ژیانی ئادەمیزاد

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 1 دقیقه  926 مشاهده
لەناو شەپۆلی خەما، سەرنگوون و بێ ئارام
بە کێوی سەختی ژیانا، بەپێ و چنگەڕنێ
خەریکی هەڵمەتی سەرکەوتنە بگاتە مەرام
لەپڕ نشێوی کڵۆڵیی، بواری لێ ئەتەنێ
بە داوی جەور و خەفەت، تاروپۆی لە ئێش و لە زام
***
زەبوون و ڕێ هەڵە بووی دەشتی چۆڵ و هۆڵی بەڵا
شکستە باڵ و شپرزەی پەلاری دەستی قەدەر
نە دەستگیرێ لەلاوە دەسی بداتە پەلی
نە هاودەمێ خەفەتی خۆی لەلا بدا بە هەوا
بەلایەکا ئەیەوێ تێپەڕێ، نییە ڕەهبەر
***
لەبەر دەمیشیەوە تاریکە سێبەرێکی وەها
هەتاکوو چاو بڕ ئەکا، توند و تاڵ و بیم ئاوەر
ئەدا بەلایەوە، ئەخنێتەوە بە ئیستیهزا
هەوڵ ئەدا کە بچێ بیگرێ، بەڵام سێبەر
چلۆن ئەگیرێ، بەهێزی شەلێکی بێ سەر و پا
***
ئەمانە ئەم کەژ و ئەم سێبەر و شەپۆلە، یەکی
نموونەیە لە هیوایە و لە ڕێگەیایە بەبار
کە چاوی پێ ئەکەوێ، بۆی ئەچێ بە ئیستیعجال
بەڵام هیلاکییە، یەعنی ژیانی نەوعێ بەشەر
بە تەنگەوە نییە، ڕاهاتووە لەگەڵ ئیهمال
هەتاکوو ئەو دەمە، ئەینێنە قەبری تیرە و تار