ئەم کوردە

از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
 1 دقیقه  989 مشاهده
ئەم کوردە عەجەب ساحێبی بەختێکی زەبوونن
هێشتاکوو ئەڵێی داخڵی سەحرای نەبوونن
نانێ بەدووسەد سینەیی سۆزان کە پەیا کەن
بێ بەهرە لەویشن بەمەسەل عەینی فروونن
بێ بەش لە هەموو نیعمەت و ئازادیی عالەم
پاماڵی جەفای دەهرن و مەنفووری عویوونن
بۆ قۆندەرە و قەمچیی زاڵم هەموو لەشیان
خاراوە لە پێستا وەکوو گامێشی چەتوونن
ئەقوامی زەمین ساحێبی ئاڵتوون و قسوورن
ئەم کوردە لەبەر زۆریی قوسوور ماڵیکی توونن
هەر میللەتێ قەدی بوو بە ئەلف پیر و جەوانی
هەر قەومێ وەنەوشە و گوڵە وا قەد وەکوو نوونن
کەس کەشفی نەکرد سیڕڕی دەروونیان لە جیهانا
بێ شەرح و بەبێ حاشیە وەک کۆنە متوونن
سەرەڕای ئەوە دوژمن بەیەکن جوملە عەشیرەت
حەقیانە ئەڵێن کورد هەموو مەحکوومی جنوونن
ئەم حاڵە دەوامێکی تەبیعی هەیە بۆ کورد
تا غافڵ و بێ بەهرە لە عیلم و لە فنوونن