشا ئەوەندەی تر گەشکە گرتی.

***

ئەمجا وەستا وتی پادشاهم، شوێنی کارخانەیەکی گەورەم ئەوێ، ئەبێ لەو دەشتە ڕاستەی لای ڕاستی شارەکەوە بە ماوەی چارەک سەعاتێ ڕێگە شوورەیەکی لێ بکرێ و لە ناوەوە کۆشکێکی بەرز و بڵندی لێ دروست بکرێ بۆ شوێنی دانیشتنی خۆم، کە هەموو جۆرە هۆی حەسانەوەیەکی تێدا هەبێ، لە تەنیشتیەوە کۆشکی کارخانەکە دروست بکرێ. ئەم پارچەیە لەو وەختەوە کە دەست ئەکەم بە دروستکردنی تا تەواو ئەبێ شەشسەد و شەست و شەش ڕۆژ و شەش سەعات ئەخایەنێ. لەم ماوەیەدا هەموو دەم نان و خوانمان بۆ ئامادە بکرێ، کەس هاتوچۆی ناو کارخانەکە نەکا، مەگەر ئەو کەسانە نەبن کە جارجار خۆت ئەیاننێری بۆ سەردانی ئیشەکە. ئەبێ پەیتا پەیتا جەواهیرات و زومڕوت بنێری بۆ ئەوە بیانتوێنمەوە و بیانکەم بە تانوپۆی پارچەکە. کە تەواویش بوو دیارە خەڵاتەکەم خەڵاتی پادشاهی ئەبێ.

پادشا وتی لەم ڕووەوە هەچ پێویستییەک هەبێ هەمووی بۆت جێبەجێ ئەکرێ. ئەم خزمەتەی تۆ خزمەت نییە بە تەنها بە من بەڵکوو لە پێناوی ئەم فرمانەی تۆدا هەموو وڵات ئەحەسێتەوە.

ئەمجا پادشا وەکوو وەستای فەڕەنگی وتبووی، لە ماوەیەکی زۆر کەما شوورە و کۆشک و شوێنی کارخانەی دروست کرد و وەستا بە خۆی و بە شاگردیەوە چوونە ناو کۆشک و پاڵیان لێ دایەوە. لەناو کارخانەکەدا چوارچێوەیەکی وەکوو چوارداری تەونی دانا، هەرکاتە یەکێک بهاتایە بۆ کۆشکەکە، ئەو لەگەڵ شاگردەکەیا ئەچوونە ناو کارخانەکە و لە بەر چوارچێوەکەدا پێچاڵێکیشی دروست کردبوو، ئەچووە ناو پێچاڵەکە و شان و قۆڵی ئەکوتا و ئەیگرمان بەسەر شاگردەکەیا، هەتیو ئەو مرخەکە زومڕوتەم بۆ بێنە، ئەو قانگڵە یاقووتەم بەرێ، هەتیو کەڵکیتەکە بێنە. پاش ئەوە ئەچوونەوە لە کۆشکەکەدا بۆ خۆیان لێی دائەنیشتن، بە نووستن لە سای سەهەنا و بە خواردنی گۆشت و ڕۆنی شڵپەی بارەگای پادشاهی ڕایان ئەبوارد. هەر بەینە نە بەینێکیش ئەو جەواهیرات و زێڕ و زیوە کە پادشا ئەینارد بۆ تانوپۆی بەرگی تازەی، وەستای فەڕەنگی ئەیدا بە شاگردەکەی ئەیبردەوە بۆ وڵات و ئەگەڕایەوە.

***

بەم جۆرە ماوەیەکی زۆری ڕابوارد. ڕۆژێ پادشا وەزیرێکی دانا و ژیری هەبوو، ناردی بۆ ئەوە بچێت چاوی بەم بەرگە تازەیە بکەوێ و بزانێ وەستای فەڕەنگی گەیشتووەتە کوێ، زۆری ماوە لێ بێتەوە یا کەم؟ وەزیر ڕووبەڕووی کۆشکی کارخانە بەڕێ کەوت و خەبەر درا بە وەستا، کە باش وەزیری پادشا دێت بۆ سەیری ئیشوکار و دروستکردنی پارچەی نایابی تازەی شا.

