تەفەکور
لە تورکییەوە شیعری ڕەجایی زادە ئەکرەم بەگ
از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
2 دقیقه
1072 مشاهده
تەفەکورم کە ئەوێ مەحڕەمی مەلالی منە
ئەوە کە دیمەوە فکری لە حاڵی میحنەتما
حەریمی ڕۆژ و شەوی تاری بێ زەوالی منە
ئەوا لە دووم ئەگەڕێ شەو لە وەختی زیللەتما
نەدیمی ڕۆحی ئەنیسم تەفەکوراتی منە
دەمی تەفەکوری من، خۆشی دەمی حەیاتی منە
دەمێ کە شامی غەریبانە ڕووپەڕەی ئافاق
ئەسیری زوڵمەت و مەنزوری چەشمی ڕیققەت ئەکا
دەمێ کە بادی سەبا، غونچەی گوڵ و ئەوراق
بەئاهی حوزنەوە مەئلووفی دەردی حەسرەت ئەکا
فەلەک کە نەجمی درەخشانی پرتەو ئەفشانە
تەفەکوراتم ئەوێ موتەسڵی خرۆشانە
موقارنی ئادابی سانیحاتی شیعرییەم
ئەوە مورەبییەی زادەی تەبیعەتی من
ئەوە مەداری قیامی حەیاتی شیعرییەم
ئەوە موعەلیمەی مەکتەبی بەلاغەتی من
خەزێنەداری ئەوە، حسی پڕ تەئسیری من
سروود و زەمزەمەی عوشرەتە تەفەکوری من
ئەوە کە باعیسی ئیفنای جیسمی «ناسووتە»
ئەوە کە باعیسی ئیبقای بەست و ویجدانە
موغەنی چەمەنی خولدزار و «لاهووتە»
مودەقیقی سەفەری کار، گاهێ ئیمکانە
نەدیمی ڕۆحی ئەنیسم تەفەکوراتی منە
دەمی تەفەکوری من، خۆشی دەمی حەیاتی منە
دەمێکە مەوجەی خرۆشانی عونسری ئەکوان
ئەبێتە واعیزی ئەدواری بێ نیهایەتی کان
دەمێکە لەمعەی ناسووتی عالەمی ئیمکان
لە سەرمەدییەتەوە نوور ئەدا بەڕۆح و جان
ئەکەومە فکرەوە بۆ قودرەتی خوای وەدوود
بە فرتی عیجزەوە، تیفلانە گریە دێتە وجوود