فەلەستین

از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
 2 دقیقه  793 مشاهده
گریانە فەلەک چاوی لە ئەحواڵی فەلەستین!
بوریانە مەلەک جەرگی لە ئەهوالی فەلەستین
لەعلی یەمەنە سوور بووە شاخی هەموو ئاخۆ
ڕەنگینە بە خوێنی ژن و منداڵی فەلەستین
شەللالەی ئاو سەیری مەکە زۆرە لە دنیا
شەللالەی خوێن سەیرە لەناو ماڵی فەلەستین
هەر کوشتنە، خوێنڕشتنە، ئیعدامە، لە هەر لا
سووتاوە بە بۆمبای عەدوو باڵی فەلەستین
جەژنە، خەنەبەندانە لە هەر شار و دیارێ
خوێناوە خەنەی بازن و خەڵخاڵی فەلەستین
لاشەی شوهەدا دەعوەتی ئینگلیزە لە سەحرا
کردوویەتی بۆ وەحش و قەل و داڵی فەلەستین
شەو چاترە لەم عەسرە کە عەسری مەدەنی بێ
ئیسباتی قسەم شاهیدە ئەقوالی فەلەستین
ئەی هیند و عەرەب، تورک و عەجەم، کوردی موسوڵمان
چۆن جوولەکە بێ حاکمی فەععالی فەلەستین
وا ئەهلی سەلیب هاتەوە سەر قودسی موبارەک
ئەی ڕوحی سەلاح لابەرە زیلزالی فەلەستین
بێ ڕزق و ئیرادە هەموو مەئیوس و پەرێشان
بووەتە ڕەمەزان ئەووەلی شەووالی فەلەستین
سەهیوونی لە ئەڵمانەوە دێ خاوەنی موڵکە
خاوەن نییە بێ مایە و حەمماڵی فەلەستین
ئینگلیز، بە حەرب داخڵی ئەم خاکە نەبووی تۆ
چۆن ڕووت هەیە خۆت کردووە بە جەنراڵی فەلەستین
ڕێی حەق ئەگرن تالبی عەدلن هەموو ئیسلام
بەو واسیتەوە ڕەوشەنە ئیقبالی فەلەستین
مەشهوورە کە جوو لەشکری دە ججالە، لە ئاخیر
مەهدیی هەیە بۆ چارەی دەججالی فەلەستین
گەر موددەعی بەم قەتل و قیتالە دڵی خۆشە
گوم نابێ لە ئەحفاد و لە ئەنجالی فەلەستین