دڵ
از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
1 دقیقه
1252 مشاهده
جەولانگەهی نیگارە، شەوی ماهتابە دڵ
ئۆخەی شوکر لە مەرحەمەتت کامیابە دڵ
لەو ساوە خاڵی دیوە لەسەر سەفحەی ڕوخت
دایم خەریکی دەرس و موتاڵای کیتابە دڵ
تەختی شەهی، موحیبەتی تۆیە لە سینەما
جێیەکی زۆر موقەددەس و عالی جەنابە دڵ
یاڕەبی هەوری میحنەتی لێ دوور بخەیتەوە
جێگەی تڵووعی مەرحەمەتی ئافتابە دڵ
وریابە بێ دڵیی، دڵی ساحێب دڵان نەکەی
ئاهی ئەگاتە عەرش، دوعای موستەجابە دڵ
عاجز مەبە، مەڕەنجە خەتایێ ئەگەر بکا
جێی ڕەحمە، موستەحەقی وەفا و سەوابە دڵ
بەس بەردی پیا بماڵە نەوەک پارە پارە بێ
وەک شووشەیەکی نازکی، بڕ ئینقیلابە دڵ
وەک دیدەیی نەخۆشێ، نەخۆشە لە خۆشییا
وەک پەرچەمی موشەوەشی پڕ پێچ و تابە دڵ
هەرچەن نەسیحەتی ئەکەم و پێی ئەڵێم بەسە
باکی نییە، موسیبەتە، پیاوی خەرابە دڵ
چی بکەم، قەباحەتی منی مەزڵووم ئەبێ چ بێ؟
بێ عار و هیچ لەگوێ نەگر و بێ حیجابە دڵ