نەورۆز
از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
1 دقیقه
926 مشاهده
ئاگری نەورۆز بە شاپڵیتە و پەڕۆ ناکرێتەوە
زوو ببێتە خۆڵەمێش و تینی دابمرێتەوە
ئاگری نەورۆز، بە گیان و دڵ ئەبێ وا خۆش کرێ
گەر بەخوڕ دیجلە و فوڕاتی بێتە سەر نەکوژێتەوە
هاتوو گەر شێتانە مەنعی جەژنی نەورۆزت کرا
لازمە گیانت بە مەردی بیخەیە ژێر پێتەوە
دەست و پێ، ئێسکی شکاو، چیلکە و چەوێڵی چاوگە بێ
لاشە هەروەک داری «زەنگەقڵیشە» کۆبکرێتەوە
خوێنی لاوان نەوت و بەنزین بێت و بڕژێتە سەری
گڵپەیەکی وا بسێنێ شەوقی دانەمرێتەوە
پیاو بزیڕێنێ وەکوو شێری ژیان هەڵمەت بەرێ
ژن بە دەوری ئاگرا بگری و بلاوێنێتەوە
خۆش ئەبێ ئەوسا بڵێسەی ئاگری نەورۆزەکەت
ئەو حەلە سەیری گوڵی کە، چۆن دەمی ئەکرێتەوە
دەس ئەکاتە پێکەنین بۆ بلبلی باخی وەتەن
هەربەیەک سروەی بەیان ئەشنێتەوە و ئەخنێتەوە
چەند بەخۆشی بولبولی خۆشخوان ئەخوێنێ بۆ گوڵان
چۆن چریکەی سەر چڵی، عەرشی عەزیم ئەگرێتەوە
بەو زوبانی حاڵە خۆشە ئەم نزایەت بۆ ئەکا
ڕەبی ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێ بەخۆشی بێتەوە