هاوار لە دەس مالییە

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 3 دقیقه  764 مشاهده
لە حاڵم گەر ئەپرسی، ڕۆژ و شەو، مەبهووت و حەیرانم
لە بەحری واریدات و مەسرەفا، غەرق و پەرێشانم
بە ڕۆژ دائیم خەریکی جەدوەل و جەمعی حیساباتم
بەشەو خەو خۆ نییە، خولیا زەدەی ئیشی سبەینانم
بە مەسرەف هەر ڕەزامەندم، وەزیفەی خۆمە پێم خۆشە
حیسابی واریداتیش تازە وا هاتووەتە سەر شانم
لە تەحویلاتی خارج عاجزم، داخل بەهەر سووڕەت
بە میم، حێ، بیست و دوو ڕازیم، لە دەس جەمعی پەرێشانم
لە تەوحیدی حیساباتی قەزاکان هێندە بێزارم
ئەگاتە عەرشی ئەعلا بۆچرووکی جەرگی بریانم
لە ئازاری نیهائی و مولحەقی هەرگیز مەپرسە لێم
خودا دوور بن، لە ئازاری هەموو خوێش و عەزیزانم
گەهێ مەشغولی دوکوم، گەهـ خەریکی جەدوەلی سولفەم
دەمێ داماوی سەهووی جەمع و تەنزیلاتی نیسانم
لە ئاخر مەرحەلەی تەنزیمی ئەوراق و جەداولدا
چل و پێنچ فەرق ئەکا، ئیجمالی شەهری، چی بێ؟ نایزانم
دەکەومە بەحری بێ پایانی ئەرقام و تەقەللاوە
وەرە ئەمجا تەماشای حەلوەلای مێشکی بەسەزمانم
تومەز عەکسی ڕەقەم شانزەی بە شەست و یەک نیشان داوە
کەوا گێژی ترازاوی دەسێکی سەهو و نسیانم
ئەگەر باوەڕ ئەفەرمووی شەو لە خەودا تاکوو سبحەینێ
لە ئێستاوە خەریکی ناردنی ئەوراقی نیسانم
بە ڕۆژی جومعە خەڵکی وان لە بەزم و عوشرەتا دائیم
کەچی من هەر خەریکی دوکوم و جەمعی یەکونانم
بە شەو چاو هەڵبڕم، ئیجمالی شەهری دێتە بەر چاوم
کە چاویش دانەوێنم، کۆمەڵێ ئەرقامە میوانم
هەمیشە بلبلی تەبعم، ئەنیسی غونچە بوو ئەوسا
کەچی ئێستاکە جەدوەل بووەتە گوڵزار و گوڵستانم
بە سەد «اذن القبضعربی» کۆم کردەوە نەقدی خەزێنەی ژین
بە ئیزنولدەفعێ، سەرفم کرد هەموو نەقدی دڵ و جانم
لە غەیری مادەدا نەقدی حەیاتم، سەبتی دەفتەر بوو
بە تەعدیلێ مەگەر دەستی قەدەر ڕێکی بخا ژیانم
لە عومرم سەهووی سەرفیات ئەگەر تەنزیل بکا ئێزەد
بە سولفەی دابنێ و ئیرادی بۆ بێنێ لە حیرمانم
لە قەیدی نائومێدی شەتب ئەگەر بکرێم و تێپەڕ بم
بەقایای بەد نەمێنێ بۆ بەقییەی موودەتی مانم
بەجارێ ئەبمەوە ئەو بلبلەی ئەیووت لە گوڵشەندا
چەمێ هێلانەمە بۆ تائیفەی گوڵ من غەزەلخوانم
ئەگەر بێ ساڵی مالییەی حەیاتم تێپەڕێ ئەوسا
نییە ئیمکانی ئیسڵاحاتی سەهووی قەیدی عیرفانم
بە تەعدیلیش جەوازی نادرێ، تەسحیحی ڕابوردوو
بە ناچاری لە عەینی دەفتەرا مەجبورییە مانم