وەستا خۆی کوتایەوە پێچاڵەکە و دەستی کردەوە بە شان و قۆڵ کوتان و گرمەگرم لەگەڵ شاگردەکەیا. وەزیر چووە ژوورەوە سەیری کرد وەستا بە دەست و بە قاچ و بە دەم لە بەر چوارچێوەیەکا خەریکە. بەڵام بێجگە لە چوارچێوەکە هیچی تر نابینێ. زۆر سەری سڕ ما. زیاد لەمەش خێرا وەستا هەستا و هات بە لایەوە و پەنجەی بۆ عاستی چوارچێوەکە ڕائەکێشێ و قسەی بۆ ئەکا. ئەڵێ:

چاوت لێیە ئەو گوڵەی وەکوو وێنەی هەرمێ لە زومڕوتە دروستم کردووە، ئەو گوڵەکەی تری لە وێنەی دار ئەرخەوانێکە کە دارەکە خۆی لە زێڕە و گوڵەکانی لە یاقووت و پیرۆزەیە، ئەو باڵندانەش کە بەسەر گوڵەکانەوە نیشتوونەتەوە هەر یەکە لە گەوهەرێکن.

قسە بۆ باش وەزیر هەڵئەڕێژێ وەکوو بەڕوو لە دەمیا هەڵتۆقیبێ. باش وەزیریش هیچ نابینێ، هەر ئەوە بە دڵیا دێت: ئەڵێ وادیارە من بیژیم بۆیە نایبینم. ئەگەر ئێستە بڵێم هیچ نابینم لە لایەکەوە لەناو خەڵکا بە زۆڵ دەرئەچم لە لایەکی تریشەوە پادشا بە دوژمنی خۆیم ئەزانێ.

باش وەزیر لەبەر ئەوە کە ئەم کەتنەی بەسەر نەیە سەر بۆ وەستای فەرەنگی ئەلەقێنێ و ئەڵێ: بەڵێ ڕاست ئەکەی گوڵەکان زۆر جوانن، بەتایبەتی ئەو باڵندانە کە دروستت کردوون و پیرۆزەت خستووەتە کاسەی چاوەکانیانەوە، ئاوی چاوی پیاو ئەستێنن. وەستاش ئەڵێ ئەمە هێشتا تەواو نەبووە، با تەواو ببێ ئەو وەختە سەیری بکەن. ئێستە ئەوی تۆ دیوتە هیچ نییە، پاش تەواوبوون شتێ ناوازەتر ئەبینی.

باش وەزیری هەناسەسارد لەناو دەریایەکی پەژارەییدا- چونکە پارچەی نەدیوە و بە زۆڵ دەرچووە- گەڕایەوە بۆ لای پادشا و گەلێ باسی جوانیی بەرگی تازەی بۆ کرد، کە چۆن وەستای فەڕەنگی هونەری خۆی تیا بە کار هێناوە. مەگەر هەر وەستایەکی وا بتوانێ ئەو گوڵە جوانانە بەو ڕێکوپێکییە لە پارچەیەکی وا تەنکی لە قورساییی جاڵجاڵۆکە تەنکتر و سووکتر دروست بکا. پادشا ئەوەندەی تر گەشکە گرتی و ئاسۆی دەریای شادمانیی زیاتر فراوان بووەوە.

پاش ماوەی چەند مانگێکی تر پادشا وەزیرێکی تری نارد بۆ چاوپێکەوتنی بەرگی تازە و بزانێ وەستای فەڕەنگی تیایا گەیشتۆتە کوێ؟ ئەمیش کە چوو وەنەبێ لە کاکەی بە بارسووکتر گەڕابێتەوە. چ سەمەرەیەک لە باش وەزیر ڕووی دا چەشنی سەمەرە لەمیش ڕووی دا.

***

ساڵ و مانگ و ڕۆژ تەنگیان بە دواییهاتنی دروستکردنی کاڵای تازەی شا هەڵچنی. هەر شتێک سەرەتای هەبوو دواییشی هەیە.

