پێنجخشتەکی خەنجەری کوڕی قانع لەسەر شیعری باوکی
از کتاب:
دەشتی گەرمیان
اثر:
قانع (1898-1965)
2 دقیقه
835 مشاهده
ئەی وەتەن هێندە پەشێوم فکری دڵ، دڵ دەر ئەکا
دڵ بە جارێ تف لە دووسەد خەزنە و دولبەر ئەکا
جۆگەلەی زووخاوی جەرگم وا لە چاوم سەر ئەکا
ئەی وەتەن!! دەردت لە دڵما زامی سەد خەنجەر ئەکا
بۆ برینی جەرگی لەت لەت ئێشی سەد نەشتەر ئەکا
سەیری باغ و لالەزاری پڕ گوڵ و پڕ نیعمەتت
سەیری تاڤگەی ئاوی ساردی گوڵشەنی پڕ سەروەتت
بێ تەماشای دارستانی پڕ بەها و شەوکەتت
چۆن بە قوربانت نەبم بۆ مەنزەرەی پڕ قیمەتت
دڕک و داڵت تف لە لالە و سۆسەن و عەنبەر ئەکا
مێرگەنەخشینت بژی بۆ ئاڵفی چین چینەکەی
هەر بژی قەندیلمکان و ئاکۆ و لووتکەیی بەفرینەکی
هەردوو کوێستانت بژی بۆ سۆسەنە ڕەنگینەکەی
گەرمیانت دەک نەناڵێ بۆ هەوا شیرینەکەی
قامەتی گەورەکچانت گەپ بە نەیشەککەر ئەکا!
کەی قەڵەم هێزی هەیە باسی بکا یاتاخەکەت؟
کەی زوان نوتقی هەیە بۆ خاکی وەک شێرداخەکەت
ڕۆحی ئێمە بولبولە بۆ نەرگس و گوڵباخەکەت
دووشەتان و قەڵبەزەی بەفراوی شاخ و داخەکەت
بێ درۆ وەڵڵا لە ئاوی زەمزەم و کەوسەر ئەکا!
هێندە مەستم ئەی وەتەن!! فەرقی نییە بەزم و خەتەر
دێتە پێش چاوم وەکوو یەک جۆشی هەڵپەڕکێ و چەمەر
ناومەوێ بمکەن بە شاهـ و بچمە ڕوتبەی تاجوەر
ئەی وەتەن!! خاکت بە جۆرێ دەستکەوێ بۆ تاجی سەر
تازە کێ مەیل و خەیاڵی تاج یا ئەفسەر ئەکا؟
ئەی وەتەن وەڵڵا و بیللا غوولی کێوی تۆی فرۆشت
هەرزەیی و ئەخلاقی پەستی جنن و دێوی تۆی فرۆشت
بێ سەر و بێ خاوەن و بێ ماڵ و خێوی تۆی فرۆشت
ئەی وەتەن!! داخی گرانم دێڵە ڕێوی تۆی فرۆشت
دیققەتی ڕیشی ئەدەی عەینەن لە جادووگەر ئەکا!!