لە کوردستاندا گرانی
لە تورکییەوە
از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
2 دقیقه
976 مشاهده
سەیری ئەم مەنزەرەی جەننەتە، ئەم گوڵزارە
چۆن بوو ئەوسا و کەچی ئێستەکە چەند غەمبارە
ئەوە باغاتی هەتا مەددی نەزەر، سووتاوە
ئەوە شارانی هەتا چاو بڕ ئەکا، ڕووخاوە
کەوتووە لاشەی خوێناوی سەد بێچارە
خانە وێران و پەرێشان وەتەن و ئاوارە
تێکەڵی خوێنە هەزاران سەری ساحێب غیرەت
نەعشی سەد شێری وەتەنپەروەری، موڵک و میللەت
عائیلەی ئەو شوهەدایانە کە تۆ ئەیزانی
ماڵی خۆیان بووەتە قەبر و مەزارستانی
برسی و دەربەدەر، ئەولادی سەفیلی کوردان
خەوی لێکەوتووە لەم مەزبەلە و لەو کۆڵان
کەوتووە زومرەی ئینسان، وەکوو لاشەی حەیوان
ئەمە بوو مەرحەمەت و توحفەیی قەومی تورکان
ئەی لە بۆ خاکی وەتەن، مونسی خاک، ئەی شوهەدا
وا مەزانە کە مەساعیت هەموو ڕۆیی بە هەبا
لای تۆ مەفهوومی وەتەن یەک بوو، دیاری ئیسلام
چ حیجاز و چ عیراق و چ فەلەستین و چ شام
یادی خوسرانی هەمووتان دڵی کردم بوریان
ئەمەوێ مەقسەدی تۆ تێبگەیەنم بە جیهان
ڕشتنی خوێنی جگەر، دولبەری مەجلووبت بوو
بۆ نەجاتی وەتەن و میللەتی مەحبووبت بوو
وا بەئیمانەوە ڕووت کردە کەژی غیرەت و چۆڵ
بوو بە گوڵزاری مەزارت، هەموو خاکی ئەنادۆڵ
خەبەری کوشتنی تۆ عالەمی وا کرد حەیران
ئەو دەمە بۆتە دەمی تەعزییەی کوردوستان
وا مەزانە کە فەرامۆش ئەکرێ، عالەمی تۆ
تاکوو باقی بێ هەموو کورد ئەگرێ ماتەمی تۆ
بۆ چ مەقسوودێ بوو، ئەو عەزمە زەمان ئەیهێنێ
ئینتیقامی ئەزەلی، ڕۆحی زوڵم دەردێنێ
بۆ سەر ئەو کەسە تێکۆشێ، لە بۆ ئیستیقبال
بەخش ئەکا تاجی زەفەر، دەستی شەهی ئیستیقلال