کوردە ڕۆژی غیرەتە
از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
2 دقیقه
877 مشاهده
کوردە ڕۆژی غیرەتە، لەم ڕۆژە ویجدانت ببێ
تۆ، کە ئیسلامی شوکور، کردەی موسوڵمانت ببێ
کوردە! ناوت کەوتە ناو ناوانەوە، گوێ ڕاگرە
لازمە بۆ تۆش بەدایم کردەوەی جوانت ببێ
دەرحەقی هاوشەهریی و هاومەزهەب و هاودینەکەت
ئیقتیدارت گەر هەیە ئینعام و ئیحسانت ببێ
دەس لە بێ ئینسافی هەڵبگرە ئەگەر مەردی بەناو
ڕەحم و ئینسافت لەگەڵ زومڕەی فەقیرانت ببێ
گەر قەسابی یا بەقاڵی، یا عەلافی یا توجار
خۆت بەلەعنەت قەت مەکە باوەڕ بە قورئانت ببێ
چەند هەزار دینار ئەکەیتە مەسرەفی قەسر و بینا
باوەڕت بێ بۆ دە دوازدە ساڵە ئیمانت ببێ
پارەکەت وا بوو بەبارێ لیرە تۆ نایبەیتە گۆڕ
شەرتە بۆ ڕێگەی قیامەت تۆشە و نانت ببێ
کوردە قەومی تۆ زەلیلە تۆش بە سەودا مەیکوژە
میللەتی خۆ خۆر مەبە ئەخلاقی ئینسانت ببێ
گرد و دەشت و کێو ئەکێڵی سەعی ئەکەی بۆ چارەکێ
یەک دەقیقەش یادی چوونە گردی سەیوانت ببێ
تاکوو مومکین بێ درۆ و ناڕاستی و غەششت نەبێ
ڕووی خەندان، خوڵقی مەردان، فکری چاکانت ببێ
کاسبی و قازانج و تێکۆشین پەسەندی عالەمە
نەک بەجارێ پشت لە حەق کەی مەیلی شەیتانت ببێ
تا، بە ئوممێدی وەزیفەی، ئەی جوان هەر ڕاسیبی
عەشقی عیلم و مەشقی حیلم و شەوقی عیرفانت ببێ
عیلمە ئەتخاتە مەقامی بەرز و جێگەی ئیفتیخار
عیلمە بۆت نێزیک ئەکا گەر فیکری کەیوانت ببێ
ساڵی سەعی و غیرەتە ساڵی وەفا و ڕەحمەتە
تۆ کە نەیبەخشی چ سوود موڵکی سولەیمانت ببێ
نوێژ و ڕۆژوو و حەج و عەمرە نەفعی هەر بۆ خۆت هەیە
خۆت لە پەنجا نەوع ئەخۆی، یادێکی جیرانت ببێ