قانع و ئاشەکەی

از کتاب:
دەشتی گەرمیان
اثر:
قانع (1898-1965)
 3 دقیقه  774 مشاهده
ئەی ئاشی مەینەت! دیوار داڕووخاو!
سەرنێ داتەپیو! جۆگە بەبێ ئاو!
هەیوان گێج خواردوو، ناو داڵان تەپیو!
هۆدە شەوەزەنگ، ڕۆشنی‌نەدیو
کۆڵەکە شکاو، تیرەک لار و چەوت
لە ئاش قەت نەچوو، بە وێنەی ئەشکەوت!
دۆڵیانە کون‌کون، نێ ئاش قڵیشاو
چەقەنە لەت‌لەت، کەوچکە دڕاو
داری پێ زەنگ‌زەنگ، تۆپ کون‌هەڵاتوو
مۆرەسەنگ نابار، خوانکە لەدەس‌چوو
بەرداش لارەسەنگ، تەوەرە شکاو
بست وەک زوانی مار، پەڕە پرتکاو
گەڕاننی تۆ سێحری لۆنییە
کە ئاوت نییە ئەم فیشقە چییە؟
نە گونجت هەیە، نە ڕاسە نە گێڕ
لە شەڕ زیاتر لە تۆ نەمدی خێر
لە کانی بێزار پەنم پێ ئەدەی
بە هەوەڵ پرشنگ چاوم کوێر ئەکەی
بە کۆڵە پەین پشتم شکاوە
هێشتا فیشقەکەت هەر نەگرساوە
کاتی بەهاران لە وەختی لافاو
وەک ژنی دووگیان بێزوەکەی بە ئاو
دیوار پڕ لە مشک، سەرمیچ پڕ لە مار
شۆرەتی پیست ئەڕوا شارەو شار
خۆم و کوتەک و خەنجەر و وریا
ئەسرین و پرشنگ، ڕووناک و هیوا
بۆ مزەی نەبووت گشت چاوەڕوانین
بە شەو و بە ڕۆژ وەک پاسەوانین
بە ئاردەماڵک مێزەر مەلاییم
خستە سەر شانم خەرقەی گەداییم
ئەوەن نەنوستووم شەو بە لاتەوە
ئەڕۆم بە ڕێدا خەو ئەمباتەوە
چاوت کوێر کردم بە تۆز و غوبار
پشتەڕێشەم گرت لە ژێر کۆڵەدار
نە مشتێ گەنم، نە لوێچێ جۆ
دە ساڵە ئاشی، نەمدیوە لە تۆ
کە خاوەن دەغڵ باراش ئەنێرن
ئەیکەی بە بڕوێش، پێم ئەبژێرن
ئاخ من ئەمردم هەروا زووبەزوو
یان تۆ ئەڕووخای نەجاتم ئەبوو
نازانم ئەمساڵ لەم گشت لافاوە
کەچیی جەنابت بۆچی هەر ماوە؟
ڕاستم پێ بڵێ کەی نەجاتمەدەی؟
منیش لە پاش تۆ تێر بڵێم ئۆخەی
وەڵامی ئاش بۆ قانع
قانعی شڕۆڵ، هەژار و داماو
لە من خرابتر، تەپیو و ڕووخاو
لە من خرابتر، ماڵ بێ ئاو و نان
بێ ڕزق و ڕۆزی، دایم سەرگەردان
کراس بێ‌لاشە، کەوا چاک چڕاو
سەر بێ مێزەرە، کڵاش داڕزاو
لەو ڕۆژەی خوا پێی داوە بە تۆ
کەوشی نەدیوە، ڕاس بەبێ درۆ
یەلەک بێ قۆپچە، ناوقەد بێ پشتێن
دەرپێ شڕ و وڕ، بەبێ بەنەخوێن
چون پێخاوسی، پێت درێژ بووە
ڕەنگ و ڕوخسارت چەشنی مردووە
سەر وەک پەڕەدووخ، چاو کونی دەرزی
لە چلەی هاوین تۆ هەر ئەلەرزی
مل تاڵێ دەزوو، سەر دەبەی شکاو
درێژ و بێ ڕۆح، کەپۆڵە نەماو
بۆچی نازانی، مەشهووری عامە
ماڵ لە خاوەنی نەچێ حەرامە
تا ئاشی تۆ بم، ئەبێ هەر وا بم
لەوە خرابتر سووک و ڕیسوا بم
ئەگەر تۆ مردی و من نەجاتم بوو
خاوەنێ تر هات، هیچ لە تۆ نەچوو
بەرداش ئەسێنێ بە شەش حەوت دینار
جۆگەم ئەماڵێ بە هۆی کرێکار
بەرمیل ئەسێنێ و بۆم ئەکا بە نێ
تۆپ و پەڕە و بست هەمووی دائەنێ
چەقەنە و خوانکە و دارپێ و موورەسەنگ
بۆم حازر ئەکا بێ هەرا و بێ دەنگ
مشار و تەشوێ و چەکوش و قەڵەم
گشتم بۆ دێنێ، لە لام ئەیکا جەم
ئەوساکە منیش دێمە سەر گرمە
جا بۆم بڕوانە لەو زرمەزرمە
ئاردەشانی من وەک کلکەڕێوی
بدات لە دیوار لە خۆشی خێوی
هۆدە و داڵان و هەیوان و سەر نێ
بە چیمەنتۆ و خشت دیوار دائەنێ
ئەمکا بە ئاشێ وەکوو بێسان سوور
لە ڕووی گێتیدا تەواوی مەشوور
بە کوێری چاوت هەر شەوێ بیست بار
گەنم ئەهاڕم، نابم شەرمەسار
جا بێرە سەیری لرفەلرفی من
بە شایی دۆس و بە کوێری دوژمن