ئاواتی هەرکەس ئەوەیە لەو پلەیە کە تیایەتی پلەیەکی تر سەرکەوێ تا ئەبێ بە پادشا. ئاواتی هەرە بەرزی ئەم پادشایەی ئێمەش ئەوە بوو کە بەرگی نوێی بۆ تەواو ببێ و لە بەری کا و دۆست و دوژمنی خۆی پێ لێک بکاتەوە. هەموو دەمێ خەوی بەو کاتەوە ئەبینی کەوا، کەوا و سەرکەوای بۆ تەواو بووە و لە بەری کردووە و دانیشتووان و کاربەدەستانی وڵات بە بەردەمیا تێ ئەپەڕن، بە هۆی بەرگی نوێی تازەوە- کە وەکوو جامی جیهاننما وایە- پاک و پیسیان لێک جیا ئەکاتەوە و ناحەزەکانی لە لایەکەوە ڕائەگیرێن و دۆستەکانیشی ئەکەونە لایەکی ترەوە و دەستووریان ئەداتێ کە بە جوانی و دڵپاکی چاوێریی کاروباری دانیشتووانی قەڵەمڕەوەکەی بکەن.

لە پاش شەشسەد و شەست و شەش ڕۆژە و شەش سەعاتە وەستای فەڕەنگی ناردییە لای پادشا کە پارچەی بەرگی نوێی شا دواییی هات و لەناو کۆبوونەوەیەکی گەورەدا، شا بەرگی تازە لە بەر کا. پادشا لەم خەبەرە موژدەیەکی بەهەشتیی وەرگرت. دەشتێکی زۆر گەورەی تەرخان کرد و ڕۆژی کۆبوونەوەی دیاری کرد لەو دەشتەدا.

لە ڕۆژی دانراوا، لەپاش ئەوە کە پادشا بە دروشکەی شاهی چوو لەژێر خێوەتی پادشاهیدا ئارامی گرت، هەموو پیاوماقووڵ و کاربەدەستانی وڵات لە دەوری کۆ بوونەوە. وەستای فەڕەنگی بە نقەنق نیشت بە کۆڵێکەوە و شاگردەکەشی پاشەڵی بۆ گرتووە و لەناو دەریایەکی چەپڵەڕێزانا لە بەردەمی پادشادا کۆڵی دا بە زەوییا، سەیرتر ئەوەیە کە ناو کۆڵیش لە با زیاتر هیچی تێدا نییە. ئەمجا دەمی هەڵهێنایەوە وتی:

خەڵکینە! ئەم کاڵای تازەی شایە ئەوی زۆڵ و ئەوی دوژمنی پادشا بێ نایبینێ، ئەمە بەردی مەحەکە بۆ ئەوە کە هەرکە خۆی بناسێ و پادشاش بیناسێ.

پاشان وتی: شاهم فەرموو ئەبێ خۆم بیکەمە بەرت و خۆم ڕێکی خەم. پادشا لە شوێنی خۆی هەستا و وەستاش کۆڵی کردەوە و دەستی بەرز کردەوە و پارچەی نەبووی بێ بناغەی پیشانی عالەمەکە ئەدا و وتی سەیر کەن لە جوانی، لە نازکی، لە گوڵ و دیمەنی، لە نەخش و نیگاری.

هەر کە ئەم دەستی بەرز ئەکردەوە بۆ نیشاندانی پارچە، لە هەموو لایەکەوە ئەبوو بە چەپڵەڕێزان و بە «بەخوا پارچەی چاکە». لەگەڵ ئەوەشا کابرا هیچی بە دەستەوە نییە و هەر لە خۆیەوە دەستی ڕائەوەشێنێ و دەمی ئەدا بە یەکا. ئەو عالەمەش کە سەیر ئەکەن هیچ نابینن؛ بەڵام هەر کەسە لە عاستی خۆی لە دڵا ئەڵێ: ئەبێ من زۆڵ بم بۆیە نایبینم. لە ترسی ئەوە کە بە زۆڵ دەرنەچێ لە چەپڵە ئەدا و «بەخوا پارچەی جوانە» دەنگی نێری بەرز ئەکاتەوە. باش وەزیر لە هەموو کەس زیاتر لە چەپڵە ئەدا و دەنگ بەرز ئەکاتەوە. یەکەم لە ترسی ئەوە نەوەک بە زۆڵ بناسرێ، دووەم نەوەک بچێتە ڕیزی دوژمنانی پادشاوە.

