شیوەنی شێخ برایمی برای

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 2 دقیقه  913 مشاهده
بە شیوەن بۆ پژا، بۆچی زبانی لاڵ و گیراوم؟
بە فرمێسکی جەفا هەڵهاتووە برژانگەکەی چاوم؟
ئەبێ بۆ هەر بەشی من ناڵە و گریان و ماتەم بێ؟
لەبەرچی دائیما هەر مەستی غەم، سەرخۆشی زووخاوم؟
برالە کۆچی ناکامیت و جێگای بێ سەر و شوێنت
بەجارێ تانەیی لێڵایی، وا هێنایە سەرچاوم
نەمامی عەیشەکەم نێژرا، خەفەت گۆپکە و چرۆی دەرکرد
ڕەگ و تەرزی کەدەر ئاڵایە گیانی هەڵکڕوزاوم
خەفەت دەستی لەمل کردووم، دەمی غەم وا لەناو دەمما
موبەدەل بوو بە تاڵی، عەیش و نۆش و شایی و ڕاوم
بە دەم «با» و گێژەڵووکەی نەگبەتی و ئاسیبی دنیاوە
بە بنجی دەردەوە، وەک پووشی با بردوویە ئاڵاوم
بڵێسەی ئاگری مەرگت بە نەوعێ دڵمی هەڵقرچان
گەیشتە عەرشی ئەعلا بۆ چرووکی جەرگی سووتاوم
مەگەر هەر دەستەوئەژنۆ دانیشم بۆ حاڵی خۆم بگریم
مەگەر هەر قوڕ بەسەر خۆما بکەم بۆ حاڵی شێواوم
ئەڵێی سەرچاوەکەی دڵ بۆتە بەحری خوێنی ئاڵ و سوور
لە خوێناوی گەشی فرمێسکما بەم ڕەنگە گەوزاوم
مەزانە بێکەس و تەنیا لە دوای تۆ من بەجێ ماوم
سەری خۆی دائەنێ قەومی خەفەت، دایم لە پێناوم
لەسەر لێوم ئەبێ ئەم ئاخ و داخ و ئۆفە تا مردن
لەسەر چاوم ئەبێ فرمێسکی خوێناویی هەتا ماوم
تەوژمی ئاهـ و لافاوی سروشک ئەمبا بەڕێگاوە
چڵ و چێوم بە بنجی داری بەدبەختییەوە گیرساوم
ببوورن ئەی ڕەفیقان زامەکەی وێرانە دڵ حەقییە
بەخوڕ ئەیدا بە دیدە جۆگەلەی فرمێسکی خوێناوم
لە ساڵی مەرگی تۆی پرسی یەکێ پێم وت: بە مووی برژانگ
ئەنووسم «شێخ برایم ڕۆحساب ابجد: بە پیتی ئەبجەد دەکاتە ساڵی کۆچی دوایی شێخ برایمی برای ١٩٥٠» بە خوێناوی گەشی چاوم