پارچەیەک لە شیعرەکانی خاتوو خورشید، دایکی قانع

از کتاب:
دەشتی گەرمیان
اثر:
قانع (1898-1965)
 2 دقیقه  800 مشاهده
کچ لە دووی کوڕ ناگەڕێ، هەر کوڕ بە کچ حاشا ئەکا
ئەم کچە مەعسوومە ناحەق سەرکز و ڕیسوا ئەکا
کوڕ ئەگەر حەز کا لە کچ، جا وردە وردە دێتە لای
گوفت و گۆی شیرین و جوان و پێکەنین بەرپا ئەکا
چۆنی خانم؟ بەسیە تاکەی هەر لە ماڵی باب ئەبی؟
هاوسەری تۆ زۆر مناڵە، جووتی خۆی پەیدا ئەکا
ساڵێ تر گەر شوو نەکەی ئینجا ئەڵێن پێت پیرە کچ
ئەو دەمە پیرێ لەگەڵتا، مامەڵە و سەودا ئەکا
لاچۆ باوکم، من لە کوێ و شووکردنی ئێستام لەکوێ؟
هاوسەری من، لەم وڵاتە کەی خەیاڵی وا ئەکا؟
گەورە کچ! بنواڕە بۆ من، تۆ سەری باوک و برات
وا دڵم بۆ تۆ تەواوی شین و واوەیلا ئەکا
بامن و تۆ پێکەوە پەیمانی یەک کەوتن بدەین
جا بزانین کێ بە دڵ پەیمانەکە ئیمزا ئەکا
وا بنووسین: یا وەسڵ بۆ یەکتری یا خاکی گۆڕ!!
هەر کەسێ داوات بکا، بێ سوودە خۆی ڕسوا ئەکا
بۆ منیش مڵکی بەهەشت پڕ بێ لە حۆر و بمدەنێ
گەر دڵم بۆی ڕاچەنێ دووسەد کەڕەت بێجا ئەکا
موختەسەر، بەم جۆرە فێڵە، کار ئەقەومێنێ تەواو
ئەوکچە بێچارەیە تووشی هەزار غەوغا ئەکا
هەر کچێ ئەم وەسیەتەم بگرێتە دڵ تێ ناکەوێ
یاری چی؟ سەد تف لە چارەی داکەخۆگێی وا ئەکا!