ئینجا کابرا، پادشای ڕووت و قووت کردەوە و کەوتە شەفتە و چیرەگرتنەوەی و بەرگی لەبەر کرد. بە دەست و بە دەم باسی جوانیی گوڵەکانی ئەکرد و باسی ڕێکوپێکیی داوێن و قۆڵ و سنگی ئەکرد و ئەیوت: شاهم چاکییەکی تری ئەم بەرگە ئەوەیە لەگەڵ ئەوەش کە لە گەوهەر دروست کراوە، ئەوەندە سووکە، ئەوەندە سووکە لە تاڵی جاڵجاڵۆکە سووکترە، پیاو هەست بەوە ناکا کە شتی لە بەرایە. پادشاش سەیر ئەکا هیچ نییە و هیچ دیارنییە، بەڵام لە ترسی ئەوە کە نەوەک بە زۆڵ دەرچێ و خەڵک بڵێن ئێمە پادشای زۆڵمان ناوێ، لە هەموو کەس زیاتر دڵی چووە بە جوانیی پارچەی نەبوودا و لە هەموو کەس زیاتر ئەڵێ: بەخوا بەرگێکی نایابە.

پاش ئەوە کە شا، لەناو ئەم چەپڵەڕێزانەدا کاڵای تازەی لەبەر کرد، وەستا وتی ئەبێ چەند کەسێک لە دواوە پاشەڵی ئەم بەرگە نایابە هەڵبگرن، با نەخشێ بەسەر زەویدا. هەر لەو شوێنەدا خەڵاتێکی شاهانەی وەستای فەڕەنگیش کرا.

ئەمجا شا بە بەرگی تازەوە لەناو گالێسکەدا گەڕایەوە بۆ بارەگای شاهی و چەند خوڵامێکیش لە دواوە داوێنەکەیان بۆ هەڵگرتووە.

لە خەڵکی تر وایە ئەم خوڵامانە، شتیان بە دەستەوەیە و ئەوان نایبینن، کەچی لە ڕاستیدا ئەوانیش هیچیان بە دەستەوە نییە بەڵام لە ترسی ئەوە کە خوڵامی تایبەتی پادشان و بە زۆڵ و بە دوژمن دەرنەچن، زایەڵەی دەنگی «پیرۆز بێ بەرگی نوێی شا»ی ئەوان، عالەمەکەی ئەوەندەی تر هێناوەتە خرۆش.

بەم جۆرە، شا بەرگی تازەی لە بەر کرد و ناو و ئاوازەی «بەخوا بەرگی تازەی شا جوانە» لە هەموو دیواخانێکی قەڵەمڕەوی شادا دەنگ ئەداتەوە. هەتا لەپاش ماوەیەکی باش بەسەر ئەم کارەساتەدا، ڕۆژێ لە ڕۆژان دوو کەسی وەکوو من و تۆ کە زۆر دۆستی یەک بوون و هیچ پەردەیەک لە بەینیانا نەمابووەوە، پێکەوە دائەنیشن و قسە لەم بەرگە تازەی پادشاوە ئەکەن. یەکێکیان بەوی کەیان ئەڵێ:

بە خوا برام، بە زۆڵم دەرئەکەی وەیا بە دوژمنی پادشا وەیا بە هەر شتێکی تر، من هیچم نەدی و هیچیشم بەرچاو نەکەوت. ئەوی تریشیان ئەڵێ: سا بە خوا برا منیش هەروەها. بەرە بەرە لەمانەوە ئیتر خەڵکی تر وێرایان بکەونە سەر ئەوە کە بڵێن هیچیان نەدیوە. تا لە دواییدا هەموو کەس تێگەیشت ئەمە شتێکی درۆ بووە و ئەم وەستای فەڕەنگییە هەڵیبەستووە و هیچ کەس هیچی نەدیوە.

کەواتە پیرۆز بێ کاڵای باڵای شا. وا دیارە هەموو چەرخێک ئەم فیلمە تازە ئەبێتەوە.